06:19 - 28/03/2019
ههدهپه وهك فاكتهری بردنهوه و دۆڕاندی ئهكهپه و جهههپه
چەند رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیەكان (خۆجێی) لە توركیادا ماوە، بەپێی پێشبینیەكان ئەگەری زۆرە پارتی دەسەڵاتدار (ئاكەپە) لە شارەكانی ئیستانبۆڵ، ئەنقەرە، مێرسین، ئادانە و چەند شارێكی دیكە شارەوانیەكان لەدەست بدات. چاوەڕێ دەكرێت (ههدهپه) لەم شارانەدا رۆڵی كلیلی پێ دۆڕاندن و بردنەوە بگێڕێت.
هەڵبژاردنی شارەوانی توركیا كە بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو (31 ئاداری 2019) ئەنجام بدرێت، لە چەندین رووەوە جیاوازە لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر. ئەمجارەیان هەر لایەك سەركەوتوو بێ، رێژەی دەنگەكانی نازانێت و ناتوانێت بۆ داهاتوو حسابیان لەسەر بكات، چونكە یەكەمین جارە پارتە سیاسیەكان لە توركیادا بۆ هەڵبژاردنی خۆجێی هاوپەیمانی لەگەڵ یەكتر دروست دەكەن.
هەروەها ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەخت و نا ئاسایی ئەنجام نەدرێت هەڵبژاردنی رۆژی یەكشەممەی داهاتوو تا ساڵی 2023 دوا هەڵبژاردنە، كە ئەمەش دەبێتە قۆناغێكی بەخۆداچوونەوە و خوێ نوێ كردنەوەی پارتە سیاسیەكان.
بە شێوەیەكی گشتی پێشبینیەكان پێیانوایە بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆماری توركیا كە لە 24 حوەزیرانی 2018 ئەنجامدرا و رێككەوتنی كۆمار لە نێوان ئاكەپە – مەهەپە 51.9% دەنگەكانی بەدەستهێنا، ئەمجارەیان ئۆپۆزسیۆنی زۆرینە بەدەست دێنێت و دەسەڵات دەنگەكانی لە كوورتی دەدات. ئەمەش بە كۆمەڵێك فاكتەری ئابووری، سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەمنی دەبەستنەوە.
هەردوو "رێككەوتنی كۆمار" لە نێوان ئاكەپە – مەهەپە، "رێككەوتنی میللەت" لە نێوان جەهەپە و ئی پارتی لە شارەوانیە گەورەكاندا كاندیدی هاوبەشیان داناوە.
لەلای خۆشیەوە ههدهپه بۆ ئەوەی ببێتە فاكتەری گۆڕینی هاوسەنگیەكان تاكتیكێكی جیاوازی گرتۆتەبەر. ههدهپه لە شارە كوردییەكانی باكووری كوردستاندا، لە رێگای كاندیدانی راستەوخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەكات، بەڵام لە رۆژئاوای توركیادا كاندیدی دیاری نەكردووە. لەگەڵ ئەوەشدا راستەوخۆ ناڵێت پشتگیری لە كاندیدانی جەهەپە دەكەم، بەڵكو بڕیاری "پشتگیریكردنی كاندیدە دیموكراتخوازەكانی" داوە كە ئەمەش بە ناڕاستەوخۆ پشتگیری كردنە لە كاندیدانی جەهەپە.
هەرچەندە ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە لوتكە دایە، پارتەكان بە هەموو شێوەیەك دەخوازن لاوازی یەكتر بەكاربێنن، بەڵام لە هەندێك شوێندا ئۆپۆزسیۆن پشتگیری لە دەسەڵات دەكات، ئەم كارەش نە بەشاراوەیی و نە بە ناڕاستەوخۆ ناكات، بەڵكو بە ئاشكرا دەیڵێت و جێبەجێی دەكات. بۆ نموونە لە هەردوو شاری قارس و ئیغدر بۆ ئەوەی دەنگی نەتەوەپەرستان پەرت نەبێت و زەمینەی سەركەوتنی كاندیدانی ههدهپه بچووكتر بێتەوە، ئی پارتی بە سەرۆكایەتی مەڕال ئاكشەنەر رایگەیاند كە ئەوان كاندیدیان لەم دوو شارە نابێت و داواشی لە دەنگدەر كرد دەنگ بە كاندیدی رێككەوتنی كۆمار بدات.
هەڵبژاردنی شارەوانی توركیا لە كاتێكدا ئەنجام دەدرێت كە وڵاتەكە بە قەیرانێكی ئابووری زۆر توند تێپەڕدەبێت و قەیرانەكەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر سەرتاپای ژیانی هاووڵاتیان كردووە. بەهۆی پێشكەش نەكردنی چارەسەری خێرا و نەبوونی بەرنامەیەكی روونی دەسەڵات لە بارەی چارەسەری قەیرانی ئابووری، دەنگدەر پێیوایە دەسەڵات توانای چارەسەری قەیرانەكەی نەماوە. رۆژنامەنووس عیرفان بۆزان، ئەمە بۆچوونە پشتڕاست دەكاتەوە و بۆ (پەیسەر پرێس) پێیوایە، ئەمجارە لە هەموو جارانی دیكە زیاتر قەیرانی ئابووری لەسەر سندوقەكانی دەنگدان دەبێت.
بەگوێرەی بۆزان بلۆكی دەسەڵات ئەم راستیە دەزانێت و بۆ ئەمەش دەخوازێت پەنا بۆ گوتاری (كێشەی مان و نەمانە) بەكاربێنێت. لەمبارەیەوە دەڵێت:" ئەم پروپاگەندەیەی دەسەڵات كاریگەری نابێت. هاووڵاتی هیچ گرنگی بە (كێشەی مان و نەمان) نادات. ئەم ستراتیژیە سەریەنگرت. بەهۆی قەیرانی ئابووری دەنگی رێككەوتنی كۆمار بۆ خوار 50% كەم دەبێتەوە".
بەشێوەیەكی گشتی لە هەڵمەتی پروپاگەندەی هەڵبژاردن دیار دەبێت كە ركابەری و ململانێ لە شارەكانی وەكو ئیستانبۆڵ، ئەنقەرە، ئادانە، مێرسین، ئەنتاڵیا، باڵككەسیر، ئەسكیشەهیر، هاتای، ئیغدر و قارس زۆر توندە و چاوەڕێ دەكرێت شارەوانی ئەم شارانە دوای ئاشكرابوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەستگۆڕكێیان پێ بكرێت.
ئاكەپە لە ئیستانبۆڵ و شارۆچكەكانی وەكو ئەسەنیورد، كوچوك چەكمەجە، ئوسكودار، سەنجاق تەپە، زەیتون بوڕنو، ئەیوب، بەیئۆغڵو و توزلا لەگەڵ جەهەپە لە ململانێیەكی توند دایە. لەبەر ئەوەی ئەم شارۆچكانە ژمارەیەكی زۆری دەنگدەری كوردی تێدایە، ئەگەری دۆڕاندنی ئاكەپە لە ئارادایە.
بە گوێرەی رۆژنامەنووس عیرفان بۆزان كە خەڵكی ئیستانبۆڵە و شارەزایە لە دیموگرافیای شارۆچكەكان:" لەو شوێنانەی دەنگدەری هەژاری كوردی لێ نیشتەجێیە، مەترسی بۆ سەر ئاكەپە جدیە. ئاكەپە لەم شارۆچكانەدا دەنگێكی زۆر لە دەست دەدات". هەر بەگوێرەی بۆزان:" نەبوونی كاندیدی ههدهپه لەم شارۆچكانی شەنسی سەركەوتنی جەهەپە زیاتر دەكات. لە ئێستادا ئاكەپە لە ئیستانبۆڵ قوڕسایی خۆی خستۆتە سەر شارۆچكەكانی وەكو قارتاڵ، ئاڤجیلەر، سیلیڤری و ئاتاشەهیر كە دەنگدەری ههدهپهی تیادا كەمە".
پایتەختی توركیا ئەنقەرە، بەلانی كەم بە رادەی ئیستانبۆڵ گرنگ و بایەخی هەیە. هەرچەندە ئاكەپە بەهۆی ریشەی عیلمانی ئەم شارە وەكو ئیستانبۆڵ گرنگیشی پێنەداوە، لەگەڵ ئەوەش 12 ساڵە شارەوانی گەورەی ئەنقەرە لە دەستی ئاكەپە دایە. لە ئێستادا كاندیدی ئاكەپە محەمەد ئۆزهاسەكی لەگەڵ كاندیدی جەهەپە مەنسور یاڤاش لەسەر شارەوانی ئەنقەرە لە ململانێیەكی توند دانە. هەرچەندە لە هەڵبژاردنی گشتی 2018 دا رێككەوتنی كۆمار لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی بردەوە، بەڵام دیارە كە مەنسور یاڤاش سەر ئێشەیەكی زۆری بۆ دەسەڵات دروست كردووە و ئەردۆغانی ناچار كرد پەنا بۆ هەڕەشەكردن ببات. لە 16 ئادار رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمبارەیەوە دەڵێت:" مەنسور یاڤاش پشتگیری لە تیرۆریستان وەردەگرێت. لە حاڵەتی بردنەوەی لە هەڵبژاردندا قایووم دادەنێین".
لەو شوێنانەی دەنگدەری هەژاری كوردی لێ نیشتەجێیە، مەترسی بۆ سەر ئاكەپە جدیە
ههدهپه لە هەڵبژاردنی 24 حوزەیرانی رابردوودا لە ئەنقەرە 227 هەزار دەنگ كە دەكاتە 6.4% بەدەستهێنابوو. ئەگەر دەنگی ههدهپه لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بۆ كاندیدی جەهەپە بچێت، بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی رابردوو كاندیدی جەهەپە بە رێژەی جیاوازیەكی بەرچاو سەركەوتوو دەبێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە دەنگی ئی پارتی بێت. رۆژنامەنووس زەینەب دەلیقانلی لەمبارەیەوە بۆ (پەیسەر پرێس) دەڵێت:" شەنسی سەركەوتنی مەنسور یاڤاش زۆر بەرزە، پێموایە بە جیاوازی رێژەیەكی زۆر كاندیدی جەهەپە دەباتەوە".
شارەوانی ئەنتاڵیا لەدەستی ئاكەپە دایە. لەم شارەدا كە شارێكی گەشتیاریە و دەكەوێتە سەر كەنارەكانی دەریای سپی ناوەڕاست شێوازی ململانێی هەڵبژاردن جیاوازە لەگەڵ شاری مێرسین كە لە هەمان ناوچە دایە. لێرەدا ململانێی نێوان مەهەپە، جەهەپە و ئی پارتی زۆر توندە، چونكە دەنگی ئەم سێ پارتیە لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر لە یەكتر نزیك بووە. بەهۆی شەڕی باكووری كوردستان لە نێوان پەكەكە و سوپای توركیادا، ئەنتاڵیا لە ساڵی 1990 بەدواوە بۆتە مەڵبەندی گیرسانەوەی هاووڵاتیانی كورد كە لەسەر زێدی خۆی تووشی هەڵقەناندن دەبن. لە هەڵبژاردنی 24 حوەزیرانی رابردوو رێككەوتنی كۆمار 41% دەنگەكانیان بەدەستهێنا. جەهەپە 26% و ههدهپه 17%. لەم شارەدا ئی پارتی پشتگیری لە كاندیدی جەهەپە ناكات، بەڵكو پشتگیری لە كاندیدی "دیموكرات پارتی –DP " دەكات. ئەگەر دەنگدەری ههدهپه پشتگیری لە كاندیدی جەهەپە بكات، ئەوە دۆڕاندنی ئاكەپە ئەگەرێكی بەهێزە.
شارەوانی مێرسین لە دەستی مەهەپە دایە. لەم شارەدا ئاكەپە پشتگیری لە كاندیدی مەهەپە دەكات. سەركەوتنی ئۆپۆزسیۆن لە مێرسین لە دەست دەنگدەری ههدهپه دایە كە لە هەڵبژاردنی ٢٤ حوزەیرانی ٢٠١٨ دا ١٣% دەنگەكانی هێنابوو.
لەوانەیە لە هاتای دەستاودەستكردنی شارەوانی پێچەوانە بێتەوە. لە ئێستادا شارەوانی هاتای كە شارێكی عەلەونشینە و لەسەر سنووری سوریا دایە، لە دەستی جەهەپە دایە. بەڵام لە هەڵبژاردنی گشتی لە ٢٤ حوەزیراندا رێككەوتنی كۆمار لە جەهەپە زیاتر دەنگی هێنابوو.
لە شاری قارس كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی توركیادا شارەوانی لە دەستی مەهەپە دایە. لە هەڵبژاردنی ٢٤ حوەزیراندا ئاكەپە زۆرترین دەنگی لەم شارەدا بەدەستهێنا و بووە پارتی یەكەمین، بەڵام كاندیدی لەم شارە دانەنا و پشتگیری لە كاندیدی مەهەپەی هاوبەشی دەكات.
شەنسی سەركەوتنی مەنسور یاڤاش زۆر بەرزە، پێموایە بە جیاوازی رێژەیەكی زۆر كاندیدی جەهەپە دەباتەوه
ههدهپه لە دوای ئاكەپە لە قارس بە پلەی دووەم دێت، ئایهان بیلگین پەرلەمانتار و گووتەبێژی پێشووی ههدهپه كاندیدە بۆ شارەوانی قارس كە ئەمەش شەنسی سەركەوتنی ههدهپه زیاتر دەكات، لەبەر ئەوەی بیلگین كەسێكی ناسراوە لە شارەكەدا پشتگیری لێ دەكرێت. ئی پارتی لە رووی جەماوەریەوە بە پلەی سێیەم دێت لە قارس، بەڵام بۆ ئەوەی ههدهپه سەركەوتن بەدەست نەهێنێت كاندیدی لە قارس دانەناوە و داوا لە دەنگدەرانی دەكات پشتگیری لە كاندیدی هاوبەشی مەهەپە – ئاكەپە بكەن، كە ئەمەش كاری ههدهپه لە قارس زەحمەتر دەكات.
هەموو ئەم نموونانە ئاماژەن بە پێگەی كلیلی ههدهپه بۆ دۆڕاندنی ئاكەپە و سەركەوتنی جەهەپە.