05:03 - 18/04/2019
زیندوكردنەوەی شارستانیەتی ئیسلامی بەرێگەیەكی داهێنەرانە
لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكان بۆ پەیوەندی فكری و رۆشنبیری لەنێوان تەواوی رۆشنبیریە جیاجاكان و گەلاندا، لەهەوڵێكدا بۆ خستنەڕووی چیرۆكی پێغەمبەران ( درودیان لەسەر بێت) و موعجیزهكانیان و زانینی ئەو ڕووەكانەی كە لەقورئاندا ناویان هاتووە، رۆژی 29ی ئازاری رابردوو لەناوچەی خوانیج لەشاری دوبەی ئیمارات باخچەی قورئانی كرایەوە.
باخچەكە هەم فێركاریە و هەم بۆ كات بەسەربردنە و لەسەر ڕووبەری 640 هەزار مەترچوارگۆشە دروستكراوە، شارەوانی دوبەی بەهاوكاری فەرمانگەی كاروباری ئیسلامی و كاری خەیری لەحكومەتی دوبەی سەرپەرشتی كردووە.
زانیاریە سەرەتایەكان
باخچەكە 51 جۆر درەختی كۆكردۆتەوە كە ناویان لەقورئاندا هاتووە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە تەنها لەهەفتەی یەكەمدا نزیكەی 100 هەزار كەس سەردانیان كردووە، هەروەها باخچەیەكی شوشویی لەناودا هەیە، تابلۆ رێنیشاندەرەكان بە زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی لەسەریان نوسراوە، هەروەها سودە پزیشكی و خۆراكیەكان و بەكارهێنانیان لەسەر ئەو تابلۆیانە ڕوون كراوەتەوە، بەوەش بۆتە سیستمێكی داتابەیس بۆ ناساندنی ئەو بەروبومە رووكیانەی كە لەباخچەكەدا خراونەتە ڕوو، هەروەها گەشتیار دەتوانێت كام لەو بەروبومانەی بوێت لەپێنج شوێنی ناو باخچەكەدا بیكرێت.
ئەشكەوتی سەرسورهێنەر
لەناو باخچەكەدا ئەشكەوتێك هەیە بۆ خستنەڕووی چیرۆكی سەرسورهێنەری ئەو پێغەمبەرانەی كە ناویان لەقورئاندا هاتووە، ئەوەش بە بەكارهێنانی پێشكەوتووترین سیستمی سێ دووری، گەشتیارەكە دەچێتە ناو ئەشكەوتەكەوە لەگەشتێكی روحانیدا كە ماوەكەی بیست و حەوت خولەكە چیرۆكی سەرسورهێنەری پێغەمەبەران دەبێنێت هەروەها حەوت سەرسورهێنەری پێغەمبەران بە بەكارهێنانی نوێ ترین تەكنەلۆجیای كاریگەری بیستراو و بیندراو دەبێنێت.
دەریاچەی پێغەمبەر موسا و درەختی وزە
باخچەكە دەریاچەیەكی تێدایە كە رارەوێك لەناوەراستەوە كردویەتی بەدوو بەش وەك هێمایەك بۆ دابەش بوونی دەریا كە یەكێكە له موعجیزهكانی پێغەمبەر موسایه.
هەروەها لەرێگای سەرەكی باخچەكە داری وزەی خۆر هەیە، دارەكان بە شێوەی شارستانیەتی ئیسلامی جوانكاریان بۆكراوە بەجۆرێك هونەری خۆشنوسی عەرەبیان پێوەدیارە، وەك جەختكردنەوەیەك كە ئەو باخچەیە پەیوەندی بەشارستانیەتی ئیسلامیەوە هەیە، هەروەها ئەو دارانە ڕووناك كەرەوەیان پێوەیە كە لەرێگەی سیستمی وای فای كار دەكەن هەروەها شوێنی بارگاویكردنەوە، ئەو دارانە بەتەواوەتی پشت بە وزەی خۆر دەبەستن بۆ رووناك كردنەوە.
هەرووەها لەناو باخچەكەدا چەند شوێنێكی بۆ كات بەسەربردن تێدایە لەوانەش شوێنی بەپێ رۆیشتن و رارەوی سەركەوتن لەرێگەی ماتۆرسكیلەوە.
ئەم دەستكەوتە بووە بەشێكی تر لەشارستانیەتی دوبەی، باخچەی قورئانی بەشوێنێكی دیار دادەنرێت كە چەندین لایەنی ئاینی و شارستانیەتی و فێركاری و رۆشنبیری هەیە، سەرباری ئەوەی خاڵێكی سەرنج راكێشە بۆ راكێشانی گەشتیاران و رۆڵی پەروەردەكاریش دەبینێت بۆ منداڵان، خاڵێكی تری سەرنج راكێش ئەوەیە كە ئەم باخچەیە بەبەردەوامی كراوەیە و بەبێ بەرامبەر گەشتیاران لەهەموو ئاینە جیاوازەكان دەتوانن سەردانی بكەن، و تێیدا ناسنامەی شارستانیەتی ئیسلامی بەشێوەیەكی داهێنەرانەی سەرنج راكێش خراوەتە ڕوو.