ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:09 - 27/11/2018

نهێنی داوایه‌كی تره‌مپ له‌ عه‌بادی ئاشكرا ده‌بێت‌

پەیسەر

میدیایه‌كی ئه‌مریكی له‌ راپۆرتێكدا نهێنییه‌كانی ناو دانیشتنێكی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق، ئاشكرا ده‌كات و داواكه‌ش سه‌باره‌ت به‌ نه‌وتی عێراق بووه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی ئاکسیۆس كه‌ میدیایه‌كی ئه‌مریكییه‌، له‌ دانیشتنێكی حه‌یده‌ر عه‌بادی و دۆناڵد تره‌مپ، له‌ مانگی ئازاری ساڵی 2017 تره‌مپ پرسێكی سه‌یر و چاوه‌ڕواننه‌كراو هێناوه‌ته‌ باس  و به‌هۆی ئه‌و پرسه‌شه‌وه‌ راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكا هۆشداریداوه‌ته‌ سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی.

میدیاكه‌ له‌ یه‌كێك ئاماده‌بووانی دانیشتنه‌كه‌وه‌ زانیارییه‌كانی ده‌ست كه‌وتووه‌ و نوسیویه‌تی: تره‌مپ له‌ دانیشتنه‌كه‌دا به‌ عه‌بادی راگه‌یاندووه‌، واشنتن دەیتوانی دەست بەسەر نەوتی عێراقدا بگرێت بۆئەوەی تەواوی تێچووی جەنگی دووەمی عێراق وەربگرێتەوە کە سەربازانی ڕۆژئاوا لە ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠١١ لەو وڵاتەدا جەنگاون، به‌ڵام عه‌بادی به‌ پێكه‌نینێكی دروستكراوه‌وه‌ وه‌ڵامی تره‌مپی داوه‌ته‌وه‌ و وتویه‌تی (باشە ئێستا چی لە نەوت بکەین؟!) دوای ئه‌وه‌ش بۆ تێگه‌یشتنی ته‌واو له‌ قسه‌كانی تره‌مپ عه‌بادی هه‌روه‌ها وتویه‌یتی تۆ مه‌به‌ستت چیه‌؟.

ئاکسیۆس له‌ درێژه‌ راپۆرته‌كه‌دا وه‌ڵامه‌كانی تره‌مپی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ وه‌ڵامی عه‌بادیدا رایگه‌یاندووه‌: "ئێمە کارێکی زۆرمان کردووە، له‌ عێراق، چەندین تڕلیۆن دۆلارمان خەرج کردووە، و خەڵکێکی زۆر باس لە نەوت دەکەن وا نیه‌؟."

 

ئەو سەرچاوەیەی بەشداربووە لەو کۆبوونەوەدا بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە، لەوکاتەدا حەیدەر عەبادی ئاسوودە نەبووە بە قسەکانی ترەمپ و ویستوویەتی کاردانەوەی هەبێت. هەربۆیەشە وتوویەتی "جەنابی سەرۆک خۆت دەزانیت کە ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی و کۆمپانیای بواری وزەی ئەمریکی کاردەکەین و ڕوویان لە بازاڕەکانی ئێمە کردووە." به‌ڵام تره‌مپ له‌ كاتی وه‌ڵامه‌كه‌ی عه‌بادیدا ده‌ستی به‌ مێزه‌كه‌ی به‌رده‌می داوه‌ ئەوەی جەخت لەوەبکاتەوە مافی خۆیەتی ئەو پرسیارەی کردووە.

 

ئاكسیۆس ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، به‌پێی قسه‌ی به‌شداربووه‌یه‌كی دیكه‌ی ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌، قسه‌كانی تره‌مپ له‌باره‌ی نه‌وتی عێراقه‌وه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو بووه‌ و به‌رپرسانی ئه‌مریكی و وه‌فده‌كه‌ی عێراقیشی توشی جۆره‌ شڵه‌ژانێك كردووه‌.

 

له‌پاش ئه‌و قسانه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌سه‌ر نه‌وتی عێراق، هێربەرت ڕەیمۆند ماکماستەر ڕاوێژکاری ئەوکاتەی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا هۆشداری بە ترەمپ داوە کەبەوشێوەیە هەستوسۆزی زاڵ نەکات و قسەی لەوشێوەیە نەکات ئەگینا ئەمریکا وەکو "تاوانبارێک" دەردەکەوێت.

ماکماستەر بە ترەمپی وتووە "ئێمە ناتوانین به‌شێوه‌ داوای قه‌ره‌بوو بكه‌ین له‌ عێراق و باسی نه‌وتی عێراق بكه‌ین و نابێت لەوبارەیەوە قسە بکەیت،  ئه‌و قسانه‌ و ئه‌و جۆره‌ داوایه‌ بۆ ناوبانگی ئەمریکا خراپە، هاوپەیمانەکانمان لەدەست دەدات و هەموو لایەنەکان دەترسێنێت، هەروەها ئێمە والێدەکات کە وەکو تاوانبار و دزێک دەربکەوین". 

 

ئەم وتانەی دۆناڵد ترەمپ لەو کۆبوونەوە داخراوەدا لەکاتێکدایە کە لە کەمپینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ٢٠١٦دا باسی لە قەرەبووکردنەوەی ئەو تڕلیۆن دۆلارانەی کردبوو کە ئەمریکا خەرجی کردبوو له‌ شه‌ڕی داگیركردنی عێراق و هەروەها ژیانی چەندان ئەمریکی بووەتە قوربانی و لەبەرامبەریشدا ئەمریکا "هیچی" وەرنەگرتووە. 
ترەمپ لە کەمپینەکەیدا وتی "هەر ئێمەین دەستێوەردان ئەنجام دەدەین، ٣ تڕلیۆن دۆلار خەرج دەکەین، و هەزاران و هەزارانی دیکەمان دەبن بە قوربانی، دواتر چی ڕوودەدات، ئێمە هیچ بەدەست ناهێنین."