05:44 - 18/04/2019
حەوت ئەزمون و پرۆژەی یهكگرتنهوهی وڵاتانی عهرهبی
لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەك لە بیرمەندانی نەتەوەیی عەرەب چەندین پرۆژەیان سەبارەت بەپێویستی بەدیهێنانی یەكێتی ناو عەرەب پێشكەش كردووە بەڵام ئایە كامەیان سەركەوتنیان بەدەست هێناوە؟ لەم راپۆرتەدا گرنگترین ئەو پرۆژانە بۆ یەكخستنی عەرەب دەخرێنە ڕوو كە لەسەدەی رابردوودا كاریان لەسەر كراوە.
ساڵی 1916 سوپای عەرەبی دامەزرێندرا و شۆرشی گەورەی عەرەبی لە حجاز بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سەربەخۆی دەستی پێكرد
شۆڕشی گەورەی عەرەبی بۆ یەكگرتنهوه، رێككهوتنێكی نهێنی لەباری برد
لەدوا قۆناغەكانی سەردەمی عوسمانیەكان، چەند هەوڵێك دەبیندرێن بۆ بەدی هێنانی یەكێتی و یەكگرتووی عەرەب، وەك شۆرشی زاهیر عەمر لەجەلیل و هەوڵەكانی سەربەخۆی لە لوبنان، تا دەگاتە سەربەخۆی محەمەد عەلی لەمیسر.
لەگەڵ زیادبوونی خواستی ناوەندگەرایی لە دەوڵەتی عوسمانیدا لەكۆتایی سەدەی نۆزدە و بەرزبونەوەی هەستی نەتەوەیی توركەكان و هەوڵەكانی بەتورككردن لە سەرەتای سەدەی بیست، و بەدیاریكراویش دوای كودەتاكەی كۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی لەساڵی 1908، هەوڵی عەرەبەكان بەئاراستەی سەربەخۆی و جیابونەوە لەدەوڵەتی عوسمانی دەستی پێكرد، ساڵی 1915 پەیماننامەی دیمەشق بڵاوكرایەوە كە تێیدا دەستەبژێری عەرەبی داوای سەربەخۆی و دروستكردنی دەوڵەتێكی یەكگرتووی عەرەبیان لەناوچەی رۆژهەڵاتی عەرەبی كردبوو، لەهەمان ساڵدا شەریف حوسێن بن عەلی لەنامەیەكدا بۆ هنری مكماهون مەندوبی بەریتانیا لەقاهرە هەمان داواكاری سەربەخۆی لێكردبوو، ساڵی 1916 سوپای عەرەبی دامەزرێندرا و شۆرشی گەورەی عەرەبی لە حجاز( سعودیەی ئێستا) بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سەربەخۆی دەستی پێكرد.
شۆرشەكە هاوكات بوو لەگەڵ روداوەكانی جەنگی جیهانی یەكەم و سوپای بەریتانیا گەیشتە فەلەستین و عێراق، لەساڵی 1918 شانشینی فەیسەڵی دروستكرا و تێیدا فەیسەڵ بن حوسێن لەمانگی ئازاری ساڵی 1920 بووە پادشای هەموو شام، بەڵام رێككەوتنی نهێنی سایكس بیكۆ ی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا، وەك پرۆژەیەكی دژیەك لەگەڵ دروستكردنی دەوڵەتێكی عەرەبی یەكگرتوو هاتە پێشەوە.
شەڕی میسلون لەمانگی تەموزی ئەو ساڵەدا رویدا، بەهۆی ئەو شەرەوە شانشینی فەیسەڵی كۆتایی هات و سوریاش لەلایەن فەرەنسیەكانەوە داگیركرا، بەوەش كۆتایی هات بە شۆرشی گەورەی عەرەبی بۆ دروستكردنی یەك دەوڵەتی یەكگرتوو.
شانشینی عەرەبی سعودیە... یەكریزیەك بەدیهێنانی نزیكەی 30 ساڵی خایاند
هاوكات لەگەڵ ساڵەكانی جەنگی جیهانی یەكەم و ئەوەی بەدوایداهات، دەوڵەتی سعودیە لە نەجد دەستی كرد بەشەڕ لەپێناوی فراوانكاری لە تەواوی نیمچە دوورگەی عەرەبی، سەرەتای شەڕەكە لەگەڵ ریاز لە 15ی كانونی یەكەمی ساڵی 1905 دەستی پێكرد، كاتێك هێزەكانی سعودیە لەگەڵ هێزەكانی میرنشینی ئال رەشید ڕووبەڕووبونەوە.
هەوڵەكانی فراوانخوازی و یەكگرتووی بەردەوام بوون تا دەرچوونی فەرمانی پادشایەتی مەلیك عەبدولعەزیز
هەوڵەكانی فراوانخوازی و یەكگرتووی بەردەوام بوون تا دەرچوونی فەرمانی پادشایەتی مەلیك عەبدولعەزیز لە 23ی ئەیلولی ساڵی 1932 كە تێدا دروست بوونی شانشینی عەرەبی سعودی راگەیاند، بەوەش كۆتایی هات بەو زنجیرە شەر و رێككەوتنانەی كە بوونە هۆی دروست بوون و كۆتایی هاتنی بەشێك لەمیرنشینەكان، كە لەتەواوی ناوچەی نیمچە دورگەی عەرەبی بڵاوببونەوە، بەڵام دواتر دەسەڵاتی شانشینی سعودیە گەیشتە تەواوی ئەو ناوچانە، وەك میرنشینی هاشمی لەحجاز و میرنشینی ئال رەشید لە حائل و جەبل شەمر و میرنشینی ئال عائز لەعەسیر و میرنشینی ئیدریسی لە جازان و توهامە.
كۆماری عەرەبی یەكگرتوو... بۆچی دوای راگەیاندنی نەیارەكانی دەركەوتن؟
لەدوای گەیشتنی هێزەكانی هاوپەیمانان ( بەریتانیا و فەرەنسا) بۆ ناوچەكانی رۆژهەڵاتی عەرەبی و ئەو هەنگاوانەی بەدوایدا هات كە دابەشكردنی ناوچەكە بوو بەسەر دەسەڵاتی بەریتانیا و فەرەنسا، هاوكات لەگەڵ دەستكردن بەپرۆژەی دروستكردنی دەوڵەتێك بۆ جولەكەكان لەفەلەستین و راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی و داگیركردنی 78%ی خاكی فەلەستین لەشەری 1948-1949، هەموو ئەمانە بوونە هۆی دروست بوونی ئاراستەی نوێ لەناوچەكەدا، كەخۆی دەبینێتەوە لە دروست كردن و گەشەپێدانی رێكخراو و جوڵانەوەی نەتەوەیی كە سەرۆكایەتی بزوتنەوەی رزگاریخواز بكات لەدەسەڵاتی ئیستیعمار و كۆتایی بهێنێت بە دابەشكاری، لەگرنگترین ئەو رێكخراوانە ( ئەفسەرە ئازادیخوازەكان بوون) لە میسر كە ساڵی 1952 گەیشتە دەسەڵات.
لەمانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ پەرلەمانی سوریا لەسەردەمی سەرۆكایەتی شوكری قوتلی، بریاریدا لەسەر گرتنەبەری هەموو رێكارێكی پێویست بۆ بەدیهێنانی یەكگرتووی لەگەڵ كۆماری میسر، لە یەكی شوباتی ساڵی 1953 سەركردایەتی سوریا و میسر لە قاهرە كۆبونەوە و تێیدا یەكگرتنی سوریا و میسر و دروستكردنی كۆماری عەرەبی یەكگرتوویان راگەیاند، و جەمال عەبدولناسر وەك سەرۆك دیاریكرا.
ئەم یەكگرتوویە كاریگەری لەسەر ژمارەیەك گۆرانكاری ریشەیی لە سوریا ( هەرێمی باكور) هەبوو كە خۆی لە هەڵوەشاندنەوەی حزبە سیاسیەكان و سەپاندنی سیاسەتی سۆسیالیستی و خۆماڵیكردن و چاكسازی كشتوكاڵی دەبینیهوە، ئەم هەنگاوانە بوونە هۆی ئەوەی كە خواستی رەتكردنەوەی یەكگرتن لەگەڵ میسر لەلایەن دەستەبژێری سیاسی و ئابوری زیادیكرد، لە 8ی ئازاری ساڵی 1961 عەبدولكەریم نەحلاوی سەركردایەتی كودەتایەكی سەربازی كرد لەسوریا و بەوەش ئەزمونی كۆماری عەرەبی یەكگرتوو كۆتایی هات.
یەكێتی عەرەبی هاشمی... بۆچی بەخێرایی كۆتایی هات؟
لەژێر كاریگەری دروست بوونی كۆماری عەرەبی یەكگرتوو لەلایەن میسر و سوریاوە، هەردوو وڵاتی ئوردن و عێراقیش هەنگاویان بەرەو یەكگرتووی نا و ئەوەبوو رۆژی 14ی شوباتی ساڵی 1958 دەوڵەتی یەكگرتووی هاشمی راگەیەندرا، بەهۆی یەكگرتنەكە یەك حكومەتی هاوبەش دروستكرا كە لەلایەن نوری سەعید سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە سەرۆكایەتی حكومەتە یەكگرتووەكە دەكرا و سەرۆك وەزیرانی ئوردنیش ئیبراهیم هاشم وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی یەكگرتوو دەست بەكاربوو، دەستورێكی نوێ بۆ یەكگرتنەكە دانرا، بەڵام پێنج مانگ دوای یەكگرتنەكە و كاتێك عەبدولكەریم قاسم لە14ی تەموزی ئەو ساڵەدا كودەتای كرد دەست بەجێ دەسەڵاتی هاشمی لەعێراق كۆتایی هات و بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی یەكگرتنەكە.
یەكێتتی كۆمارە عەرەبیەكان... بەهۆی چ ناكۆكیەكەوە كۆتایی هات؟
دوای سەركەوتنی شۆرشی فاتح لەمانگی ئەیلولی ساڵی 1969 لە لیبیا بەسەرۆكایەتی معمەر قەزافی دەست بەجێ دەستكرا بەهەنگاوەكانی شۆرش كە لەكۆتایی هێنان بە بنكەی سەربازی هێزە بیانیەكانەوە لەسەر خاكی لیبیا دەستی پێكرد، بەوەش نزیك بوونەوە لەنێوان قاهرە و خەرتوم و تەرابلوس بەدی هات.
بەهۆی نزیك بوونەوەكەوە كۆبونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان جەمال عەبدولناسر و جەعفەر نمەیری و موعەمەر قەزافی لە تەرابلوس بەرێوەچوو و تێیدا لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 1969 پەیماننامەی تەرابلوس راگەیەندرا، لەپەیماننامەكەدا بەدیهێنانی هاوكاری ئابوری و پرۆگرامەكانی خوێندن و دروستكردنی تۆری پەیوەندی یەكگرتوو لەنێوان هەرسێ وڵات راگەیەندرا، هەموو ئەو هەوڵانە بەئاراستەی تێپەراندنی كاریگەریەكانی تێكشكانی شەری حوزەیرانی 1967ی عەرەب ئیسرائیل بوو.
لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1970 سوریا چووە ناو رێككەوتنەكەوە و بریار لەسەر دروستكردنی سەركردایەتیەكی چوار قۆڵی هاوبەش درا، لەمانگی نیسانی ساڵی 1971 سەرۆكی هەر چوار وڵاتەكە رێككەوتن لەسەر دروستكردنی یەكێتتی كۆمارە عەرەبیەكان بۆ ئەوەی ببێتە سەرەتای یەكگرتووی عەرەب.
لەمانگی ئابی ساڵی 1971 پرۆژە دەستوری دەوڵەتی ( یەكێتی كۆمارە عەرەبیەكان ) دەرچوو، لەمانگی ئابی ساڵی دواتر بەیاننامەی یەكگرتن بڵاوكرایەوە.
بەڵام دەستپێكردنی شەری تشرینی یەكەمی ساڵی 1973 و ئەوەی بەدوای خۆیدا هێنا لە دروست بوونی ناكۆكی لەنێوان سوریا و میسر بەهۆی دەستپێشخەریەكەی ئەنوەر سادات بۆ دروستكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا و واژۆكردنی رێككەوتنی راگرتنی شەر، بووە ئاستەنگ لەبەردەم ئەم یەكگرتوویە و كۆتایی پێهێنانی.
ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو... ئایە دەستپێشخەریەكە لەو حەوت میرنشینەدا كورت كرایەوە؟
لەساڵی 1968 بەریتانیا خواستی خۆی راگەیاند بەكشانەوە لەتەواوی ئەو ناوچانەی لەرۆژهەڵاتی ناوەراست داگیری كردبوون، تا ئەوكاتە لەكەنداوی عەرەبی تەنها دوو دەوڵەتی سەربەخۆ هەبوون كە شانشینی سعودیە و كوەیت بوون، و تەواوی فەرمانرەوایەكانی تر لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بوون.
لەمانگی شوباتی ساڵی 1968 هەریەك لە زاید بن سوڵتان و راشد بن سعید ئەل مەكتوم میرەكانی دوبەی و ئەبوزەبی لە ( سەمیح ) كۆبونەوە ئەمە یەكەم هەنگاوی دروستكردنی میرنشینی عەرەبی یەكگرتوو بوو لەكەنداوی عەرەبی، میرنشینەكانی دوبەی و ئەبوزەبی و شارقە و عجمان و ئوم قەیوین و رەئس الخەیمە و فەجیرە بڕیاریاندا یەك بگرن، بەڵام میرنشینەكانی قەتەر و بەحرەین نەچوونە ناو ئەو یەكگرتنەوە بەوەش دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو دامەزرا لە دووی كانونی یەكەمی ساڵی 1971.
كۆماری عەرەبی ئیسلامی.... قەزافی چی دەوێست لە بەدی هێنانیدا
بەدی نەهاتنی پرۆژەی ( یەكێتی كۆمارە عەرەبیەكان) نەبووە هۆی ئەوەی قەزافی لەهەوڵەكانی بوەستێت بەئاراستەی بەدی هێنانی پرۆژەی یەكگرتووی لە 12ی كانونی دووەمی ساڵی 1974 قەزافی لەگەڵ حەبیب بورقیبە سەرۆكی تونس لە دوورگەی جربەی تونس كۆبۆوە و لە ئەنجامی كۆبونەوەكەدا ( بەیاننامەی جەربە) راگەیەندرا كە تێیدا راگەیاندنی یەكگرتنی تونس و لیبیا بەناوی ( كۆماری عەرەبی ئیسلامی ) راگەیەندرا.
بریاردرا كە یەكگرتنەكە دوای بەرێوەچوونی راپرسی لەهەردوو وڵات بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام بەرێوەنەچوونی راپرسی لە تونس بووە هۆی دواخستنی، قەزافی ئامانجی وابوو كە لەو یەكگرتنەدا هاوسەنگی لە سامانی هەردوو وڵات بەدی بهێنێت، لیبیا ڕووبەرێكی فراوانی هەبوو خاوەنی نەوتێكی زۆر بوو، بەڵام ژمارەی دانیشتوانی كەم بوو بەجۆرێك كە كەمتر بوو لەنیوەی دانیشتوانی تونس كە ڕووبەرێكی كەمی هەبوو هەروەها سامانێكی كەمتریش.
قەزافی ئامانجی وابوو كە لەو یەكگرتنەدا هاوسەنگی لە سامانی هەردوو وڵات بەدی بهێنێت
بەڵام بورقیبە بڕیاری پاشەكشەی دا ئەوەش بەپاڵنانی راوێژكار و سیاسەتمەدارانی تونس و نەیاربوونی ( هادی نویرە) سەرۆك وەزیرانی تونس لەگەڵ ئەو پرۆژەیە، بۆیە دواتر بورقیبە سەرۆكی تونس داوای لێبوردنی كرد لەسەر یەكگرتنەكە و رایگەیاند كێشەی دەستوری هەیە، هەروەها بەباشی زانی كە یەكگرتووی لەنێوان تەواوی وڵاتانی مەغریبی عەرەبی بەدی بێت، بەڵام قەزافی ئەو پاشەكشەی قبوڵ نەكرد و بەهۆیەوە پەیوەندیەكانی هەردوو وڵات ئاڵۆزی تێكەوت.
لەگەڵ ئەوی زۆرینەی ئەو پرۆژانە ئاستەنگیان بۆ دروست بووبەڵام تائێستا بۆچوونی یەكگرتووی كۆتایی نەهاتووە .