پەرلەمان لە رەخنەوه‌ بۆ لەدەستدان

23/02/2019

كەمال محەمەد

لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەر لە هەموشتێك سەرەتای مەترسییەكی نوێیەو زۆر بەئاشكرایی نیشانی دەدا كە چیدیكە ئاستەمە لەرێگەی ئەم دامەزراوەیەوە بەشێوازێكی دیموكراتیانە و خەباتی پەرلەمانی  دیموكراتیزەبون لەگەڵ خۆی بێنێ ، دوای ئەوەی تەواوی توانستی ئەم دامەزراوەیە خۆی لەدەستی پارتیدا بینییەوە و سەرۆك و جێگری بەراستەوخۆ و سكرتێریش بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ بەدەست هێنا لەم قۆناغەدا و لەئەگەری بەشداری یەكێتی لەداهاتوشدا بەو پێیەی سەرۆكایەتی بۆ یەكێتی بەجێ ئەهێلێت، دوان لە سێ ئەندامەكەی دەستەی سەرۆكایەتی بۆ ئەمێنێتەوە ، واتە بەهەردو بارەكە ئەوا حاكمی موتلەق هەربۆ خۆیەتی و هەوڵەكانی پارتی هیواو خەیاڵی ئەو هێزانەی شكاندوە كە هیوایان بەم دامەزراوەیە هەبوە بۆ ڕێگریكردن لێی، بۆیە باشترین ڕێگا بۆ متمانەو بەردەوامیدان بەدەسەڵاتەكانی دەست بەسەرداگرتنی بوو . 

بەدرێژایی دە ساڵی رابردوی كاری پەرلەمانی و دوای دروستبونی هێزی ئۆپۆزسیۆن ئەگەر واتایەك بۆ جوڵانەوەی یاساكان و سیاسەت درابێ و توانای گفتوگۆكردن هێزی بڕیاردانی تێدابێ و جێگایەك بوبێ بۆ ئەو رەخنانەی كە لە بوارەكانی مۆڕاڵ و سیاسیەوە ئاراستەی دەسەڵاتیان كردبێ، ئەوا بۆ ئەم خولەی داهاتو هەڵوێستێكی خەیاڵییەو لە بواری كرداریدا هێندەی چانسی جێبەجێ كردنی نییە، لێرەدا پارتی مۆركی خۆی لە هەژمونگەرایی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتدا نەداوە بەتەنها بەڵكو لەهەمان كاتدا پەرلەمانیشی هاتە سەر، ئەمە ڕەنگە بۆ هێزێكی وەكو گۆڕان بە ئاسانی تێنەپەرێت  كاتێك بەشداری لە چەسپاندنێكی گرنگی ئەو دەستەیە دەكات بۆ سەرۆكایەتی.

رەنگە بپرسین سكرتێری پەرلەمان كە لەم خولەدا ئەگەرێكی زۆرە بە جێگری دوەم دابنرێت ئەندمێكی كەمە نەتەوەكانە نەوەك سەر بە پارتی ، بەڵام ئەگەینە ئەوەی هەروەك چۆن رابردوی كەمەنەتەوەكان هەمیشە پاڵپشتی كورسییەكانی پارتی بون بێگومان ئێستاش بۆئەوان مێژوە و پارتی زیرەكانە یاریییەكەی بەسودی خۆی كۆتایی پێهێنا و قۆناغی شەڕە گەورەكانی جارانی تێپەڕ كرد كەلەبەردەم دەسەڵاتەكانیدا چ لە سەرۆكایەتی هەرێم و چ لە حكومەت و ئەنجومەنی ئاسایش بۆی دروست ئەبوو ، بۆیە دوای چەندین ساڵ بەگژداچونەوەی دەسەڵاتی سوڵتانیزمی و قۆرغكردنی دەسەڵات لەلایەن حیزبێك یان بنەماڵەیەكەوە لەلایەن چەن هێزێكی ئۆپۆزسیۆنەوە ، لە ئاكامدا بەو خاڵە گەیشت  كە ئەو دامەزراوەی شوێنی رەخنەو رەخنەدان بو لەدەسەڵات  ئێستا لەدەستدانی خودی دامەزراوەكە رەخنەیە!

ئەوەی پارتی ئەیكات بەناوی رێكەوتنەوە لەگەڵ گۆڕان پێویستی پێهەڵگرتنەكانێتی بەرامبەر بە یەكێتی لەم قۆناغە سیاسییەدا بەهۆی چاوتێبڕینی زیاتری ئەم هێزە بۆ پشك و یەكێك لە سەرۆكایەتییەكانی هەرێم یاخود حكومەت ، بۆیە پارتی بۆ ئەم ڕێگرییە لەدەرەوەی یەكێتی رێكەوتنی فشار بۆسەر یەكێتی پێكئەهێنێت و تاڕادەی پێویست لەگەڵیدا ئەبێت ، چون پارتی باش ئەزانێت حكومڕانی بە بێ یەكێتی ناكرێت بەڵام بە بێ یەكێتی سیاسەت ئەكرێت بەهۆی هەژمونی هێز و جوگرافیای لەناوچەكەدا ،بەڵام لەگەڵ گۆڕان سیاسەت ئاسان ئەكرێت !یەكێك لەو بەهەڵەدا چونەی گۆڕان لەم ڕێكەوتنەی لەگەڵ پارتیدا ئەوەیە كە نەیتوانیوە ڕێگە بەو مۆرك و دەست بەسەرداگرتنەی پارتی بگرێ كەلە پەرلەمانی داوە بۆ ئێستاو داهاتوو كەلە دانیشتنی هەژدەی مانگدا دەنگی پێدرا، بەڵام گۆڕان بێ ئاگا لەوەی كە خۆی هێزێكە بڕوای بە خەباتی پەرلەمانی هەیەو هەم دەنگی دەنگدەرەكانێتی كردویەتی بەهێزێكی سیاسی گۆڕەپانەكە ، بۆیەكاتێك بیەوێت دەنگی پێویستی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت بۆ تێپەڕاندن و هەمواركردنەوەی هەر یاسایەك بۆی ناچێتە سەرو ئەبێت تەسلیمی ئەو واقیعە بێت كە بەشداربوە تیایدا، جگە لەوەش هۆكاری دەستەمۆبونی ئۆپۆزسیۆنی ئێستاو داهاتوشی پێشكەش بە پارتی كرد،كە بەخەیاڵیش رەنگە قورس بوبێ بۆ خودی پارتی!

خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە كە پارتی لەرێگەی هێزێكی پەرلەمانییەوە رێكەوتن لەسەر پەرلەمانێك ئەكات كە موڵكی ئەو نییەو ئێستا بەموڵكی خۆی لەقەڵەم ئەدات، ئاسیمیلەی دەكات، دەیكات بەموڵكی ئەو یاسایا نەی كە خۆی ئەیەوێت، لە رەوشێكی پێچەوانەشدا دیسان لەرێگەی هەمان دامەزراوییەوە دژبەرەكانی فڕێ ئەدات و بێ ڕۆڵی ئەكات، سنورداركردنی ئەم دەزگایە تاڕادەی بەرژەوەندییەكانی خۆی دەستبەسەرداگرتنی زێدەو قۆناغێكی زۆر مەترسیدارەو واتە ئەتنیكی زاڵ نوێنەرایەتی دەسەڵاتی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە ئەكات لەلایەن پارتییەوە.