ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:14 - 25/04/2019

ملیۆنان ئێرانى گیرۆده‌ى نه‌خوێنده‌وارین‌

پەیسەر

9 ملیۆن نەخوێندەوار لەئێران  هەیە، ئەوە زانیاریەكە كە ناوەندی لێكۆڵینەوەی سەربە پەرلەمانی ئێران لەراپۆرتێكدا كە ناوەراستی ئەم مانگە بڵاویكردەوە دانی پێداناوە، بەڵام ئەم ژمارەیە جیاوازە لەو ژمارەیەی بانكی نێودەوڵەتی ئاماژەی بۆدەكات، بەوپێیەی بانكی نێودەوڵەتی دەڵێت ژمارەی نەخوێندەواران لەئێران 11 ملیۆن و 600 هەزار كەسی تێپەراندووە، هەروەها رێكخراوی یونسكۆ دەڵێت 2%ی گەنجانی ئێرانی خوار تەمەنی 24 ساڵی نەخوێندەوارن.

چاودێرانی ناوخۆی ئێران كە رەتیدەكەنەوە ناوەكانیان ئاشكرا بكرێت دەڵێن لەنێو هەر 9 ئێرانیەك لەسەرەتای سەدەی بیست و یەك یەكێكیان نەخوێندەواربووە، ئەوەش رەنگدانەوەی بەشێك لەسیستمی حوكمرانیە كە هانی چینی نەخوێندەوار دەدات لەپێناوی مانەوەی لەدەسەڵات.


جیاوازیەكە لەسەیركردنی فلیم و رۆمانەكانی ئێران دەردەكەوێت، كاتێك باسی كۆمەڵگەی ئێرانی لەكۆتایی سەدەی نۆزدە دەكەن كە تێیدا رەنگدانەوەی ئاستی تینویەتیان بۆ خوێندنەوە و رۆشنبیری پیشان دەدات، بەجۆرێك گەنجان كهول دەبەن و لە كافتریاكان  دادەنیشتن لەدەوری كەسێك بۆ ئەوەی زانیاریان بۆ بخوێنێتەوە و هەواڵەكانیان پێ بڵێت ئەوەی دواتر ناونرا بە رۆژنامە.

هەموویان گوێیان شل دەكرد بۆ گوێگرتن و هەموان حەزیان دەكرد كە مامۆستا و خوێنەری قورئان بن، ئەو فلیمانە باسی ئەوەش دەكەن كە چۆن رێگری لە ئافرەتان دەكرا بۆ ئەوەی لەماڵەوە بمێننەوە و نەخوێنن، بەبیانوی ئەوەی كە خوێندن بۆ ئافرەت نیە.

زیاتر لەیەك سەدە بەسەر ئەم دیمەنە رەش و سپیاندا تێپەری، بۆ ئەوەی دیمەنی رەنگاو رەنگ جێگەیان بگرێتەوە و تێیدا دەردەكەوێت زانكۆكان پرن لە خوێندكارانی كچ و كور كە لەتەواوی شارەكانی ئێرانەوە هاتوون، ئەم زانكۆیانە لە لق و لێكۆڵینەوەكانیاندا باشترن لەزانكۆی وڵاتانی دراوسێی ئێران، بەڵام ئەم سەركەوتن و پێشكەوتنە پرۆگرامدارنیە و رەنگدانەوەی دادپەروەردانەی ناوچە گوند نشینەكان نیە.


ئێرانیەكان لەسەر تۆرەكۆمەڵایەتیەكان ڤیدیۆی ئەو مامۆستایانە بڵاودەكەنەوە كە رێگایەكی دووروودرێژ دەبرن بۆ فێركردنی منداڵی گوندەكان دەچنەناوچە دوورەدەستەكان و شانازیان پێوەدەكەن و بەپاڵاوان وەسفیان دەكەن و هانیان دەدەن بەهۆی كارەكانیانەوە، بەڵام دۆخی گەندەڵی ناو وەزارەتی پەروەردە و فێركردنی ئێران بۆتە هۆی ئەوەی مامۆستایان بگەنە ئەو گوندانە، و ئەوە سەركێشیەكی كەسیە و لەلایەن حكومەتەوە پشتیوانی ناكرێت.

محەمەد سادقی تەمەن 30 ساڵ دەڵێت ئەو مامۆستایە لەگوندێكی شاخاوی ناوچەی ئازەربیجانی غەربی دەشڵێت زۆرینەی موچەكەی بۆ نۆژەنكردنەوەی خوێندنگاكە خەرج دەكات ئاماژە بەوەشدەكات كەس گوێ بە فێربوونی خوێندكاران نادات، و ساڵانەش چەندین حاڵەتی سوتانی دەیان خوێندكار لەخوێندنگا ئێرانیە دوورەدەستەكان تۆمار دەكرێت، ئەوەش وادەكات دانیشتوانی گوندەكان سڵ بكەنەوە لەناردنی منداڵەكانیان بۆ خوێندنگاكان لەترسی سەلامەتیان.

چاودێران دەڵێن گەندەڵی حكومەت و نەبوونی مامۆستای خۆبەخش بۆ ناوچە دوورەدەستەكان بەهۆی نەبوونی ئیمكانیەتی پێویست دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی نەخوێندەواری لەناو گەنجان كە لەئێستادا بە 2%ی گەنجانی ئێرانی خوار 24 ساڵ مەزندە دەكرێت.
چین و ناوچە بێبەش كراوەكان

ناتواندرێت هۆكارەكان بە پشتگوێخستنی بەئەنقەستی ناوچە دوورەكان لەلایەن تارانەوە پشت راست بكرێنەوە، زۆرینەی روداوە ئەمنیەكانی ئێران كە لەسەر سنور روویانداوە، وایكردووە دۆخێكی ئابوری و كۆمەڵایەتی جیاوازلەو ناوچانە بەراورد بە شارەكان دروست بێت، پێنج پارێزگاكە ( سیستان و بلوچستان و كوردستان و ئازەربیجانی غەربی و لورستان و ئەردەبیل) لەپێشەنگی ئەو ناوچانەن كە بەدەست نەخوێندەواری رەهاوە دەناڵێنن، دۆخی فێربوون و كاركردن لەو ناوچانە خراپە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی نەخوێندەواری لەناو دانیشتوانی ئەو ناوچانە زیاد بێت، سەرباری رێژەی بەرزی نەخوێندەواری رەها لەو ناوچانە و نزمی ئاستی فێربوون، هەروەها نەبوونی دەرفەتی كاركردن بۆ هەڵگرانی بروانامە، هەموو ئەمانە كێشە كۆمەڵایەتیەكانی وەك ئالودەبوون و دزی و قاچاخچیەتی زیادكردووە.

بوونی 9 – 11 ملیۆن نەخوێندەوار لەئێران لەكۆی 81 ملیۆن و 160 هەزار كەس زۆر ئاماژەی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەڵدەگرێت، فراوان بوونی جیاوازی چینایەتی لەئێران لەم چەند ساڵەی رابردوودا رۆڵێكی گرنگی بینیوە لەم ئامارانەدا، نەخوێندەواری تەنها بەرپرسیاریەتیەكەی ناكەوێتە ئەستۆی ئەوانەی لەناوچە دوورەدەستەكان دەژیەن، بەڵكو نەبوونی هاوسەنگی لەدابەشكردنی سەروەت و سامان بەشێكە لەهۆكاری بوونی نەخوێندەواری.

رۆڵی حەوزەی ئاینی
حەوزەی ئاینی لەقوم زۆر دروشمی جیاوازی دەربارەی هاندان بۆ خوێندەواری بەرزكردۆتەوە كەپشت بە بنەما ئاینیەكان دەبەستێت، بەڵام بەشێك لەوانەی لەو حەوزەیە دەرچوون و لەمزگەوتەكان دامەزرێندراون، كار بۆ شێواندنی بەشێك لەسیماكانی خوێندەواری دەكەن، و ترس لەناخی خەڵكدا دەچێنن بۆ ئەوەی رێگری بكەن لەچوونی كچەكانیان بۆ زانكۆ و چوونەدەرەوە بۆ شارە گەورەكان.


بەشێك لەئێرانیەكان دەڵێن بەشێك لەپیاوانی ئاینی هانی هاوسەرگیری پێشوەختە و منداڵ خستنەوە دەدەن لەسەر حسابی فێربوون، ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی نەخوێندەواری لەنێوەندە كلاسیكیەكان.

حكومەت تۆمەتبارە
بەشێك لەچاودێران لەناوخۆی ئێران، حكومەت بەوە تۆمەتبار دەكەن كە دەیەوێت چینی هەژاری نەخوێندەوار لەكۆمەڵگە بمێنێت بۆ ئەوەی لەجەنگەكانیدا بەكاریان بهێنێت، بۆیە هانی نەخوێندەواری دەدات بۆ ئەوەی لەهەركاتێك ویستی سەدان كەس بۆ پرسێك كۆبكاتەوە و بەكاریان بهێنێت، ئەوەش وادەكات روویەكی تری ئێران دەربكەوێت جیاواز لەدەوڵەتێكی سەردەمی كە دەستكەوتەكانی لەسەر گۆرەپانی نێودەوڵەتی دەخاتە ڕوو..