ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:18 - 13/03/2019

رۆحانی بۆچی هاته‌ عێراق؟‌

پەیسەر

رۆژنامەو پێگە ئەلیكترۆنیەكانی وڵاتانی عەرەبی بەبایەخێكی زۆرەوە باس لەسەردانەكەی حەسەن رۆحانی دەكەن بۆ عێراق، ئەوان چەندین خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ ئامانجی سەردانەكە كردووە، یەكێك لەوانە خۆ دەربازكردن و خۆ شاردنەویە لەو سزایانەی كە ئەمەریكا بەسەر وڵاتی ئێراندا سەپاندویەتی.

ئەمە لەكاتێكدایە كەهەندێكی دیكە بەبایەخێكی گەورەوە باسی دەكەن و پێیان وایە كارێكی زۆر پێویستە بۆ توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان هەردو وڵات بە هەردوو سێكتەری سیاسی و ئابوورییەوە، ئەوانەی كەئەم بۆچوونەیان هەیە پێیان وایە عێراق دەتوانێت رۆڵی میانگیری بگێڕێت لە پاراستنی بەرژەوەندیەكانی وڵاتانی دراوسێیدا، بەڵام هەندێكی دیكەش پێیانوایە ئامانج لەو سەردانە خۆدزینەوەو پێچ لێدانە لەو سزایانەی كە ئەمەریكا بەسەر وڵاتەكەی رۆحانیدا سەپاندویەتی، هەربۆیە هەوڵ دەدات نفوزی ئابووری خۆی لەناو عێراقدا پەرە پێبدات.

حەسەنی رۆحانی لە رۆژی دووشەممەوە هاتوەتە عێراق دەیەوێت بۆ ماوەی سێ شەو ورۆژ بمێنێتەوە، لەرۆژی یەكەمدا لەگەڵ هاوتاكەی بەرهەم صاڵح و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران كۆبوویەوە، دواجار هەردوولایان باسیان لەوە كرد رێكەوتنی هەمە لایەنەی ئابووری باشیان ئەنجام داوە.. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەگەر لەچەند كاتژمێری یەكەمدا كاری كۆبوونەوەو رێكەوتن نامەی ئابوورییان ئەنجام دابێت ئاخۆ كارەكانی دواتر كە ماوەی دووشەوو رۆژە دەبێت كارەكانی دیكەیان چی بێت؟

بە پێی رۆژنامەی (القدس العربی) لەندەنی لە سەروتارەكەیدا نوسیویەتی: هەولێكی ئاشكراو حاشاهەڵنەگرە بۆ خۆشاردنەوە پێچ لێدان لەسزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، هەروەها دانانی سنورێكە بۆ ئابووری داتەپیوی ئێران بۆ ئەوەی لەوە زیاتر تەنگی پێهەڵنەچنرێت و نەخنكێت. هەروەها نوسیویەتی: ئەو سەردانە پەیامێكی دەرەكییە بۆ كۆشكی سپی دەنێرێت، لەناوخۆی وڵاتەكەشیدا بۆ نەیارەكانیەتی، دەیەوێت لەو رێگەیەوە پێیان بڵێت: ئێران توانای كرانەوەی هەیە بە رووی ئەو وڵاتەدا كە پێشتر ئەمەریكا دەستی بەسەردا گرتووەو هێزەكانی بەنێو ئەو وڵاتەدا بڵاو كردوەتەوە.

هەر لەو میانەیەدا رۆژنامەی (الوطن) ی بەحرەینی نوسیویەتی: گرنگی سەردانی رۆحانی بۆ عێراق لەوەدایە كە هاوكاتە لەگەڵ سزاكانی ئەمەریكا بۆسەر تاران،  رۆحانیش بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت كاریگەریەكانی كەم بكاتەوە لەرێگەی یەكێك لەدەرگاكانی دەربازبوونەوە كە یەكێكیان عێراقە.

هەر ئەو رۆژنامەیە لەرێگەی توێژەرێكی سیاسییەوە بەناوی (عزیز محمد) گوتوویەتی: ئامانجی نائاشكراو شاراوە هەیە لەو سەردانەی رۆحانی بۆ عێراق، یەكەم شتیان تەحەدای ئەو ئابڵۆقە ئابوریەیە كە ئەمەریكا بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی و ئێران دەیەوێت دەسەڵاتی نەرمی خۆی لەنێو عێراقدا گەشە پێبدات.

هەروەها عبدالرحمن الراشد بە رۆژنامەی شرق الاوسط ی راگەیاندووە: هەرچەندە عێراق فشاری زۆر گەوەری لەسەرە بەڵام ئێرانیش دەیەوێت لە رێگەی عێراقەوە ئەو ئابڵۆقە ئابوورییە بشكێنێت. درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت: ئێران دەیەوێت عێراقیش بكاتە وڵاتێك كە پشتگیری لە سیاسەتەكانی بكات وەك لوبنان، وە ببێـتە سەربازگەیەك لێیەوە سەربازەكانی بنێرێت بۆ هەر وڵاتێك بیەوێت، وەك ئەوەی كە جەنراڵ قاسمی سولەیمانی لە سوریا دەیكات، دەیەوێت عێراق بكاتە بانكی پارەكانی خۆی و لە رێگەی ئەوانەوە ملیارەها دۆلار بگەینەێتە حزب الله ی لوبنان و حكومەتەكەی ئەسەد لە سوریا، ئێران دەیەوێت عێراق دەسەڵاتێكی لاوازی هەبێت، دەیەوێت دەسەڵاتی ناوەند لاواز بێت وەك ئەوەی لە لوبنان هەیەو حزب الله هەموو شتە.

هەر لەو رۆژنامەیەدا ئەحمەد ماجد دەڵێت بەگەیشتنی رۆحانی بۆ عێراق پەیامێكی بڵاوكردەوە لە رواڵەتدا رەحمەت و لەناوەرۆكدا زەحمەتە كە گوتی: پەیوەندیمان لەگەڵ عێرق پەیوەندییەكی ئاینیە كە مێژوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستە، ئەم پەیامە بەئاشكرا پێمان دەڵێت، ئاینەكانی پێش ئیسلامیش ئێران و عێراقی پێكەوە بەستوەتەوە، ئەوەش زۆر كەس شیكاریان وابۆكردوە كە شوێن كەوتەكانی رێبازی خومەینی دەیانەوێت پەیوەندیەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی ئیمبراتۆریەتی فارسی كە بەشێكی هەرە زۆری عێراق لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا بووە.

ماجد الزبیدی لە رۆژنامەی (الرای الیوم)ی لەندەنی دا نوسیویەتی: هاتنی رۆحانی بۆ بەغداد لێدانێكی گەورەیە لە سیاسەتی ئەمەریكا و هەموو توانا سەربازی وسیاسی یەكانی لەناوچەكەدا، كەماوەی دوو ساڵە كار لەسەر هاوپەیمانییەكی گەورە دەكات لە نێوان (ئەمەریكاو ئیسرائیل و عێراق)دا بۆ ئەوەی بچنە بەرەی دژایەتی كۆماری ئیسلامییەوە، كۆتا هەوڵیش ئەنجامدانی كۆنگرەی وارشۆ بوو..

موسا شەریفی لە پێگەی العربیە نوسیویەتی: رۆحانی بۆ سێ ئامانجی سەرەكی لە عێراقە:

یەكەم: دەیەوێت دەستی بگاتە دەریای ناوەڕاست لە رێگەی عێراقەوە، ئەو پرۆژەیە بە بێ كۆنترۆڵكردنی تەواوی عێراق سەرناگرێت و ناتوانێت هیچ كارێك لە لوبنان و سوریا ئەنجام بدات.

دووەم: پێچ لێدان و شكاندنی ئابڵۆقە ئابووریەكەی ئەمەریكا، دوای ئەو سەردانەش فشارەكانی ئەمەریكا لەسەر عێراق زیاد دەكەن، ئێران دەیەوێت چەندین كۆمپانیای سێبەر و وەهمی لەعێراق دابمەزرێنێت، بۆ ئەوەی كاریگەرییەكانی ئەو سزایانە لەسەر ئێران كەم بكاتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە دۆخی عێراق لەبارو گونجاوە بۆ هەموو جۆرە كارێكی لەو شێوەیە.

سێیەم: ئێران هەوڵ دەدات دەست بگرێت بەسەر بازاڕی ئابووری عێراقدا