وه‌كو ریفراندۆمه‌كه‌ مه‌كه‌ن!

22/06/2020

بەهرۆز جەعفەر

 له‌ ڕاستى دا، سه‌ركه‌وتن و به‌رنامه‌یه‌كى تۆكمه‌و تێروته‌سه‌ل بۆ یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ته‌نها ده‌ستكه‌وته‌كه‌ى بۆ ئه‌و حیزبه‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌رێمى كوردستانه‌ به‌گشتى.

 
لە هەمان كاتدا تێكچونى دۆخى ناو یه‌كێتى و نه‌بونى ڕوئیایه‌كى ڕۆشن له‌م دۆخه‌ى ئێستاى كوردستان و ناوچه‌كه‌ى پیا تێپه‌ڕئه‌بێت، به‌ته‌نها زیانه‌كه‌ى بۆ (ی،ن،ك) نیه،‌ به‌ڵكو بۆ ته‌واوى خه‌ڵكى ئه‌و ناوچانه‌یه‌ كه‌ له‌ پێنجوێنه‌وه‌ تا دووز له‌ ڕاپه‌رینه‌وه‌ تا سلێمانى و كه‌ركوك گوزه‌ران ئه‌كه‌ن. ڕه‌نگه‌ زۆربه‌مان ناوچه‌ى بادینان یان هه‌ولێر شاره‌زا نه‌بین یان په‌یوه‌ست نه‌بین.

وه‌ك خاڵى سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ى ژێر ده‌سته‌ڵاتى (ی،ن،ك) كه‌ دروست هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت و، پرسه‌كان به‌ فه‌یسبوك و ده‌نگه‌ده‌نگ و ئه‌و حیكایه‌ته ى په‌نجا ساڵ زیاتره‌ هه‌یه‌ نه‌سپێرێت.

به‌ كورتیه‌كه‌ى، ئه‌گه‌ر یه‌كێتى حیزبێكى ته‌ندروست بێت له‌سه‌ر حیسابى به‌رنامه‌یه‌كى گشتگیر و سیاسه‌تێكى هاوسه‌نگ بۆ هه‌موو لایه‌ك هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت، ئه‌وا ئیمتیازه‌كه‌ى بۆ تاك و خاكى كوردستانه‌، وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.

به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ دۆخێكى وه‌هادا ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ماڵئاوایی بكات و هه‌موو پنته‌كان تێك بچن ئه‌وا كوردستان وه‌كو لیبیا و سوریاى لێدێت.

بۆیه‌ هه‌زار جار به‌ڵى بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ( كه‌ یه‌ك دینارو دۆلار ئیمتیازو مووچه‌م تیا نه‌بوه‌ و نیه‌)، به‌ڵى ...بۆ نوێبونه‌وه‌و به‌خۆداچونه‌وه‌ى ڕاسته‌قینه‌ى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان.
په‌یامى ئه‌م نوسینه‌ به‌ كورتى بۆ (ی،ن،ك) ئه‌وه‌یه‌:

 وه‌كو ڕیفراندۆمه‌كه‌ مه‌كه‌ن، یه‌ك له‌گه‌ڵه‌و دوان له‌گه‌ڵ نییه‌، وه‌فدى فه‌رمى له‌ ته‌نیشت بارزانى وه‌ستاوه‌ ئه‌ڵێ "به‌ڵێ ...بۆ ڕیفراندۆم". له‌هه‌مان كاتدا له‌گه‌ڵى نین.
هه‌موو یه‌كێتى به‌ مه‌كته‌بى سیاسی، به‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى، به‌ ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ند، به‌تاك، به‌كۆ به‌یاننامه‌یان ده‌ركردو (له‌ ئه‌رشیفدا هه‌موى ماوه‌) كه‌ یان نابێت ڕیفراندۆم بكرێت یان ئه‌بێت له‌كه‌ركوكیش بكرێت.

هه‌مووشیان به‌ جلى كوردییه‌وه‌ ده‌نگیان پێدا...

كه‌چى دوایی كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ى شكست بو، هه‌موویان جنێویان به‌ ڕیفراندۆم داو، گوتیان ئه‌مه‌ خیانه‌ت بوه‌..!.

وه‌ك چۆن ئۆتۆمبیل سوكانى هه‌یه‌، حیزبى سیاسیش پێویسته‌ ڕوئیاى ڕۆشنى هه‌بێت...!

ڕۆژێك چه‌پ و ماویزم..دوایی لیبرال، ئینجا سۆشیال دیموكرات له‌گه‌ڵ وورده‌ بۆرژوا...!

ئه‌مه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ئاساییه‌ ئایدۆلۆجیا ون بێت. به‌ڵام له‌ماوه‌ى ئه‌م چه‌ند مانگه‌ ڕۆژێك داواى كشانه‌وه‌ له‌حكومه‌ت، ڕۆژێك لامه‌ركه‌زیی، ڕۆژێك مووچه‌ ئه‌به‌نه‌وه‌ به‌غدا، ڕۆژێك په‌لامارى حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌ده‌ن كه‌ خۆتان سه‌رۆكى په‌رله‌مانن، وه‌زاره‌تتان هه‌یه‌، كوڕى خوالێخۆشبو مام جه‌لال جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ته‌كه‌یه‌...تادوایی.

ئێستا ئه‌گه‌ر من بڵێم " بارزانى وه‌ك مامێكى ئه‌زیزو گه‌وره‌مه‌" دوو هه‌زار جنێوم پێ ئه‌درێت، تا هه‌فته‌یه‌ك چاودێرى ته‌له‌فۆن و جموجوڵ و چى و چى ئه‌كه‌ن به‌ڵام به‌رێز "كاك بافڵ تاڵه‌بانى" چه‌ندین جار ئه‌لێ بارزانى مامێكى گه‌وره‌و ئازیزه‌..

كاك نه‌وشیروان و كوڕى كاك نه‌وشیروان تا ئه‌وپه‌رى ڕووبه‌ڕوو ڕێزو پێزانینیان هه‌بوه‌ بۆ پارتى دیموكراتى كوردستان. ئه‌مه‌ هه‌موو بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی نێۆ لایه‌نه‌كان بوه‌.

فه‌رمون هه‌ڕه‌شه‌كان گه‌وره‌و كه‌ڵه‌كه‌ بون، هه‌موتان لێى به‌رپرسن، كه‌س وه‌كو نه‌عامه‌ سه‌رى خۆى نه‌خاته‌ ژێر خۆڵ وا بزانێت جه‌سته‌ى به‌ده‌ره‌وه‌ نییه‌.

هه‌موو شان بده‌نه‌ به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ كه‌م بكه‌نه‌وه‌و ده‌رفه‌ت زیاتر بكه‌ن (دوور له‌ ژاوه‌ژاوى میدیاو دركاندنى قسه‌وباسى ناو كۆبونه‌وه‌كان).