09:32 - 26/03/2019
ده‌رخستنی چه‌ند ڕاستیه‌ك له‌سه‌ر ئاینی زه‌رده‌شتی
ئاینی زه‌رده‌شت ئاینێكی به‌ربڵاوی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته و زۆرجار مشت‌ومڕ له‌نێوان خاڵیكدا درووست بووه كه ئایا زه‌رده‌شت كێ بووه؟ بۆچی ئاینه‌كه‌ی له‌ناو چووه؟ موغه‌كان كێن؟ ئایا ئا‌ڤێستا ده‌ستكاری كراوه؟ كاتێك به شوێن ئه‌م پرسیارانه‌دا ده‌گه‌ڕێی ده‌بینین چه‌ندین بیروبۆچوونی جیاواز دێته ئاراوه، هه‌رجاره‌ی ناوێك به‌ناوی زه‌رده‌شته‌وه ده‌كرێت. ده‌كرێت له‌م راپۆرته‌دا بگه‌ینه سه‌رداوێك كه زه‌رده‌شت كێبووه و بنه‌ماكانی ئاینه‌كه‌ی چی بوون.
زه‌رده‌شتیه‌كان كێبوون؟
"تا ئێستا به‌ڵگه و ئارگومێنتی زمانناسانهش نه‌یانتوانیووه ئه‌م ته‌م و مژه بڕه‌وێنن که زه‌رده‌شت خه‌ڵکی کوێیه و به کام زمان دواوه. ئه‌گه‌ر زمانی گاتاکان به یه‌کێ له زمانه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ئێران بزانین، دیسان ناتوانین وه‌ڵامی ئه‌م پرسه بده‌ینه‌وه که ئایا ئه‌م زمانه زمانی دایکی زه‌رده‌شت بووه؟ یان زه‌رده‌شت پاش کۆچکردنی بۆ خۆرهه‌ڵاتی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌م زمانه، وه‌ک زمانی ئه‌ده‌بی و ره‌سمی ئه‌و ده‌ڤه‌ره به‌ره‌وڕوو بووه و سرووده‌کانی خۆی پێ نووسیوه؟ که‌وابوو به‌ناچار ده‌بێ له باسکردن له‌مه‌ڕ زێدی زه‌رده‌شت خۆ ببوێرین و ئاکامی تۆژینه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئاڤێستاناسان که ده‌ڵێن بانگه‌وازی زه‌رده‌شت له رۆژهه‌ڵاتی ئێران دا په‌ره‌ی سه‌ندووه قه‌بوڵ بکه‌ین و بێژین كه زه‌رده‌شت کۆنترین بیرمه‌ند و دادگه‌ر و شاعیری ئێرانی له شوێنێک له ئێران‌دا چاوی به جیهان پشکووت و له خۆرهه‌ڵاتی ئێران په‌یام و دینی خۆی ئاشکرا کرد.[1]
بنه‌چه‌ی ئاینی زه‌رده‌شتی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ میترایی، زه‌رده‌شت په‌یامبه‌ری گه‌لی ئاریانه، زه‌رده‌شت وه‌كو وشه به واتای ئه‌و كه‌سه‌ی كه تیشكی خۆری لێده‌چۆڕێت و ده‌دره‌وشێته‌وه و له‌گه‌ڵ خۆیدا خێر و به‌ره‌كه‌ت ده‌هێنێ. به پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان گه‌لێك زه‌رده‌شت هه‌بوون و له دوای 2000 ساڵ پێش زایین، هه‌وڵیانداوه له بیروباوه‌ڕ و ڕێساكانی میتراییدا چاكسازی ئه‌نجام بده‌ن. دواترین زه‌رده‌شت كه له ئه‌مڕۆدا به پێغه‌مبه‌ر زه‌رده‌شت ناسراوه، ناوی " سیمیار"ه و پیرشالیاری زه‌رده‌شتی له (ماریفهتنامه) یه‌كیدا باسی ئه‌و سیمیاره ده‌كات كه ده‌ڵێ له شاری ئورمیه له دایكبووه، دواتر چۆته ئه‌فغانستان و له شاری به‌ڵخ نیشته‌جێبووه، به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه‌ش باوه‌ڕیان وایه كه ئه‌و (به‌ڵخ)ی له ماریفهتنامهدا هاتووه، ی به‌ڵخی ئه‌فغانستان و خۆرهه‌ڵاتی ئێران نییه به‌ڵكو به‌ڵخی هه‌ورامانه. چونكه له ژیاننامه‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كرێت چۆن چۆته چیای ئاویه‌ری شاری سنه و نزیكی هه‌ورامان، دایكی ناوی دغدۆیه و باوكی ناوی پورشاسپ و نازناوی بنه‌ماڵه‌كه‌یان( ئهسپێنتمان) بووه كه به واتای سپی ڕه‌گه‌ز دێت. به پێی ساڵنامه‌ی سه‌لوقی یۆنانی ده‌گوترێت زه‌رده‌شت له نێوان 630-553ی پێش زاین 618- 541 پێش زایین، 628-551 پێش زاین ژیاوه، ئه‌وها به‌ربڵاوه كه زه‌ندی به زمانی ئارامی نووسیووه. به‌ڵام پهیسهرهكان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئامۆژگارییه‌كانی زه‌رده‌شت له‌ناو خه‌ڵكیدا زۆر له‌وه‌و پێش نووسراوه‌ته‌وه پێده‌چێت ئه‌و كاته به زمانی بزماری نووسرابێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیربچێت كه زمانی بزماری تاكه زمانی نووسینی وڵاتی ئاریان بووه. به پێی زۆر بۆچۆنی دیكه‌ش باس له‌وه كراوه كه زه‌رده‌شت خه‌ڵكی "باكتریا" یان خۆرهه‌ڵاتی وڵاتی ئاریانه و ده‌كاته ئه‌فغانستانی ئه‌مرۆ، ئه‌م بۆچوونه تۆزێك دووره له راستیه‌وه چونكه ماده‌كان و په‌یڕه‌ویان له زه‌رده‌شت كردووه و شوێنه‌واره‌ی زه‌رده‌شتییش له كوردستانه زۆره، زۆرینه پێی وایه كه زه‌رده‌شت له كوردستان له دایك بووه و هه‌ر له كوردستانیش ژیاوه و په‌یامه‌كه‌ی خۆی بڵاوكردۆته‌وه.
ناوێكی دیكه
هادی موحمه‌دی سه‌رباره‌ت به ناوی زه‌رده‌شت ده‌نووسێت" ئێستا زۆربه‌ی زه‌رده‌شتناسانی ئێرانی و خۆرئاوای ته‌نانه‌ت له‌مه‌ڕ ناوی "زه‌رده‌شت" تووشی هه‌ڵه بووگن و ده‌ڵێن وشه‌ی زه‌رده‌شت یانی "خاوه‌نی حوشتری زه‌رد". به‌ڵام بڕوانن عماد ا‌لدین دهوڵتشاهی توێژه‌ری وردبین و شاره‌زای کورد چه‌نده زانستییانه و وردبینانه ناوی زه‌رده‌شت راڤه ده‌کات؛ ئه‌و دبێژێ: "وشه‌ی (زه‌ره‌تاوشه‌ترا Zarathushatra) له زمانی هه‌ورامیدا یانی "ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی که وه‌ک تیشکی خۆر ئهدرهوشێی و ئهبارێی".مانای زه‌ره‌تاوشه‌ترا له زاری هه‌ورامی دا به‌مجۆره‌یه: (زهره zara) یانی وه‌ک تیشکی زێڕینی خۆر، (تاو tav) یانی دره‌وشان، تیشکهاویشتن؛ (شهتهرا shatara) یانی بارین؛ (ئا a) یانی هاتووی، دێی. وه‌ک ده‌بینین وشه‌ی "شه‌تره" بۆته هۆی سه‌رلێشێوانی زۆربه‌ی ئاڤێستاناسان، توێژه‌ران و ته‌نانه‌ت لایه‌نگرانی زه‌رده‌شتیش. ده‌وڵه‌تشاهی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "زهرهتاوش" یانی که‌سێک که زێڕ و ئاڵتوون ده‌سازێ؛ زێڕینگه‌ر، که‌سێک که گیانی مرۆڤه‌کان له ژه‌نگ و ژار ده‌پارێزێ و وه‌کوو زێڕ خاراو و پوخته‌یان ده‌کات.[2]
ناوی "زه‌ره‌تاوشه‌ترا" به‌شێنه‌یی و به تێپه‌ڕینی کات سوا و گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و له زمانی کوردی دا بوو به "زه‌رده‌شت" و له زمانی فارسیش دا بوو به "زرتشت".
بیروباوه‌ڕ و ئاته‌شگه گه‌وره‌كانیان
زه‌رده‌شت باوه‌ڕی به به دوانه‌ی چاكه و خراپه هه‌بووه و ئه‌هورامه‌زدا خواوه‌ندی چاكه‌یه و ئه‌هریمه‌نیش خواوه‌ندی خراپه. هه‌ر بۆیه زۆركه‌س زه‌رده‌شتییه‌ت وه‌كو ئاین سه‌یر ناكه‌ن، به‌ڵكو زیاتر وه‌كو فه‌لسه‌فه‌یه‌ك ده‌یبینن. به پێی بیروباوه‌ڕی زه‌رده‌شتی ئه‌هورامه‌زدا شه‌ش فریشته‌ی هه‌یه كه به فریشته ده‌ڵێن" ئهشمهسپهندان" به خودی ئههورامهزاداوه ده‌بنه حه‌وت. به‌و حه‌وت فریشته‌یه ده‌گوترێت جاویدانی پیرۆز، به واتای نه‌مران دێت و ئه‌وانه هاوكاری زه‌رده‌شت ده‌كه‌ن.
په‌رتووكی ئه‌وان ئاڤێستایه و جێگه‌ی پیرۆزی زه‌رده‌شتی ئاتهشگهیه و سێ ئاته‌شگه‌ی گه‌وره‌یان هه‌یه.
1- ئاته‌شگه‌ی ئازه‌ر گهشسپ: ڕووبه‌ری ئه‌م ئاتهشگهیه 124 مه‌تر دووجایه و زه‌رده‌شتیه‌كان باوه‌ڕیان وایه ئه‌م شوێنه شوێنی درووستبوونی گۆی زه‌وییه. ئاشتهگهی پاشا و جه‌نگاوه‌رانه و له خۆرهه‌ڵاتی كوردستان بووه. گهشسپ به واتای ئاگری ئه‌سپی به‌هێزیش دێت و به ته‌ختی حه‌زره‌تی سلێمانیش ناسراوه. ئه‌م ئاتهشگهیه شوێنی به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی ئاگر و ئاو و ئاشتبوونهوهیانه و كه‌وتۆته شاری تیكاپ له خۆرهه‌ڵاتی كوردستان. مێژووی ئه‌م ئاتهشگهیه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 300 ساڵ پێش زاین، ئاگر له‌و ئاتهشگهیه به بێ كوژانه‌وه 1000 ساڵ به‌رده‌وام بووه. به ڕای زۆریك له مێژوونووسان زه‌رده‌شت له‌و ئاتهشگهیه له دایكبووه و هه‌ر له‌وێ په‌روه‌رده كراوه. له‌سه‌رده‌می پارس و ساسانییه‌كاندا پاشا و جه‌نگاوه‌ر له‌م ئاتهشگهیه به بێ تاج و به‌رپرسیارێتی خۆیان به پیرۆز راگرتووه. ئه‌م ئاتهشگهیه له ساڵی 624 دا‌و له هێرشی هیراكلیۆسی ئیپمراتۆری رۆمادا ڕووخاوه.
2-ئاته‌شگه‌ی ئازهرفهریغ: ئه‌م ئاتهشگهیه شوێنی موغ یان موبهدهكانه.
3-ئاته‌شگه‌ی ئازه‌ربه‌رزین میهر: ئاته‌شگه‌ی جوتیار و سه‌پانه‌كان بووه.
ئا‌ڤێستا له چه‌ند به‌ش پێكهاتووه؟
په‌رتووكی "پیرۆزی"ی زه‌رده‌شتیه‌كان كه ئاڤێستایه له سێ به‌ش پێكهاتووه و هه‌ریه‌ك له‌و به‌شانه‌ش له حه‌وت به‌رگ پێكدێت.
یه‌كه‌م: گاتاكان كه سردووهكانی خودی زه‌رده‌شتن.
دووه‌م: داده‌كان كه باس له قانوون، داد، زانست، هونه‌ر و پیشه‌كانی سه‌رده‌م ده‌كات.
سێهه‌م: بابه‌ته‌كانی شایست و ناشایست و نوێژ و په‌رستنه.
بنه‌ماكانی ئاینی زه‌رده‌شت
یه‌كه‌م: بڕوابوون به دوانه‌ی چاكه و خراپه، ڕووناكی و تاریكی، ژیان و مردن.
دووه‌م: بیری چاك، گوته‌ی چاك، كرداری چاك ئامۆژگاری و دروشمی بووه.
سێهه‌م: ئه‌وان سێ ڕۆژ به ڕۆژوو ده‌بن، ئه‌و سێ ڕۆژه بۆ به‌رز ڕاگرتنی ئه‌و سێ ڕۆژه‌یه كه به منداڵی دزراوه و له‌ناو خۆڵه‌مێش شاردراوه‌ته‌وه. دواتر دۆزیوویانه‌ته‌وه و ده‌رهێنراوه‌ته‌وه، له‌ماوه‌ی ئه‌و سێ رۆژه‌دا رێز له‌و ئازار و نه‌هامه‌تیانه‌ی زه‌رده‌شت ده‌گرن.
چواره‌م: مانگا لای زه‌رده‌شتیه‌كان پیرۆزه و سه‌ربڕینی به كارێكی خراپ سه‌یر ده‌كرێت چونكه كاتێك زه‌رده‌شت دزراوه مانگایه‌ك شیری داوه‌تێ.
پێنجه‌م: خوای زه‌رده‌شت تووڕه و تۆڵه‌سێن نییه. هه‌ر بۆیه سزای كه‌سیش نادات به پێچه‌وانه‌وه به‌خشنده و له‌سه‌رخۆیه.
شه‌شه‌م: لای زه‌رده‌شت مرۆڤ به‌نده‌ی خودا نییه به‌ڵكو هاوه‌ڵ و هاوده‌می خوایه.
حه‌وته‌م: به پێی بیری زه‌رده‌شت قوربانی لای خوا په‌سه‌ند نییه و هاوشێوه‌ی به‌رتیل سه‌یر ده‌كرێت.
هه‌شته‌م: هاوسه‌ر به پیرۆز ده‌زانێت و مناڵ خستنه‌وه به به‌رده‌وامی ژیان ده‌زانێت، جیابوونه‌وه‌ش ناپه‌سه‌نده، كوڕ و كچ ئازادن له هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر، ده‌توانن به بێ ڕه‌زامه‌ندی خانه‌واده، هاوسه‌ری یه‌كتر بن.
نۆیه‌م: فره‌ژنی به تاوان ده‌زانێت.
ده‌یه‌م: پێی وایه ژن و پیاو له‌ناو گوڵی ڕێواسدا خوڵقێنراون.
یازده‌یه‌م: ژن هاوشێوه‌ی پیاو له بواری ئاین، به‌ڕێوبردنی ژیاندا خاوه‌ن مافه.
دوازده‌یه‌م: چاندن لای زه‌رده‌شت پیرۆزه و هانی چاندنی ده‌دات.
سیازده‌یه‌م: ڕووناكی پیرۆزه و كڕنوشی بۆ ده‌به‌ن و كڕنووش بۆ خۆر، مانگ، چرا ده‌به‌ن. زه‌رده‌شت له لای یارسانیه‌كان پیرۆزه و ئه‌و كه‌سه‌یه كه ڕۆحی خودای تێدا جێگیربووه.
چوارده‌یه‌م: سروتی ئاینی زه‌رده‌شتی "هۆره"یه.
چاكسازی
دیاره له ئامۆژگاری و په‌یامه‌كانی زه‌رده‌شتدا هه‌وڵی ئه‌وه دراوه كه لادانی میترایهكان ڕاستبكاته‌وه، به پێی سه‌رده‌م باوه‌ڕ و سروشت و لێكترنزیك بكاته‌وه له دیارترین چاكسازییه‌كانیش ئه‌وه‌بووه زه‌رده‌شت ده‌یویست مرۆڤ و خوای هۆره زیاتر نزیكتربن مافی داوه به مرۆڤه‌كان خۆیان هۆره بخوێنن و جیاوازی له‌نێوان چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه نه‌بێت. ههوڵیشداوه كه مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و مرۆڤ و سروشت لێك نزیك بكاته‌وه. چونكه ده‌بینن له قۆناغی 4000-1000 ساڵی پێش زاین مرۆڤ و خواوه‌ند، مرۆڤ و ڕووه‌ك، ژن و پیاو زۆر له‌یه‌كتر دووركه‌وتبوونه‌وه و جیاوازی له نێوانیان درووستكرابوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیمیار بۆ خۆی (پیری موغان)بووه، توانیوویه‌تی ئه‌م كاره به سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام بدات. ده‌كرێت بڵێین زه‌رده‌شت له‌سه‌رده‌می خۆیدا مه‌زنترین چاكسازی له باوه‌ڕی مرۆڤه‌كان كردووه[3].
زه‌ند ئا‌ڤێستا
پارسه‌كان یان فارسه‌كان دوای كۆمه‌ڵكوژكردنی موغه‌كان هه‌ستان به ڕێكخستنهوی ئامۆژگاریه‌كانی زه‌رده‌شت و په‌رتووكی "پیرۆز"یان كرده (زه‌ند ئا‌ڤێستا) واته ئاڤێستایان بۆ زه‌ند زیادكرد. پێشتر ته‌نیا "زه‌ند"ی ناوبووه، دواتر ئه‌مان ئاڤێستایان بۆ زیادكردووه. ئه‌و په‌رتووكه باسی قانوونه‌كانی زانست، یاسا، دیاره‌ده‌ی شایسته و ناشایسته ده‌كۆڵێته‌وه. دواتریش هه‌ستان به گۆڕینی ناوی مۆغه‌كان بۆ مۆبهد گه‌وره‌ی ئه‌وانیش كه پێشتر پێی ده‌گوترا پیری موغان گۆڕا بۆ مۆبهدی مۆبهدان. ئه‌مه زیانێكی گه‌وره‌بوو بۆ زه‌رده‌شتیه‌كان به‌ڵام نابێت ئه‌وه له‌بیر بكرێت كه ئاینی زه‌رده‌شتی له‌سه‌رده‌می ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كه‌دۆنی و سهلجووقیهكاندا زیانی مه‌زنی به‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یۆنانیه‌كان ده‌یانویست بیروباوه‌ڕی خۆیان بچه‌سپێنن. دواتر له‌گه‌ڵ بوزای و مه‌سیحی و مانی و مه‌زده‌كی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه. به هاتنی ئاینی ئیسلام و سه‌ده‌ی 11ی زاینی زه‌رده‌شتی ئاینی زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بووه. به‌هاتنی ئه‌وانیش ورده ورده به‌هۆی فتوحات و داگیركارییه‌وه ئاینی ئیسلام بوو به ئاینی یه‌كه‌می كوردستان.
هۆكاری لاوازبوونی ئاینه‌كه
به‌هۆی ئه‌و داگیركاریانه‌ی كوردستان ڕووبه‌ڕووی بۆته‌وه و هه‌وڵی ده‌سه‌ڵاتداران بۆ گونجاندنی زه‌رده‌شتی له‌گه‌ڵ خواست و بهرژوهندییهكانیاندا بیروباوه‌ڕی زه‌رده‌شت نه‌یتوانی بگاته دوامه‌نزڵگه‌ی خۆی. ئه‌وه‌ی هه‌یه كۆكراوه و نووسینه‌وه‌ی زه‌ندی ئا‌ڤێستا له لایه‌ن پارسه‌كانه‌وه نووسراوه‌ته‌وه، دواتر ساسانییه‌كان ڕێكیان خستۆته‌وه، ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره‌یان كردووه به پێی ویستی خۆیان ڕێكخراوهتهوه. واته به ئاره‌زووی خۆیان ده‌ستكاریان كردووه.
سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه داوه دارویشی یه‌كه‌می پادشای هاخهمهنیشی له خانه‌واده‌ی كۆرش نییه، به‌ڵكو به هاوكاری ئه‌و جوله‌كانه‌ی كه له‌لایه‌ن ئاشوری و بابلهكانهوه راگوێزران و هاتبوونه وڵاتی ماده‌كانه‌وه، سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی كورش و مادده‌كان، توانی راپه‌رین سه‌رهه‌ڵدانی كه یه‌كێك له موغه‌كانی زه‌رده‌شت به‌ناوی گئۆماتای موغ و فراوه‌رتیسی ماد بهرپایانكردبوو، سه‌ركووتیان بكات.
مێژوونووسان باس لهوهدهكهن كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار كه‌س كۆمه‌ڵكوژكراون و زۆرێك له‌وانه له موغه‌كان بوون. ئه‌و ڕووداوه به ڕێكه‌وتنی نێوان جوله‌كه و دارویش ده‌ناسێندرێت، ئامانجی جوله‌كه‌كان له‌وكاره گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بووه بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ربه‌ستی بژین. هه‌ردوولایان توانیان به ئامانجی خۆیان بگه‌ن دارویش گه‌یشته ده‌سه‌ڵات و جولهكانیش گه‌ڕانه‌وه وڵاتی خۆیان. به‌ڵام ئیتر لێره به كوژرانی موغه‌كان ئاینی زه‌رده‌شتی په‌رته‌وازه‌بوون و ماده‌كانیش توانیان به‌شێكی زۆر له زه‌رده‌شتی به‌تایبه‌تی زه‌ند ئا‌ڤێستا ده‌ستكاری بكه‌ن.
سیستمی فه‌لسه‌فی زه‌رده‌شت چۆن کار ده‌کات؟[4]
ئه‌هورا/ ahoora: تێرمی "ئه‌هورا" له ئه‌ندێشه‌ی زه‌رده‌شت دا رۆڵی بنه‌ڕه‌تی ده‌گێڕێت و وه‌ک مه‌زنترین هێزی به‌دیهێنه‌ر و به‌ره‌وپێشبه‌ر ده‌ناسرێت.
ئه‌مشاسپه‌نته/ amesha spenta: ئهمشاسپهنتان، یانی شه‌ش گزنگی پاک و پیرۆز و نه‌مر. ئهمشاسپهنتان بریتین له شه‌ش گزنگ/فریشته که جیهانی سروشت و جیهانی مینوویی ده‌پارێزن. سپهنتهمینو یان ئه‌هورا مه‌زدا له به‌رزترین پله و له‌سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م شه‌ش گزنگه دایه. پاشان ئه‌م شه‌ش گزنگه‌ی خواره‌وه دێن:
ئه‌شا/asha: به مانای راستی، به‌مانای ره‌وت و ریتم و هارمۆنی گه‌ردوونی و جیهانی، هێزێک که جیهان به‌ره‌و پێش ده‌بات، هێزێک که دۆخی جیهان سامان ده‌دات. به‌پێی جیهانبینی زه‌رده‌شت، هاوکات له‌گه‌ڵ به‌دیهاتنی جیهان، ئه‌شا به‌دیهاتووه؛ کاری ئه‌شا بریتییه له بزاڤ و بزواندن و گه‌شه و پێشبردنی جیهان. تێرمی ئه‌شا له‌گه‌ڵ رۆحی جیهانی ئه‌فلاتوون و رۆحی سه‌رده‌می هێگل به‌راورد بکه. پورداود له‌مه‌ڕ دوو وشه‌ی گاتایی "ئه‌شا" و "ئه‌شو" دبێژێ: "ئه‌شا به مانای راستی و دروستی و یاسای یه‌زدانی و ئه‌خلاقی پاکه؛ هه‌روه‌ها ئه‌شو له وشه‌ی "ئهشاوهنت"سه‌رچاوه ده‌گرێت، یانی مرۆڤێک که راستی و دروستی پێره‌و ده‌کات: راستکردار". ئه‌شا له زمانی فارسی ئێستادا بۆته ئوردیبه‌هه‌شت." لێره‌دا ده‌بێ ئاماژه به‌م راستییه بکه‌م که ئه‌م دوو وشه‌یه له زمانی کوردی ئێستادا شێوازی تازه‌تری به‌خۆوه گرتووه و تا ئێستاش هه‌ر به‌کار دێت، چه‌ندین وشه‌ی وه‌کوو: ئه‌شێ، بشێ، ئه‌شیا، مه‌شیا، شیاو، شایان، لێوه‌شاوه و ...، چ له‌باری فۆنه‌تیک و چ له‌باری ماناوه له دوو وشه‌ی ئه‌شا و ئه‌شوو نزیکن و هه‌موویان خاوه‌ن مانای باش و پۆزه‌تیڤن.
ڤه‌هومه‌نا/ vahumana: ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه له دوو وشه‌ی "ڤه‌هو" به مانای باش، پاک، چاک، و "مه‌نا" به مانای ئه‌ندێشه، ده‌روون، مه‌به‌ست پێکدێت؛ که پێکه‌وه ده‌بێته ئه‌ندێشه‌ی پاک/ده‌روونی پاک. به‌گشتی مانای ئه‌م چه‌مکه ده‌بێته به‌رزترین و باڵاترین ئه‌ندێشه که سروشت و گه‌وهه‌ری ئه‌قڵی جیهانساز پێکدێنێت.
ئه‌م وشه‌یه له زمانی فارسی ئێستادا بۆته به‌همن، هومه‌ن، له کوردیش دا دوو وشه‌ی هێمن و ئه‌هوه‌ن زۆر له‌م وشه‌وه نزیکن.
خشه‌ترا/khshatra: وشه‌ی خشه‌ترا به‌مانای وزه و توانایه؛ هه‌روه‌ها راڤیاران چه‌ندین مانای تریان لێ هه‌ڵێنجاوه: زاڵبوون به‌سه‌رخۆدا، ده‌سه‌ڵاتی خودایی، وزه و توانای مرۆڤ و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ندێشه، هێزی ئیراده و کۆشش، وڵاتی ئه‌هورایی، هه‌روه‌ها به‌مانای هێزی سه‌روه‌ری و سازگاری. خشه‌ترا وه‌ک گزنگێکی ئه‌هورایی، هێما و نیشانه‌ی هێزێکی به‌دیهێنه‌ر و به‌ره‌وپێشبه‌ره، نه‌ک هێزێکی کاولکار و روخێنه‌ر. یانی کاری ئه‌هورا به‌دیهێنانی هه‌ستی و خۆشی و شادییه، به‌هۆی وزه و تین و توانای ئه‌هورایی به‌رده‌وام دۆخی هه‌ستی په‌ره‌ده‌ستێنێ. ڤه‌هومه‌نا/ئه‌ندێشه‌ی پاک ئه‌گه‌ر له مێشکی مرۆڤ دا بمێنێته‌وه ده‌ڕزێت و ده‌فه‌وتێ، که‌وابوو تا کارا نه‌بێ و به‌کار نه‌برێ ناپشکۆێ. خشه‌ترا چونکه له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ی پاک له پێوه‌ندی دایه، که‌وابوو بریتییه له کارێک که ڤه‌هومه‌نا ئاشکرا و پراکتیزه ده‌کا. به‌پێی ئه‌م وتانه، خشه‌ترا کردارێکه که به‌پێی ڤه‌هومه‌نا پێکهاتووه، که‌وابوو ده‌بێته کرداری پاک؛ هه‌ندێ له وه‌رگێڕان له‌جیاتی کرداری پاک، چه‌ندین چه‌مکی وه‌ک خزمه‌ت به خه‌ڵک، هه‌وڵدان بۆ گه‌شه و ئاوه‌دانی و ... به‌کار دێنن. خشه‌ترا له ئاڤێستادا، ناوی سێهه‌مین ئه‌مشاسپه‌نته که له زمانی په‌هله‌وی دا بۆته خشهتریڤهر و له فارسی دا بووته شه‌هریوه‌ر. خشه‌تره له ئاڤێستادا هێمای فه‌ڕ و شکۆ و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌هورا مه‌زدایه. هه‌روه‌ها ده‌کرێ بڵێین که خشه‌ترا له زمانی فارسی و کوردی ئێستا دا بۆته کردار، کرده.
ئارمه‌یتی/ armatii: له گاتاکان دا به‌مانای ئارامی، مێهره‌بانی، هێمنی، خۆڕاگری به‌کار هاتووه. ئارمه‌یتی یانی جۆرێک ئارامی مادی و مینوویی که له راستی هه‌وێن ده‌گرێ، ئارمه‌یتی یانی دڵئارامی، ده‌روونی ئارام. پوخته‌ی دیدگا و جیهانبینی زه‌رده‌شت ئه‌مه‌یه که ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام خاون ئه‌ندێشه‌ی پاک بێ و ئه‌م ئه‌ندێشه‌یه به کرداری پاک بنه‌خشێنێ، ئه‌وجار ده‌توانێ به ئارامی ده‌روونی/دڵئارامی بگات و به‌ره‌و پوخته‌یی و ژیانی جاویدان بڕوات. ئارمه‌یتی ئاکامی ده‌سه‌ڵاتی "ئه‌شا"یه به‌سه‌ر جیهان دا. ئارمه‌یتی له ئاڤێستادا پارێزه‌ری زه‌مینه و چوارمین ئه‌مشاسپه‌نته، له مێژووی مه‌زدایی دا دوانزه‌هه‌مین مانگی ساڵ به ناوی ئارمه‌یتی ناو نراوه و پێنجمین رۆژی ره‌شه‌مه به رۆژی جێژن ناسراوه.
ههروتات/ haurvtat: به‌مانای پوخته‌یی و پێگه‌یشتوویی، هه‌روه‌ها به مانای خۆناسین، خاراوبوون و ته‌ندروستی. له گاتاکان دا ههروتات بریتییه له گزنگێکی ئه‌هورایی که به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌مرتات دێت. ئه‌م وشه‌یه له زمانی فارسی دا بۆته خورداد به‌مانای خودای پارێزه‌ری ئاوه‌کان.
ئه‌مرتات/ amertat: به مانای نه‌مریی و ژیانی جاویدان. ئه‌مرتات بریتییه له گزنگێکیتری ئه‌هورایی. که‌سێ که به‌پێی ئه‌ندێشه‌ی پاک به قۆناغی پوخته‌یی بگات و خاراو ببێت، به ئه‌مرتات/ نه‌مری ده‌گات. وه‌کچۆن زه‌رده‌شت به قۆناغی ئه‌مرتات گه‌یشت و به‌مجۆره نه‌مر بوو. ئه‌مرتات له گاتاکان دا شه‌شمین ئه‌مشاسپه‌نته و پارێزه‌ری گیا و دره‌ختانه. رۆژی هه‌فتمی مانگی گه‌لاوێژ به رۆژی جێژنی ئهمرتاتان ناسراوه.
[1] جه‌لیل دوستخواه " مقدهمه"
[2] كوههای ناشناخته اوستا
[3]خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ مێژووی كوردستان. دیار غه‌ریب
[4] زه‌رده‌شت: مێژوو، زمان، کولتور، ناسنامه / هادی موحمه‌دی