ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:28 - 26/02/2019

وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ دەستی لەکار کێشایەوە؟‌

پەیسەر

درەنگانی شەوی ٢٥ی شوبات محەمەد جەواد زەریف لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام هەواڵی دەست لەکارکێشانەوەی راگەیاند، تا ئامادەکردنی ئەم شیکارییە حەسەن روحانی سەرۆک کۆمار دەست لەکار کێشانەوەکەی پەسند نەکردووە، لەناوخۆی ئێران هەندێک هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی زەریف پاشگەز بکەنەوە، بۆ نمونە بەرەبەیانی رۆژی سێ شەمە ١٥٠ پەرلەمانتار نامەیەکیان ئیمزاکردووە و داوای مانەوەی زەریفیان کردووە لە پۆستەکەیدا.

لەوانەیە لە کاتژمێرەکان یان لە رۆژانی داهاتوودا زەریف پاشگەز بێتەوە و بەردەوام بێت لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئێران، بەڵام پاشگەزبوونەوەکەی بۆ زۆربەی شرۆڤەکارانی سیاسیی ئێران بابەتێکی گرنگ نییە، ئەوەندەی کە دەست لەکارکێشانەوەکەی گرنگە، چونکە دەست لەکارکێشانەوەکەی ئاسایی نەبوو و واتایەکی زۆر گەورەتری هەیە لە دەست لەکارکێشانەوەیەکی ئاسایی وەزیری دەرەوەی وڵاتێک، دەست لەکارکێشانەوەی زەریف لەلایەکەوە بە واتای کۆتایی هاتن بە سیاسەتی سازانی ئێران دێت لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لەلایەکی دیکەوە پەردەی لەسەر ناکۆکییەکی قوڵی هەڵداوە لەناو دەسەڵاتدارانی ئێران.

یەکەم بابەتی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە دەست لەکارکێشانەوەکەی ئەوەبوو هەواڵەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوکردەوە، ئەمەش بێ هۆکار نییە، چونکە زەریف زیاتر بۆ بڵاوکردنەوەی بۆچوون و هەڵوێستەکانی تویتەر بەکاردەهێنێت، تویتەر لە ناوخۆی ئێراندا فیلتەر کراوە و کەمترین هاوڵاتی ئێرانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەکاردەهێنن، جگە لەوەش زەریف لە تویتەردا زۆربەی پۆستەکانی بە زمانی ئینگلیزی دەنووسێت، زۆربەی ئەو پۆستانەشی لە تویتەر بڵاوی دەکاتەوە پەیوەندیدارە بە هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەڵام بە پێچەوانەی تویتەرەوە لە ناوخۆی ئێران ئینستاگرام فیلتەر نەکراوە و لە ئێستادا هاوڵاتیانی ئێرانی ئینستاگرام زیاتر لە هەر تۆڕێکی کۆمەڵایەتی دیکە بەکاردەهێنن، هەربۆیە زەریف مەبەستدارانە ئینستاگرامی هەڵبژارد و مەبەستی ئەوەبوو ئەو پەیامە بدات کە دەست لەکارکێشانەوەکەی پەیوەندی بە کێشە ناوخۆییەکانەوە هەبووە هەربۆیە هاوڵاتیانی ئێرانی کردووە بە موخاتەب.

بابەتێکی دیکەی سەرنجڕاکێش ئەوەبوو کە هەواڵی دەست لەکار کێشانەوەکەی رێک چەند کاتژمێرێک دوای سەردانی بەشار ئەسەد بۆ تاران بڵاوکردەوە، بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکانی ئێران زەریف وەک وەزیری دەرەوە ئاگاداری سەردانەکەی بەشار ئەسەد نەبووە، ئەوە لەکاتێکدایە سەردانی وەفدێکی بیانی بۆ وڵاتێک بەر لە هەر کەسێک دەبێت وەزیری دەرەوە ئاگاداربێت و ئامادەکاری بۆ سەردانی وەفدە بیانییەکانیش لە چوارچێوەی ئەرک و دەسەڵاتەکانی وەزارەتی دەرەوەدایە، بەڵام وەک لە کاردانەوە ناوخۆییەکانی ئێران دەردەکەوێت جەواد زەریف ئاگاداری سەردانەکە نەبووە، لەوەش واتادارتر ئەو وێنانەیە کە لە کاتی کۆبوونەوەکانی بەشار ئەسەد لەگەڵ عەلی خامنەیی و حەسەن روحانیدا بڵاوبووەتەوە.

وەک لە وێنەکاندا دەردەکەوێت کەسێکیتر لەو کۆبوونەوانەدا لە جێگەی جەواد زەریف دانیشتووە، ئەو کەسەش قاسم سولەیمانییە، ئەگەر بەپێی سیاسەتی ناوخۆیی ئێران تەنانەت تا رادەیەک ئاسایی بێت کە قاسم سولەیمانی لە کۆبوونەوەکەی بەشار ئەسەد لەگەڵ خامنەییدا بەشداربێت ئەوە هیچ ئاسایی نییە لە کۆبوونەوە لەگەڵ حەسەن روحانیشدا کە سەرۆک کۆمارە هەر قاسم سولەیمانی لە جێگەی جەواد زەریف دانیشتبێت و زەریف تەنانەت بانگهێشتی کۆبوونەکەش نەکرابێت.

بەشداریکردنی قاسم سولەیمانی لە جیاتی جەواد زەریف بەو واتایە دێت کە قاسم سولەیمانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوە دەبات و وەزیری دەرەوە و وەزارەتی دەرەوە هیچ رۆڵێکیان نییە، ئەمەش سوکایەتیکردنە بە جەواد زەریف، هەربۆیە ناوبراو بەرەبەیانی رۆژی سێ شەمە لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بە دەست لەکارکێشانەوەکەی رایگەیاند هیوادارە دەست لەکارکێشانەوەکەی نقورچکێک بێت بۆ کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی وەزارەتی دەرەوە رۆڵ و پێگەی خۆی پێ بدرێتەوە، ئەمەش ناڕاستەوخۆ ناڕەزایی دەربڕین بوو بە ئەوەی قاسم سولەیمانی لە جیاتی وەزارەتی دەرەوە سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەڕێوەدەبات.

هەرچەندە لە کاتی سەردانەکەی بەشار ئەسەددا بۆ تاران پێگەی جەواد زەریف و وەزارەتی دەرەوە سوک کرا، بەڵام ناکرێت بڵێین هۆکاری سەرەکی دەست لەکارکێشانەوەکەی زەریف ناڕەزایی دەربڕین بوو بە سەردانەکەی بەشار ئەسەد، بەڵکو بەشار ئەسەد تەنیا بیانوویەک بوو کە لەو کاتەدا کەوتە دەست زەریف بۆ وازهێنان.

جەواد زەریف لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەی کە وەزیری دەرەوەی ئێران بووە، لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا چەند دۆسییەک گرنگ بوون کە ئەوانیش بریتین لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک،  شەڕی ناوخۆی سوریا و رۆڵی ئێران لەو وڵاتەدا، پرسی داعش و گۆڕانکارییەکانی عێراق وەک وڵاتێک کە ئێران هەژمونی بە‌هێزی تێدایە، شەڕی ناوخۆی یەمەن کە ئێران لەڕێی حوسییەکانەوە رۆڵی گەورەی لەو وڵاتەدا هەیە، پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە و شەڕی هەژمونی ئەو دوو وڵاتە لە ناوچەکەدا، دۆسیەی موشەکەکانی ئێران و کێشەی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی لەسەر تاقیکردنەوە موشەکییەکانی ئەو وڵاتە، پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا و چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە و دەستپێکردنەوەی سزا ئابورییەکان، لە کۆتاییشدا پرسی پەیوەست بوونی ئێرانە بە گروپی کاری نێودەوڵەتی لە دژی سپی کردنەوەی پارە.

لەکاتێکدا دەبوایە جەواد زەریف وەک وەزیری دەرەوە سەرپرشتی هەموو ئەو دۆسیانەی بکردایە و سیاسەتی ئێرانی بەڕێوە ببردایە، کەچی لە زۆربەی ئەو دۆسیانەدا ناوبراو هیچ رۆڵێکی نەبووە، دۆسیەکانی سوریا و عێراق و یەمەن بە تەواوی لەلایەن قاسم سولەیمانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، جەواد زەریف و حەسەن روحانی کەمترین رۆڵیان نەبووە لە پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە، بەڵکو خامنەیی و سوپای پاسداران و قاسم سولەیمانی دۆسیەی سعودیەیان بەڕێوەبردووە، لە پرسی موشەکیشدا بەردەوام بە شێوەیەکی شاراوە کێشە هەبووە لەنێوان حکومەت و سوپای پاسداران، هەرچەند جاروبار کێشەکان بۆ رای گشتی ئاشکرابوون، بۆ نمونە حەسەن روحانی و زەریف گلەییان کردووە کە ئەوان لە کاتێکدا هەوڵیانداوە لەڕێی ئەوروپاوە فشارەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران کەم بکەنەوە، لەپڕێکدا سوپای پاسداران موشەکێکی تاقیکردوەتەوە بەمەش هەموو ریسەکەی وەزارەتی دەرەوەیان کردوەتەوە بە خوری.

لە دۆسیەی پرسی ئەندامێتی ئێرانیش لە گروپی کاری نێودەوڵەتی لە دژی سپی کردنەوەی پارە  جەواد زەریف تا ئێستاش نەیتوانیوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، لە هەموو جیهاندا تەنیا دوو وڵات ئەندام نین ئەوانیش ئێران و کۆریای باکورن، زەریف دەزانێت ئەگەر ئێران نەبێتە ئەندام ئەوا بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە هیچ ئاڵوگۆڕێکی دراوی لەنێوان ئێران و وڵاتانی دیکەدا نامێنێت، بەڵام لەناوخۆی ئێراندا لەلایەن باڵی موحافزکارەوە زەریف لە ژێر فشارێکی زۆردایە و تەنانەت جاروبار وەک خائین ناوی دەهێنن، باڵی موحافزکار دژی ئەوەن ئێران ببێتە ئەندام لە گروپی کاری نێودەوڵەتی لە دژی سپیکردنەوەی پارە، چونکە لە حاڵەتی ئەندامبووندا سپای پاسداران و باڵی محافزکار رووبەڕووی دوو کێشەی گەورە دەبنەوە، کێشەی یەکەم ئەوەیە کە ئێران بە بەردەوامی لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا دەبێت بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە سپیکردنەوەی پارە لەلایەن ئەو وڵاتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە ئێران لەسەر ئاستی جیهاندا لە پەلەی یەکەمدایە بۆ سپیکردنەوەی پارە و ئەم سپیکردنەوەیەش زیاتر لەلایەن سوپای پاسداران و باڵی موحافزکارەوە دەکرێت، بەمەش زیانێکی زۆر بەر باڵە بەهێزەکەی ناو دەسەڵاتی ئێران دەکەوێت، کێشەی دووەمیش ئەوەیە کە بە ئەندامبوونی ئێران لەو گروپەدا ئەوا چیتر ئێران ناتوانێت یارمەتی دارایی گروپەکانی وەک حیزبوڵای لوبنان و حوسییەکان بدات، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی ئەو گروپە پشتگیرنەکردنی وڵاتانە لە گروپە تیرۆریستییەکان.

لە پەرلەمانی ئێران رێگە نەدرا حکومەت پەیوەستی ئەو گروپە نێودەوڵەتییە بێت، ماوەی دوو ساڵە ئەم پرسە بابەتێکی گەرمە لە سیاسەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، ئێستا کێشەکە رادەستی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی کراوە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات کە لەمەشدا ئەگەری لاوازە بڕیار بدرێت لەسەر ئەندامێتی ئێران، بەمجۆرە زەریف خەریکە ئەم دۆسیەیەش دەدۆڕێنێت بە باڵی محافزکار.

دۆسیەی ئەتۆمی ئێران گەورەترین دۆسیەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بوو لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا، زەریف لە ماوەی سێ ساڵی یەکەمی وەزارەتەکەیدا دوای نزیکەی دوو ساڵ دانووستانی چڕ و قورس لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک توانی رێککەوتنێکی مێژوویی ئیمزا بکات، ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەبوو بۆ جەواد زەریف و حکومەتەکەی حەسەن روحانی، جەواد زەریف بە هۆی ئەم سەرکەوتنەوە لەناو رای گشتیدا ببووە کەسێکی خۆشەویست، هەندێک جار ناوبراو بەراورد دەکرا بە کەسایەتییە مێژووییەکانی ئێران، بەڵام ترەمپ ڕێگەی نەدا زەریف تامی ئەو سەرکەوتنە بچێژێت، کاتێک ترەمپ لە رێککەوتنەکە کشایەوە باڵی موحافزکار بەربوونە سەروگوێلاکی جەواد زەریف و وتیان " مەگەر ئێمە هەر لە سەرەتاوە نەمانوت نابێت متمانە بە ئەمریکا بکەین، کەچی تۆ چووی لەگەڵیاندا دانووستانت کرد و دونیایەک ئیمتیازت دا بە ئەمریکا و رۆژئاوا، کەچی ئێران هێشتا هیچی دەست نەکەوتبوو کە ئەمریکا لە رێککەوتنەکە هاتە دەرەوە".

لەم دوایانەدا لە دوو لاوە کەوتبووە ژێر فشارەوە، لەلایەکەوە لەناو خۆی ئێرانەوە لەلایەن باڵی موحافزکارەوە کەوتبووە ژێر فشارەوە وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا، لەم دوایانەشدا حەسەن روحانیش وەکجاران پشتی نەدەگرت، بەوپێیەی بە وتەی هەندێک لە شرۆڤەکاران روحانی لەم دوایانەدا لە زۆربەی ئەو بەڵێنانەی کە کاتی هەڵبژاردن بە خەڵکی دابوو پاشگەز بووەتەوە و زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە خامنەیی و باڵی موحافزکار نزیک بووەتەوە، بانگهێشت نەکردن و ئاگادارنەکردنەوەی جەواد زەریف بۆ کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بەشار ئەسەد ئاماژەیە بۆ ئەوەی روحانیش وەک جاران حیساب بۆ زەریف ناکات.

لەلایەکی دیکەشەوە زەریف لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا لەم ماوەیەدا لەژێر فشاردابوو، ئەمریکا هەر بە هاتنە دەرەوە لە رێککەوتنە ئەتۆمییە رازی نەبووە بەڵکو فشاری خستووەتە سەر وڵاتانی دیکەش کە بە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ ئێران بچنەوە، جگە لەوەش سەرکێشییەکانی سوپای پاسداران لە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە و تاقیکردنەوە موشەکییەکان وایکردووە وڵاتانی ئەوروپاییش متمانەیەکی ئەوتۆیان بە قسەکانی زەریف نەبێت کاتێک سەردانیان دەکات، چونکە دەزانن زەریف تەنیا هەوڵی جوانکردنی ئێران دەدات لە دەرەوە لە کاتێکدا سیاسەتی ئێران لەلایەن کەسانی دیکەوە دادەڕێژرێت و ناوبراو هیچ رۆڵێکی تێدانییە، پێیانوایە هەرچی زەریف دەیڵێت ئێران لە کرداردا پێچەوانەکەی جێبەجێ دەکات، هەربۆیە ئەوروپییەکانیش متمانەیان بە زەریف نەماوە.
بەپێی ئەم شیکارییە دەست لەکارکێشانەوەی زەریف زیاتر لە چەند هۆکارێکی هەیە، بەڵام بە کورتی دەکرێت بڵێن هۆکارەکانی بریتین لە فشارەکانی ئەمریکا و بێ متمانەبوونی لەناو ئەوروپپیەکاندا، شکستی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە کە تەنیا دەستکەوتی ناوبراو بوو، فشاری باڵی موحافزکار، سوککردنی پێگەی وەزارەتی دەرەوە لەلایەن باڵی موحافزکار و قاسم سولەیمانییەوە هەمووی هۆکاربوون بۆ ئەوەی ناوبراو نەیەوێت لەوە زیاتر لە پۆستەکەیدا بەردەوام بێت.

دەست لەکار کێشانەوەی زەریف چ واتایەکی هەیە؟
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دوو پرۆژە هەبوو، پڕۆژەیەکیان لەلایەن قاسم سولەیمانییەوە سەرپرشتی دەکرا کە زیاتر لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی هێرشبەرانە بوو و دژی ئەوەیە ئێران سازش بکات، بە رواڵەتیش بێت بەپێی هاوکێشەکانی ئێستای ناوچەکە ئێران لەم پڕۆژەیەدا سەرکەوتوو بووە.

پڕۆژەی دووەمیش پڕۆژەی کرانەوەی ئێران بوو بەڕووی رۆژئاوادا، کەم ئەم پڕۆژەیە جەواد زەریف سەرپەرشتی دەکرد، لە ئێستادا ئەم پڕۆژەیەدا وادەردەکەوێت شکستی هێناوە، هەربۆیە بە بۆچوونی زۆربەی شارەزایانی سیاسەتی ئێران دەست لەکار کێشانەوەی زەریف بەو واتایە دێت کە خامنەیی گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە دەبێت لەمەودوا سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەپێی پڕۆژەکەی قاسم سولەیمانی بچێتە پێشەوە، لەم حاڵەتەشدا ئێران گۆشەگیرتر دەبێت و فشارەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاتر دەبێت.