ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:57 - 07/03/2019

زانیارییه‌كان له‌باره‌ی هه‌ڵهاتنی چه‌كدارانی داعش و ئازادكردنی گیراوه‌كانیان‌

پەیسەر

هەرچەندە بەرپرسانی توركیا، بانگەشەی بەگژداچوونەوەیەكی بێ وێنە دەكەن لەدژی داعشدا، باس لە دەستگیركردنی ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی داعش دەكەن، بەڵام جموجۆڵەكانی داعش و دانپێدانانی ئەندامانی شتێكی دیكە نیشان دەدەن. هەرە دوایی هەڵاتنی ئەندامانی داعش لە باغوز بۆ توركیا تابڵۆكە روونتر دەكاتەوە.

تا دێت ئەڵقەی گەماڕۆدانی داعش لە ناوچەی باغوزی سەر بە دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی باكووری سوریادا بەرتەسكتر دەبێتەوە، خەریكە دەوڵەتی ئیسلامی هەڵدەوەشێتەوە، ئەندامانی داعش توركیا وەكو دەروازەی "رزگاربوون" دەبینن و بە بڕە پارەی زۆر هەوڵی گەیشتنە توركیا دەدەن.
 
ناوچەی باغوز، 300 كم لەناوچەی ئەلباب لە رۆژئاوای فوڕات دوورە كە ناوچەی هەژموونی قەڵغانی فوڕاتە كە سەر بە دەوڵەتی توركیایە. لەهەمان كاتدا باغوز لەسەر سنووری عێراقە. بەڵام چەكدارە بیانیەكانی داعش كە زۆربەیان فەرماندە و ئەمیری پلە باڵانە لە رێگای تۆڕە قاچاخچیەكان بەرامبەر بە هەزاران دوای ئەوەی هەردوو ناوچەی هەژموونی قەسەدە (هێزە دیموكراتیەكانی سوریا) و ناوچەی قەڵغانی فوڕات دەبڕن دەچنە توركیا.

لە ساڵانی رابردوودا كە هێزی داعش لە هەڵكشان دابوو، سنووری توركیا وێستگەی ترانزێتی سەرەكی داعش بوو بۆ گەیشتنە ناو خاكی سوریا. توركیا لەسەر سنوورەكانیدا چاوی خۆی لە ئەندامانی داعش دەگرت و ئەوانیش بە ئاسانی هاتوچۆیان دەكرد. لە رۆژی 25 مانگی شوباتی رابردوو كەناڵی (روناهی TV ) لە ڤیدیۆیەكیدا دیمەنی ژنە ئەندامێكی داعشی بڵاوكردەوە، كە لەناوچەی باغوز خۆی رادەستی هێزەكانی قەسەدە كردبوو. لە گرتە ڤیدیۆیەكەدا ژنەكە كە كوردە و خاوەن رەگەز نامەی ئەڵمانیە دەڵێت:" بەر لە چوار ساڵان لە ئەڵمانیا هاتمە ئیستانبۆڵ، دواتر لە عینتاب هەندێك كەس چاوەڕێم بوون بە عەرەبی قسەیان دەكرد، لەویش بە ئاسانی هاتمە جەڕابلوس و تا گەیشتمە ناوچەی داعش تەنیا 50 م بە پێ رۆیشتم".

بەڵام بەرپرسانی تورك توڕە و نیەگرانن لەو تۆمەتانە و پێیانوایە:" هیچ وڵات و لایەنێك وەكو توركیا بەجدی بەرەنگاری داعش نەبۆتەوە".

بەهۆی ئەوەی توركیا لەسەر سنوورەكانیدا لەگەڵ سوریا لە ساڵانی 2012 – 2015 سیاسەتی "پەڕینەوە لە سنوور ئازادە"، پەیڕەوكرد و بێ پشكنینی ناسنامە یان پاسەپۆرت هەموو كەسێك دەهات و دەچوو، داعش توانی چەندین شانە لەناو توركیادا دروست بكات. بە گوێرەی ئاژانسی ئانادۆڵو  كە ئاژانسی فەرمی دەوڵەتە لە توركیادا، تەنیا لە ساڵی 2018دا پۆلیسی ئەم وڵاتە بە گومانی ئەندامیەتی و هاوكاری كردنی داعش لێپرسینەوەی لەگەڵ 3 هەزار و 38 كەس كردووە. دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەش لەم ژمارەیەدا 408 كەس دەستگیركراون.

هەر هەمان ئاژانس بە مانشێتی "ریشەی داعش هەڵدەكێشین" راپۆرتێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژە بە بەروار و ژمارەی گومانلێكرا و ئەندامانی داعش دەكات كە لە ساڵی 2019 دا دەستگیركراون:" لە مانگی كانوونی یەكەمدا بە گومانی ئەندامیەتی داعش لێپرسینەوە لەگەڵ 87 كەسدا كراوە، لەناویاندا 36 كەس دوای لێپرسینەوە سەرەتایەكان دەستگیركراون".

لە مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا پۆلیسی توركیا درێژەی بە ئۆپه‌راسیۆنەكانی دژ بە ئەندامانی داعش داوە. لە 2 شوباتدا لەسەر سنووری سوریادا لە شارۆچكەی ئاكچەقەڵا 4 ئەندامی داعش دەستگیركران. لە 4 شوبات لە ئیستانبۆڵ و كۆجاڵی 24 گومانلێكراو دەستگیركران، 11 لەم گومانلێكراوانە تا رۆژی دادگاییكردن بە كەفالەت ئازاد كران. هەروەها لە 6 شوباتدا دووكەسی عێراقی و كەسێكی سوری بە گومانی ئەندامیەتی داعش دەستگیركران دواتر ئازاد كران.

هەروەها لە 14 شوباتدا لە ئۆپه‌راسیۆنێكی دژ بە ئەندامانی داعش 52 كەسی بەڕەگەز سوری دەستگیركران. ئاشكرا نەكرا لەو ژمارەیەدا چەند رەوانەی زیندان كران و چەند ئازاد كران. لە 19 شوباتیشدا لە شاری قۆنیا 12 كەس دەستگیركران كە فەرمانی دەستگیركردنی پێشوەختيان هەبووە. 

لە 17 شوباتدا دوو گومانلێكراو دەستگیركران كە لەلایەن پۆلیسی ئەنته‌رپۆڵ داواكراوبوون. لە 21 شوباتدا لە سامسۆن كەسێكی عێراقی و كەسێكی ئۆردونی دەستگیركران و دواتر ئازادكران. لە 27 شوباتدا ئەمیرێكی داعش لە بوڕسا دەستگیركرا. هەروەها لە قەیسه‌ری بەرپرسێكی داعش بەناوی "ئەبو جەعفەر" دەستگیركرا كە بەرپرسێكی ئیداری بووە. 
 
سولەیمان سۆیلو وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆبوونەوەیەكی رۆژنامەوانی لە رۆژی 7 شوباتی رابردوودا گووتی :" تا ئێستا لە 51 وڵاتدا قەدەخەمان بەسەر 69 هەزار و 967 كەس دانەوە، ئەوانە ناتوانن بێنە ناو توركیا. 7 هەزار و 31 ملیتانی تیرۆریست بۆ 100 وڵاتی جیاواز دیپۆرت كراونەتەوە. لە ساڵی رابردوودا 697، لەم ساڵەشدا 347 هێڕشی تیرۆریستی پووچەڵكراوەتەوە".

حكوومەتی توركیا كە پێ دەچێت بە مەبەست بێت، مەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەگەڵ مەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی پەكەكە، پەیەدە، یەپەگە و فەتحولڵا گولەن تێكەڵ دەكات.  ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دەزگا و رێكخراوە چاودێریە نێودەوڵەتیەكان بە گومان سەیری هەوڵەكانی توركیا بكەن پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی داعش و بە ناجدی وەسفی بكەن. هەندێك لە چاودێران دەپرسن بۆچی ئەو كەسانەی بە گومانی ئەندامیەتی داعش دەستگیر دەكرێن بە ئاسانی ئازاد دەكرێن؟ هەروەها دەڵێن ئەو مامەڵەی باشە ئەندامانی داعش لە توركیا دەیبینن لە هیچ وڵاتێكی دیكە نایبینن.

دەزگای هەواڵگری هۆڵەندی كە (ئیفید) ناو دەبرێت، لە مانگی تشرینی دووەمی 2018دا راپۆرتێكی بەناونیشانی:" جیهاد لە جیهان هێشتا هەڕەشەیە لەسەر ئەوروپا" كە 22 لاپەڕەیە و پێیوایە حكوومەتی توركیا رێكخراوەكانی وەكو داعش و ئەلقاعیدە بە هەڕەشەیەكی نیشتمانی نازانێت. لە بەشێكی راپۆرتەكەدا كە ساكی نیوز بە زمانی عەرەبی بڵاویكردۆتەوە هاتووە:" دەزگا ئەمنیەكانی توركیا زیاتر فۆكسیان خستۆتە سەر یاخیبووە كوردەكان لەناو پەكەكە لە توركیادا و یەپەگە لە سوریادا. سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی توركیا ناو بەناو هەندێك رێوشوێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و ئەلقاعیدە دەگرنەبەر، بەڵام بەرژەوەندی توركیا لەگەڵ پێداویستی ئەوروپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر یەك ناگرێتەوە. بەهۆی ئەم جیاوازیە لە بەرژەوەندیەكاندا، توركیا بۆتە ناوەندێكی پەرینەوەی دەیان هەزار چەكداری بیانی". هەروەها لەهەمان راپۆرتدا هاتووە:" چوار هەزار ئەندامی داعش هاووڵاتی توركین".

هۆكارێكی دیكە كە دەبێتە هۆی ئەوەی بە گومان سەیری هەوڵەكانی توركیا بكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پڕۆسەی دادگاییكردنی تۆمەتبارانەی داعش بووە لە توركیادا كە لە ساڵەكانی 2015 تاوەكو 2017 چەندین هێڕشی تیرۆریستیان ئەنجامداوە. لە ساڵی 2017 دا بەرپرسێكی داعش كە هاووڵاتیەكی بە رەگەز ئوستوڕالی بوو بەناوی (نیل كریستۆفەر پراكاش) لە توركیادا دەستگیركرا. لە یەكەم ئیفادەیدا ناوبراو داوای كرد پڕۆسەی دادگاییكردنی لە توركیادا ئەنجام بدرێت نەوەكو لە وڵاتەكەیدا. پێگەی (بەیانات) بە زمانی توركی بە واژوی (ئایچە سۆیلەماز) كە هەڵگری بڕونامەی دكتۆرایە راپۆرتێكی بڵاوكردەوە كە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ لە رۆژەڤی میدیا جیهانیەكاندا بوو.
 
لە ماوەی رابردوودا چەندین گرتە ڤیدیۆی لە تۆڕەكانی سۆسیال میدیا بڵاوكراونەتەوە، تیایدا دەردەكەوێت كە تۆمەتبارانی داعش بێ ئەوەی لێكۆڵینەوەی توندیان لەگەڵ بكرێت بە ماوەیەكی كوورت ئیفادەكانیان دەدەنە دادگا.

هەر بە گوێرەی راپۆرتەكی پێگەی (بەیانات) محەمەد خالد خاواسڵی، ئەحمەد دەروێش، عەلی عەلیبراهام، ئەحاب حەیدەر، عومران عەیبراهام، زەفەر ئەلسەحاڵ، زەكەریا دەروێش، ئەركان چاپكن، بوڕهان گۆك، ئەحمەد گونەش، ئۆككەش دورماز و موستەفا دەلیباشلەر، بە تۆمەتی ئەندامیەتی داعش دەسگتیركراون، هەندێكیان تۆمەتباربوون بە ئەنجامدانی هێڕشی چەكداری، لەمبارەیەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ كراوە، بەڵام دواتر هەموویان ئازاد كراون.

سەرەڕای ئەو هەموو رەخنانەی لە بارەی جدینەبوونی  لەمەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە توركیا دەگیرێن، بەرپرسانی تورك لەگەڵ دەستگیركردنی هەر ئەندامێكی داعشدا لێدوان دەدەن و گۆمەكە زیاتر شێلو دەكەن.

لە 15 شوباتی رابردوودا ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە هاتای دەستی بەسەرداگیرا. سولەیمان سۆیلو وەزیری دەرەوەی توركیا لەمبارەیەوە گووتی:" لە بەرامبەر ئازادكردنی 100 ئەندامی داعشدا، پەیەدە ئەو ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەی ئامادە كردووە تاوەكو گروپه‌ چه‌كداره‌كانی داعش لە شارە گەورەكانی توركیادا بیتەقێنەوە. پەیەدە و پەكەكە فەرمانیان پێكردوون. ئەمانە هەموو یەكن".

هەڵبەتە ئەو قسانەی دەربارەی دەستگیركراوان دەكرێن جێگای سەرسوڕمانە. بەڵام ئەوانەی دەستگیر ناكرێن ژمارەیان لەوانە زیاترە كە دەستگیر دەكرێن.

سەرەڕای ئەوەی توركیا لەسەر سنووری خۆی لەگەڵ سوریادا بە درێژایی سەدان كیلۆمه‌تر دیواری هەڵچنیووە، هێشتا شانە لۆجستیكیەكانی داعش چالاكن. رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سوری كە بارەگاكەی لە لەندەنە، لە دوا راپۆتی دا دەڵێت، لەم دوو مانگەی دواییدا بەلانی كەم 85 خێزانی سەر بە داعش بە پارە كە بڕەكەی لە نێوان 10 – 50 هەزار دۆلار دایە ناوچەی داعشیان لە سوریادا جێهێشتووە و پەڕیوونەتەوە دیوی توركیا.

بەگوێرەی ئه‌و رێكخراوه‌:" قاچاخچیەكان ئەندامانی داعش سەرەتا لەناوچەی هێزەكانی سوریای دیموكراتی، بۆ ناوچەی قەڵغانی فوڕات دەگوازنەوە، لەوێشەوە دەچنە توركیا. زۆرترین بڕە پارە لە خێزانێكی ئۆزبەكی سەر بەداعش وەرگیراوە كە جگە لە ژن و پیاوەكە دوو منداڵیان هەبووە، ئەم خێزانە داعشە ئۆزبەكیە 50 هەزار دۆلاریان داوەتە قاچاخچیەكان تا بیانگەینە توركیا".

هەر بەگوێرەی رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سوری هەندێكی دیكە لە داعشیەكان بەر لەوەی بگەیندرێنە كەمپەكانی ژێر دەستی هێزەكانی قەسەدە، بەرامبەر بە 10 هەزار دۆلار دەبردێنە ناوچە بیرە نەوتیەكانی ئەل عومەر، ئەلبوسەیرا، سەبان و خەرانیج. لەوێشەوە دەگواسترێنەوە بۆ ناوچەی قەڵغانی فوڕات لە رۆژئاوای رووباری فوڕاتدا. راپۆتەكە زانیاریەكی ورد و سەرەنجراكێش ئاشكرا دەكات:" هەندێك لەو كەسانەی لە رێگای قاچاخچیەكان گواستراونەتەوە توركیا 300 هەزار دۆلاریان پێبووە".

هەر بەگوێرەی راپۆرتەكە لە 1 مانگی كانوونی یەكەمی 2018 تا بڵاوكردنی راپۆرتەكە لە 25 شوباتی رابردوودا 5 هەزار ئەندامی داعش لەگەڵ خێزانەكانیان كە بەگشتی ژمارەیان دەگاتە 49 هەزار و 650 كەس لەناوچەكانی ژێر دەستی داعش هەڵاتوون. ئەو ئەندام و خێزانانەی داعش كە هەڵاتوون بە رەگەز سوری، عێراقی، رووسی، سۆماڵی، فلیپینی، خەڵكی وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا بوونە. ئەندامانی داعش لەناوچەكەدا كە بەشێكیان خەڵكی عێراق لە ناوچەكەدا بۆ وڵاتەكەیان دەپەڕنەوە پێیانوایە لە عێراقدا دەتوانن چارەنووسی خۆیان یەكلایی بكەنەوە.

راپۆرتەكە پێشبینی دەكات لە باغوزدا  5 هەزار كەسی مەدەنی و 400 ئەندامی داعش مابێت. هەروەها بڵاوی كردۆتەوە:" تا ئێستا 800 چەكداری داعش لەگەڵ خێزانەكانیان كە ژمارەیان 8 هەزار كەسە خۆیان رادەستی هێزەكانی سوریای دیموكراتی كردووە و لە چوار كەمپ جێنشین كراون".

ئەوەی راستی زانیاری ناو راپۆرتەكەی (رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سوری) بڵاودەكاتەوە، لێدوانی فەرماندەی گشتی قەسەدە بوو لە 28 شوباتدا:" ئەندامانی داعش داوایان لە هێزەكانمان كردووە، تا رێگایان بدەین بەرەو توركیا یان ئدلب بڕۆن. ئێمە داواكاری ئەوانمان رەت كردۆتەوە".

ئەندامانی بیانیەكانی داعش كە بەدیل گیراون لەلایەن قەسەدە، پشتڕاستیان كردۆتەوە كە خاكی توركیا بۆ ئەوان دەروازەی هاتنە سوریا بووە.  بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە ئەنجامی گفتوگۆی پسپۆرانی ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لەسەر توندوتیژی و توندڕەوی (ICSVE) كە لەگەڵ 18 ئەندامی بەدیلگیراوی داعش ئەنجامیانداوە، نیشانی دەدات كە توركیا بۆتە ناوەندێكی سەرەنجڕاكێشی ئەندامانی داعش.

عەبدولقادر تونسی كە پێشتر قاچاخچی بووە و لەناو داعشدا لە یەكە ئیستخباراتیەكان كاری كردووە، لەم گفتوگۆیەدا بە پسپۆرانی ICSVE راگەیاندووە كە ئەندامەكانی داعش بۆ دروستكردنی "شانەی خەوتوو" پەروەردەی تایبەتیان پێكراوە، هەندێكیان بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە لە توركیادا نەشتەرگەری قژ چاندەوە و گۆڕینی روواڵەتیان بۆ كراوە، پاسپۆرتی سەختەیان بۆ دروستكراوە، بۆ ئەوەی بیشارنەوە كە لە رابردوودا لە بەرەكانی جەنگ بووە لە توركیادا لەناوچە گەشتیاریەكان گەڕێندراون و كاتیان بەسەر بردووە، هەروەها وێنەیان چركاندووە، دواتر لە رێگای قاچاخدا هەر بە توركیادا چوونەتە ئەوروپا. بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەمانە پێویستە لە توركیادا شانە و پەیوەندی لۆجستیكیت هەبێت.