حزب و میدیا

12/03/2020

كوردستان ئەحمەد


یەكێك لە هەرە چەكە بەهێز و مۆدێرنەكانی سەدەی نوێ بۆ رووبەرووبوونەوەی نەیار و هەروەها بۆ پتەوكردنی دۆستایەتی نێوخۆی و نێودەوڵەتی بریتیە لە میدیا، میدیا بە هەموو جۆرەكەیەوە رۆڵێكی گەورەی هەیە لە دروستكردنی دوژمن و دۆست و بە هێزكردنی لایەنێك  و لاواز كردنی لایەنێكی دیكە.

زیاتر لە سەدەیەكە  میدیا لە جیهاندا رۆڵێكی زۆر گەورە دەگێڕێت و تەنانەت چەند ساڵێكیشە، میدیاكان رۆڵێكی زۆر گەورە دەبینێت لە دورستكردنی سەركردە و سەرۆكی جیهان.

ئەمریكا و روسیا دوو لە هەرە وڵاتە بەهێزەكانی جیهانن كە سودێكی گەورەیان لە میدیاكانیان بینیوە و لە رێگەی میدیاكانیانەوە خەڵك ئاڕاستە دەكەن و تەنانەت دۆست و دوژمن بۆ خۆیان یەكلای دەكەنەوە، بۆ نمونە كاتێك باراك حسێن ئۆباما دەیویست ببێت بەسەرۆكی ئەمریكا، سەرۆكی گروپی میدیاكانی فۆكس، پەیوەندی پێوەدەكات و دەڵێت: ئەگەر دەتەوێت دەربچیت و ببیتە سەرۆك وەرە بۆلام، ئەوەش بە مانای ئەوەیە ئەگەر فۆكس نیوز بانگەشە بۆ ئۆباما بكات بێگومان ئۆباما دەیباتەوە.

روسیای مۆدێرنیش لە سەردەمی ڤلادمێر پۆتیندا، گروپی میدیاكانی (روسیا تودەی ) دروست كرد، كە رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە كەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی دۆناڵد ترەمپ و هیلاری كلنتندا ، لە سەروبەندی بانگەشەكەدا چەند ڤیدیۆیەكی ئابڕووبەرانەی هیلاری بڵاو كردەوە بەم شێوەیش میدیای روسی رۆڵێكی گرنگی هەبوو لە چەندین بابەتی گرنگدا.

ئەگەر شۆڕبینەوە بۆ خوارەوە و سەیری حزبە كوردیەكان بكەین، دەبینین میدیایەكی  زۆریان هەیە و هەر لە سەرەتای شۆڕشدا كوردەكان زۆر سودیان لە میدیا و راگەیاندنەكان دەبینی، بە هەزاران كەس بەدەنگی رادیۆیەكی لاواز دەهاتنە سەر جادە و بە سەدان گەنج بەهۆی رادیۆیەكەوە دەچوونە چیاكان و دەبوون بە پێشمەرگە و دژیی بەعس دەوەستانەوە.

ئەوە حاشا هەڵنەگرە كە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە دروستكردنی میدیا و چاپ و پەخش  و وەشاندا و بە میدیایەكی بچوك كە ئێزگەی دەنگی كوردستان بوو، دەیتوانی كاریی زۆر گەورە هەم لەشاخ و هەم لەشارەكاندا بكات، ئەوە بۆ پەكەكە و پارتی و بزوتنەوەی گۆڕانیش بەپێیی سەردەمەكەیان دروستە، دەبێت ئەوەباش بزانین كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموویان باشتر لە قورسایی و گرنگی لۆبی تێگەیشتوە و ئێستا ئەو پارتە بە ملیۆنان دۆلار بۆ كاریی لۆبیی میدیایی خەرجدەكات و توانیویەتی لە ئاستی ناو خۆ و نێو دەوڵەتیشدا میدیایەكی بەهێزیان هەبێت ، ئەبێت گۆڕانیش ئەو راستییە بزانیت كە بەرهەمیی ئۆپۆزسیۆنێكی گەورە و بەدەست ھێنانی 25 كورسی و دواتریش هەر بەهۆی میدیاكەیەوە بوو كە ئەو كاتەی تۆری هەواڵی كوردی كەی ئێن ئێن رۆڵێكی زۆر گەورەی هەبوو لە سەردەمی نوێدا بۆ دروست بونی سیستم و بەرنامەی نوێ لە هەرێمی كوردستاندا، خۆ ئەم وێنەیە بۆ پەكەكەش بەهەمان شێوە دروستە كە بەهۆی میدیاوە زۆر شتی باشیی دەست كەوت، بەڵام ئێستا هەر یەكە لە پەكەكە و یەكێتی و  گۆڕان لە ئاستی میدیادا خراپن ئەوەش پێویستی بە گۆڕانكاریی گەورە هەیە.

وەرزی یەكەم
پەكەكە و میدیا
پارتی كرێكارانی كوردستان، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە خاوەنی میدایەكی باش نەبووە، بەڵام هەرگیز میدیایی فەرامۆش نەكردووە، چەند میدیایەكی هەبووە لە رابردوودا كە توانیویانە كاریی باش بكەن بۆ ناساندنی پەكەكە و دۆزی كورد و شتی دیكەش، لە راستیدا تێبینی  زۆر هەیە لە سەر ئەدای كاریی میدیایی پەكەكە  لە ئێستا و لەرابردووشدا،  بەڵام ئەوەی لە ئیستادا دەگوزەرێت، هەرگیز ئەوخواستە نییە كە دەبێت هەبێت سەبارەت بە میدیای پەكەكە.

پەكەكە خاونی زیاتر لە 100 میدیای بیسترا و بینراو نوسراو ە لە هەر چوار پارچەی كوردستان بە زمانی كوردی و عەرەبی و توركی و ئینگلیز یو چەند زمانێكی دیكە، بەڵام ئەوەندە لاوازن كە ناتوانن دەنگی خۆشیان بە باشیی بگەیەننە لایەنگران و ئەندامانی خۆیان، چونكە كوالێتی و سیاسەتی میدیایان زۆر زۆر لاوازە، ئێستا  بزافی رزگاریی خوازیی كوردی لە دوو پارچەی كوردستان كەوتووەتە دەست پەكەكە و لە رێگەی پارتە لایەنداریەكانیەوە شۆڕ بووەتەوە بۆ خوارەوە، ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە كە دەبێت پەكەكە بە خۆیی و ئەدایی كاریی میدیاییدا بچێتەوە و لەبریی ئەو هەموو میدیا بێ سەروو بەرەیە تۆڕێكی میدیایی مۆدێرن و پێشكەوتوو سەركەوتوو دروست بكات .

دەبێت ئەو تۆڕە میدیاییە كە پەكەكە دروستی دەكات بتوانێت سێ كار بكات، یەكەم ئەوەی كە ئەم میدیایە بتوانێت خۆی بەخێو بكات و بتوانێت لەسەر پێكانی خۆیی بوەستێت، دووەم ئەوەی كە پەیامێكی رونی كورد بە هەموو جیهان بدات كە دەیەوێت چی بكات و چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخی خۆیی و دراوسێكانیدا دەكات، و پەیامی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان بە جیهان بەزمانی خۆیان بگەیەنێت، و لەلایەكی تریشەوە دەبێت بتوانێت پەیامەكەی خۆیی بە ناو خۆیی كوردستانیش بگەیەنێت، بۆ ئەویە خەڵك لە رووی راستی پەكەكە تێبگات، ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتریش كارگەلێكی لەو جۆرەی كردووە بەڵام ئێستا ناتوانێت ئەو كارە بكات لەبەر ئەوەی دوو شتی گرنگ كە میدیا پێویستیەتی  ئەونیە كە بریتیە لە روئیای كار كە عەقڵی میدیاییە و هەروەها پارەیەكی پێویست بۆ دروست كردنی میدیایەكی بەهێز ، كە بریتیبێت لە تۆڕێكی سۆشیاڵی و چەندین پەڕەو رووماڵی میدیایی بەهێز.

وەرزی دووەم
یەكێتی و میدیا
یەكێتی نیشتمانی كوردستان، وەك یەكەمین پارتی سۆسیال دیموكرات ، هەر لەسەرەتاوە لە وە تێگەیشتبوو كەمیدیا چەند گرنگ و پێویستە بۆ دیاریكردنی یار و نەیاریی خۆی ، بەڵام لە دوای شۆڕش و لەدوای دروست بونی حكومەتی كوردی نەیتوانی  لە پرسی میدا و راگەیاندندا خۆی ئەپدەیت بکاتەوە و میدیایەكی باش، دروست بكات كە بتوانێت هەم پەیامەكەی خۆی بگەیەنێت هەمیش بتوانێت ئەوەندە بەهێز بێت كە رووبەڕووی ئەو كێشانە ببێتەوە كە رووبەڕووی ناوخۆیی حزبەكەی بووەتەوە.

ئێستا میدیای یەكێتی لە خراپترین ئاستیدایە، كە بەدرێژایی مێژووی میدیای ئەو حزبە كارەساتی بەم شێوەیە نەبینراوە، لە  هەر شارێك دەیبینیت میدیایەكی هەیە بەڵام ئەوەندە لاوازە كارمەندەكانی خۆشیی سەیری ناكەن،  دەچیتە ناو دامەزراوەكانی یەكێتیەوە دەبینیت كە تیڤیەكەیان خستوەتە سەر كەناڵێكی پارتی یان عەرەبی ئەوەش ئیفلاس و سقوتی میدیای یەكێتی نیشاندەدات بە هەموو كوردستان.

ئێستا لەو رووەوە یەكێتی لە دۆخێكدایە كە هەرگیز دۆخی بەو شێوەیە بۆ خۆیی و میدیاكەی دروست نەبووە، پێوستە ئەو هەموو میدیایە دابخات و میدیایەكی بەهێز دروست بكات كە بتوانێت رووبەرووی هەموو جیهان ببێتەوە و رۆڵێكی گرنگی هەبێت لە گەیاندنی حزبەكەی و ئەركە نەتەوەیی ودیموكراسیەكاندا، یەكێتی ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا سەركردەكانی دەبێت تەكلیف لە میدیایەكی حزبەكانی تر بكات بۆ ئەوی هیچ نەبێ بتوانن لێدوانێك لەسەر شتێك بدەن یان بەرگری لە خۆیان بكەن كاتێك هێرشێكی ناهەقیان دەكرێتە سەر.

دەبێت میدیای یەكێتی لە میدیای سلێمانی و میدیای ناو شەستی بچێتە دەرەوە دەبێت ئەم میدیایە ببێت بە میدیای نیشتیمانی و جیهانی و سنوری تەواوی جیهان ببرێت، خۆ ئەگەر ئەوە نەكات ئەوە دەبێت دانیشێت و چاوەرێی مەرگی خۆیی بێت، ئێستا بەنزیكەی مانگانە 1 ملیۆن دۆلار لە میدیاكانی خۆیدا سەرف دەكات و وا بڕیارە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانی یەکێتی میدیای تایبەت بەخۆیان دروست كەن ، یەكێتی لەو بارەیەوە دوو كێشەی گەورەی هەیە، یەكێكیان ئەوەیە كە روئیایەكی بچوك و لاوازی هەیە ، ئەویتریش ئەوەیە كە پارەیەكی زۆر تەخشانو پەخشان دەكات بەسەر کۆمەڵێک کەسدا، ئەوەش وایكلێكردووە كە نەتوانێت ببێتە خاوەنی میدیایەكی بەهێز خۆ ئەگەر هاوسەرۆکانی یەکێتی بە هەمان میکانیزم بەردەوام بن سەرکەوتوو نابن.

وەرزی سێیەم
گۆڕان و میدیا
یەكێك لەو خەسڵەتە جوان و بەهێزانەی بزوتنەوەی گۆرانی پێدەناسرێتەوە و شانازیشی پێوەدەكات كە خاوەنی رێكخستنی حزبی نەبوو، وە تەواوی ئەو دەنگانەی كە بەدەستی هێنا ئەگەر هەموویان بە هۆیی میدیاكەیەوە نەبوبێت ئەوا زۆربەی دەنگەكانی بەهۆی میدیاكەیەوە بووە و ئەویتریش بەهۆی كاریزمایی سەركردەیەكەی و توڕەیی خەڵك و هتد بووە.

 كە ئەمە پنتی نوسینەكەی من نییە و خۆمی لێ لادەدەم، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە حاشا هەڵنەگرە كە میدیاكەی گۆران لەرێگەی راپۆرت و بەدواداچون و بڵاو كردنەوەی وتارەكانی نەوشیروان مستەفاوە و چەندین كاریی دیكەی ترەوە توانی رۆڵێكی گرنگ ببینێت لە هۆشیار كردنەوەی كۆمەڵگا و خەڵك و تەنانەت حزبەكانی دیكەش، چونكە ئەوانی دیكەش دوای بزوتنەوەی گۆڕان بەخۆیاندا چوونەوە و میدیای دیكەیان دروست كرد، بۆ نمونە ئەو میدایانەی پارتی ئێستا شانازیی پێوە دەكات و رۆڵێكی گەورەیان هەیە بێگومان هەموویان بەرهەمیی دوای كەی ئێن ئێن-ن كە رۆڵێكی وەها گەورەی هەبوو توانی لە هەموو هەرێم  كاریگەریی خۆی هەبێت و تەنانەت خەڵكیشی هێنایە سەر جادە.

ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان توشی مەلەلێك بووە، بەوەی كەمیدیایەكی بەهێزیی نییە نیشانی خەڵكی بدات كە پەیامی پارتەكەی بگەیەنێتە دۆستان و لایەنگران و تەنانەت نەیارەکانیشی، ئێستا بەهۆی ئەوەی بزوتنەوەكە میدیایی نییە نازانێت چی دەكات و چی بەخەڵك بڵێت، لەراستیدا بزوتنەوەی گۆران رۆڵێكی باش دەبینێت لە حكومەتدا و توانیویەتی چەند كارێك بكات، بەڵام میدیای نییە و ناتوانێت نیشانی بدات كە دەتوانێ چی تر بكات و چۆن كار دەكات.

جاران پردی پەیوەنید نێوان بزوتنەوەی گۆران و خەڵك دوو میكانیزمی سەرەكی بوو یەكێكیان نەوشیروان مستەفا بوو كە وەك قودوەیەك پەیوەندی بەخەڵكەوە دەكرد و خەڵك دەستی بەروویەوە نەدەنا، یەكێكی دیكەش لە پەیوەندیەكانی ئەو بزوتنەوە و  خەڵك بریتیبوو لەمیدیاكەی كە لەرێگەی شاشەی كەی ئێن ئێنەوە دەیتوانی بە خەڵک  بڵێت چیان دەوێت و داوای چی دەكەن.

ئێستا ئەو پارتە ژمارەیەك میدیایی ئۆنلاینی هەیە كە لە ئاستی پێویستدا نین لە رووی ناوەرۆك و توانای وەشان و توانای مرۆیی و هەروەها دارایشەوە، چونكە بزوتنەوەكە پارەی باش بۆ میدیا خەرج ناكات، بەڵام لە ئیستادا سەرقاڵی دروست كردنی میدیایەكی گەورەیە لە چوارچێوەی تۆڕێكی گرنگدا.

ئێستا نازانرێت ئەو میدیایە چەند بەهێز دەبێت و روئیایی چۆن دەبێت، بەڵام ئەگەر پشت ببەستێت بە توانایی مرۆیی كلاسیك و كۆن و هەروەها پارەی بۆ خەرج نەكات بێگومان مەسیری ئەویش وەك مەسیری مۆر و دەزگاكانی دیكە دەبێت ، كە ماوەیەك كاریی كردو دواتر كەوت.

ئێستا دەبێت ئەو سێ پارتە كوردییە بەگرنگییەوە بڕواننە میدیا و كاریی راگەیاندنی ناوخۆیی پارتەكەشیان بۆ ئەوەی بتوانرێت ببێتە بەشێك لە هاوكێشەی دەرخستنی ناوخۆ و دەرەوەی حزبەكەی خۆیی.