10:15 - 03/04/2019
ئەردۆغان دەست بۆ چەكی 84 سندوقەكە دەبات
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانی توركیا، لەشاری ئەستەنبوڵ ئیكرام ئیمام ئۆغڵۆی پاڵێوراوی پارتی گەلی كۆماری جەهەپە، لەپێش بن عەلی یەڵدرم كاندیدی پارتی دادوگەشەپێدانی ئاكەپەوەیە.
ئەو لەپێشبوونە، بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیاو سەرۆكی ئاكەپە، وەك شۆكێك وایە، كە قبووڵكردنی رەنگە ئەستەمبێت، بۆیە دەست بۆ چەكێكی تر دەبات، وەك ئەوەی زۆرێك لەسەرچاوەكان پێشبینی دەكەن.
بەپێی پێشبینی سەرچاوەكان، ئەردۆغان دەست بۆ چەكی دەستكاریكردنی ئەو 84 سندوقە دەبات، كە تائێستا لەئەستەنبوڵ ئەژمارنەكراونو رەنگە ئەنجامەكان پێچەوانە بكاتەوە، ئەوەش لەبەرژەوەندی ئاكەپەو لەدژی جەهەپە.
ئەو سندوقانە بۆیە جیانەكراونەتەوە، چونكە سكاڵای یاساییان لەسەرەو ئەگەر كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان بچنە ژێر داواكاری ئەردۆغان لەو بارەوە، رەنگە هەموو شت لەدژی ئیمام ئۆغڵۆ پێچەوانە بێتەوە، كە خۆی وەك سهرۆك شارهوانی ئەستەنبوڵ ناساندووە.
پێشتر بن عەلی یەڵدرمی كاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان دانی بەوەدا نابوو، كە ئیمام ئۆغڵۆی ركابەری بەجیاوازی 25 هەزار دەنگ لەئەستەنبوڵ لەپێشە، بەڵام ئەوەشی وت: هێشتا زووە ئەو ئەنجامە وەك ئەنجامی كۆتایی لەئەستەنبوڵ رابگەیەنرێت.
سەرچاوەكان ئەو قسەیان كردووە بە بنەمای پێشبینییەكەیان، بۆ گۆڕانكاریو دەستكاری لەئەنجامی هەڵبژاردنی ئەستەنبوڵ، كە بن عەلی یەڵدرم هەر لەقسەكانی وتی: رەنگە دەنگی 319 هەزار دەنگدەر ئەژماربكرێتەوە.
ئەو ئەنجامانەی لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا راگەیەنراوە تائێستا بەشێوەیەكە، كە ئیكرام ئیمام ئۆغڵۆ 4 ملیۆنو 159 هەزار و 650 دەنگی بەدەستهێناوەو بن عەلی یەڵدرمیش 4 ملیۆنو 131 هەزار و 761 دەنگی بەدەستهێناوە.
پێشتر ئاژانسی ئەنادۆڵی سەر بەحكومەتی توركیا بردنەوەی ئیمام ئۆغڵۆی بەرێژەی 49.8%ی دەنگەكان راگەیاندبوو، بەڵام جەختی لەوە كردبووەوە، هێشتا 1% دەنگەكان ئەژمارنەكراونو ئەوەش ئەنجام دەگۆڕێت.
محەمەد عەبدولقادر شارەزا لەكاروباری توركیا، باسی لەو قسە كردووە، كە لەهەڵمەتی بانگەشەكان رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا چەند جارێك وتی: "ئەوەی ئەستەنبوڵ بدۆڕێنێت توركیای دۆڕاندووە"، كە ئەو شارەزا ئاماژەی بەوە كردووە، ئەوە سەلمێنەری ئەوەیە ئاكەپە ئەو دۆڕانە قبووڵناكات.
عەبدولقادر باسی لەوەش كردووە، "ساختەكردن" بەتایبەتی ساختەكردنی سیاسیو یاسایی، ئەو چەكە دەبێت، كە ئەردۆغانو پارتەكەی وەك دوا پەناگە پەنای بۆ دەبەنو رێگەنادەن بەئاسانی ئەستەنبوڵیان لەدەست بچێت.
هەروەها سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن، جگە لەترس لەساختەكاری، داواكردن بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن رێگەیەكی ترە ئەردۆغانو پارتەكەی پەنای بۆ دەبەن، عەبدولقادر باسی لەوە كردووە، كە ئەگەر ئەردۆغان بەو رێگایانە هەڵبژاردن بەرێتەوە، ئەوە "بردنەوەیەك بەتامی دۆڕان دەبێت".