ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:29 - 03/04/2019

ده‌یانه‌وێت خه‌ڵكی عێراق شوێنی ئه‌بو به‌كر به‌غدادیان بۆ ئاشكرا بكات‌

پەیسەر

هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا به‌هایه‌كی خه‌یاڵی داده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی سه‌ركرده‌ی دیاری چه‌كدارانی داعش له‌ عێراق و شام-یان بۆ بدۆزنه‌وه‌.
به‌ پێی هه‌واڵێكی ئاژانسه‌كانی عێراق، شه‌وی ڕابردوو فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی بڵاوكراوه‌یان به‌سه‌ر شاری ڕومادی بڵاوكردۆته‌وه‌ و داوا له‌ خه‌ڵكی ده‌كه‌ن، هه‌ركه‌سێك شوێنه‌كه‌ی بزانێت ئه‌وا به‌های 25 ملیۆن دۆلار وه‌رده‌گرێت.

 
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی شاری ڕومادی ئاشكرایكردووه‌، فرۆكه‌كان بڵاوكراویان بڵاوكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی خه‌ڵكی ڕومادی ڕاكێشن به‌وه‌ی به‌غدادی به‌رپرسه‌ له‌وه‌ی ژیانی ئه‌وانی وێرانكردووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك زانیاری هه‌یه‌ له‌سه‌ری ئه‌وا ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ژمارانه‌وه‌ په‌یوه‌ندیان پێوه‌ بكات و یان نامه‌یان بۆ بنێرێن و له‌ ڕێگه‌ی واتس ئاپه‌وه‌ ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌.


له‌و بڵاو كراوه‌یه‌دا هاتووه‌" سه‌ركرده‌كه‌ی داعش و چه‌كداره‌كانی زه‌ویه‌كانتانی برد، كه‌سوكاره‌كانتانی كوشت، ئه‌و ئێستا له‌ شوێنێكی پارێزراو خۆی شاردۆته‌وه‌ و دووره‌ له‌و مه‌رگ و وێرانكارییه‌ی كه‌ خۆی درووستی كردووه‌. به‌ زانیارییه‌كانی ئێوه‌ ده‌توانن تۆڵه‌ی لێ وه‌رگرنه‌وه‌."

دوای كه‌وتنی كۆتا قه‌ڵای چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام(داعش) له‌ باغۆز، گه‌وره‌ترین نیشانه‌ی پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ی سه‌ركرده‌كه‌یان چاره‌نووسی چی لێ به‌سه‌ر دێت؟

به‌ پێی چه‌ندین به‌ڵگه‌ نامه‌ی سه‌ربازی  و هه‌واڵگری، "خه‌لیفه‌"ی چه‌كدارانی داعش ئه‌بو به‌كر به‌غدادی له‌ ناوچه‌ و بیابانه‌كانی سوریا و عیراق ده‌سووڕێته‌وه‌، هه‌ندێكش پێیان وایه‌ كه‌ ئه‌و برینداربووه‌ و یان له‌م شه‌ڕانه‌ی دوایدا كوژراوه‌، یاخود به‌هۆی نه‌خۆشی شه‌كره‌وه‌ مردبێت. به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ یه‌كێك له‌و هه‌واڵانه‌ پشت ڕاست نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

گریمانه‌ی زۆریش ئه‌وه‌یه‌ له‌ نێوان سنووره‌كانی خۆرهه‌ڵاتی عێراق و پارێزگاكانی حه‌مس له‌ ناوه‌ڕاستی سوریا ته‌راتێن بكات. چاودێران پێیان وایه‌ كوڕه‌كه‌ی به‌ناوی" حه‌زیفه‌" له‌م ناوچه‌یه‌ به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی ڕووسیاوه‌ له‌ ته‌مموزی ڕابردوو كوژرا بێت، چونكه‌ زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ كوڕه‌كه‌ی یاوه‌ری باوكی بووه‌.

به‌غدادی له‌ ئێستایه‌ له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی دیكه‌ دێت و ده‌چێت، ئه‌و به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌رناكه‌وێت و ده‌رنه‌كه‌وتووه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت له‌ ته‌مموزی ساڵی 2014 و دوای گرتنی موسڵ و ناساندنی وه‌كو پایته‌ختی خیلافه‌ته‌كه‌یان له‌وه‌ به‌دواوه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌رنه‌كه‌وتووه‌.

واسق هاشمی سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی عێراقی ده‌ڵێت" به‌غدادی و پاسه‌وانه‌كه‌ی و شۆفێره‌كه‌ی له‌ یه‌ك شوێن بنجگه‌ به‌خۆیان ناگرن. زۆرێك ده‌ڵێن به‌غدادی ده‌ستگیركراوه‌ به‌ڵام شتێكی وا نییه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیووه‌ بێته‌ ناو خاكی عێراقه‌وه‌، به‌ڵام له‌ناوچه‌ی باغۆزی سووریا دووركه‌وتۆته‌وه‌، به‌رده‌وامیش ده‌یه‌وێت بێته‌ عێراقه‌وه‌."

هاشمی ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كات" به‌پێی ڕاپۆرتی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان به‌غدادی هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ بگاته‌ عێراق و به‌تایبه‌تی بێته‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا و ناوچه‌ی دۆڵی حۆران، هه‌وڵێكی زۆریش ده‌دات به‌ره‌و خوورماتوو بێت و له‌وێشه‌وه‌ بگاته‌ حه‌ویجه‌ و دیاله‌. ئه‌و كاره‌شه‌ی بۆ ئه‌وه‌یه‌ بوونی خۆی بسه‌لمێنێت."

هیچ كه‌سێك نازانێت ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی كه‌ ناوی ڕاسته‌قینه‌ی " ئیبراهیم عه‌واد محه‌مه‌د ئیبراهیم عه‌لی محه‌مه‌د به‌دری"یه‌ له‌ كوێیه‌؟. ئایا ئه‌مریكا كه‌ سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانی دژه‌ تیرۆری له‌ عیراق و سوریا ده‌كات ده‌زانێت له‌ كوێیه‌؟
هه‌فته‌ی ڕابردوو، جه‌میس جێفری نێرده‌ی ئه‌مریكا له‌ سوریا له‌ لێدوانێكدا ئاشكرایكرد كه‌ ئه‌مریكا نازانێت به‌غدادی له‌ كوێیه‌. جێفری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ شه‌ڕ له‌ دژی داعش كۆتایی نه‌هاتووه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا ده‌مێننه‌وه‌ به‌ڵام به‌ ژماره‌یه‌كی كه‌متر.