01:27 - 22/10/2022
نوری مالیکی ده‌بێته حاکمی سێبەر لە عێراق
له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا، محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی، به پیاو و به‌رده‌ستی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق داده‌نرێت، هه‌ندێك پێیانوایه مالیكی له ڕێی سودانییه‌وه كۆنترۆڵی پرۆسه‌ی سیاسی ده‌كات و ئه‌و حاكمی سێبه‌ری عێراق ده‌بێت.
محەمەد شیاع سودانی، ساڵی ١٩٧٠ لەدایكبووە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانستی كشتوكاڵ لە زانكۆی بەغداد‌و ماستەری لە بەڕێوەبردنی پرۆژەكان بەدەستهێناوە. محه‌مه‌د سودانی پێشتر له ده‌وڵه‌تی یاسا و كه‌سێكی نزیك له مالیكی بوو، دواتر لێیی جیابوه‌وه، ده‌وترێت جیابونه‌وه‌كه‌شی وه‌ك فێڵێك وابوو بۆ ئاماده‌كاری وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران.
محەمەد شیاع سودانی، له‌ده‌سته‌ی یه‌كه‌می سه‌ركرده عێراقیه‌كاندا نیه، له ده‌سته‌ی دووه‌م و سێیه‌مدا هه‌ژمار ده‌كرێت، چونكه له‌و سه‌ركردانه‌یه كه پێیانده‌وترێت جیلی ناوخۆ و له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا له عێراق ماونه‌ته‌وه.
به‌لێكدانه‌وه‌ی چاودێرانی سیاسی به‌رده‌وام پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران له عێراقدا لاواز ده‌كرێت و ئه‌وه‌ش واده‌كات سودانی له ئاستی ئاڵنگاریی ئه‌منی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا نه‌بێت و له پشت په‌رده‌وه كه‌سێكی دیكه رۆڵی سه‌ره‌كی بگێڕێت كه ئه‌ویش نوری مالیكیه.
چاودێرانی سیاسی پێشبینی ده‌كه‌ن، نوری مالیكی له پشت په‌رده‌وه به ویستی خۆی جموجوڵ بكات و هیچ كام له‌و هه‌وڵانه له‌بیر نه‌كات كه رێگریان لێ‌كرد به‌شێوه‌ی ئاشكرا بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه، هه‌روه‌ها پێیانوایه به‌هۆی لاوازی سودانییه‌وه سه‌ركردایه‌تی فیلعی قۆناغه‌كه له ده‌ستی نوری مالیكی‌دا ده‌بێت و ئه‌وه‌ش وای لێده‌كات ببێته حاكمی سێبه‌ر.
حكومه‌ته‌كه‌ی شه‌یاع سودانی، له‌سه‌ر بنه‌مای پشك پشكێنه داده‌مه‌زرێت و پۆسته‌كان به‌سه‌ر پێكهاته‌كاندا دابه‌شده‌كرێن، ده‌وترێت یه‌كێك له‌و ته‌كنیكانه‌ی نوری مالیكی كاری له‌سه‌ر ده‌كات قسه‌كردنه له‌سه‌ر به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و له‌و ڕێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت ئه‌م چه‌كه له ده‌ستی موقته‌دا سه‌در ده‌ربهێنێت.
تۆمه‌تباركردنی حكومه‌ته‌كه‌ی مسته‌فا كازمی به دیارنه‌مانی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار له بانكی رافیده‌ین له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ته‌ماشا ده‌كرێت.
گه‌ڕانه‌وه‌ی مالیكی وه‌ك كه‌سی به‌هێزی عێراق، دوای ئه‌وه دێت توانی سەرۆكایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی بكات و شكست بە هەوڵەكانی سەدر بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینه‌ی نیشتمانی بهێنێت.
نوری مالیكی، ساڵی 1950 له دایكبووه، 2006 تاوه‌كو 2014 سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بوو، ئه‌مینداری گشتی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامییه، لە كۆتاییەكانی دەسەڵاتیدا هەروا بە ئاسانی دەربازیی نەبوو، بەڵكو كۆمەڵێك كێشەو گرفتی بۆ هاتە پێشەوە لەوانەش: پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكان لەناوچە پەراوێزخراوەكان و ناوچە سوننە نشینەكان، سەرهەڵدانی ناكۆكی هەولێر و بەغداد، سەرهەڵدانی ڕێكخراوی داعش، بەجۆرێك زۆرێك لە خاكی عێراقیان داگیركرد‌و چەك و تەقەمەنییەكی زۆری حكومەتیان كەوتە دەست.
له ساڵی 2014 هه‌وڵیدا بۆ ویلایه‌تی سێیه‌م ببێته‌وه به سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام له‌لایه‌ن كوتله‌ی هاوپه‌یمانی نیشتمانی شیعه‌كانه‌وه ره‌تكرایه‌وه‌و حه‌یده‌ر عه‌بادی له جێگه‌ی دانرا، هه‌رچه‌نده مالیكی ماوه‌ی هه‌شت ساڵه هیچ پۆستێكی ده‌وڵه‌تی به ده‌سته‌وه نه‌ماوه، به‌ڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایه، ئیستا به‌هێزترین و كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تی سیاسی عێراقه، ته‌نانه‌ت شكستی به هاوپه‌یمانیه‌تی سه‌در و بارزانی هێنا، كه ئه‌مانیش له عێراقدا پێگه‌ی به‌هێز و كاریگه‌ریان هه‌یه.