12:45 - 16/03/2019
خێوەكانی بیابان گروپێكی نوێی چەكداری لەعێراق
گروپێكی نوێی چەكداری سوننە لەعێراق سەرهەڵدەدات شیعەكان دەڵێن ئەمریكای لەپشتە و پاشماوەی داعشن، حكومەت بێدەنگە و خۆشیان دەڵێن شەڕی تیرۆر دەكەن، خێوەكانی بیابان لەنێوان واشنتۆن و بەغداد و تاران، بوونەتە كاراكتەرێكی تری گۆڕەپانی ناوچەكە، شیعەكان بە ئاشكرا دەڵێن ئەو گروپە نوێیە لەلایەن راهێنەرەكانی ئەمریكاوە لەبیابانەكانی ئەنبار مەشق و راهێنانیان پێدەكرێت ئەم راپۆرتە زانیاری زیاتری تێدایە..
ژمارەیان چەندە؟
ئەگەرچی ژمارەیان بەتەواوەتی نازاندرێت نیە بەڵام بەپێی هەندێك ئاماری نافەرمی نزیكەی هەزار چەكدار دەبن، دەگوترێت ئەوانە لەو بنكەسەربازیە مەشق و راهێنانیان پێدەكرێت كە پێشتر سەحوەی لێ بووە و دروستكردنیشیان هەمان هەنگاوی درێژەپێدانی كاری سەحوەكانە.
پەیوەندیان بەئەمریكاوە
سەرچاوەیەكی نزیك لەسوپای ئەمریكا بە پێگەی عەرەبی پۆستی ئەلیكترۆنی ئەمریكی راگەیاندووە كە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دەیەوێت لەرێگەی ئەو گروپەوە شەری دژی گروپە تیرۆرستیەكان بكات بەتایبەتیش كەپێی وایە میلیشیای سەحوە لەرابردوودا سەركەوتووبووە لە شەری دژی رێكخراوی قاعیدە و كتائیبی شۆرشی بیست و سوپای ئیسلامی و سوپای نەقشبەندی و گروپە چەكدارەكانی تر لەناوچەكانی رۆژئاوای فورات و باكوری عێراق، بەدیاریكراویش ساڵانی 2007 و 2008 لەكاتێكدا ئەو ناوچانە وەك ناوچەی ئارام بۆ تیرۆرستان دادەنرا بەڵام هێزەكانی سەحوە بەهاوكاری ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا توانیان ڕووبەڕوویان ببنەوە و تێكیان بشكێنن بۆیە ئەمریكیەكان پێیان باشە سیستمی سەحوات لەعێراق زینددووبكەنەوە بۆئەوەی لەبری سوپای ئەمریكا شەربكەن و بچنە ریزی پێشەوەی شەری دژی تیرۆر .
هیچ پەیوەندیەكیان بە هێزە ئەمنیەكانی عێراقەوە نیە
سەرچاوە هەواڵگریەكان ئاماژە بەوەدەكەن ژمارەی خێوەكانی بیابان زیاتر لە هەزار چەكدارەو لەئێستادا لە بنكەی سەربازی عەین ئەسەد و بنكەی حەبانیە لەرۆژئاوای ئەنبار مەشق و راهێنیان پێدەكرێت و ئۆتۆمبێل و كەرەستەی سەربازیان بۆ ئامادەكراوە و چەكی مام ناوەند و سوكیان پێیە و هیچ پەیوەندیەكیان بە هێزە ئەمنیەكانی عێراقەوە نیە و راستەخۆ سەر بەفەرماندەكانی هێزەكانی ئەمریكان لەعێراق.
بەلای شیعەكانەوە تیرۆرستن
جەعفەر حوسەیەنی سەركردە لە هێزەكانی حەشدی شەعبی دەڵێت خێوەكانی بیابان پاشماوەی ئەندامانی داعش و سەحواتی پێشوون كە لەیاسا دەرچوون و ئەوانە هیچ جیاوازیەكیان نیە لەگەڵ تیرۆرستان، ئەو سەركردەیەی حەشدی شەعبی بە پێگەی عەرەب پۆستی ئەمریكی راگەیاند ئەمریكا ئەندامەكانی داعشی لەهێزەكانی سوریای دیموكرات وەرگرتۆتەوە، دەشڵێت ژمارەی ئەو چەكدارانەی داعش كە ئەمریكا رادەستی حكومەتی عێراقی كردوون كەمترە لەوەی راگەیەندراوە، ئەو سەركردەیەی حەشدی شەعبی ئاماژە بەوەش دەكات كە سەدان چەكداری داعش لەلای سوپای ئەمریكان و ئەوان وەك بۆمبی تەوقیتكراو وان دەیەوێت لەخاكی عێراق بیان تەقێنێتەوە. و ئەو گروپەش روویەكی تری داعش و قاعیدەیە .
حكومەتی عێراق بێدەنگە
بەرپرسێكی حكومەتی عێراق كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بەپێگەی عەرەب پۆستی راگەیاندووە هیچ زانیاریەكیان دەربارەی ئەو سیناریۆیەی ئەمریكا نیە، دەشڵێت جموجوڵی سوپای ئەمریكا لەعێراق بەئاگاداری حكومەتی بەغدایە و واشنتۆن ناتوانێت لەدەرەوەی یاسا هێزێكی نوێ دروست بكات، راشیگەیاندووە ناتوانێت زانیاریەكان دەربارەی خێوەكانی بیابان رەتبكاتەوە یان پشت راست بكاتەوە بەڵام لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداد ئەو پرسە تاوتوێ دەكەن بۆ دڵنیابوونەوە لەزانیاریەكان، دەشڵێت عادل عەبدولمەهدی بەوپێیەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە بەچری چاودێری پرۆسەی وەرگرتنەوەی ئەندامانی داعش لەهێزەكانی سوریای دیموكرات و رادەستكردنەوەیان بەسوپای عێراق دەكات.
لای خۆیەوە ستار جەبار عتابی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لەهاوپەیمانیەتی ئیسڵاح و بنا رایگەیاند جموجوڵی سوپای ئەمریكا لەئەبنار گەشەی گروپەچەكدارەتوندرەوەكانی زیادیكردووە بۆیە پێویستە هێزی سەربازی عێراقی زیاتر بۆ سنورەكانی ئەوێ رەوانە بكرێت بەمەبەستی رێگری لەهاتوچۆی تیرۆرستان و ئەم پرۆسەیە پێویستی بەهەمەهەنگی لەگەڵ لایەنی سوریش هەیە.
لای خۆیەوە حەسەن كەنانی شارەزایی بواری ئەمنی رایگەیاند ئەمریكا پێی وایە لەرێكگەی كۆنترۆڵكردنی رۆژئاوای عێراق هیلالی شیعی نێوان سوریا و عێراق و لوبنان و ئێران دەكاتە ئامانج.
بۆشەری حەشدی شەعبین
هەندێك لەسەرچاوەعێراقیەكان دەڵێن ئەمریكا لەجموجوڵی چەكدارانی حەشدی شەعبی لەعێراق نیگەرانە، بەتایبەتیش كە زۆرینەیان هاوسۆزیان بۆ ئێران هەیە بۆیە دەیەوێت لەرێگەی ئامادەكردنی خێوەكانی بیابان شەری چەكدارانی حەشدی شەعبی بكات.
پەرلەمانتاران هۆشداری دەدەن
لای خۆیەوە ریحان حەنا ئەیوب ئەندامی لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند نابێت عێراق بكرێت بە نیشتمانی جێگرەوە بۆ ئەندامانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش، دەشڵێت پلانێكی نێودەوڵەتی دەربارەی چارەنوسی ئەندامانی داعش هەیە، بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە عێراق بەدۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و هیچ بیانویەكیش بۆ هێنانی ئەندامانی داعش بۆناو خاكی عێراق نیە، و ئەو ئەندامانە وەك بۆمبی تەوقیتكراو وان كە رەنگە لەهەر ساتێكدا پەلاماری شارێك بدەن و داگیری بكەن.
سەرۆك وەزیران قسەی خۆی كرد
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش لەدواهەمین كۆنگرەی رۆژنامەنوسی هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند عێراق سورە لەسەر رێگری لەهاتنی چەكدارانی داعش بۆناو كۆمەڵگەكەی ئەوەش لەپێناوی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری.
پێدەچێت هەموو ئەمانە تۆمەت بن
بەهۆی ئەوەی شیعەكانی عێراق لایەنگری ئێرانن و دژی ئەمریكان بۆیە دەكرێت هەموو ئەمانە تۆمەت بن و ، خێوەكانی بیابان گروپێكی سوننەبن بۆ شەڕی دژی تیرۆر لەلایەك و پاراستنی ناوچە سوننیەكان لەدەستی میلیشیا شیعیەكان لەلایەكی ترەوە، بەوپێیەی لەپێگەی تایبەتی خۆیان لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر چەندین چالاكی خۆیان لەشەری دژی داعش بڵاوكردۆتەوە، و بەرای چاودێران بەدووریش نازاندرێت ئەمریكا ئەو گروپە وەك كارتی فشار دژی حكومەتی عێراق و كۆماری ئیسلامی تارانی هاوپەیمانی بەكاربهێنێت.