ڕاپۆرتی عیراق

05:30 - 11/01/2023

ته‌یف سامی ده‌ره‌قه‌تی مالیكی و سودانی هات‌

پەیسەر

ئه‌و زه‌مه‌نه‌ گوزه‌شت بوترێت هه‌رێم نمونه‌یه‌كه‌ بۆ عێراق، ئێستا ته‌واو دیمه‌نه‌كه‌ پێچه‌وانه‌یه‌، تادێت له‌وێ سیسته‌م و دامه‌زراوه‌كان به‌هێز و له‌ هه‌رێمیش لاواز ده‌كرێن.


پرسی ٤٠٠ ملیاره‌كه، ئه‌گه‌رچی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك مافێكی ڕه‌وای خۆی سه‌یری ده‌كات و به‌ منه‌تی نازانێت كه‌ بۆی بنێردرێت، به‌ڵام به‌ دیوێكی دیكه‌دا به‌هێزی دامه‌زراوه‌ ده‌ستوری و حكومڕانیه‌كانی عێراقی ده‌رخست.


ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق له‌ناو په‌رله‌مان هیچ كوتله‌یه‌ك پشتیوانی ناكات و ته‌نانه‌ت له‌و به‌رپرسانه‌یه‌ كه‌ هه‌موو هێزه‌كه‌یان له‌ توانا و لێهاتووی خۆیان و سیسته‌مه‌كه‌ وه‌رده‌گرن و وه‌كو ده‌وترێت بێكه‌سه‌، به‌هۆی به‌هێزی یاسا و دامه‌زراوه‌كانه‌وه‌ توانیویه‌تی خۆی بسه‌لمێنێت و مل بۆ فشاری سیاسیه‌كان نه‌دات.


مانگێك ده‌بێت بڕیاری ناردنی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هه‌رێم دراوه‌، بڕیاره‌كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ دراو و له‌ په‌رله‌مانیشه‌وه‌ به‌ربه‌رستی بۆ دروست نه‌كرا، به‌ڵام ته‌یف سامی ئاماده‌نه‌بوو واژۆی له‌سه‌ر بكات، به‌و هۆیه‌وه‌ ناردنی تا ئه‌مڕۆش دواكه‌وتووه‌.


له‌ ناچاریدا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه‌ بۆ ناردنی پاره‌كه‌ ئه‌ویش ناردنیه‌تی له‌رێگه‌ی بانكێكه‌وه‌ كه‌ راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ حكومه‌ت بێت نه‌ك خودی وەزارەتی دارایی و ئه‌ویش بانكی تی بی ئای بانكی بازرگانیه‌.
نه‌چوونه‌ ژێر باری فشاره‌كان له‌لایه‌ن ته‌یف سامیه‌وه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزی سیسته‌م و دامه‌زراوه‌كان و قورسایی پێگه‌ی كه‌سانی ته‌كنۆكرات له‌ عێراقدا لێكده‌درێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ هێشتا وڵاته‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ بە دامه‌زراوه‌یی نه‌كراوه‌.


به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ دامه‌زراوه‌ باڵاكان له‌ نمونه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری لاواز ده‌كرێن و رۆڵی شه‌خس له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا زه‌قتر ده‌كرێته‌وه‌.
به‌بڕوای چاودێرانی سیاسی سه‌رباری لاوازی ده‌وڵه‌تی عێراق، به‌ڵام رێزگرتن له‌ دامه‌زراوه‌كان و ده‌قه‌ یاساییه‌كان تاڕاده‌یه‌ك خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ كه‌لتورو وه‌زیره‌كان به‌پێی ئه‌وه‌ی یاسا بۆی دیاریكردون موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆیان كردووه‌ و گوێ به‌ فشاری سیاسیه‌كان ناده‌ن.


به‌ڵام دیمه‌نه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان پێچه‌وانه‌یه‌، ته‌نانه‌ت خودی كه‌سانی یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵات رێز له‌ یاسا و دامه‌زراوه‌كان ناگرن، بۆ نمونه‌ له‌ ٢٠١٤ه‌وه‌ هه‌رێم یاسای بودجەی‌ نه‌بووه‌، له‌م كابینه‌یه‌شدا سه‌رۆك وه‌زیران ئاماده‌نه‌بوو پرۆژه‌یاسای بودجه‌ بنێرێته‌ په‌رله‌مان و به‌ ویستی خۆی پاره‌ی بۆ وه‌زاره‌ته‌كان خه‌رجكردووه‌.


نمونه‌یه‌كی دیكه‌ هه‌شت ساڵه‌ پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران وه‌ستاوه‌، به‌ڵام سه‌رۆكی هه‌رێم، پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی بۆ فه‌رمانبه‌رانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كردووه‌، لای هه‌موانیش ئاشكرایه‌ كه‌ چۆن دوور له‌ هه‌موو عورفێكی سیاسی و پێچه‌وانه‌ی یاسا په‌رله‌مان چۆن ته‌مه‌نی خۆی درێژ كرده‌وه‌.