14/02/2019
ئەگەر سەیرێكی شۆڕشی ڕۆشنبیری و فیكری ریشەیی و بەرفراوانی ئەوروپا بكەین، بەر لەهەمو شتێك پێویستە بگوترێت كە پێشڕەوەكانی ئەو شۆڕشە زۆر باش، ئایین و زانست و فەلسەفەو هونەرەكانی پێش خۆیان هەرس كردوە، زۆر ئاشكرایە لەسەر بنەمای ئەم هەرس كردنە كۆمەكی خۆیان بۆ ئەو بوارە ئەنجامداوە، هەروەها پێویستە ئەو راستییەش پەسەند بكرێت كە سەبارەت بە چۆنییەتی نزیكبونەوەی رۆشنبیرەكان لە حەقیقەتی كۆمەڵگای ئەوروپا كە مەودایەكی باشیان بریوەو لە بواری میتۆد و جێبەجێكردنی دیموكراتی و ریفۆڕمی ڕۆشنگەرییەوە.
لە ئەوروپای سەدەكانی ناوەڕاست پیاوانی ئاینی و كەنیسە هۆكاری ئەو دۆخە ناسەقامگیر و چینە بۆرژوازییە بون كاتێك لەگەڵ پیاوانی دەسەڵات وپاشاكاندا دەستیان هەبو لە جۆرێك لە خۆرافیات و كۆمەڵگایەكی دیماگۆژییانە، بەڵام سەدەكانی دواتر لە ١٣ تاوەكو ١٨ كە بەسەردەمی رێنسانس ناسراوە بەهۆی ئەرك و بەرپرسیارێتی نوخبەیەك لە ڕۆشنیران و نوسەرانەوە توانی جوڵەیەكی نوێ بهێنێتە كایەوە تا سەدەی ١٩ كە بە سەردەمی رۆشنگەری و عاقڵمەندی هەژمار ئەكرێت.
لە ئیتالیا ماكیاڤیلی روناكبیر و نوسەر لە تێزێكدا لە كتێبی میر بەداینەمۆی رۆشنگەری ئیتالی و پارێزەری پارچەبونی ئیتالی دێت ، شۆرشی رۆشنبیری دەستی پێ كرد، لە فەرەنسا و شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی هەوڵ و ئەزمونەكانی گالیڵۆ و برۆنۆ و ئاراسمۆس و تۆماس مۆر ... هتد كەسایەتی و زانا هاوشێوەكانیان كاریگەری ئەوتۆیان هەبوە كە لە ناویاندا جان جاك ڕۆسۆ ئەبینرێت كە لەكتێبی پەیمانی كۆمەڵایەتی رۆسۆدا كە بە تێزی شۆڕشی ڕۆشنبیری دادەنرێت و وەك كتێبی ئینجیلی رۆشنگەری و عاقڵمەندی شۆرشەكانی فەرەنسا بەرز رائەگیرێت كە دواتر پروشكی ئەم شۆڕشە تا خۆرهەڵاتی ناوەراست دێت، تا ئەو ڕادەی گەلانی ئەوروپا شانازی بە تێز و شۆڕشە ڕۆشنبیرییەكانی فەیلەسوف و نوسەرانیانەوە بكەن.
لە هەرێمی كوردستانیش چەندین نوسەر و ڕۆشنبیر بونیان هەیە و هاتونەتە ئاراوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم چینە ڕۆشنبیرە لەكوێی كۆمەڵگا و سیسیتەمی سیاسی دەسەڵاتدارێتی و تەنانەت كایە كۆمەڵایەتییەكانیش توانیویانە جۆرێك لە ریفۆرم و ڕۆشنگەری بكەن و بتوانن كۆمەك بە راستینەی كۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی بكەن؟ بەڵام كاتێك چینێك لەم ڕۆشنبیرو نوسەرانە پێگەو زانستیان و قەڵەمەكانیان بۆ دەسەڵات و سەرمایە بەكار هێناوە تا ئەو ڕادەیەی سەرمایەو دەسەڵاتیش زانست و نوخبەیەك لە رۆشنبیرەكانیان كردوە بە موڵكی خۆیان و كاریگەری ئەم هەڵوێستە پارادیمیانە لەسەر رۆشنبیری و بە تایبەت لەسەر كۆمەڵگاش وێرانكەر بوە، ئەمەش كاتێك روئەدات ئەم چینە نوسەر و رۆشنبیرانەی كە سەربەدەسەڵاتن هەست بە هیچ ئەندێشەیەكی ئەخلاقی و رۆشنبیری بە مانا راستەقینەكەی ناكەن و هەمیشە ئەركییان جوانكردنی ناشریینیەكانی دەسەڵات بوە لە ڕێگەی دامەزراوە میدییایی و حیزبییەكانیانەوە.
لە هەرێمی كوردستان حیزب دەستی بەسەر زانكۆ و ناوەندە زانستی و رۆشنبیرییەكان گرتوەو لە میانەی بیركردنەوە تەسكە حیزبییەكانیانەوە تەماشای سەرجەم دیاردەكانی زانست و رۆشنبیری ئەكرێ، ئەمەش بەو واتایە دێت كە ئەو پارادایمە زانستیانە زۆر پێشتر لە زانستی سەردەم و كۆمەڵگاش داببرێن و ئەوانەشی كە تیایدا خەریكی زانست و مەعریفەن زیاتر لەناو دیدگای سەرمایەو دەسەڵاتی حیزبی دابێت بۆ ئەوەی رۆشنگەری و ریفۆرم نەبێتە بەرهەمی پەرەسەندنێكی رۆشنبیری وەها كە كۆمەڵگا لەئاستی شۆڕشدا بێت، بەڵام نابێت تاكە تاكەی ئەو رۆشنبیرو قەڵەم بەدەستانەی دیكە بەرچاو نەگیرێت كە كەرامەتی رۆشنبیریی و دنیا بینی و پێگەكەیان پاراستوە و تاكە ئامانجیان بەرەوامكردنی هەبونی كۆمەڵگایەكی ڕۆشنبیر بوە لە پاراستن و گوزەرانیدا ، بەڵام بە هۆی ئەوەی كەم و ریزپەڕن و نەتوانراوە دەستگرتنە حیزبییەكان و دەسەڵات بەلاوە بنێین و جۆرێك لە شۆڕش بەرهەمبهێنن .
بە درێژایی دەسەڵاتی دوو حیزبه دهسهڵاتدارهكهی ههرێم، لەرێگەی كڕینی نوخبەیەك لە نوسەران و رۆژنامەنوس و میدیاكار و رۆشنبیرەوە كۆمەڵگایەكی میدیاتیكیان بۆ خۆیان خوڵقاندوە و لە پێشخستنی پاوانەكانی فشار و چەوسانەوەی سەر كۆمەڵگا یارمەتیدەرێكی باشی هەردو حیزبی دەسەڵاتدار بون ئەمە ئەو خاڵەیە كە پێویستی دەركی پێ بكرێت كە زانست و پێنوسەكانیان بوە بە خودی دەسەڵات و لە ئامانجی دۆزینەوەو لێتوێژینەوەی پەیوەست بە راستینەی سیاسەت و كۆمەڵگا دابڕاون .
لە دۆخێكی وەهادا لە هەرێمی كوردستان پێش هەمو شتێك ئەرك و بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیران و نوسەرانە لە پێناو لەدەستنەدانی سەربەخۆیی ڕۆشنبیری و پاراستنی كەرامەتی خۆیانهەوڵی ڕۆشنبیری كۆمەڵگا بدەن و كارو خەبات و بۆچونەكانیان بە بەربەستكردن و وەستاندنی ئەم رەوشە بكەنە ئامانجی خۆیان و لە تەواوی هەوڵەكانیاندا هەم بەهەڵستكارێكی گرنگ بن و هەمیش پێنوس و رەخنەكانیان لە چوارچێوەی رەهەندی بەرخودان و بەگژداچونەوەی سیستەمە شكستخواردوەكەوە بێت، ئەو كاتە تاكە تاكەی ئەو حەقیقەتە زێڕینانە ئەدۆزرێتەوە كە بە درێژایی دەسەڵات هەندێك لە نوسەرانی سەربەدەسەڵات ونیان كردوەو كەلێنی مەزن و هەڵدێریان خستۆتە نێوان دەسەڵات و كۆمەڵگای دیموكراتی عاقڵمەندەوە ،بۆ ئەوەی ناویان بە جوانی لە مێژوودا بمێنێتەوەو جێگای شانازی نەوەكانی داهاتووش بن.