ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:47 - 06/02/2019

لەمپەرەكانی بەردەم ئەردۆگان بۆ ئەندامێتی لە یەكێتی ئەوروپا‌

پەیسەر

بەشی پێنجەم و كۆتایی.

 لەبەشەكانی پێشوودا لە رێگەی بەكوردی كردنی بابەتی شارەزایەكی بواری توركیا بەناوی  (نوها خالد) بەكەمێك دەستكارییەوە، تیشكمان خستە سەر ئەو گۆڕانكارییانەی لە كۆتاییەكانی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی و سەرەتاكانی دەوڵەتی كۆماری توركیادا رویانداوە و بە خێرایی گوزەرێكمان بە نێو مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی ئەو وڵاتەدا كرد، ئەوەی جێگەی سەرنجی ئێمە بوو لەنێو ئەو هەموو گۆڕانگارییانەداو بە درێژایی مێژووی نوێی ئەو وڵاتە چەند خاڵێكی هاوبەش هەن لەوانەش:


 هەرگۆڕانكارییەكی ریشەیی رویدابێت پشت بەست بووە بە دەستوورو و هەر لایەنێكیش ویستبێتی گۆڕانكاری بكات یەكەم شت دەستی بۆ دەستووری وڵات بردووەو بۆ ئەومەبەستەش لە هەموو قۆناغێكدا دەستووری توركیا هەمواركراوەتەوە، لەم رێگەیەوە ئەو تابۆیەی لەسەر دەستوور هەبوو شكێنرا كە پێشتر پێیان وابوو دەستوور (موقەدەس- پیرۆز)ەو نابێت دەستكاری بكرێت. 
زۆرینەی گۆڕانكاریەكان لەرێگەی سندوقەكانی دەنگدان و پەرلەمانەوە بووە. جگە لەو دەتێوەردانە سەربازییانەی كە حسابیان بۆ یاساو دەستوور نەكردووە.
 بە درێژایی مێژووی نوێێ‌ وڵات سوپا لەدەرەوەی دەسەڵاتی سیاسیەكان و حكومەت بوون و هەمیشە وەك رەقیب(چاودێر)ێك بوون بەسەر حكومەتەوەو هەركاتێك رەوشەكەیان بەدڵ نەبووبێت هەڵیان كوتاوەتە سەر دۆخەكەو كودەتایان ئەنجام داوە. ئەم دیاردەیە تا كۆتا (كودەتا)ی ئەو وڵاتەدێـت لە ساڵی 2016 و ئیدی ئەو دیاردەیەی لە ساڵی 1922 ەوە هاتووە پێچەوانە دەبێـتەوە، واتە لەو كودەتا سەرنەكەوتووەی 2016 دا سیاسیەكانی وڵات توناییان وەك هەلێكی زێرێن بیقۆزنەوەو كۆتایی بە دەسەڵاتی سەربازەكان و دیاردەی ئەرگەنەكۆن بهێنن. 
یەكێكی تر لەو دیاردە سەیرانە بوونی هاوپەیمانی جۆراوجۆرە، ئەو هاوپەیمانیانە جاری واهەبووە لەنێوان ئەو پەڕی چەپ و ئەوپەڕی راستڕەو و ئیسلامیدا روویان داوەو هەموو ئەوانەمان لە بەشەكانی پێشوودا روون كردوەتەوە.. ئەمانەو چەندین خاڵی سەرنجڕاكێشتر.


لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین گوزەرێك بەنێو هەندێك لەروداوەكانی دوای ساڵی 2013 دا بكەین و تیشك بخەینە سەر ئەو گۆڕانكارییانە.

رۆژی 10/8/2014 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجام درا، لەدوای هەمواكردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆك لەنێو پەرلەمانەوە نەبێت و راستەخۆ لەناو خەڵكەوە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستە سێ كەس كێبەركێی سەرەكییان دەكرد، هەریەك لە ئەردۆگان و سەلاحەدین دەمیرتاش و ئەكمەلەدین ئۆغڵو.
لەو هەڵبژاردنەدا 55 ملیۆن كەس لەناوخۆو دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەبوو، دوای جیاكردنەوەی دەنگەكان دەركەوت رێژەی (51.79%) دەنگەكان بۆ ئەردۆگان كاندیدی پارتی دادوگەشەپێدان و (38.44%)بۆ ئەكمەلەدین كاندیدی هاوپەیمانیەتەیەكی 13 حیزبی و (9.77%) بۆ  سەلاحەدین دەمیرتاش كاندیدی پارتی گەلی دیموكراتی و پشتیوانی كردنی ژمارەیەك حیزبی چەپ.

لەسەردەمی عەبدوڵاگویلەوە ئەوبڕیارە یەكلایی كرابویەوە كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە دەبێـت و بۆ ئەو مەبەستەش ئەردۆگان بوو بە بیست و دووەمین سەرۆكی ئەو وڵاتە.
بەپێی وتەی شارەزایانی توركیا سەردانی مەسعود بارزانی بۆ توركیا لەو كاتانەدا بۆ ئەوە بووە كە هەست و هۆشی كوردەكانی ئەو وڵاتە بجوڵێنێت و پاڵیان پێوە بنێت بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن و گوڕو تینێك بداتەوە بە پرۆسەی چارەسەری ئاشتیانە كە ماوەیەك بوو راوەستابوو، لەو هەڵبژاردنەدا سەلاحەدین دەمیرتاش لەكۆی 12 كورسی ناوچە كوردستانیەكان 9 كورسی بردەوەو پارتی دادو گەشەپێدان تەنها سێ كورسی پێبڕاوە، بەپێی قسەی چاودێرانی رەوشەكە نزیكەی 4 ملیۆن كەس دەنگیان بە سەڵاحەدین دەمیرتاش وهەدەپە داوەو بەو پێیەش 67 كورسی پەرلەمانیان بەركەوتووە.


 بەڵام لێرەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە سەردانی مەسعودبارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێم لە بری سەردانێك بێت بۆ لای هەدەپەو سەلاحەدین دەمیرتاش وەك تاكە نوێنەری كورد بۆ سەرۆكایەت ئەو وڵاتە، كەچی سەردانی ئەردۆگان دەكات و لەگەڵ خۆیدا هونەرمەند شڤان پەروەر لەگەڵ خۆی دەبات.

یەكێكی تر لەو كێشانەی كە لە روانگەی مافەكانی مرۆڤ و مافی هاوڵاتی بوونەوە هاتۆتە پێشەوە بۆ توركیا، كوشتنی ساكینە چانسیز و هاوڕێكانی بوو، ئەو ژنە چالاكە دامەزرێنەری پارتی كرێكارانی كوردستان بووە لە ساڵی 1978و چەندین جار رووبەڕووی لێدان و گرتن و سزای سیاسی بوەتەوە، ساڵی 1957 لە دەرسیمی باكووری كوردستان لە دایك بووە، ساڵی 1991 لە زیندان ئازاد كراوەو ساڵی 2003 چووتە ئەڵمانیا، ساڵی 2007 بە هۆی چالاكیە بەردەوامەكانی لە ئەڵمانیا لە رێگەی پۆلیسی نێو دەوڵەتیەوە دەستگیر دەكرێت، دوای بڕینی چەندین وێستگەی سیاسی ، لەرۆژی 10/1/2013 لە پاریسی پایتەخی ئاشتی ئەوروپا ساكینەو دوو ژنی تری هاوڕێی تەرمەكانیان  لەنزیك پەیمانگای كوردی دۆزرایەوە، ئەو روداوە بووە هۆی ئەوەی پرۆسەی چارەسەری ئاشتی بوەستێت و هەڵبوەشێتەوە، كوشتنی ئەو سێ ژنە بەیەكجارو پێكەوە لەنێو قوڵایی ئەوروپادا دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناو وەك چاودێرانیش دەڵێن ئەو جۆرە كارانەی توركیا ئەنجامی دەدات بەبەردەوامی دەبێتە رێگر لەبەردەم خەونی چوونە نێو یەكێتی ئەوروپاوە. هەرلەو ماوەیەدا بوو كە ژمارەیكی زۆر بە پەرلەمانتارانی كورد دەستگیركران و هەریەكەیان بەجۆرێك لە جۆرەكان دۆسیەی جیاوازیان بۆ رێكخراو ئەم خاڵەش دیسانەوە دەبێتەوە لەمپەرێك بۆ بەدیهاتنی خەونی دێرینەیان.

15/6/2016  لەناكاو كودەتایەكی سەربازی لەلایەن ژمارەیەك ئەفسەری ناو سوپای توركیاوە ئەنجام درا و ژمارەیەك شوێنی هەستیاری ئەو وڵاتەیان كەوتە دەست و لەناو ئەوانەشدا تەلەفزیۆنی فەرمی (trt) هەرچەندە كودەتاكە سەری نەگرت، بەڵام دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو، كۆپتەرێك بینای پەرلەمانی بۆردومان كردوو تەقە لە دەوروبەری هەردوو فڕۆكەخانەی ئەنقەرەو ئەستانبووڵ كرا، لەسەر پردی بۆسفۆڕ تەقە بەناو خۆپیشاندەراندا كرا، ئەردۆگان لە رێگەی (سكایپ)ەوە داوای لە خەڵكی كرد بڕژێنە سەر شەقامەكان و بەرگری لە حكومەت بكەن ، ژمارەیەكی زۆری خەڵك رژانە سەر شەقامەكان، كودەتا سەری نەگرت.

 سەرنەگرتنی كودەتا و مانەوەی دەسەڵاتی دادوگەشەپێدان و ئەردۆگان هەلێكی مەزن بوو بەدەستیانەوە تا  سەرجەم نەیارەكان پاكتاو بكەن، هەڵمەتی دەستگیركردن و لەكار دوورخستنەوە دەستی پێكرد، 5 جەنەراڵ و 34 سەركردەی سەربازی پلەباڵا و ژمارەیەكی ئێجگار زۆر ئەفسەر و سەرباز دەستگیر كران و ژمارەیەكیشیان لێكوژرا. ئەو روداوە دەنگدانەوەی گەورەی ناوخۆیی و جیهانی لێكەوتەوە.


هەرچەندە تائێستەش بە تەواوی یەكلایی نەبووەتەوە كە سەركردەی راستەوخۆی ئەو كودەتا سەرنەگرتووە كێیە، بەڵام ناوی چەندین كەسی سەربازی و سیاسی لەو میانەیەدا دێت، ئەو سەركردانە لە سەرۆكایەتی ئەركانی سوپاوە تێیدایە تا دەگاتە ئەفسەری پلە خوارەكانی نێو سوپاو سەربازی ئاسایی. بەڵام هەڵوێستی فەرمی حكومەت لەبەرامبەر ئەو روداوەدا تەنها دستگیركردنی گرتەبەر و رێگری كرد لە هەموو فەرمانبەرێكی حكومی بچێتە دەرەوەی وڵات تا ئەو كاتەی رەوشەكە ئاسایی دەبێتەوە.

دەوڵەتی توركی بەفەرمی تاوانی سەرەكیی خستە پاڵ (فتح الله گولەن)ی سەرۆكی بزووتنەوەی خزمەت كە ماوەیەكی زۆرە لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمەریكا نیشتەجێ یەوە لەوێوە بە هەندێك وتارو ئاماژە جاروبار كێشە بۆ دەوڵەتی توركیا دەنێتەوە(وەك حكومەت دەڵێت)، یەڵدرم بە ئاشكرا گوتی كودەتاكە گولەنی لە پشتەوەیە، عەبدوڵا گویلیش گوتی :توركیا ولایەتێكی ئەمەریكی نیە، ئەمەش بە ناراستەوخۆ ئاماژە بوو بۆ فتح الله گولەن.


دوای ئەوەی حكومەتی توركیا بڕیاری یەكلایی كردنەوەی كێشەكانی لەگەڵ گولەنیەكان دەركرد، و پاش راگەیاندنی باری نائاسایی وڵات، مەحكەمەی عورفی پێكهێنراو كەوتە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی و بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لە 80 هەزار فەرمانبەری سەر بە بزووتنەوەكەی گولەن لە سەر كاری حكومی دەركران و دەستیان گرت بەسەر سەرجەم سامانی گوازراوەو نەگوازراوەیاندا و نزیكەی 200 هەزار كەسیشی لێ دەستگیركردن. قوتابخانەو نەخۆشخانەو تەكیەو سەرجەم دامەزراوە خزمەتگوزرایەكانی سەر بە گولەن داخران و مۆڵەتی یاساییان لێ وەرگیرایەوە.

بەپێی یاساكانی مەحكەمەی عورفی و راگەیاندنی باری نائاسایی كە تا ئێستەش هەموو سێ مانگ جارێك نوێ دەكرێتەوە، لەو رۆژانە بەدواوە دەسەڵاتی جوڵاندنی بچووكترین یەكەی سەربازیی لە دەستی سەرۆكی دەوڵەت دا دەبێت وەك سەرۆكی هێزە چەكدارەكان، لەوێوە دەسەڵاتەكانی سوپا لە دەستی سەربازەكان دەرهات و درایە پۆلیسی مەحەلی و ئەوانیش لە ژێر فەرمانەكانی وەزارەتی ناوخۆدایە.


لە رووی میدیاییەوە دەرگا بەسەر هەموو ئەو بابەتە رۆژنامەوانیانەدا داخران كە باس لەكێشەكانی دەوڵەتی توركیا بكات و پشتیوانی لە كودەتاكە بكات،دەیان رۆژنامەنووس دەستگیر كران، تەنانەت هەر هاوڵاتیەك بەرنامەی (luck app) لەناو مۆبایلەكەیدا هەبێت دادگایی و زیندانی بكرێـت، ئەو بەرنامەیە تایبەت بوو بە دروستكردنی پەیوەندی لەنێوان هاوڵاتیاندا و زۆرینەش بۆ ئەو تۆڕانە بوو كەلەدژی دەوڵەت قسەیان دەكرد..

دەستگیركردنی سەلاحەدین دەمیرتاش لە 4/10/2016  كە تا ئێستەش لەنێو زیندانەكانی ئەردۆگاندایە یەكێكی ترە لەو ئاماژانەی كە توركیا نایەوێت كێشەی كورد چارەسەر بكات و پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانە بەردەوامی هەبێت.
دوای ئەوەی ئەردۆگان بەسەرۆكی ئەو وڵاتە هەڵبژێرایەوە، بەمەبەستی دەرچوون لە كێشە ناوخۆییەكان،  چالاكیەكانی لە دەرەوەی وڵاتەكەی ئەنجام دەدا، یەكێك لەو كارانەی دەوڵەتەكەی ئەردۆگان دەستێوەردان بوو لە رۆژئاوای كوردستان، بەجۆرێك كە توركیا دەرگای بەڕووی هەموو ئەو داعشە ئەوروپیانەدا كردوە كە بۆ پەیوەست بوون بە رێكخراوی تیرۆرستی داعشەوە لە عێراق و شام لە ئەوروپاوە دەهاتن، لەدوای لەق بوونی جێگەو پێگەی ئەو رێكخراوەش یەكێك لە گومانە سەرەكیەكان بۆ پەنادانی داعشە هەڵاتووەكان توركیایە.

دوای ئەوەی لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام درا لە 25/9/2017 ، توركیا یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە زۆر بەتوندی و هەڕەشە ئامێزانە وەڵامی دایەوە، هەر لەو میانەیەشدا دەرگایان بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا داخست، تا لە كۆتاییەكانی مانگی رابوردودا بە پێی رێكەوتنێكی تر لەنێوان دەسەڵاتدارانی سلێمانی و توركیادا دووبارە كرایەوە، هێشتا هیچ فڕۆكەیەكی سلێمانی نەچووبوە ئاسمانی شارەكە بارەگاكانی (تەڤگەری ئازادی) نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان داخران.

دەستگیركردنی قەشەیەكی بەڕەگەز ئەمەریكی لە توركیا لە كۆتاییەكانی ساڵی رابوردوودا بووە كێشەیەكی بەرچاوی نێوان ئەمەریكاو توركیا، لەسەرەتای كێشەكەوە توركەكان پێیان وابوو دەتوانن لەو رێگەیەوە ئاڵوگۆڕ بەو قەشەیە بكەن لەگەڵ فتح الله گولەن، بەڵام هەر زوو ئەمەریكەیەكان لە رێگەی وتارە توندەكانی ترەمپەوە گوتیان هیچ مەرجێك  لە توركیا قبووڵ ناكەین، هەر بۆیە بەناچاری بەردرا، شرۆڤەكاران ئەو روداوەیان بە شكستی سیاسەتەكانی ئەردۆگان لێكدایەوە.
هەر لە ساڵی 2016 دا كوشتنی سەفیری رووسی ئەندریە كارلۆف لە ئەنكەرە لەسەر دەستی توركێك بوو بە گەورەترین كێشە بەتایبەتی لە كاتی كوشتنەكەیدا بە دەنگی بەرز الله اكبری دگوتەوەو دەیگووت ئەمە لە تۆڵەی حەلەب دایەو سوریامان لە بیر ناچێت، كوشتنی ئەو سەفیرە بووە مایەی دروست بوونی كێشە، كوشتنی ئەو بەرپرسە رووسیە روداوی خستەنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی سیخۆ 24 ی رووسی بە بیرهێنایەوە كە لە ناوچە سنوریەكانی نێوان توركیا و سوریا لەلایەن سوپای توركیاوە خرایە خوراوە، ئەو روداوەش ئەردۆگانی ناچار بەوە كرد بە فەرمی داوای لێبوردن لە روسیا بكات.

یەكێكی تر لە كارەكانی ئەردۆگان لە دەرەوەی وڵاتەكەی بەردەوام ئەنجامی دەدات هێرشەكانیەتی بۆ سەر سەروەریەكانی خاكی عێراق (هەرێمی كوردستان) بە ئامانجی لێدان لە هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان كە بارەگانیان دەكەوێتە ناوچە شاخاویەكانی قەندیل، هێرشە ئاسمانی و زەمینیەكانی توركیا ئەگەر ئامانجەكەی ترساندن و لێدانی گەریلاكانی پەكەكە بێت لە روویەكەوە ئەوا لە رووەكەی ترەوە بەو مانایە دێت هێشتا رەوشی كوردستانی باكوور نالەبارەو نەتوانراوە لانی كەم ببنە خاوەن مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤ.

ئەم رووداوانە بەڵگەیەكی گەورەن بەدەست ئەندامانی یەكێتی ئەوروپاوە كە توركیا تا ئێستەش خاوەنی ئەو پرانسیپانە نین كە دەوڵەتێكی دیموكراسی مەدەنی هەیەتی بۆیە بە دووری دەزانن ئاڵای توركیا لەو یەكێتیەدا بشەكێتەوە.

 

بۆخوێندنەوەی بەشەکانی یەکـــەم - دووەم - سێیـــەم و چـــوارەم