ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:41 - 11/02/2019

دیوێكی دیكه‌ی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان‌

پەیسەر

ئاواره‌كانی عێراق بێ هیوا بوون له‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌كانی خۆیان ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵ و نیوێكه‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانیان له‌ ژێر ده‌ستی داعش ڕزگاركراون. پاش هاتنی داعش و له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014 وێرانكاری و كوشتوبڕ ڕووی له‌ شاره‌كانی باكور و خۆرئاوای عێراق كرد زیاتر له‌ 48 شار  خاپوور بوون، له‌و جه‌نگه‌دا نزیكه‌ی 250 هه‌زار كوژران و برینداربوون و زیاتر له‌ شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی عێراقی ئاواره‌بوون، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ كه‌ حكومه‌ت بڵێت زیانی 100 ملیار دۆلارمان پێگه‌یشتووه‌.

زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن ئاواره‌ له‌ شاره‌كانی ئه‌نبار و نینه‌وا و سه‌ڵاحه‌دین و بابل و كه‌ركوك و دیاله‌ و به‌غداد له‌ ژێر چادر ده‌ژین و هێشتا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ناو ماڵه‌كانی خۆیان، زۆرێكیان هۆكاره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ بهێڵن ئه‌و ماڵانه‌ بگه‌رێنه‌وه‌، هه‌روه‌كو چۆن له‌ ناوچه‌كانی جه‌رف سه‌خر و عویسات و یه‌سرب و ناوچه‌كانی باكوری خۆرهه‌ڵاتی به‌عقوبه‌ به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ حكومه‌ت بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ نه‌هێشتنی وێرانكارییه‌كانی جه‌نگ و لابردنی مین و بۆمبه‌ چێنراوه‌كانی ته‌رخان نه‌كردووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق ئاژانسی (العربی الجدید) ڕایگه‌یاندووه‌" ئاماری مردووان له‌ كه‌مپه‌كاندا ڕوو له‌ زیادبوونه‌، له‌ سه‌ره‌تای كانوونی دووه‌مه‌وه‌ 11 كه‌س مردوون، له‌ نێوانیان پێنج مناڵ و دوو ژن هه‌ن، به‌ سووتانی چادره‌كانیان مردوون و هه‌ندێكی دیكه‌ش به‌ هۆی شۆرتی كاره‌با و سه‌رما و نه‌بوونی خۆراكی پێویست گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌. 17 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون. "
ئه‌وه‌شی گوتووه‌ كه‌ ئاواره‌كان خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا و جه‌رف سه‌خر و ئه‌نبار و دیاله‌ن و ته‌نانه‌ت ڕێگه‌ی ئه‌وه‌شیان پێنه‌دراوه‌ ته‌رمی كه‌سوكاریان ببنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان، به‌ڵكو ئه‌وانیان له‌ ته‌نیشت كامپه‌كانی كه‌ركوك و عامریه‌ و باشووری خۆرئاوای موسڵ، ناشتووه‌."

لای خۆییه‌وه‌، ڕه‌شید سفتی به‌رێوبه‌ری كه‌مپی حه‌سه‌ن شام له‌ نزیك موسڵ ڕایگه‌یاندووه‌، دوێنێ دوو كه‌سی خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا له‌ناو كه‌مپه‌كان مردوون یه‌كێكیان به‌ هۆی جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه‌ بووه‌ و ئه‌وی دیكه‌ش به‌ هۆی كه‌وتنه‌وه‌ ئاگره‌وه‌ بووه‌. كه‌سی دووه‌م له‌ ناوه‌ڕاستی بیسته‌كانی ته‌مه‌ندایه‌ و شه‌و كه‌وته‌ به‌سه‌ر ده‌به‌یه‌ك نه‌وتدا و ڕژاوه‌ و ئاگر كه‌وتۆته‌وه‌، ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ ده‌ستداوه‌، ئه‌و كه‌سه‌ خاوه‌نی دوو منداڵ و ژنێكی دوو گیانه‌.
سفتی، حكومه‌تی عێراق تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی كه‌موكورتیان هه‌یه‌ و گرنگی ئازاری خه‌ڵكی ناده‌ن، به‌ هیچ جۆرێكیش سووته‌مه‌نیان به‌سه‌ردا دابه‌ش ناكه‌ن، بۆیه‌ په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر شتی دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان گه‌رم بكه‌نه‌وه‌. به‌ده‌ر له‌وه‌ش ئه‌و شتانه‌ی كه‌ هاوكاری ده‌گه‌ن به‌ شێوه‌ی ڕێكخراو دابه‌ش ناكرێت.
ئاواره‌یه‌كیش به‌ناوی عه‌لا جبوری به‌ ئاژانسه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌" ماوه‌ی سێ ساڵه‌ شاره‌كه‌مان له‌ ده‌ستی داعش ڕزگار كراوه‌، ئه‌و شوێنه‌ی ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین نزیك سنووری سوریا-عێراقه‌ به‌ڵام به‌ هۆی ململانێی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌، ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه‌."

ئه‌و ئاواره‌یه‌ ده‌شڵێت" بارودۆخی ژیانمان سه‌خته‌، كێشه‌ی نه‌بوونی پاره‌ و خۆراكمان هه‌یه‌، حكومه‌ت هیچ گرنگیه‌كبه‌ ئێمه‌ نادات، هیچ به‌رپرسێكیش نییه‌ داوا بكات له‌ حكومه‌ت بێن و حاڵی ئێمه‌ ببینن.
لای خۆیه‌وه‌، سه‌لام ئه‌لشمه‌ری له‌ هاوپه‌یمانی سائرون كه‌ موقته‌دا سه‌در سه‌ركردایه‌تی ده‌كات ده‌ڵێت" دۆخی ئاواره‌كان گه‌له‌ك دژواره‌، شكستێكی گه‌وره‌ له‌ كه‌یسی ئاواره‌كاندا هه‌یه‌، له‌ به‌شی داهاتووی یاسادان ئیمزا كۆده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ 2014ه‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌مرۆ ئیشی له‌سه‌ر بكه‌ین."

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت" بێ گومان سه‌ردانیكردنی به‌رپرسان بۆ كه‌مپه‌كان وایكردووه‌ كه‌ خزمه‌ت نه‌كرێن و ده‌بێت له‌ ڕێگه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ هاوكاری ئه‌و ئاوارانه‌ بكه‌ین."

ماجد شه‌نگالی په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕاده‌گه‌ێنێت" كه‌موكورتی و خه‌مساردی به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراق وایكردووه‌ كه‌ ئه‌وان به‌م سه‌رمایه‌ ئازار بچێژن، چونكه‌ هیچ سووته‌مه‌نیه‌ك دابه‌ش ناكرێت و بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه‌ شت ده‌سووتێنن، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وایكرد چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا له‌ یه‌كێك له‌و كه‌مپانه‌ ئاگر بكه‌وێته‌وه‌ و سێ كه‌س تێیدا مردن."

سه‌باره‌ت به‌و پاره‌یه‌یی كه‌ ماوه‌ی ڕابردوو بۆ ئاواره‌كان ته‌رخانكرابوو، شه‌نگالی ده‌ڵێت" ئه‌و هه‌موو پاره‌یی كه‌ بۆ ئاواره‌كان ته‌رخانكرانبوون به‌ شێوه‌یه‌كی باش دابه‌ش نه‌كرابوون.  پێویسته‌ به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ ته‌رخانكراوه‌ له‌ 2014ه‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌مرۆ بۆیان خه‌رج بكرێت. چونكه‌ ئه‌و كه‌یسه‌ وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران وه‌ریگرتووه‌ و كه‌مكورتی له‌ چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی پاره‌كه‌ هه‌بووه‌."