10:54 - 20/02/2019
عێراق گۆڕهپانی ململانێیهكی سهخت
ململانێكانی ئەمریكا و ئێران و لەسەر هەژمونیان لەعێراق زیادی كردووە، وڵاتی رافیدەین لەساڵی 2003 وە بەشێكە لەپرۆژەی ئەمریكی، بەڵام شەقام و پشت پەردەی سیاسەت لە ئەمرۆدا فەرشی سور بۆ ئێران رادەخەن، هەموو ئەوانە هاوكاتن لەگەڵ داواكاری عێراقیەكان بۆ كۆتایی هێنان بەبوونی سوپای ئەمریكا بەشێوەی تەواوەتی.
پرۆسەی سیاسی عێراق وتاری شیعەكانی بەسەردا زاڵە كە لەرێگەی پەرلەمانەوە داوای كۆتایی هێنان بەبوونی سوپای ئەمریكا دەكەن و دەیانەوێت نوێنەرانی گەل دەنگی لەسەر بدەن.
ئەگەر ئەو پرۆژەیە پەسەند بكرێت ئەوە شەرعیەت دەدات بە رۆیشتنەوەی سوپای ئەمریكا لە عێراق، بەتایبەتیش كە هێزە سوننیەكان ناتوانن بەرگری لەمانەوەی سوپای ئەمریكا بكەن، بەوپێیەی لەپێشتردا بە داگیركەر وەسفیان كردووە.
كوردەكانیش نەیانشاردۆتەوە كە پشتیوانی مانەوەی سوپای ئەمریكا دەكەن، و پێشنیاری ئەوەشیان خستۆتە بەردەم ویلایەتەیەكگرتووەكان كە بنكەی سەربازی لە هەرێمی كوردستانی عێراق دابمەزرێنن، ئەوەش تەرازوی هێز لەناوچەكە دەخاتە بەردەم چەند ئاڵۆزیەك، بەڵام ئایە دەكرێت هەر بەراست پێشبینی بكرێت بۆ بڕیارە چاوەڕوان نەكراوەكانی ترەمپ؟
كشانەوە لەسوریا و بەهێزكردنی پێگەكانی لەعێراق
چەند رۆژێك پێش ئێستا پاتریك شانهان وەزیری بەرگری ئەمریكا بە وەكالەت سەردانی عێراقی كرد و هەوڵیدا بەرپرسانی بەغداد دڵنیا بكاتەوە دەربارەی ئایندەی هێزی ئەمریكی لەعێراق، دوای كشانەوە لەسوریا و راگەیاندنی خواستی دۆناڵد ترەمپ بە چاودێركردنی ئێران لەرێگەی خاكی عێراقەوە، بەپێی ئەوەی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا بڵاویكردەوە.
بەو شێوەیە كشانەوەی چاوەڕوان نەكراوی ئەمریكا لەبەرەی ڕووبەڕووبونەوەی رێكخراوە ئیسلامیە تیرۆرستیەكان لەسوریا، گومانی ئەوەی لەلای هاوپەیمانەكانی واشنتۆن لەناوچەكە دروستكردووە، دەربارەی ئاستی جدیەتی بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هاوپەیمانێكی گۆردراو.
لەراستیدا لێدوانەكەی ترەمپ و ئاشكراكردنی خواستی ئەمریكا بۆ مانەوە لەعێراق بەئامانجی چاودێریكردنی ئێران، حزبە شیعیەكانی عێراقی نا ئومێدكرد، بەتایبەتیش زۆرینەیان بەئاشكرا پشتیوانیان بۆ كۆماری ئیسلامی ئێرانی دەربڕیووە.
یەك مانگ پێشتر ئیدارەی ئەمریكا داوای لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد هەڵوێستێكی ڕوونی هەبێت سەبارەت بەچالاكی ئەو شەست و حەوت گروپە چەكداریە شیعیەی كە لەعێراق چالاكیان هەیە، و 40 لەو گروپانەش خۆیان بە دواكەوتووانی عەلی خامنەئی رابەری شۆرشی ئێرانی دەزانن، ئەمەش بەمانای ئەوەیە كە لەڕووی سیاسیشەوە پشتیوانی بۆچوونەكانی دەكەن، حەشدی شەعبی كە بەخێمەی كۆكردنەوەی ئەو گروپە شیعیانە دادەنرێت كاردانەوەیەكی ئاشكرای نەبوو، هەروەها بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی حەشدی شەعبی لە هەفتەی دووەم و سێیەمی مانگی شوباتی 2018 ، دەیان بارەگای رێكخستنەكانی لەشاری بەغداد داخست و رایگەیاند ئەو بارەگایانە وەهمی بوون و ژمارەیەك كەسیشی دەستگیركرد.
حەشدی شەعبی و دیاردەی رێكخراوە وەهمیەكان
لای خۆیەوە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەتیكردەوە كە ئیدارەی ئەمریكا لیستی رێكخراوە چەكداریە شیعەكانی پێدابێت، و رایگەیاند ئەوە پرسێكی ناوخۆی عێراقیە، و ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا مافی ئەوەی نیە دەستوەردانی تێدا بكات، لەو چوارچێوەیەدا سادق تائی رۆژنامەنوس لە رۆژنامەی قودسی عەرەبی لەچاوپێكەوتنێكی كەناڵی دووچەڤێلەی ئەڵمانی رایگەیاند، هەندێك زانیاری دزەیانكردووە كە رەنگە گروپە گەورەكانی ناو حەشدی شەعبی بیانەوێت ژمارەی رێكخراوە بەشدارەكانی ناو حەشدی شەعبی كەم بكاتەوە بەتایبەتیش دوای كۆتایی هاتنی شەری رێكخراوی تیرۆرستی داعش.
دەشڵێت " ململانێ لەنێوان هێزە سیاسیەكانی عێراق لەماوەی 15 ساڵی رابردوودا هەبوو، رەنگە هەندێك لایەن پەنا بۆ دزەپێكردنی زانیاری ببەن و لەراگەیەندنەكانەوە ئاشكرایان بكەن بۆ لەناوبردنی گروپەكانی تر، بەهۆی ئەوەی ململانێ لەسەر هەژمون و چەك و پارە هەیە، لەم دۆخەدا ئەوە كارێكی چاوەڕوان كراوە و پێشبینی دەكەم ئەوە بەشێك بێت لەو سیناریۆیە".
ئەگەر چاودێری دۆخی عێراق بكەیت دەبینیت كە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دوای ساڵی 2003 و پاش هەڵوەشاندنەوەی سوپای پێشوو سوپایەكی نوێ لە عێراق دامەزراند و ژمارەكەی گەیشتە هەشت فیرقە ( 80 هەزار سەرباز) لەناویشیاندا فیرقەی ئاڵتونی، بەڵام ئەم سوپایە كە عێراق ملیاران دۆلاری بۆ دامەزراندنی خەرج كرد، لەگەڵ یەكەم ڕووبەڕووبونەوەی لەشەری داعش ساڵی 2014 تێكشكا و سەربازەكانی بڵاوەیان پێكرد و رێكخراوە تیرۆرستیەكەش دەستی گرت بەسەر چەك و كەرەستە سەربازی و دەبابەكانیدا.
حەشدی شەعبی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێت و سوپاش لەلایەن ئەمریكاوە
كاتێك وڵات ڕووبەڕووی بۆشاییەكی سەربازی مەترسیداربۆوە، حزب و لایەنە سیاسیە دەسەڵاتدارەكان بەخێرایی رێكخراوێكی چەكداریان بە پاڵپشتی مەرجەعی باڵای ئاینی عەلی سیستانی دروستكرد، و ناوی نرا حەشدی شەعبی، سادق تائی رۆژنامەنوس پێی وایە حەشدی شەعبی نوسخەیەكی عێراقی سوپای پاسدارانی ئێرانە كە ساڵی 1979 و بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەوكاتەی ئێران كە تازە گەیشتبوونە دەسەڵات و متمانەیان بەسوپا نەبوو كە هاوسۆزی بۆ شای ئێران هەبوو دایانمەزراند.
حەشدی شەعبی كە چەندین گروپی چەكدار لەخۆ دەگرێت توانی ساڵی 2017 بە رزگاركردنەوەی شاری موسڵ سەركەوتن بەسەر رێكخراوی تیرۆرستی داعش بەدەست بهێنێت بەوپێیەی موسڵ وەك پایتەختی داعش دادەنرا، ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە پرۆژەی سەربازی ئەمریكا لەعێراق لەبەرامبەر پرۆژەی سەربازی ئێران پاشەكشەی كرد.
بەڵام گۆڕانكاریەكانی پرۆسەی سیاسی عێراق تائێستاش نادیارن، تائێستا وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ بێ وەزیرن، هەروەك عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی سەربەخۆ لەدۆخێكدایە كە بەخیلی پێنابرێت، بەوپێیەی لەلایەكەوە داواكاری ئێران كە لەلایەن حزبە شیعیەكانی عێراقەوە پشتیوانی دەكرێت دەخرێتە بەردەمی و لەلایەكی تریشەوە داواكاریە توندەكانی ئەمریكا كە كەمتر هێزە عێراقیەكان پشتیوانی دەكەن دەخرێتە بەردەمی، لەسەر ئەو بابەتە سادق تائی دەڵێت " كاتێك ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بە ژمارەیەكی گەورەی سەربازەوە كە دەگەیشتە 150 هەزار سەرباز لەسەر خاكی عێراق هەبوون، باسی هەژمونی ئێرانی نەدەكرا، و ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا هەژمونی خۆی سەپاندبوو، بەجۆرێك دەتواندرێت بگوترێت كە هەژمونی ئێرانی دوای كشانەوەی سوپای ئەمریكا لەساڵی 2011 لەدایك بوو كاتێك ئەمریكا بەپێی رێككەوتنامەی ستراتیژی كشایەوە".
دۆخەكە بە زیادبوونی هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ زیادكردنی گەمارۆكانی سەر ئێران ئاڵۆزتر دەبێت، مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا لە وتارێكدا كە بەردەم كۆنگرەی رۆژهەڵاتی ناوەراست كە لە شاری وارشۆی پاتەختی پۆڵندا رۆژی 14ی شوبات پێشكەشی كرد رایگەیاند ئێران گەورەترین هەرەشەی بەردەم ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەراستە، ئاماژەی بەوەشكرد كە كۆماری ئیسلامی پاڵپشتی یەكەمی تیرۆرە لەجیهاندا.