وا دیارە كە پارێزگای بەسرە ئاستەنگی بەردەم زۆرینەی كابینە یەك لەدوای یەكەكانی ئەم دوایانەی حكومەتی عێراق بوو، بەتایبەتیش كابینەكەی حەیدەر عەبادی كە نارازیەتی گەنجانی ئەو شارەی باشور لە هاوینی ساڵی رابردوو بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی بووە ئاستەنگێكی گەورە بۆی. ئێستا هەمووان چاودێری شاری بەسرە و تەواوی شارەكانی تری باشوری عێراق دەكەن، بەهاتنی وەرزی هاوین و بەرزبونەوەی داواكاری خەڵك بۆ خزمەتگوزاری ، دانیشتوانی ئەوشارە كە داوای دروستكردنی هەرێمێكی سەربەخۆی ئیداری لەبەغداد دەكەن، هەنگاوێك كە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لێی دەترسێت. حكومەتی خۆجێی لەبەسرە لەگەڵ دەستەبژێری و دانیشتوانی پارێزگاكە داوای دروستكردنی هەرێمی بەسرە دەكەن، هاوشێوەی هەرێمی كوردستانی عێراق، ئەوە لەدەستوری عێراقیش رێگە پێدراوە بەجۆرێك كە دەستور مافی ئەوەی بەهەر پارێزگایەك یان دوو پارێزگا یان سێ پارێزگا داوە كە داوای دروستكردنی هەرێمێكی سەربەخۆ بكەن، ئەوەش بەرەزامەندی دوو لەسەرسێی دانیشتوانەكەی، عەلی دەعمی یاساناس دەڵێت" دەستور پشتیوانی هەر پارێزگایەك دەكات كە داوای دروستكردنی هەرێمێك بكات كە لەرووی ئیداریەوە لە بەغدادی پایتەخت جیای بكاتەوە بەو مەرجەی پێداویستیە دەستوریەكانی تێدابێت كە داواكردنی هەرێم پێویستی پێی هەیە". ئەو ئاماژە بەوەشدەكات، كە مەرجە دروستكردنی هەرێم لەسەر بنەمای تائیفی و نەتەوەیی نەبێت، ئەو یاساناسە دەشڵێت لەسەر ئەو بنەمایانە، داواكاریەكەی ئێستای بەسرە بۆ دروستكردنی هەرێم لۆژیكیە ئەگەر بەراورد بكرێت بەو یاسایەی كە پێویستە هەموان پێوەی پابەند بن جا هاوڵاتی بێت یان بەرپرسی دەوڵەت. ئاڵنگاری خستنەرووی هەرێم لەبەردەم ناوەندا لەهەموو دۆخێكدا بەسرە وا دەردەكەوێت كە هەنگاو بەئاراستەی بەهەرێم بووندا دەنێت، بەبێ رەچاوكردنی بۆچوونی جیاواز، هەرەشەی ئەوەش دەكات كە هەركەسێك دژی بێت ڕووبەڕووی دادگای دەكاتەوە. ئەحمەد عەبدولحوسێن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە رایگەیاند، دادگای فیدراڵی دادوەری نێوان ئەوان و حكومەت دەكات ئەگەر حكومەتی بەغداد رەتیكردەوە رێگا بەبەرێوەچوونی هەنگاوەكانی راپرسی بۆ بوونە هەرێم بكات. هاوكات سەباح بزونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە رایگەیاند: ئەنجومەنەكەیان لەچەند رۆژی رابردوودا داواكاریەكی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكردۆتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاكەیان بكاتە هەرێمێكی سەربەخۆ، و پێویستە 50%ی دەنگدەرانی بەسرە ( واتا نزیكەی یەك ملیۆن كەس9 لەچوارچێوەی راپرسیەكی گشتیدا دەنگ بۆ دروستكردنی هەرێمێكی سەربەخۆ بدەن). هەروەها دەبێت حكومەت پێش ئەوەی 15 رۆژ كۆتایی پێ بێت داوا لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بكات ئامادەكاری بكات بۆ بەرێوەچوونی راپرسی لەماوەیەكدا كە لە 3 مانگ تێپەرنەكات. عەبدولحوسێن دەڵێت، ئەوان گەشبین نین بەوەی حكومەت لەو ماوەیەدا هەنگاو بنێت، پێشبینیش دەكات ئەم داواكاریەش وەك داواكاریەكانی پێشوویان كە لەسەر هەمان پرس رەوانەیان كردووە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. لەساڵی 2014 دا ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە دەنگی لەسەر پرۆژەی بەهەرێم بووندا، بەڵام حكومەت لەوكاتەدا داواكاریەكەی رەتكردەوە لەبەر ئەوەی دۆخی ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق ئاڵۆزبوو ترس لەوە هەبوو هەرێمەكە ببێتە هەرێمێكی تائیفی. بەسرە چاوەڕێی وەڵامی بەغداد دەكات هەفتەیەك بەسەر بریاری ئەم دوایانەی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرەدا تێپەری كە تێیدا هەرێمی بەسرەیان راگەیاند، بەڵام تائێستا حكومەت هیچ هەڵوێستێكی فەرمی رانەگەیاندووە. لەلایەكی ترەوە كات بەرەبەرە لەبەردەم حكومەتدا كەم دەبێتەوە، بەوپێیەی دانیشتوانی بەسرە سورن لەسەر ئەوەی كە لەهاوینی داهاتوودا خۆپیشاندانی گەورە ئەنجام بدەن ئەگەر بەغداد چارەسەر بۆ كێشە خزمەتگوزاریەكانیان و پرسی ئاوی سوێر نەدۆزێتەوە، تائێستاش هەنگاوی ئاشكرا بەو ئاراستەیەدا نابیندرێت، لەگەڵ ئەوەی مانگی رابردوو سەرۆك وەزیران، هادی عامری بەژمارەیەك دەسەڵاتەوە ناردە شارەكە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە. هەروەها رێكارەكانی ئەم دوایانەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بەكردنەوەی دەروازەی سنوری لەگەڵ ئوردن نارەزایەتی بەسرەیەكانی زیاد كرد، بەوپێیەی بەرپرسانی شارەكە دەڵێن داهاتی دەروازەكانیان بەنزیكەی 20% كەمیكردووە. دانیشتوانی بەسرە بەشێوەیەكی كاریگەر لەگەڵ بۆچوونی دروستكردنی هەرێمن، لەگەڵ ئەوەی بەرپرسان ترسی ئەوەیان هەیە كە پارێزگاكە ببێتە " فیدراڵیەتێكی تائیفی" ئەوەش لەلایەن بەشێك لەلایەنگرانی فیدراڵیەتەوە جێگەی گومانە. ئەم شارەی باشور بەم دوایانە " رابیتەی هەرێمی بەسرە"ی دروستكرد كە لەلایەن بەرپرسانەوە بووە جێگەی بایەخ لەناو ئەوانەشدا سەباح بزونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا. تویتی سیاسیەكان لەسەر هێڵی كێشەكە موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆری كۆمەڵایەتی تویتەر سەبارەت بەكێشەی بەسرە نوسیویەتی " دروستكردنی هەرێم ئیرادەی گەلێكی ستەم لێكراوە كە دەیەوێت نارەحەتیەكانی كۆتایی بێت بەڵام ئەوە چارەسەر نیە" دەشڵێت بەرپرسانی هەرێمەكەتان دزیان بۆ ئاسان دەبێت و لەناو گەندەڵی و ستەم نغرۆ دەبن، دەسەڵاتیان بەسەر ئێمە و ئێوەدا دەبێت و بەداهاتی ئێوە بەشێوەیەكی زیاتر بەخۆش دەژیەن و لاوازتان دەكەن ئەوەش داگیركردنتان ئاسان دەكات". سەدر روو لەخەڵكی بەسرە دەڵێت: " پارێزگاری لە یەك عێراقی بكەن بە خاك و گەلەوە ئەوە ئامۆژگاری منە بۆ ئێوە، و بڕیاری یەكەم و كۆتایش لای گەلە". پێشبینی دەكرێت لێدوانەكەی ئەم دوایانەی سەدر ببێتە هۆی كەمبوونەوەی لایەنگری بۆ دروستكردنی هەرێمی بەسرە، بەڵام وائل جەباری ئەندامی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی پارێزگا رایگەیاند سەدر بۆچوونی خۆی راگەیاندووە و لەكۆتایشدا گەلی ئازادكردووە كە ئەوە دیاری بكات كە دەیەوێت. بەهەمان شێوە ئەیاد عەلاوی رابەری هاوپەیمانی نیشتمانی سەبارەت بەهەرێمی بەسرە لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆری كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی " ئایە دروستكردنی هەرێم چارەسەری كێشەكان دەكات و سنورێك دادەنێت بۆ خراپی پلان و بەرێوەبردن و بەهەدەردانی پارە؟ ". عەلاوی راشیگەیاندووە، لەرووی مەبدەئیەوە دژی دروستكردنی هەرێم نیە، بەمەرجێك دامەزراوەی بەهێز هەبێت كە بیپارێزێت و یاساكانی و كارەكانی دیاری بكات و دەسەڵاتی بزاندرێت. داواكاریەكەی بەسرە یاساییە رەوتی حیكمە بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم هۆشداری دایە نوێنەری رەوتی سەدر سەبارەت بە " هەرێمی تائیفی" بەبێ ئەوەی رەتی بكاتەوە. حەكیم لەسەر رێبازی باوكی عەبدولعەزیز بەیەكێك لەلایەنگرانی دروستكردنی هەرێمی باشور دادەنرێن بەڵام هیچ لێدوانێكیان بەئاشكرا لەو بارەیەوە لەساڵی 2011 وە نەداوە. بەشێك لە نەیارانی فیدراڵیەت دەڵێن ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە دەسەڵاتی ئەوەی نیە داوای دروستكردنی هەرێم بكات بەوپێیەی خۆی نزیكەی دوو ساڵە وادەی یاسایی كۆتایی هاتووە. بەڵام ئەسعەد مرشدی ئەندامی لیژنەی هەرێمەكان لەئەنجومەنی نوێنەران جەخت لەوە دەكاتەوە كە " یاسای ژمارە 21 نوسیویەتی ئەنجومەنی پارێزگاكان تا بەرێوەچوونی هەڵبژاردن دەمێننەوە". مرشدی پێی وایە بەپێی یاسا بریارەكانی ئەم ماوەیەی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە یاساین مادام هەڵبژاردن نەكراوە ئاماژە بەوەش دەكات كە بەسرە ئەمرۆ پێویستی بەزۆر شت هەیە، هەروەها پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە بۆ هێنانەدەرەوەی غودەیەی شێرپەنجەیی كە هەڵگرانی ڤایرۆسی گەندەڵی تێیاندا چاندووە.
تورکیا چەندە جدییە عێراقیش هەر ئەوەندە!
عێراق؛ پڕۆژەی فاوی گەورە کوردستان؛ دوو بەرەکی بەردەوام !
بنەچەى پەتاکە لە کوێوە سەرچاوەى گرتووە؟
مرۆڤ لە بەخێوکردن زیاتری دەوێت