05:30 - 23/04/2019
رژێمی ئەردۆغان وەك كۆیلە كار بەزیندانیەكان دەكات
كاتێك باسی شێوازی ژیانی زیندانیانی ناو زیندانەكانی توركیا دەكرێت زۆرینەی خەڵك ئەوە بەمێشكیاندا نایەت كە ئەو زیندانیانە لە باخەكان میوەیان پێ لێدەكرێتەوە یان لە چێشتخانەكانی حكومەت خواردن پێشكەش دەكەن بەڵام ئەمە راستیە.
لەئێستادا هەزاران زیندانی لەزیندانەكانی توركیا لە چوارچێوەی بەرنامەی كاركردن سەدان ملیۆن دۆلار ساڵانە بەرێوەدەبەن، لە ئێستادا وەزارەتی داد سەرپەرشتی كارپێكردنی 58 هەزار و 595 زیندانی دەكات لە 180 پیشەی جیاواز، بەنمونە لەبەشی چاكسازی زیندانەكان یەك ملیۆن و 200 هەزار كیس دروستكرا كە بۆ كۆكردنەوەی كارتەكانی دەنگدانی ساڵی پێشوو بەكارهێندران، سەرباری ئەوەش شیرینی و فەرش و زەیتون و زەخرەفە بەرهەم دەهێنن.
لەپاشكۆی زیندانێكی كراوەدا لە شاری وانی باكوری كوردستان زیندانیەكان لەبوارەكانی رستن و چنین و پەرداخی سەفەری و شیرینی كار دەكەن، هەروەك 215 زیندانی لە زیندانێكی كراوەی ویلایەتی بولو لەباكوری رۆژئاوای توركیا كاریان لەدروستكردنی چەند بەرهەمێك كرد كە داهاتەكەی گەیشتە 11 ملیۆن لیرە ( 1ملیۆن و 900 هەزار دۆلار)
لەئێستادا حكومەت پلان بۆ ئەوە دادەنێت كە لەزیندانی تورك ئۆغلۆی كراوە لەویلایەتی قەهرەمان مرش لەباشوری رۆژهەڵاتی توركیا 455 تۆن فەلافل ئامادە بكات كە هێزە چەكدارەكانی توركیا ساڵانە بەكاری دەهێنن.
هەموو ئەمانە بەسەرپەرشتی دەستەی چاكسازی زیندانەكان دەكرێن، دەستەیەك كە سەر بە وەزارەتی دادە و ساڵی 1997 دروستكراوە بۆ دابینكردنی پرۆگرامی راهێنانی پیشەیی زیندانەكان و ئامادەكردنیان بۆ بازاری كار.
لەئێستادا دەستەكە 288 لق و 1700 چاكسازی لەتەواوی زیندانەكانی توركیا هەیە، لەئەمرۆدا ئەو چاكسازیانە هەمووشتێك بەرهەم دەهێنن لە ئامێری مۆسیقاوە تا دەگاتە خۆراك.
سەرباری ئەوەش لەئێستادا بەشێك لەزیندانیەكان دەنێردرێن بۆ كاركردن لە زەویەكی كشتوكاڵی كە ڕووبەرەكەی نزیكەی 17 ملیۆن و 600 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، هەروەها لەژمارەیەك خانوی پلاستیكی كە لەسەر رووبەری 80 هەزار مەتر چوارگۆشە دروستكراون و بەدرێژای ساڵ بەرهەمی كشتوكاڵیان هەیە، كاریان پێدەكرێت.
ئەم پرۆژە كشتوكاڵیانە هەزاران تۆن عەلەف بۆ ئاژەڵ و میوە و گەنم و چەندین بەرهەمی تر ساڵانە بەرهەم دەهێنن، زیندانیەكان دەنێردرێن بۆ كاركردن لە ژمارەیەك باخی زەیتون و كێڵگەی كشتوكاڵی كە خاوەنداریەتیەكەیان بۆ هێزە چەكدارەكان و زانكۆكان دەگەڕێتەوە، هەروەها 26 هەزار داری زەیتونیان پێ چێندراوە.
پێگەی ( گورنو)ی هەواڵی بڵاویكردەوە هەزاران كەس لەزیندانەكان كە بەشداری ئەو چالاكیانەیان پێدەكرێت، ناچار دەكرێن كار بكەن لەدۆخێكدا كە لە كۆیلایەتی دەچێت، بەوپێیەی كە كرێی رۆژانەیان لەنێوان شەش لیرە ( یەك دۆلار و 30 سەنت) بۆ 13 لیرە ( 2 دۆلار و 23 سەنت) دایە، لەكاتێك بەپێی راپۆرتەكان ئەو كارەی زیندانیەكان كردوویانە داهاتەكەی 3 ملیار لیرە ( 516 ملیۆن دۆلار) بووە، هەروەها زیندانیەكان ناچار دەكرێن كاری زیادە بكەن بۆ هەر رۆژێك بە یەك دۆلار.
لەگەڵ ئەوەی كۆت و بەند دانراوە سەبارەت بەقسەكردنی زیندانیان بەڵام رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ چاودێری ئەو زیندانیانەی بەهۆی تاوانەوە زیندانیكراون ،ئەم رێكخراوە تایبەتە بەمافی زیندانیان و توانی ئەم ساڵ بگاتە ژمارەیەك لەو زیندانیانەی كە كاریان پێدەكرێت، بۆئەوەی باسی دۆخی ژیانیان بكەن.
یەكێك لەو زیندانیانە كە لە كافتریای دادگای ئەنكەرە كار دەكات رایگەیاند ئەوان لەبەرامبەر 130 لیرە ( 22 دۆلار) مانگانە كار دەكەن، بەیانیان كاتژمێر پێنج لەخەو هەڵدەستێندرێن و كاتژمێر 6 زیندان جێدەهێڵن و كاتژمێر 8 دەست بەكاركردن دەكەن و تا كاتژمێر 5ی ئێوارە، كاتێك دەگەڕێنەوە بۆ زیندان زۆر ماندوون و هیلاكن.
یوسف ئینجین خۆبەخش لەو رێكخراوە رایگەیاند كەرتی تایبەتیش كرێكارانی زیندانەكان بەكاردەهێنێت بەوپێیەی دەستێكی كاری هەرزانە و هیچ پارەیەكیان بۆ بژێوی پێنادرێت و سیستمی خانەنشین بوونیش نایانگرێتەوە، داواش دەكات جارێكی تر پێداچوونەوە بە كرێی كرێكار بكرێت و بۆچوونی سەندیكاكانیش لەبەرچاو بگیردرێت.
یەكێك لە زیندانیەكان بەو كۆمەڵەیەی راگەیاند كە پرۆسەكانی پشكنینی زیندانەكان تەنها كارێكی رۆتینیە و دۆخی ناو زیندانەكان مەترسیدارە وئەگەر ئەو شوێنە ببینیت كە تێیدا دەمێنینەوە ئەوە هەست بەبەزەیی دەكەیت بەرامبەرمان.
بەپێی یاسا پێویستە زیندانیەكان لەهەفتەیەكدا لە پێنج رۆژ زیاتر كار نەكەن، بەڵام زیندانیەك بەو كۆمەڵەیەیی راگەیاند بەبەردەوامی لەزیندان و لەكاتی پشووداندا كاری تریان پێدەكرێت، دەشڵێت ئەگەر بەرگریمان كرد كە لەپشووی كۆتایی هەفتە كار ناكەین ئەوە هەرەشەی ئەوەمان لێدەكەن كە دەمانخەنە ژووری تاكە كەسی، دەشڵێت تەنانەت لەكاتی نەخۆش كەوتنیش زۆر بەكەمی لەكاركردن دەبەخشرێین.
ئەو زیندانیە ئاماژە بەوەشدەكات كە پزیشكەكانیش بەفەرمانی ئەوان دەجوڵێنەوە دەشڵێت كاتێك دەچینە نۆرینگەكانیان كاتێك باسی سكاڵاكانمانیان بۆ دەكەین یان پشتگوێمان دەخەن یان دەڵێن ئەوان گوێ لەوتار ناگرن.
وەزارەتی بەرگری باسی ئەوەی كردووە كە ئامانجی ئەوان لە پرۆگرامی كاركردنی زیندانیان بەدەستهێنانی قازانجی كۆمەڵگە و هاوكاری زیندانیانە بۆ فێربوونی پیشەیەك.
لەگەڵ ئەوەشدا رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ چاودێری دۆخی زیندانیان لەراپۆرتەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو خەرجیەی كە دەبێت بۆ ئەو دەستەیە خەرج بكرێت كە ئەركی راهێنانی پیشەیی زیندانیانی لەسەر شانە، بەڵام لەبری ئەوە بۆ دروستكردنی زیندان و دادگای نوێ خەرج دەكرێت، ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی بەشی نوێی زیندان و وزیادبوونی ئەو داهاتەی كە لەرێگەی زیندانیەكانەوە پەیدا دەكرێت.
ئەو بەرێوەبەرایەتیەی كە سەرپەرشتی كاركردنی زیندانیان دەكات لەراپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوەكردووە كە داهاتەكەیان لەساڵی 2016 دا نزیك بۆتەوە لە 3 ملیار لیرە. هەروەها لەكاتێكدا خەرجی ناوەندەكە تەنها بۆ خۆی 309 ملیۆن لیرە ( 53 ملیۆن دۆلار ) زیادیكردووە، كەچی كرێی 50 هەزار كرێكار كە لەچوارچێوەی ئەو پرۆگرامە كاریان كردووە كەمتربووە لە 30 ملیۆن لیرە.
ژمارەی زیندانیەكان لەتوركیا لەماوەی ئەم دەساڵەی دوایدا زۆر زیادی كردووە و 139 زیندانی نوێ كراونەتەوە بۆئەوەی لەخۆیان بگرێت، هەتا ژمارەی زیندانیان زیاد بكات، بەهەمان شێوە ژمارەی دەستی كار لەناویاندا زیاد دەكات. ئینجین دەڵێت ئەگەرچی بەتەواوەتی ژمارەكان لەبەردەست نین، بەڵام بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی كاری زیندانەكان دەردەكەوێت كە ژمارەی بەشداربووان لە پرۆگرامی كاركردن لەساڵی 2017 بەرێژەی 11% زیادیكردووە
هیچ هۆكارێكیش نیە بۆ ئەوەی ژمارەی پیاوان و ئافرەتانی بەشدار لەو پرۆگرامە بزاندرێت.
رێكخراوەكەیان ژمارەیەك داواكاری سەبارەت بە پرۆگرامی زیندانیەكان خستۆتە روو لەوانەش كاركردن لەناو زیندانەكان نابێت بەزۆر بێت و ناشبێت جیاوازی لەدۆخی ئەو زیندانیانە بكرێت كە كار ناكەن بەراورد بەوانەی كاردەكەن، داواكاری ئەم رێكخراوە چەند شتێكی تریشی لەخۆ گرتووە لەوانەش چاككردنی سیستمی كرێ بە راوێژ لەگەڵ سەندیكاكان و وەرگرتنی رای شارەزایانی بواری تەندروستی و سەلامەتی، بەجۆرێك چەند كەسێكی كەرتی تەندروستی چاودێری كاری زیندانیان بكەن لەپێناوی گرەنتی سەلامەتی زیندانیان، هەروەها پارەی دەستەبەری كۆمەڵایەتیان بۆ بدرێت بۆ ئەوەی سیستمی خانەنشینی بیانگرێتەوە.