04:33 - 09/05/2019
ئامانجەكانی توركیا لە دیداری ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرانی
دوای تێپەڕبوونى نزیكەى هەشت ساڵ بۆ یەكەم جارە رێبەری پەكەكە عەبدولڵا ئۆجەلان لە زینداندا چاوی بە پارێزەرانی دەكەوێت، ئۆجەلان داوای كرد توركیا و كوردانی رۆژئاوای كوردستان دەست بە دانوستاندن بكەن. هەروەها داوای لە گیراوانی سیاسیش كرد ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسیەوە كە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان تا رۆژی مردن دەستیان بە مانگرتن كردووە.
عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كە تەمەنی گەیشتۆتە 71 ساڵ و زیاتر لە 20 ساڵە لە زیندانی تاكەكەسی گرتووخانەی تایبەتی ئیمڕالی دایە، لە دیداری 2ی مانگی ئایاری 2019 داوای لە هێزەكانی سوریای دیموكراتی (قەسەدە) كرد كە ئەمریكا پشتگیریان دەكات خۆیان لە پێكدادان لەگەڵ توركیادا بەدوور بگرن و "هەستیاری" توركیا لەبەرچاو بگرن.
رێگادانی بەرپرسانی تورك بە دیداری ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرانی، رێگای بۆ دەنگۆی "سەر لەنوێ پڕۆسەی ئاشتی دەستپێدەكاتەوە" و "هەوڵی رێككەوتن لەگەڵ كوردانی سوریا لە ئارادایە" خۆشكرد. هەروەها بە گوێرەی خوێندنەوەیەكی دیكە كە بۆ ئەم دیدارە دەكرێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا بەر لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی گەورەی ئیستانبۆڵ دەستبەرداری هاوبەشە نەتەوەپەرستەكەی (پارتی بزوتنەوەی میللی/مەهەپە) دەبێت و هەوڵدەدات دەنگدەرانی كورد بۆ لای خۆی رابكێشێت. چونكە پشتگیریكردنی دەنگدەرانی كورد لە ئیستانبۆڵ و چەند شارێكی دیكە لە كاندیدانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ دۆڕاندنی ئاكەپە لە چەند شارێكی گەورە و گرنگی توركیا. ئەم دەنگۆیەش هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبۆڵ لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی توركیا لە 6 ئایاردا.
ئەوەی دیارە ئامانجی یەكەمینی دەسەڵاتی توركیا لەم دیدارەی كوورتەی پارێزەرانی ئۆجەلان لەگەڵ موەكیلەكەیان، سوود وەرگرتنە لە كاریگەری و پێگەی ئۆجەلان، بۆ شكاندنی مانگرتنی هەزاران گیراوی سیاسی و دۆسیەی پەكەكە، كە بۆ كۆتاییپێهێنانی گۆشگیری لەسەر ئۆجەلان ماوەیەكە لە گرتووخانەكانی توركیا دەستیان پێكردووە.
پارێزەرانی ئۆجەلان رۆژی دووشەممە 6 ئایاری 2019 ناوەڕۆكی دیدارەكەیان بە رای گشتی راگەیاند، تیایدا ئۆجەلان داوای كردووە لە نێوان توركیا و كوردانی سوریا دەست بە "دانوستانی دیموكراتیانە" بكرێت، لە جیاتی "توندوتیژی جەستەیی و چەكداری" هێزی نەرم بەكاربهێندرێت. لە پەیامەكەی ئۆجەلاندا هاتووە:" پێموایە هێزەكانی سوریای دیموكراتی، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان خۆیان بە دوور دەگرن لە كلتووری پێكدادان، پێگەی خۆیان بۆ یەكێتی سوریا و چارەسەری دەستووریانە و پێشخستنی دیموكراتی ناوچەیی بەكاردەهێنن". جگە لەمە ئۆجەلان پەیامی بۆ گیراوانی سیاسیش ناردووە، داوای لێكردوون لە چالاكییەكان و هەڵوێستەكانیاندا ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسی و خۆیان رووبەڕوی مردن نەكەنەوە.
رێكخراوی مافی مرۆڤ لە توركیادا لە 22ی نیسانی رابردوو رایگەیاند لە 92 زیندانی توركیادا بەلانی كەم 3 هەزار گیراوی سیاسی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن كردووە. هەروەها لە مانگی ئاداری رابردوودا 7 گیراوی سیاسی بەهۆی مانگرتن لە خواردن لە ماوەی هەفتەیەكدا گیانیان لەدەستدا. هەروەها لە 21ی شوباتی 2019 مانگرتووێكی دیكە بەناوی (ئوغور ساكار) لە وڵاتی ئەڵمانیادا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. سەرەڕای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان 20 ساڵە لە دوورگەی ئیمڕالی بە تۆمەتی تیرۆر و خیانەتكردن لە زیندان دایە، ئەم كردەوە ترسناكە دووپاتی دەكاتەوە كە هێشتا هەستی خۆ فیداكردن و پابەندبوون بۆ ئۆجەلان وەكو 20 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ درێژەی هەیە.
پارێزەر ئیبراهیم بیلمەز، یەكێكە لەو چوار پارێزەرەی بۆ ئەوەی چاویان بە ئۆجەلان بكەوێت وەزارەتی دادی توركیایان بەسەر كردبووەوە، بەڵام وەزارەتی ناوبراو رێگای بە ئیبراهیم و پارێزەرێكی دیكەی هاوڕێی نەدابوو بچنە ئیمڕالی. بیلمەز لە لێدوانێكی بۆ (پەیسەر پرێس) گوتی"بەگوێرەى یاساكانى توركیا و یاسا نێودەوڵەتیەكان، دامەزراوە فەرمیەكانى دەوڵەت بۆیان نیە دەستنیشانی ئەو پارێزەرە بكەن كە دەخوازێت دیدار لەگەڵ زیندانییەك ساز بكات.. بەڵكو زیندانی بە ئازادى پارێزەر بۆخۆی دەستنیشان دەكات. نازانین دەوڵەت بە چ پاڵنەرێك لەو چوار پارێزەرەى داوایان كردبوو بەڕێز ئۆجەلان ببینن، دوو پارێزەری هەڵبژاردووە. چوونى دوو پارێزەر بۆ دوورگەى ئیمڕالى بەرتەسك كردنەوەى مافى گیراوانە".
بیلەمەز لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا دەربارەی ئامانجی دەوڵەت لە رێگەدان بە دیداری ئۆجەلان؟ دەڵێت:" دیداری موەكیلەكەمان لە دوای 27ی تەمموزی 2011 ئاستەنگكراوە، هەروەها دوای 810 جار بەسەركردنەوەی وەزارەتی داد ئەمجارە رێگەیان بە پارێزەران داوە تا موەكیلەكەمان ببینین، كە ئەمەش پێشێلكردنی یاسایە. ئاستەنگكردنی دیداری ئۆجەلان، كاردانەوەی لەناو رای گشتی كورد دروست كردووە. كۆنسەی ئەوروپا، كۆمیتەی بەرگرتن لە ئەشكەنجە و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بەم هۆیەوە گوشارەكانیان لەسەر توركیا زیاتر كردووە. بەڵام هۆكاری سەرەكی بۆ ئەو مانگرتنە دەگەڕێتەوە كە لەیلا گوڤەن و هەزاران گیراوی سیاسی دەستیان پێكردووە بۆ كۆتایی پێهێنانی گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجەلان، كە ئەمەش بۆتە مەترسی جدی لەسەر ژیانی مانگرتووان. دەوڵەت بەرپرسە لە ژیانی گیراوانی مانگرتوو، كە پێیانوایە مانگرتن بۆتە رێگەیەكی ناچاری كە پێیدا بڕۆن. تا دەچێت هەستیاری و نیگەرانی رای گشتی لەمبارەیەوە بەرفراوانتر دەبێت. بۆیە دوورنیە دەوڵەت بخوازێت بە دیداری ئۆجەلان كۆتایی بە مانگرتن بهێنێت".
ئایا رێگەدان بە دیداری ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرانی بە واتای پەشیمان بوونەوەی دەوڵەت لەم گوشارە توندە دێت كە دەسەڵاتی توركیا چەند ساڵێكە لەسەر بزوتنەوەی سیاسی كورد پەیڕەوی دەكات؟ بەگوێرەی بیلمەز هێشتا زووە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە.
لە ئەنجامی ئەم گوشارەی توندەی دەوڵەت بەسەر بزوتنەوەی سیاسی كورد لە ناوەڕاستی 2015 بەدواوە پەیڕەوی دەكات، بەدەیان پەرلەمانتار و سەرۆك شارەوانی، هەروەها بە هەزاران كەس بەبێ هەبوونی بەڵگەی پێویست پەلكێشی زیندانەكان كراون.
دوای دیداری ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرانی لە رۆژی 2ی ئەم مانگەدا (مانگی ئایاری 2019)، محەمەد ئۆجەلان كە برا بچووكی ئۆجەلانە لەگەڵ چەند پارێزەرێكی دیكە وەزارەتی دادیان بەسەر كردۆتەوە تا رێگایان پێبدرێت بچنە ئیمرالی، بە گوێرەی زانیاریەكانی (پەیسەر پرێس) وەزارەتی داد تا ئێستا وەڵامی داواكاریەكانی نەداوەتەوە.
ئیبراهیم بیلمەز یەكێكە لە پارێزەرانی ئۆجەلان، جەخت لە بێ ئاگایی خۆیان دەكاتەوە كە ئایا رێگا بە پارێزەران دەدرێت ئۆجەلان ببین یان نا و لەمبارەیەوە دەڵێت:" بەداخەوە نە ئێمە و نە بەڕێز ئۆجەلان نازانین لەمەودوا رێگا بە دیداری ئۆجەلان لەلایەن خانەوادەكەی و پارێزەرانی دەدرێت یان نا. وەكو پارێزەران هیوادارین دەوڵەت رێز لە یاساكانی خۆی بگرێت".
حەسەن ئۆزگونەش پەرلەمانتاری هەدەپە و نوێنەری شاری شەڕنەخ كە پارتەكەی سێیەمین گەورە گرووپی ناو پەرلەمانی توركیایە بۆ (پەیسەر پرێس) دەڵێت، لەپشت دیداری ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرانی دوو هۆكار هەیە:" یەكەمینیان، مەسەلەی گۆڕینی مانگترنە تا رۆژی مردن. لە 3 ئادار بەدواوە، 15 گیراوی سیاسی بڕیاریاندا درێژە بە مانگترن بدەن تا رۆژی مردن و شەهیدبوون. ئەگەر گۆشەگیری سەر ئۆجەلان هەڵنەگیرێت رۆژی مردن تەنیا بەم 15 كەسە سنووردار نابێت. جگە لەو 15 كەسە زیاتر لە 3 هەزار زیندانی بەشدارە لە پڕۆسەی مانگترن، كە هەندێكیان چاو، مێشك و بەشێكی جەستەیان لەدەستداوە. دایك و كەسوكاری ئەم گیراوانە لە كۆڵانەكان كاردانەوەی گەورە نیشان دەدەن. خەریكە مەسەلەكە بە كەسوكاری گیراوان سنووردار نابێت و هەنگاو بەهەنگاو كۆمەڵگا لەدژی ئەمە دێتەدەنگ. دەوڵەت دەترسێت نەوەكو مەسەلەكە بتەقێتەوە و ببێتە مەسەلەیەكی گشتی".
ئۆزگونەش هۆكاری دووەمین بۆ دیداری ئۆجەلان بە پلانەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێتەوە و دەڵێت:" لە ئێستادا ئەمریكا خەریكی جێبەجێكردنی پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەیە. گۆڕانكارییان لە چەند دەوڵەتێكدا كرد و چەندین وڵاتیان پارچە كرد، لە هەندێك شوێن شەڕ درێژەی هەیە. دەوڵەتی توركیا دەزانێ دوای عێراق و سوریا نۆرەی ئێرانە. لە ئێستاشدا گوشاری ئابووری لە توركیا دەكرێت، توركیا لاواز بووە، ئەمریكا هەوڵدەدات قەتیسی بكات و بەخۆیەوە پابەندی بكات. پێی دەڵێت، چۆن فیدڕاڵی عێراقت قەبوڵكرد، دەبێ لە سوریاش گۆڕانكاری قەبوڵ بكەیت، ئەگەر نا پڕۆژەكانمان یەكتر ناگرن و لەیەكتر جیادەبینەوە".
لەدرێژەی قسەكانیدا ئۆزگونەش پێیوایە:" دەوڵەتی تورك تا دەچێت زیاتر تووشی قەیران دەبێت. لەهەموو بوارەكانەوە دەسەڵات لاواز دەبێت و ئۆپۆزسیۆن بەهێز دەبێت. لە رابردوو تەنیا كورد ئۆپۆزسیۆن بوو. بۆیە لەوانەیە دەسەڵات نیازی هەبێت و بخوازێ بۆ دواڕۆژ دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ كورد بكاتەوە".
هاوكات لەگەڵ دیدارەكەی ئۆجەلان، دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە گفتوگۆكان لە ئیمڕالی سنووری دیداری ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرانی تێدەپەڕێنێت و سنووری گفتوگۆكان لەوە بەرفراوانترە. بەگوێرەی پێگەی ئەلیتكڕۆنی (ئەلمۆنیتەر) كە ناوەندەكەی لە ئەمریكایە، دەزگای ئیستیخباراتی نیشتمانی (میت) لە توركیا لە رابردوویەكی نزیكدا لەگەڵ مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (قەسەدە) كۆبوونەتەوە. بە گوێرەی رۆژنامەنووس عەمبەرین زەمان كە بانگەشەی كۆبوونەوەی میت – قەسەدەی لە ئەلمۆنیتۆر بڵاوكردۆتەوە، 10 رۆژ بەر لە دیداری ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرانی یەكەمین دانیشتن لە نێوان میت و قەسەدە كراوە، دوای هەفتەیەكی دیكە دانیشتنێكی دیكەش كراوە. دوای ئەوەی میت لەگەڵ مەزڵوم كۆبانی كۆدەبێتەوە، دەچێتە لای ئۆجەلان و دواتر جارێكی دیكە دەگەڕێنەوە لای كۆبانێ.
هەر بە گوێرەی زانیاریەكانی عەمبەرین زەمان كە بەبێ ئەوەی ناوی سەرچاوەی زانیاریەكانی ئاشكرا بكات:" گفتوگۆ بەر لە مانگێك بە ناوبژیوانی ئەمریكا دەستی پێكردووە. بۆیە ئاساییە لە ئێستادا هەموو كەس نكوڵی لێ بكات. هەروەها دیداری ئیمڕالی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە نییە. كوردانی ئیستانبۆڵ جارێكی دیكە لە هەڵبژاردن پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆن دەكەن".
لە رۆژی 4 ئەم مانگە مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی (قەدەسە) لە كۆنگرەی گردبوونەوەی عەشایری سوری كە لە شارۆچكەی (عەین عیسا) بەسترا گوتارێكی پێشكەش كرد و دانی بەوەدانا كە لەگەڵ توركیادا گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ دەكەن.
لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردووەوە جێمس جێڤری نوێنەری ئەمریكا لە سوریادا دەربارەی ناوچەی ئارام هەوڵدەدات رێككەوتن لە نێوان ئەنقەرە و رۆژئاوادا دروست بكات. لە رۆژی دیداری ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرانیدا جێمس جێڤری لە توركیا بوو.
مەزڵوم كۆبانێ، بۆ رێككەوتن لەگەڵ توركیا مەرجی رۆژئاوای ئاشكرا كرد و رایگەیاند بەر لە هەر گفتوگۆیەك پێویست توركیا لە عەفرین بچێتە دەرەوە. هەر لەگەڵ ئەم رووداوانەدا هەفتەیەك زیاترە هێزەكانی رزگاركردنی عەفرین كە سەر بە یەگەپەن، ژمارەی و چۆنایەتی هێڕشەكانیان زیاتر كردووە لە دژی سەربازانی تورك و ملیشیا عەرەبیە نیشتەجێكراوەكانی ناو عەفرین.
توركیا سوورە لەسەر سپاردنی ناوچەی ئارام بە سوپای وڵاتەكەی كە بڕیارە لە ناوچە كوردیەكانی رۆژئاوای كوردستان بە قوڵایی 40 كم دروست بكرێت. لەلای خۆیەوە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هەبوونی سەربازانی تورك لەم ناوچەیەدا قەبوڵ ناكات. لەبەر ئەوەی هەردوولا سوورن لەسەر هەڵوێستەكانیان جێمس جێڤری هیچ بەهیچ نەكردووە لە دانوستاندن لەگەڵ هەردوولادا، مەسەلەكە وەكو گرێ كوێرەی لێهاتووە.
بۆیە دوورنیە، دەسەڵاتی توركیا بیری لەوە كردبێتەوە كاریگەری ئۆجەلان لەسەر رۆژئاوای كوردستان و قەسەدە بەكاربێنێت، تا بتوانێ بە مەرامەكانی بەدەستبێنێت. ئیمام تاشچەر پەرلەمانتاری هەدەپە و نوێنەری شاری ئامەد، جەخت لە كاریگەری ئۆجەلان دەكاتەوە و بۆ (پەیسەر پرێس) پێیوایە" ئەگەر دەوڵەت راستگۆ بێت و گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان هەڵبگرێت، بخوازێ كێشەكان لەگەڵ كورد چارەسەر بكات، ئۆجەلان دەتوانێ ئەم گرێ كوێرەیە بكاتەوە".