سەبارەت بە راپەرین وەك قۆناغێكی مێژوویی

05/03/2019

كەمال محەمەد

ئەم راستییە چی پیشان ئەدات؟ گوزارشت لە دو ساتی هەرە گرنگی مێژوو دەكات، كە پێكدادانی دو ناسنامەو دەسەڵاتی جیاواز نییە بەڵكوقۆناغێكە وەك بڵێی  میراسێكی گەورەی مێژوویی لە پشتەوەیە، كە ئەو شێوەگرتنە لە دەسەڵاتدارێتییە لە نێوان بیری بەعسیزم و شۆرشگێرەكانی شاخە لەدوای راپەرین كە خۆنوێكردنەوەی فشار و چەوسانەوەیەكی دیكەیە لەرێگای ئامرازی نوێی مەشروعییەتەوە كە دەمامكی شۆڕشگێرییە، بۆیە ئەگەینە ئەوەی كە راپەرین هەرگیز كۆتایی هێنان بە قۆناغێكی كائیوس نەبوە بانگەشەكانی فەراهەمكردنی ئاسایش ئارامی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری بەپێی قۆناغەكانی سەردەم زۆر لە گوزارشتكردنی راستییەوە دوورەو راپەرین جگە لە ئامادەكردنی دەمامكی ئایدۆلۆژی و سیاسی بۆ هەموو جۆرە ستەمكارییەك بەلاوە هیچ ئانجامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتۆتەوە.

سیستەمی سیاسی و حكومڕانی دوای راپەرین نیشانی ئەدات كە شۆڕشگێرەكانی دوێنێ و كاربەدەستانی ئەمڕۆ نەیانتوانیوە ئەو عەقڵییەتە سیاسی و حكومڕانییە بەعس  دەرباز بكەن و بەهەڵە بەرێوەبەرێتی دەسەڵاتیان پێناسە كردوە، كاتێك سەیرێكی هەڵوێست و تێزەكانیان بكەی لە نێوان پیش راپەرین و دوای راپەرین تەواوی ئەو راستیانە ئاشكرا ئەبێت كە گەورەترین درۆزانی شۆرشگێڕی بون و جیاوازییەكانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پێش راپەرین كه‌مه‌، ئەگەر جیاوازیش هەبێت ناوەرۆك و چۆنێتی تیۆر و كرداری حكومڕانی نەگۆڕییەوە تەنها سیستەمێكی ستەمكاری عەرەبی بە كوردی گۆڕیوە.

ئەگەر راپەرین بە مانای رۆژێك بێت بۆ ئازادی و نەمانی چەوسانەوەی دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری وەك رژێمی بەعس، ئەوا بۆ گەل جگە لە یۆتۆپیایەك (خەیاڵ ) هیچی دیكە نەبوەو بە پێی پێویست ئازادی و یەكسانی و دیموكراسی  بەدوادا نەهاتوە تەنها بۆ دەسەڵاتی حیزبی ئەوانەی لەسەرو یاساوەن بوە بەدەستكەوت، هەرچی دیموكراسیشە وەك ئامرازێكی خاوكردنەوەو درێژەدان بە دەسەڵاتیان ئەبینرێت و هەر لەسەرەتاوە لە ئەجێندای سیاسەت و دەسەڵاتیان بەدەر نراوە.

ئەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت كەئەندازیار و نەخشە دارێژەری راپەرین (نەوشیروان مستەفا )بوو كە بەئەركێكی مێژویی و سیاسی خۆی ئەبینێت، كە پێی وابو كوردستان لەهەلومەرجێكی هەستیاردایە كە لەهەموكات زیاتر رێكخستەیە بۆ ئەوەی بە مافەكانی خۆی بگات و رزگاری بێت لەژێردەستەیی، ئەمەشی وەك حوكمێكی پەیرەوی دیموكراتیانە ئەبینی بۆ سەربەخۆیی هەرێم و ناوچە كوردنشینەكان، بەڵام پێشوازینەكردنی هەندێ سەركردەو پارتی سیاسی بۆ ئەو سەردەمەی راپەرین  كاری نەكردە سەر سوربون و هەڵوێستی بەرفراوانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان  تاسەرەنجام  راپەرین ئەنجامدرا.

 ئەوەی مایەی نیگەرانییە سەرانی دەسەڵاتی كوردییە كەلەدوای راپەرینەوە نەیانتوانیوە یان باشتر بڵێین خواستی ئەوەیان نەبوە گەل لەناو یەكسانی و ئازادی ببێتە خاوەن ژیانێكی شاییستەو بەرهەمەكەی  بۆ هەموان بێت، لەم واتایەدا مێژوو خاوەن سروشتێكە هەڵە ناكات  و وەڵامی پرسیارەكانی بۆچی راپەرین كراو ئەنجامەكانی چی بون لە خۆ ئەگرێ، تا بتوانرێت لەرێگەی وەڵامی پیویستەوە بەرجەستەكردنی ئازادی و دیموكراتیەوە لەرێگای هەوڵدان و گۆڕانكاری لە سیستەمی سیاسی و حكومڕانی لەقۆناغەكانی داهاتوو بكرێت بە واقعێك .