ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:41 - 17/04/2019

موقتەدا سەدر دەیەوێت هێزە بیانیەكان دەربكات‌

پەیسەر

لەڕێی پڕۆژەیەكەوە كە ناوی ناوە شۆڕش دەژی گەندەڵكاران، سەدر دەیەوێت هێزە بیانییەكان لە عێراق دەربكات، بەڵام دوو لایەنی دیاریش كە پارتی و دەوڵەتی یاسایە دژی بۆچوونەكەی سەدرن.

موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر رایگەیاند شۆرش لەدژی گەندەڵكاران ئەنجام دەدەن، بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس دەركردنی هێزە بیانیەكان یەكێك دەبێت لەخاڵەكانی چاكسازی رابەری رەوتی سەدر، لەبەرامبەردا سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا دەڵێت ئەوان بەپێی رێككەوتن لێرەن و پێویستە بمێننەوە پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێت كشانەوەی هێزە بیانیەكان مەترسییەكی گەورە دروست دەكات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكە بۆ چاكسازی و ئاشتەوایی و لەناو پرۆژەكەشدا دەركردنی هێزە بیانیەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێران بووەكانی لەخۆ گرتووە.

رۆژی سێ شەممە موقتەدا سەدر لە تویتێكدا نوسیویەتی هەڵمەتێكی دیكە بۆ چاكسازی لەعێراق و ئاشتەوایی نێوان خەڵك رادەگەیەنێت. سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت سەدر هۆشداری داوە لەوەی حكومەتی عێراق یان پەرلەمان ئاستەنگ بۆ پرۆژەكەی سەدر دروست بكات ئاماژەی بەوەكردووە لەوەها دۆخێكدا پەنا بۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی دەبات.

"رۆڵی هێزە بیانیەكان لەعێراق گرنگە"
لەبارەی ئەم پڕۆژەیەوە كاردانەوەی لایەنەكان هەیە و بۆچونەی جیاوازیان لەوبارەوە هەیە سەعد مەتڵەبی سەركردە لەدەوڵەتی یاسا بەپەیسەرپرێسی راگەیاند، زانیاری دەربارەی پرۆژەكەی موقتەدا سەدر نیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دەوڵەتی یاسا پێی وایە حكومەتی عێراق رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا هەیە، و پابەندیشن بەو رێككەوتنە چونكە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندی كردووە.

گوتیشی: ئەگەریش ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەكی نوێی لەبارەی هێزە بیانیەكانەوە دەركرد یان یاسای پێشووی هەمواركردەوە ئەوان پابەند دەبن پێوەی.

ئەو سەركردەی دەوڵەتی یاسا سەبارەت بەچاكسازیش رایگەیاند، دەوڵەتی یاسا خۆی بەرابەری پرۆژەی چاكسازی و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی دەزانێت بەوپێیەی ئەركێكی نیشتمانیە و هەموو لایەك تێیدا بەشدارن.

پێشتر چەند كوتلەیەكی پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیاسایەك بوون بۆ ئەوەی لەرێگەی دەنگدانی پەرلەمانتارانەوە هێزە بیانیەكان دەربكرێن چوارچێوەیەشدا ئەمریكا هۆشداری داوە لە دەكردنی وەها بڕیارێك لە ئەنجومەنی نوێنەران، بۆیە تا ئێستا ئەو باسە بە شێوەیەكی خاوتر باسی لێوەدەكرێت و پەرلەمان هیچ ئامادەكارییەكی بۆ نەكردووە.

 ئەوەی تێبینی دەكرا، لایەنە نزیكەكانی ئێران رابەرایەتی ئەو هەوڵانەیان دەكرد بەڵام دوای ئەوەی 26/3/2019 محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكای كرد ئەم هەوڵانە كەم بوونەوە.

لەبارەی بوونی پڕۆژە یاسایەكی وەها لەناو پەرلەما سەعد متڵەبی دەڵێ‌: ئەگەر پرۆژەیەك بۆ دەركردنی هێزە بیانیەكان ئامادەبكرێت و كۆدەنگی نیشتمانی لەسەربێت ئەوە دەوڵەتی یاسا لەو كۆدەنگیە دەرناچێت، بەڵام لەئێستادا ئەوان پێیان وایە دەبێت رێز لەهێزە بیانیەكان لەعێراق بگیردرێت، بەوپێیەی ئەوان ئێستا راهێنان بەهێزە ئەمنیەكان دەكەن، هیچ رۆڵێكیان لەشەردا نیە،بۆیە رۆڵی ئەو راهێنەرە بیانیانە لەدووبارە ئامادەكردنەوەی هێزە ئەمنیەكان گرنگە و بەوپێیەش ئەوان دژی نین، گوتیشی هێزە بیانیەكان رۆڵێكی گرنگیان لەپاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق هەیە.

كشانەوەی هێزە بیانیەكان عێراق رادەستی وڵاتێكی دراوسێ دەكات
هەر لەبارەی دەكردنی هێزە بیانییەكان كە زیاتر دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ باسو خواسی لێوەدەكرێت نەهرۆ رەواندزی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراكسیۆنی پارتی بە پەیسەرپرێسی راگەیاند: نەمانی هێزی بیانی مەترسیەكی گەورە لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستانیش دروست دەكات، چونكە بەنەمانی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانیەتی ناتۆ بۆشایەكی گەورەی ئەمنی دروست دەبێت و عێراق بەتەواوەتی دەكەوێتە دەست یەكێك لە وڵاتە درواسێكان، ئەوەش مەترسی ئەوەی لێدەكرێت كە داعش بەناوێكی نوێ دروست بێتەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بەپرۆسەی چاكسازی رایگەیاند، چاكسازی لەعێراق ناكرێت بەهەرێمی كوردستانیشەوە، گوتیشی چاكسازی وشەیەكی راگەیاندنەكانە بەڵام لەواقعدا چاكسازی كارێكی ئاسان نیە و پێویستی بەكردەوەیە و تا ئەوكاتەی عێراق و هەرێمی كوردستان نەكەونە دەست یەك حزب، چونكە لە وەزارەتێكدا وەزیری سەر بەلایەنێكە و بریكارەكەی سەر بەلایەنێكی تر  و بەرێوەبەری گشتی لە لایەنێكی ترە، ئایە چۆن چاكسازی دەكرێت، هەمووانیش پشتیوانی بەهێزی حزبەكانیان هەیە و پارێزگاریش لەبەرژوەندیە باڵاكانی حزبەكانیان دەكەن، ئەمەش ئاستەنگی بۆ پرۆسەی چاكسازی دروستكردووە و كردویەتی كارێكی مەحاڵ.

گوتیشی: هیچ بەرپرسێكی عێراق بەرژوەندی وەڵات ناپارێزێت هەموویان بەرژوەندی حزبەكانیان دەپارێزن، هەمان شت بۆ هەرێمی كوردستانیش راستە.

قسه‌كردن له‌سه‌ر ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ نێوان بێده‌نگی ئێران و هه‌ڵوێستی ژێربه‌ژێری ئه‌مریكایه‌، تا ئێستا له‌ عێراق یاسایه‌ك بۆ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌م هێزانه‌ نیه‌ كه‌ ژماره‌یان 9 هه‌زار سه‌ربازه‌ به‌ شێوه‌ی فه‌رمی و ئاشكرا.