03:52 - 27/02/2019
ئایا عێراق دەبێتە گوانتانامۆی ئەوروپیەكان؟
لە ئەنجامی رێکەوتنێكی نوێی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزە عێراقیەكان لەسەر ئەوەی داعشە عێراقیەكان رادەستی عێراق بكرێنەوە و لەگەڵ ئەوانشیدا هەندێك لە ئەوروپیەكانیشیان بۆ دەنێرنەوە، ئەو رێكەوتنە گفت و گۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك پرسی وروژاندووە كە دەبێت وەڵامیان بدرێتەوە، ئاخۆ عێراق دەتوانێت ئەو بیانییانە دادگایی بكات و دەبێت بەپێی یاساكانی خۆی دادگاییان بكات یان بەچ یاسایەك؟
بەپێی سەرچاوەكان تا ئێستە 280 چەكداری داعشی بە ڕەگەز عێراقی لە لایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە رادەستی عێراقیەكان كراونەتەوە، ئەو چەكدارانە لە كۆتا جەنگەكانی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان لە سوریا دەستگیر كراون.
بە پێی هەندێك لە سەرچاوە ئەمنیەكانی هێزەكانی سوریا دیموكرات ئەگەر عێراق بە فەرمی وەریان نەگرێتەوە لە سەر سنورەكانی وڵاتەكەی بەرەڵایان دەكات، ئەمەش بوەتە فشارێكی گەورە لەسەریان و ناچاربوون بەوەرگرتنەوەیان ، بە پێچەوانەوە مەترسی گەورەتر چاوەڕێیان دەكات.
داعشەكانی ئەوروپا:
پێدەچێت بیانویەك لە ئارادا هەبێت بۆ وەرگرتنەوەی داعشە بەڕەگەز عێراقیەكان بە پێی یاساو ڕێنماییە نێودەوڵەتیەكان لە بەر ئەوەی هاوڵاتی عێراقین دەكرێت بە پێی یاسای وڵاتەكەی خۆی دادگاییان بكات، بەڵام ئەو داعشە ئەوروپیانە جگە لە سەرئێشەی ئەمنی كیشەی یاساییش بۆ عێراقیەكان دروست دەكەن و نازانن بەچ یاسایەك دادگاییان بكات لە كاتێكدا هەرەیەكەیان خەڵكی وڵاتێكن و یاسای وڵاتانیش جیاوازییان هەیەو ئەو جیاوازییەش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر دەرئەنجامەكانی دادگا.
دكتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند 13 هاوڵاتی فەرەنسی یان لایەو سەر بە رێكخراوی تیرۆرستی داعشن و لەسوریا دەستگیركراون و بەم نزیكانە دادگایی دەكرێن، دكتۆر گوتیشی دوای ئەوەی قسەی لەگەڵ ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا كردووە، بەم نزیكانە لە لایەن دادگاكانی عێراقەوە دەست بەكارەكان دەكرێت، ئەو وتیشی ئەو فەرەنسیانەیان لە هێزەكانی سوریای دیموكرات وەرگرتووەو بە پێی یاسای عێراقی دادگاییان دەكەن. ئەو سەرۆكە گوتی: لە ئێستەدا عێراق بوەتە دادگای تیرۆریستە ئەوروپیەكان، تەنانەت هەندێك لە دەزگاكان عێراقیان ناوناوە گوانتانامۆی ئەوروپیەكان، لەبەر ئەوەی زۆرینەی ئەو داعشانە لە عێراق دەست بەسەرن، ئەم كارەش جۆرێك لە شەرمەزاری بۆ عێراق دێنێتە پێشەوە ئەگەر بڵێت هاوولاتیەكانی خۆی وەرناگرێتەوە.
فشاری توند لەسەر عێراق:
بە پێی سەرچاوە هەواڵیەكانی وڵاتانی عەرەبی لە زۆر لاوە عێراق فشاری گەورەی لەسەرە بۆ ئەوەی رەزامەندی بنوێنێت لەسەر وەرگرتنی ئەو داعشە بیانییانەو لە عێراق دادگاییان بكات، ئەوەش لەكاتێكدایە كە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپی رازی نابن بە گەڕانەوەی داعشەكان بۆ وڵاتەكانیان و پێشیان وای ئەگەر فشارێكی زیاتر بكەن عێراق وەریان دەگرێت.
رۆژنامەی (العربی الجدید) ئاشكرای كردووە فشارێكی گەورە لە سەر عێراقیەكان هەیە بۆ ئەوەی رازی ببێت بە وەرگتنی 400 تا 600 چەكداری داعشی ئەوروپی كە لە سوریا دەستگیركراون و هەڵگری رەگەزمامەی جیاوازن، بە پێی ئەو سەرچاوەیە زۆرینەیان بە ڕەگەز فەرەنسی و بەریتانی و كەندی و رەگەزنامەكانی دیكەی ئەوروپین، ئەمە جگە لە عەرەبەكانی سەر بە وڵاتەكانی سعودیەو مەغریب و تونس و ئەردەن و میسر، هەر ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی داوە بە جموجوڵی رۆئاواییەكان بۆ ئەوەی عێراق قایل بكەن و بەپێی مادەی 4 تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵ بكات.
كیانە سیاسیەكان ئەم بابەتە بە سەرئێشەو كێشەی گەورە دەبینن و بە پێی بۆچوونی لایەنێكی سیاسی عێراقی ئەوان ترسیان لە دووبارە بوونەوەی روداوەكەی 2013 ی زیندانی ئەبوو غرێبە كە لەو روداوەدا سەدان زیندانی دەربازیان بوو، یان ئەوەی لە زیندانی بادوشی موسڵ رویدا لە ساڵی 2014 ، لەو روداوەشدا چەندسەركرددەیەكی باڵای داعش دەربازیان بوو، ئەو سەركردانە چەند ساڵێك بوو دەستبەسەر بوون و دوای دەرباز بوونیان بەیعەتیان دا بە داعش؟
پرسینەوە لە رابوردوو داهاتوویان:
پرسیارگەلێكی زۆر هەن لەبارەی رێكەوتنی كۆتایی لە بارەی رادەستكردنی چەكدارە داعشەكان بە هێزە عێراقیەكان، زۆرینەی ئەو پرسیارانە لە بارەی دادگایی كردن و بڕگەو مادە یاساییەكانە كە ئایا عێراق بە شێوەیەكی دادگەریانە مامەڵەیان لەگەڵ دەكات یان نە؟ ئاخۆ لە دوای دادگاییەكە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریكی بە بڕیارەكانی دادگای عێراقی رازی دەبن؟ ئاخۆ شەقامی گشتی ئەو وڵاتانە و رای فەرمی ئەووڵاتانە چۆن دەبێت ئەگەر دادگای عێراقی سزای توندی بەسەردا سەپاندن؟ بۆ نموونە لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاندن، ئاخۆ قبوڵی دەكەن یان بێدەنگی هەڵدەبژێرن؟
سەبارەت بە كێشە داراییەكانیش، عێراق فشاری مادی زۆری دەكەوێتە سەر، وەك باسیش كرا ژمارەكەیان لە نێوان 400 بۆ 600 كەسدایە، لە كاتێكدا ئەو ژمارەیە خەڵكی ئاسایی نین و هەموویان تاوانباری شارەزا و كردەن، ئەوان دۆسیەی تاوانكاری زۆریان لە ژێرسەردایەو چۆنیەتی دەربازبوون و راكردن لە زیندان بە باشی شارەزان، ئەوەش پێویستی بە خەرجی زیاتر و گرتنەبەری رێكاری ئەمنی بەهێز هەیە، ئاخۆ وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریكی لەڕووی مادییەوە هاوكاری عێراق دەكەن؟ بەو پێیەی كە ئەو تاوانبارانە هاوڵاتی وڵاتی ئەوانن یان دەبێت عێراق خۆی باجەكەی بدات؟ ئەگەر دووەمیان بێت ئەوا دەبێت بگوترێت ئەوان عێراق وەك مانگایەك تەماشا دەكەن و تەنها شیرەكەیان دەوێت بیدۆشن، لە رووی ئەمنیشەوە دەبێتە زیندانێكی گەوەرە بە وێنەی گوانتانامۆ بۆ داعشەكانی جیهان.
ئەوەی بە گرنگی دەمێنێتەوە پەیوەندییە هەرێمەیەكانی عێراقە، توركیا بە پێی رێكەوتنەكانی نایەوێت هێزەكانی سوریای دیموكرات بوونیی راستەقینەیان هەبێت، هەر ئەوەشە توركیا لە عێراق نیگەرانە یان دەبێتە هۆی دروست بوونی ئاڵۆزی و ناكۆكی جاربەجاریان، عێراق پێویستی بە هاوكاری هەمووان هەیە بۆ چارەسەری كێشە داعشەكان، ئەگەر هاوكاری نەكرێت رووبەڕووی مەترسی گەورە دەبێتەوەو زۆرێك لە لایەنە سیاسیەكانیش پێش بینی زۆریان كردووە بۆ داهاتووی ئەو دۆسیەیە كە دیارترینیان راكردنی بەكۆمەڵی داعشەكانە دوای ئەوەی رێكەوتنی ژێربەژێری و نهێنی روو دەدات، یان لە هەڵمەتێكی راكردنی بەكۆمەڵدا وەك ئەوەی لە ساڵی 2013 رویدا و پاشان بووە هۆی دەست بەسەراگرتنی سێ بەشێكی خاكی عێراق.