ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:52 - 10/02/2019

چۆن قسە لەبەندكراوەكان دەردەهێنن‌

پەیسەر

قسە لێدەرهێنان لەبوای لێكۆڵینەوەدا پێی دەگوترێت(دان پێدانان- اعتراف) ئەم جۆرە رەفتارە یەكێكە لەو رێگایانەی لەنێو زیندانەكاندا دەگیرێنەبەر بۆ ئەوەی تاوانێك بدرێتەپاڵ كەسێك یاخود لەسەری ساغ بكرێـتەوە، ئامانج لەو رەفتارە تێكشكانی كەسی بەندكراوە، روخاندنی كەسەكەیە بەو مانایەی هیچ جۆرە بەرگرییەك لە ناخیدا نەمێنێـتەوە، هەركات مرۆڤی دەستگیركراو كەوتە ئەو حاڵەتە ئیدی لەبەردەم لێكۆڵینەوەدا دەبێتە كەسێكی بێ ئیرادەو چییان بوێت پێی دەكەن،جاری وا هەیە ئەو تاوانانەی دەدرێنە پاڵ گیراوەكە  هیچ پەیوەندییەكی پێوەی نیە، بەڵام بۆ ئەوەی وازی لێبهێنن جۆرە سیناریۆیەك دادەتاشێت. 


لێكۆڵەرانی نێو گرتووخانەكان بەردەوام داهێنان دەكەن لە شێوازی ئەشكەنجەدانان دا، لە زۆرینەی زیندانەكاندا پێش ئەوەی هیچی پێبڵێن، زیندانیەكە دەبنە شوێنی روداوەكان، شوێنێك تیایدا هەموو سوكایەتیەكی تێدا دەكرێت، زلەلێدان، شەق، و دارو تێڵا، كارەباو هەڵواسین وهتد... ئامانج لەم كارە ئەوەیە مرۆڤەكە ئیرادەی بڕوخێت و هەر لە سەرەتاوە گیانی بەرگری تێدا سفر ببێتەوە،  لەو رێگەیەوە زیندانی دادەماڵرێت لە هەموو شتێكی دەرەوەی خۆی، لەو زینداندا مرۆڤ خۆی دەمێنێـتەوەو ئیرادەی، لەوێ‌ مرۆڤ ئەوەندە تێكدەشكێت تەنانەت خاوەنی جەستەی خۆشی نیە، زیندانی لە جەنگێگی مان و نەماندایە، ئەگەر بەرگەی ئازارەكانی جەستەو رۆح و هەناوی گرت دەیباتەوەو ئەگەر بەرگەشی نەگرت و هەر ئەوەندەی زانیارەییەكی لەزار هاتە دەرەوە، ئەوەی واتای دەركەوتنی سەرەتاكانی دۆڕانە...
گەشتی لێكۆڵینەوەكانی زیندان لە(كێبڵ)كارییەوە دەست پێدەكات، بەندكراو دەستەكانی لە پشتەوەو بەستراونەتەوەو چاوەكانیش بە پەڕۆی رەشی تایبەت شەتەك دراون و مرۆڤ ناتوانێت هیچ ببینێت، كاتێك بەرەو ژووری (ئاسایش- ئەمنی) بەڕێدەخرێت هەركێ پێی دەگات زرمێكی لێدەدات، خۆ ئەگەر بواریی ئەوەشیی نەبێت لانی كەم بەجنێوێكی سووك بەشداری دەكات، لەوێندەر هەرچی پێیە لێی وەردەگیرێت، لە كاتژمێرەكەی دەستیەوە تا دەگاتە پارەكانی گیرفانی و ناسنامە و ئەوەی كە هەڵیگرتووە، كە ئەمانە تەواو بوون دەدرێتە دەست كەسێك و بەرەو ژووری دیاری كراوی دەبەن، ئەو (سەربازە- ئاسایشە) رێگەپێدراوی تەواوە لەبەكارهێنانی هەر جۆرە ئەشكەنجەیەكی جەستەیی و دەرونی. پێش ئەوەی فەرمانی یەكلاكەرەوەی حوكمی پێدەچێت كەسی زیندانی كراو لە هەفتەیەكەوە تا چەند مانگێك بمێنێتەوە، لەو ماوەیەدا دەخرێتە ژێر فشارێكی گەورەی دەرونی و جەستەییەوە، هەموو بەیانیەك لێكۆڵەرەكان پەیدا دەبن، دەنگی كردنەوەو داخستنی دەرگاكان ئەوەندە ناساز و ناخۆشن كە باس ناكرێن، كاتێك كەسێك ناوی زیندانیەك بانگ دەهێنێت، واتە سەرەی لێكۆڵینەوەی هاتوەو دەبێت چاوەڕێی هەموو جۆرە ئەشكەنجەیەك بكات، هەمیشە چاوەڕێ‌ دەكرێت ژووری لێكۆڵینەوەكان ترسناك و پڕ لەقسەی نەوتراوو پرسیاری بێ وەڵام و قسەگەلێك بن كە وەك (تەڵە) دانرابن بۆئەوەی زیندانی پێبخەنە كێشەكەوە. هەر بۆیە كاتێك ناوێك بۆ لێكۆڵینەوە دەخوێنرێتەوە(كفن)ێك زەرد دەكات.


دەستاڕی ئەشكەنجە ناخۆشی و بێزاری و ئازارێكی زۆری لەگەڵە، ئەشكەنجەدان لە –زیندانەكانی ئاسایش- پێش لە هەموو شت پشت بە تێكشاكانی رۆح و مەعنەویانی مرۆڤ دەست پێدەكات، یەكەم كاریش نەهێشتن و داكەندنی جل و بەرگی زیندانیەكەیە، مرۆڤ كاتێك ئەو شتانە دەبینێت بەهای خۆی لەدەست دەدات و هەموو شتێكی لەبەر چاو دەكەوێت، دەگاتە ئەو بڕوایەی هیچ شتێك بایەخی نیە، دواجاریش ئەو سوكایەتیانەی كە پێی دەكرێت زۆر بە توند ناخ هەژێنەو لە رەگەوە كێشەی بۆ دروست دەكات، دوای ئەوانەش، لێدان و برینداراكردن و داخكردن و برسی و تینووكردنی زۆر توندو ماوە درێژ... ئەمانە بەمانای لێكۆڵینەوە دێن لەو بوارانەی كە پێی دەگوترێت جەدەل و مشتومڕو وازهێنان لە بیرو باوەڕ.
هەموو رێگەیەك بۆ لێكۆڵەر رێگەپێدراوە تا لەو رێگەیەوە بگاتەئامانجەكەی ، ئەو هەرجارەی بە پێی بۆچوون و ئەزموونەكانی خۆی لە نێوان جەستەو ژیری و دەرونی گیراوەكاندا هەر جارەی یەكێكیان هەڵدەبژێرێت تا خاڵە لاوازەكانی بدۆزێتەوەو لەو رێگەیەوە پەی بەنهێنیەكان ببات و خۆی وەكو پاڵەوان وێنا بكات و نیشانی سەرووی خۆی بدات. لێكۆڵەر كاتێك لەبەردەم چیای خۆڕاگریی كەسێك دا خۆی دەبینێتەوە بەدۆڕاوو كەسێكی بێ ئەزموون خۆی دێتە پێشچاو، بۆ ئەوەی هەست بەو دۆڕانە نەكات دەبێت هەرچیی كردووە قسە لە ژێر زمانی بەندكراو بێنێتە دەرەوە، بۆ ئەو گرنگ نیە چی دەبێت ئەوەی گرنگە ئیعترافەو هیچی تر.


هەرچی شێوازەكانی لێكۆڵینەوەشە بەپێی كەسەكان دەگۆڕێت تەنها بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجە دیاریكراوەكە، زۆرینەی لێكۆڵەرەكان شێوازی تایبەت بە خۆیان هەیەو دواتر بە پێی ئەزموونە كەسیەكانی خۆی و بارودۆخی دەروونی زیندانیەكە شێوازی تر تێكەڵ بە شێوازە سەرەكیەكە دەكات، یەكێك لە كارەكانی لێكۆڵەر ئەوەیە پێش لە لێكۆڵینەوەكان خاڵە لاوازەكانی گیراوەكە بزانێت، ئەمەش بۆ ئەوەی بە رێگەیەكی كورت و ئاسان بگاتە ئامانجەكەی، ئەگەر سەركەوتنی بەدەست هێنا ئەوا سەركەوتوو بووەو ئەگەر وەڵامیشی نەدایەوە رێگەیەكی تر دەگیرێتە بەر، 
لێرەدا ئەوانەی كە هێشتا ژووری لێكۆڵینەوەكانیان نەبینیوە دەپرسن ئەو شێوازانە كامانەن؟

یەكەم: شێوازی گریمانەیی لێكۆڵینەوە:
لێكۆڵەر ئەم شێوازە لەكاتێكدا بە كاردەهێنیت كە هیچ زانیارییەكی ئەو تۆی لەبەر دەستدا نەبێت، زانیارییەكی نەبێت لەبەرامبەر كێشەیەك یان ئەو تاوانەی كە زیندانیكراوی لەپێناودا هێنراوەتە ئەو جێگەیە، لێكۆڵەر دێت هەندێك گریمانەو پێشبینی خۆی دادەنێت با لێشی دڵنیانەبێت، ئەو دێتە لەو بارەیەوە زانیاری زۆر كۆدەكاتەوە(ئیدی با زانیاری وردی نەبن و هەر زانیاری گشتی بن)، زانیاریەكان لە رێگەی رێبەر یان هەواڵگریەكانی تایبەت بە خۆیانەوە دەستیان دەكەوێت، یاخود بە هزری خۆیدا دەچێتەوەو ئەزموونی زیندانیانی پێشوتر دێنێتەوە یاد، لەوێوە لێكۆڵەر وێنەیەك دادەنێت و كار لەسەر ئەو وێنەیە دەكات و رێگەی جۆراوجۆر دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجەكەی، ئەو سەرجەم زانیاریەكان لای خۆی كۆیان دەكاتەوەو هەڵدەگرێت و تاووتوێیان دەكات، ئەو گریمانانە دەكاتە پرسیار و ئاراستەی گیراوەكەی دەكات.


بەم شێوەیە، لێكۆڵەر لە پرسیارێكەوە دەچێتە سەر یەكێكی تر، لەكاتی وەڵامەكاندا ئەو هەر خەیاڵی لای وێنەكەی خۆیەتی، دەیەوێت بزانێت ئەو وەڵامە لەكوێی وێنەكەی ئەمدایەو چ بەشێكی بۆ تەواو دەكات، كام لایەی بۆ رەنگ دەكات؟ لێرەوە زیرەكی كەسی بەندكراو رۆڵ دەبینێت كە چۆن بتوانێت خۆی لەو پرسیارانە بەشێوەیەك دەرباز بكات كە گونجاو بێت و نەكەوێتە داوەوە، بەڵام ئەگەر هەر لەسەرەتاوە باوەڕی بەوە هەبوو كە لێكۆڵەرەكە هەموو شتێك دەزانێت و ئاگای لە وردەكاریەكانە، ئەوە ئیتر دەكەوێتە داوی لێكۆڵەرەوەو بە ناچاری دەبێت دان بەهەموو شتێكدا  بنێت و بۆئەوەی خۆی لەسزاو ئەشكەنجە بشارێتەوە دەبێت بكەوێتە درۆ هەڵبەستن تەنانەت بۆخۆیشی، گرنگترین پایەكانی ئەم شێوازی لێكۆڵینەوەیە ئەوەیە كە گومان بخرێتەدڵی بەندكراو لەبارەی هاوڕێكانیەوە كە ئەوان هەموو زانیارییەكەیان لەبارەی ئەمەوە پێداون و خۆیان فرۆشتووە بە دەزگا ئەمنی و ئاسایشیەكان.
لێكۆڵەر لەم شێوازەدا بەدوور و درێژی پرسیار لە بارەی ژیانی گیراوەكە دەكات و چەندین جار پێی دووبارە دەكاتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی گیراوەكە زانیاری نوێ بدات بەدەستەوە یان لێی هەڵە ببێت و لێی بكات بە هەڵا كە زانیاری هەڵەی پێداون، خۆ ئەگەر گیراوەكە تێك نەچوو توانی زانیاریەكان بە تەواوی و بێ زیادو كەم وەك خۆی بڵێتەوە یەكێك لەدەرگاكانی بەردەم لێكۆڵەر دادەخرێت و چیتر لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ ناكاتەوە، لێرەوە لێكۆڵەر شێوازەكەی دەگۆڕێت بۆ یەكێكی تر.


دووەم: شێوازی داپۆشین:
لەم شێوازەدا سەری گیراوەكە بەتایبەتی چاوەكانی بە شتێك دادەپۆشن كە هیچ رۆشناییەك نەبینێت، پاش ماوەیەكی زۆر بەو شێوەیە دەیهێڵنەوە تا گیراوەكە هەست بە (كات نەكات - نەزانێت شەوە یان رۆژ) لە رێگەی ئامێری تایبەتەوە دەنگی لێدان و هاوارو قیژەو تەقەو ناڵەو هەموو ئەو نەهامەتیانەی لە زیندان هەن بۆی لێدەدرێـت، لەناكاویشدا هەر جارەی لە لایەكەوە لێی دەدرێت، یان پاڵی پێوە دەنرێت یان لە لایەكەوە قسەی لەگەڵ دەكرێت، بەو شێوەیە دۆخی دەروونی گیراوەكە بەشێوەیەك تێكدەدەن كە ئەگەر چاویشی بكرێتەوە بۆ چەندین رۆژ هەر لەو هەستەدا دەمێنێتەوەو پێی وایە هێشتا هەر سەری داپۆشراوە، مرۆڤ لەم قۆناغەدا هەستێكی قووڵی دابڕان لە هەموو جیهان یەخەی دەگرێت، دوای ماوەیەك گیراوەكە وا هەستدەكات دەست دەخەنە بینی، هەست بە تەنگ نەفەسی دەكات، وا دەزانێت شتێكی قەرس بەسەر سنگیەوەیەتی، دڵەڕاوكێكەی تا دێت زیاددەكات و لە رووی دەرونییەوە كێشەی بۆ دروست دەبێت، بۆیە هەركاتێك چاوی بەو پەڕۆیە یان كڵاوە دەكەوێت كە بكرێتە سەری ئیدی هەمان خەم و خەفەت یەخەی دەگرێتەوە، تەنگە نەفەسی و دڵتەنگیەكە بۆ دروست دەبیتەوە، هەربۆیە هەندێك لە گیروەكان ئامادەن هەموو شتێك بڵێن بەس ئەو شێوازەی لەگەڵ بەكارنەهێنن و لەو ئەشكەنجەیە دەربازی ببێت، بەڵام ئەگەر بەندكراو ئارامی گرت و لەم قۆناغەشدا بەرگەی گرت و بەو فێڵەشی زانی ئەوا ئارامگرتنی زیاتری پێدەبەخشێت و لێكۆڵەر ناچار دەكات واز لەو شێوازەش بهێنێت.


سێیەم: گومان دروست كردن:
لەكاتی جێبەجێكردنی ئەم شێوازەدا، لێكۆڵەر فیڵێكی دەرونی بەكاردێنێت، ئەو دێت كۆمەڵێك زانیاری راست و دروست لە ژیانی بەندكراوەكە هەڵدەبژێرێت و پێشەكی و پاشەكیەكی هەڵەی بۆ دەچنێت تا گومان لەسەر رووداوەكە دروست بكات، جاری وا هەیە زانیارییەكان لەسەر خودی بەندكراوەكەن، یان هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی، یان لەسەر رێكخراوو حیزبەكەی یاخود لەسەر هاوپیشەو هاوكارەكانی، هەندێكێجاریش لە بارەی بیروباوەڕو عەقیدەی بەندكراوەكەوە، ئەوەش لە پێناوی ئەوەدا پێی بسەلمێنێت كە دەزگای (ئاسایش- ئەمن) ئاگایان لە هەموو وردو درشتێكە، ئەوە بۆ ئەوەیە كە پێی بڵێن ئەوان لەسەر حەقن و راستگۆن بۆیە سەركەوتوون، ئەگەر گیراوەكان راستیان بكردایە دەبوو سەربكەون، ئەوان دەیانویست لەوێوە دونیا بگۆڕن كەچی هیچیان پێناكرێت، ئەوان تەنها ئازاری خۆیان و هاوڕێ و كەس و كارەكانیان دەدەن، هیچ بەڵگەیەك نیە بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی تووشی ئەو كێشانە بكات.


دواتر ئەفسەری لێكۆڵەر دەیەوێت بەندكراوەكە قەناعەت پێبكات كە دەزگای (ئاسایش –ئەمن) ئاگایان لەو هەموو شتێكەو لە هەموو كوچەو كۆڵانێكدا دەستیان هەیە، ئەوان لە رێگەی ئەو راپۆرتانەی هەمیشە بۆیان دەچێت شارەزای هەموو شتێك هەن و ئاگایان لە خشەی مارو مێرووە، هەر بۆیە ئینكاری و نكوولی و خۆ بێئاگاكردن هیچ دادێك نادات وبەكەڵكی هیچ نایەت، ئەوەی ماوەتەوە لەبەردەمیدا تەنها ئەوەندەیە دان بە تاوانەكەیدا بنێت و پەشیمان ببێتەوە تا ئەوانیش وەك هەر كەسێكی تر مامەڵەی لەگەڵ بكەن، چونكە دەزگای ئاسایش ئاگای لەهەموو شتە و لە خەمی ئەوەشدایە كەسانی وەك ئێوە ئازار نەچێژن، دواتر لێكۆڵەرەكە چیرۆكێكی ژیانی خۆیی بۆ دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی بگاتە دڵنیایی تەواو كە بەڵێ ئاسایش ئاگایان لە هەموو شتێكە، دواتر دەیبەنە ناو هەندێك زیندانی (دروستكراو) كەلەژیانێكی خۆش و ئاساییدان و ئەویش لە ناو ئەو ژیانەدایە، بۆیە لێرەوە ژمارەیەكی زۆر لە بەندكراوەكان دەڕوخێن و دان بە هەموو شتێكدا دەنێن.
شێوازی گومان دروستكردن، جۆرێكە لە یاری گزی و فێڵكردن، ئەفسەری لێكۆڵینەوە دەیەوێت هەندێك زانیاری وردو بچووك كۆبكاتەوە و پاشان بیانلكێنێت پێكەوە تا شتێكی لێ دروست بكات، لە رێگەی زانیارییە راست و بچووكەكانەوە بەندكراوەكە بگەیەنێتە درۆیەكی گەورەی بێ بنەما، هەر كاتێك لێكۆڵەر گەیشتە ئەو بڕوایەی كە بەندكراوەكە شل بوەو خەریكە زانیارییەك بدات بە دەستەوە پرسیارەكانی زیاتر و لێكۆڵینەوەكانی توندتر و پپرسیارەكانی چڕتردەكاتەوە.

چوارەم: هێنان و ئامادەكردنی كەس و كار:
هەركاتێك لێكۆڵەر گیشتە ئەو بڕوایەی كە ناتوانێت بگاتە ئامانجەكەی، بەدوای رێگەیەكی تردا دەگەڕێت بۆ ئەوەی كەسەكە بڕوخێنێت و لە كۆتایشدا دان بەتاوانێكدا بنێت، بۆ ئەو مەبەستە كەس و كارەكەی بەتایبەتی مێیینەكانی وەك (هاوسەر، كچ، خوشك، دایك یان دەزگیران)ەكەی دەهێننە زیندان، ئەوان لەوە تێگەشتوون ئەم جۆرە كەسانە خاڵی لاوازی هەموو كەسێكە، ئەفسەری لێكۆڵینەوە ئەو حاڵەتە دەقۆزێتەوە و هەڕەشە لە بەندكراوەكە دەكات ئەگەر دان بەتاوانەكەیدا نەنێت دەستدرێژییان دەكاتە سەر، ژمارەیەكی زۆر لە بەندكراوەكان یەكسەر چۆك دادەدەن، ئەوان دەكەونە نێوان دوو بڕیاری زۆر سەخت، وازهێنان لە ئیرادەو بیروباوەڕ و رەتكردنەوەی دان پێدانان بەو شێوەیەی كە لێكۆڵەر دەیەوێت، ئەو نازانێت كامیان هەڵبژێرێت خۆی و بیروباوەڕەكەی یان كەس و كارەكەی؟ لێرەدا دەبینین لەنێو وڵاتە عەرەبیەكاندا زۆرێك لە ژنان و كچان روو بەڕووی دەستدرێژی سێكسی بوونەتەوە، ئەزیت و ئازرار و ئەشكەنجەیان دراوە.


پێنجەم: وەهمی كوژران:
ئەم شێوازە بە شێوەیەكی گشتی پشت بە لێدانی تەزووی كارەبایی دەبەستێت، یان بە كوژاندنەوەی جگەرە لەسەر جەستەی بەندكراو، یان دەستكردن بەدەرگاوە، یان  گونیەیەك دەكەن بە سەری بەندكراوەكەدا و پشیلە یان مشك و جرجی برسی دەكەنە ناوی و دوایی ئازاریان دەدەن، یان بەندكراوەكە لەسەر پشت پاڵ دەخەن و دەست و قاچی دەبەستنەوەو لێكۆڵەر وایەرێكی كارەبایی لە (شوێنی هەستیار –زەكەر)دەبەستن و ئەوی تریان لە پەنجەی پێی، دوای ئەوە دەیدەن لە كارەبا، ئیتر ئەوەی كە زۆر ناڕەحەتە بەسەری دێت، لێكۆڵەر داوا لە بەندكراوەكە دەكات باشتر وایە دان بەتاوانەكەیدا بنێت تا چیتر ئازار نەچەژێت، ئەگەر هەر ملی بەو داواكارییە نەدا و سوور بوو لەسەر قسە نەكردن، ئەوا بە روونی و بێ پەردە پێی دەڵێت ئەگەر قسە نەكەیت دەتكوژم و خۆم لەم سەر ئێشەیە دەرباز دەكەم. ئەفسەرەكە (ڤۆڵت)یەی كارەباكە زیاد دەكات، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی جەستەی بەندكراوەكە بە توندی بهەژێت، هەناسەی توند ببێت، گیانی دەگاتە قوڕگی، ئەفسەرەكە دەقیڕێنێت هەر ئێستەئەتكوژم، ئیعتراف كە، دان بە تاوانەكەتدا بنێ و خۆت دەربازكە، بەزەیت بە منداڵەكانتدا بێتەوە، خۆ ئەگەر بەندكراوەكە تا ئەو قۆناغەش دان بەخۆیدا گرت، ئەوا لێدانی كارەباكە و قسەكان چەند بارە دەكەنەوە.


شەشەم: گەورەكردن:
گەورە كردنی كێشەكان لای لێكۆڵەر یەكێكە لەو رێگایانەی دەیەوێت لەوێوە بەرگریكردنی نەستی بەندكراوەكە بكوژێت، دەیەوێت دڵەڕاوكێ و كێشەی دەروونی بۆ دروست بكات، تا نەتوانێت بە باشی بیربكاتەوە یان هاوسەنگ و بێ گرفت بڕیار بدات.
كاتێك كەسێك دەگیرێت و دەبرێتە نێو تونێلەكانی لێكۆڵینەوە، ئیتر كۆمەڵێك دیمەنی شانۆیی دەستكردی بۆ دادەتاشن، بۆ نموونە: تۆ ئەندامی فڵانە رێكخراوی ، تۆ سەر بەكێ و كێیت، ئێوە توندڕەو تیرۆریستن، ئێوە مەترسیدارن، دەمێكە چاودێریتان دەكەین و ئێستە كەوتنە داوەكە، تۆ سەری موشكیلەكەی، یان هەندێ جار پێی دەڵێن تۆ خەڵەفاوی تۆ گوناحی تۆ داماوی ، ئیتر كۆمەڵێك وەرەقەی لە فایلێكدا نیشان دەدەن و پێی دەڵێن ئەوە دۆسیەكەتە، تاوانەكانت هەمووی تۆمارە لامان.

حەوتەم: دوژمن و هاوڕێ:
مرۆڤ كاتێك دەچێـتە زیندان هەست بە ئابڵۆقەیەكی كوشندە دەكات، هەموو پەنجەرەكان بە ڕوویدا دادەخرێن، هەست دەكات هیچ دەروویەك نیە بۆ دەربازبوونی مەگەر كەسێك هاوكاری بكات، لێرەوە لێكۆڵەر خۆی دەكات بە پیاوێكی باش و لێی دەچێتە پێشەوە، تا لەم رێگەیەوە فیڵی لێبكات، پەنجەرەیەكی بچووكی بەڕودا دەكاتەوە تا ئومێدێكی بچووكی بۆ دروست ببێت، بەڵام تەنها فێڵێكەو هیچی تر، دواتر ئەو نەرمییە دەبێتە مایەی رووخان و داڕمانێكی گەورە بۆی، لەم حاڵەتانەدا رۆڵەكان دەدرێن بە دوو كەس، یەكەم وەك خوێنڕێژ وبێڕەحم و بێ بەزەیی دەردەكەوێت و رۆڵی ئەو تەنها لێدان و ئەشكەنجەیەو دووەمیش كەسێكی دڵنەرم و لەسەرخۆو فریشتە ئاسا، مرۆڤایەتی لە رەفتارو گوفتاری دەبارێت، لێرەوە شانۆگەریەكە بە دوو پەردەی جیاواز دەست پێدەكات، بەشێكیان هەڵنان و پشتگیری و مامەحەمەییەو بەشەكەی تریش هەڕەشەو لێدان و ئەشكەنجە. خۆ ئەگەر ئەم شێوازی نەرمبڕییە شكستی هێنا لە كێشانەوەی زانیاری ، لێكۆڵەری دڵرەق بە توڕەیی و دەنگی بەرزەوە خۆی دەكاتەوە بە ژووردا، بە شێوەیەكی گاڵتە ئامێزو مانادارەوە پرسیار لە كەسەكەی تر دەكات: دانی نا بە تاوانەكەیدا؟ ئەوە هەمووی خەتای ئەو هەموو سۆزو میهرەبانییەی ئێوەیە، ئێوە كات بە فیڕۆ دەدەن، بڕۆ دەرەوە، ئەو كەسەش خۆی وانیشان دەدات كە لەبەردەم ئەو كەسە خراپەدا خۆی ناگرێت، ئیتر بەندكراوەكە وا تێدەگات دەرگاكانی ئومێدی لێداخراوە، لەو كاتانەدا كەسێك بە جلوبەرگی پزیشكییەوە خۆی دەكات بە ژوورداو لە لێكۆڵەرە تووڕەكە نیگەران دەبێت و لەبەردەستی دەری دەهێنێت، كاتێك دەچێتە دەرەوە خۆی و پزیشكەكە دەمێننەوە، ئەو هەموو جۆرە هاوكارییەكی بەندكراوەكە دەكات، لەسەر كورسی دایدەنێت، ئاوی دەداتێ‌، داوای چاو قاوەی بۆ دەكات.


ئەو پزیشكە ساختەیە بە شێوەی میهرەبانی پێی دەڵێت: دان بەتاوانەكەتدا بنێ و خۆت لەم جەلادو خوێن رێژانە دەربازبكە، بەزەییەكت بە خۆتدابێتەوە، فریات نەكەوتمایە ئەو خوێرییە دەیكوشتی، باشترە ئیعتراف بكەی، ئەگەر بەندكراوەكە ئینكاری بكات و تەسلیم نەبێت ئەو بە شێوەیەكی نەرمتر پێی دەڵێت من لەبەردەم ئەو كابرایەدا بڵێم چی؟ با من بتوانم بەرگریت لێبكەم، با جێگەی قسەیەكم هەبێت، پەیمانت ئەدەمێ‌ ئەتبەمە دەرەوە، بەڵام كاتێك بەندكراو قسەیەكی نیە بۆ كردن، ئیدی لێكۆڵەرەكە دێتەوە ژوور بەدەنگی بەرز هەم دەڵێتەوە دانی پیدانا.؟ پزیشكەكە دەڵێت تۆ وازی لێبێنە ئیعتراف دەكات، تۆ تەنها پێنج خولەك بچۆ دەرەوە و كارت نەبێت، ئەمجارەش گفت و گۆكان دەست پێدەكەنەوە ئەگەر نەگەشتنە ئەنجام ، ئیدی رووی راستەقینەی پزیشكە ساختەكە دەردەكەوێت و ئەشكەنجە دەست پێدەكات.
هەشتەم: وەهمی ئازاد بوون:
ئەگەر هەموو ئەو رێگایانەی پێشوو باس كران شكستیان هێناو بەندكراوەكە ئارامی گرت یان راستگۆیانە قسەی كردو تۆمەتەكانی رەت كردەوە، بەڵام ئەوە نەبوو بە دڵی ئەوان بێت، ئەفسەری لێكۆڵەر پەنا بۆ فیڵێكی دیكە دەبات،  ئەو لەبەرامبەر بەندكراوەكە دادەنیشێت و پێی دەڵێت حەز ئەكەم بە بێ گرێ و بە روونی قسە بكەین، بەراستی من ئەو خۆڕاگریەتم خۆشەوێت، تۆ كەسێكی بەجەرگیت، تۆ پیاوی،  خۆزگە هەموو كەس وەك تۆ بەتوانا و پیاو دەبوو، بەڵام بیرت نەچێت ئەو ئازایەتی و شەهامەتەت دەساڵ زیندانی دەدات بەسەرت دا، دەبێت تا دەساڵی تر چاوەڕێ بكەیت. 

خۆ ئەگەر دانیش بەتاوانەكەشدا نەنێیت ئەوراق و لێكۆڵینەوەكان هەمووی لای خۆمانەو بەدەست خۆمانە، دەتوانین تاوانێك بخەینە ئەستۆت و ببڕێتەوە، بۆ ئەوەی تا ماوی لەزینداندا بیت یان لە سێدارە بدرێیت، من لێرەدا پێشنیارێكم بۆت هەیە تۆش ئازادی لەوەی بەگوێم دەكەیت یا نە، باش بیربكەرەوە، من سبەینێ ئازادت دەكەم، بەمەرجێك هاوكارمان بیت، هەموو شتێكت بۆ دەكەین، تۆ هیچ قوربانیەك مەدە، نۆرەی ئێمەیە هاوكاریت بكەین، ئەگەر كەسێكی توندڕەو تیرۆریستت بینی خەبەرمان بدەرێ‌، تەنها هەواڵ و هیچی تر، من ئەڕۆم بەس بیری لێبكەرەوە نامەوێ ئەم هەلە لە كیس بدەیت.
لێرەدا بەندكراوەكە دەكەوێتە بیركردنەوە لە ئازاد بوون و هەوای ئازادی، تەنها بۆ ئەوەی دان بە بچووكترین شتدا بنێت، تا دوو سێ رۆژ لێی دەگەڕێن و جارێكی دیكە دێنەوەو داوای تەنها یەك زانیاری زۆر سادەی لێدەكەن تاببێتە سەرە داوێك و دووبارە بۆ چەندرۆژێك جێی دەهێڵنەوە و بەم شێوەیە..


هەندێكجار رێگەیەكی تر دەگرنە بەر و بە بەندكراوەكە دەڵێن تۆ بەس بەڵێنمان پێبدە نەچیتەوە سەر ئەو رێگایەو لە جەماعەت دووربكەوەرەوە ئێمە ئازادت دەكەین، كە چوویتە دەرەوە خۆت لە قەرەی كێشەی حكومەت و ئەو شتانە مەدە، دوای ئەوەی بەندكراوەكە دڵی خۆش دەبێت بەوەی دەچێتە دەرەوەو بەكەس و كارەكەی شاد دەبێتەوە، لێكۆڵەرەكە خوا حافیزی لێدەكات و تەنها ئەوەندەی پێدەڵێت كاری ئەو سپێرراوە بە لێكۆڵەرێكی دیكە، هیوا دەخوازێت هاوكاری بێت تا بە زوویی بچێتە دەرەوە، ئەونەی پێناچێت لێكۆڵەری نوێ دێتە ژوورەوە و هەواڵی تەندروستی دەپرسێت ، دەربارەی ژیانی پرسیار دەكات، مەعیشەت و ژیانی چۆن بووە ، كەس و كارەكەی دەبی چەن دڵخۆش بن بەچوونە دەرەوەی ... ئەو لێكۆڵەرە دەڵێت بڕیارمان داوە ئازادت بكەین، ئەو سەیرێكی كاتژمێرەكەی دەكات و دەڵێت بەداخەوە كاتی دەوام نەماوە تا ئازادت بكەین، ئیشەڵا سبەی هیچ ناكەم تا تۆ نەچیتە دەرەوە، ئیدی بەندكراوەكە دەكەوێتە نێو فیكرو خەیاڵی ئازادبوون و كەس و كار، شەو درەنگانێ دێتەوە لای و دەڵێت ئەرێ‌ سەیری دۆسیەكەتم كرد هەندێك زایاری هەیە تێیدا نیە، دەبێت پێمان بڵێیت، هەرچەندە ئەو زانیارییانە هیچ لە بابەتی لێكۆڵینەوەكان ناگۆڕێت و تۆ تازە ئازادكراویت، بەڵام هەر دەبێت لەناو دۆسیەكەتدا هەبێت، بەم شێوەیە لێكۆڵەرە نوێیەكە هەرجارەی بە شێوازێك بەرۆكی بەندكراوی داماوو رووخاو دەگرێت و هەر جارەی بەشێوەیەك زانیاریەكانی لێدەكێشێتەوە.


لێكۆڵەرەكان هەموو ئەم شێوازانەو دەیان شێوازی تر بەكار دێنن تا بتوانن ئیرادەی تێكبشكێنن، تا وای لێبكەن تەنها دەروویەك كە بیری لێبكاتەوە ئیعتراف و دان پێدانان بێت، ئەو لە كۆتاییەكاندا دەمی وشك هەڵدێت، بۆنێكی ناخۆش لە گەروویەوە دێتە دەر، هەست بە سەرسوڕخواردن دەكات و تووشی سەر ئێشەیەكی هێواش و قورس دەبێت، بۆ رۆژی دووەم ئیتر ناتوانێت بخەوێت، بۆ رۆژی دواتر خۆی بە پێوە ناگرێت، هەستێكی بۆ دروست دەبێت ملی ناتوانێت سەری بە ڕێكی رابگرێت، پشتی كۆم دەبێتەوەو سەری شۆڕ دەبێتەوە، رەنگی زەرد هەڵدەگەڕێت، دەمارەكانی خاو دەبنەوە ورگی دەقوپێت، لە مێشك  و دەرونیش دا هەست بە ماندوو بونێكی زۆر دەكات، لێكۆڵەرەكە برسیەتیەكەی بە هەل دەزانێت بۆ ئەوەی دان بەتاوانەكەیدا بنێت، بۆیە ئەو كەسەی بەرپرسی پێدانی نان و خۆراكە هیچ شتێك بەم بەندكراوە نادات، هەندێكجاریش لەناكاو دەیبەنە زیندانێكی تاكەكەسی، بۆ ئەوەی پرۆسەی رووخان و تێكچوونی هاوسەنگی مێشك و دەروونی خێراتر بكەن، بۆ ئەوەی لەوە تێبگات تەنها دەریچەیەك بۆ دەرباز بوون هەبێت ، دان پێدانانە –ئیعتراف-.


ئەفسەری لێكۆڵینەوە كاری ئەوەیە باری دەروونی كەسی بەندكراو تێك بشكێنێت، ئەو زۆر جار دێت و گاڵتە بە بیروباوەڕەكەی دەكات كە ئەم لە پێناویدا خەبات دەكات و وشەیەك ناڵێت، ئەو دێت و جارێك سەری سفر دەكات و نیوەی جێدەهێڵیت، برۆیەكی لادەبات و یەكێكی دیكەیان دەست لێنادات، لایەك لە سمێڵی سفر دەكات و ئەولاكەی تری وەكوخۆی دەهێڵێتەوە... جارێك دێتەوە پێی دەڵێت ئادەی وەك سەگ لەسەر چوار دەستە بڕۆ و بلوورێنە، ئیتر لێرەوە ئەوەندە بەرگریەكانی لاواز بوون بەندكراو بەگوێیی لێكۆڵەر دەكات و هەموو ئاواتیشی ئەوەیە لەو ژیانە پڕ لە رەزالەتە رزگاری ببێت.
كەواتە: لێكۆڵینەوە پرۆسەیەكی وردی شرۆڤەكراوە، كاریگەری لەسەر دەروونی مرۆڤ دادەنێت، لێكۆڵینەوە تەنها ئەشكەنجەو ئازاری جەستەیی نیە بەڵكو پرۆسەیەكە ئازارەكانی دەگاتە قوڵاییەكانی رۆح و دەروون، پێدەنێتە ئەو سنوورەی مرۆڤ عەقڵ و ئاوەزی بشۆرێتەوە، لەو رێگەیەوە ئیرادەو خواستی مرۆڤ هەلاهەلا دەبێت و رۆحی مرۆڤ هەپرون هەپروون دەكات.

 

ئیبراهیم هیلال

تێبینی: لەنێو بابەتە عەرەبیەكەدا هەندێك ناو هاتوون كە پەیوەندییان بە وڵاتی میسرەوە هەبوو، بۆیە بە پێویستمان نەزانی و لامان بردووە، ئەوەش لەبەر ئەوەی شێوازی لێكۆڵینەوەكان لە نێو سەرجەم وڵاتانی دواكەوتووی ئەم ناوچەیە هەمان شێوازەكانی لێكۆڵینەوە پەیڕەو دەكرێت و هەموویان وەك یەكن.