ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:38 - 20/11/2018

ئێران عێراقی پڕكردووە لە مادەی هۆشبه‌ر‌

لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی بەكارهێنانی مادە سڕكەرەكان لەنێو چین و توێژە گەنجەكانی پارێزگای بەسرەدا زانكۆ، قوتابخانە، شەقام و كافتریاكان جمەیان دێت لە دوكەڵ و كەسانی بەكاربەر، ئەم دیاردەیە بەرپرسی پۆلیسی ئەو پارێزگایەی هێنایە دەنگ و نەیشاردەوە كە ئێران بازاڕكەی گەرم كردووە.

لەبەر ئەوەی حیزب و لایەنی سیاسی لەپشتی ئەو بارودۆخەوەیە ناتوانرێت بنەبڕبكرێت.

حاكم زاملی كە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێشووی عێراق بوو لە سەر ئاراستەی سەدرییەكان باسی لەوەكردووە كە ئێران و ئەفغانستان دوو سەرچاوەی سەرەكی و گەورەی مادە هۆشبەرەكانن. راشیگەیاندووە لەماوەی رابوردوودا (2650)كەس دەستگیركراون و لە زیندانەكاندا ژیان دەبەنە سەر، لەبارەی كۆتایی هێنان بەدیاردەكەش رایگەیاند لەبەر ئەوەی حیزب و لایەنی سیاسی لەپشتی ئەو بارودۆخەوەیە ناتوانرێت بنەبڕبكرێت.

 مادەی هۆشبەر و باری مۆز:
زاملی (بەبێ ناوهێنان) هەندێك لایەنی سیاسی تاوانباردەكات كە لە پیشتی بازرگانی كردنی مادە هۆشبەرەكانەوەن بۆ ناوعێراق.

 

ئاگایانی دۆخی قوتابخانەكانی پارێزگای بەسرە هوشیارییان داوەتە لایەنی پەیوەندیدار كە دۆخەكە چووەتە حاڵەتی مەترسیدارو تەنانەت قوتابخانەكانی كچانیشی گرتۆتەوە

هەروەها وتی: یەكێك  لەكێشەكانی بازرگانی كردن بەو مادانەوە ئەوەیە كە دەستێك لەپشتی ئەو بازرگانانەوەیە كە مۆز دەهێننە عێراق، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە كە باری ئۆتۆمبێلێكی گەورە مۆز هاتوەتە بازاڕی بەسرەوە كە (نیو تۆن -500 كیلۆ) كۆكاینی تێدابووە، بارەكەش لە ئیكوادۆرە و لەناو سندوقی هەڵگرتنی مۆزدا گوازراوەتەوە.

 

دەستێوەردانی هەندێك لایەنی سوودمەندی ئەو دۆخە، وایكردووە ئەو دادوەرەی لەدۆسیەكە كۆڵیوەتەوە بگۆڕدرێت و دۆسەیەكەش دابخرێت و بازرگانەكەش بێتاوان ئازاد بكرێت.

چەندین كێڵگەی چاندنی هۆشبه‌ره‌كان لە ناوچەی قەرەتەپەی دیالە و هەندێك كێڵگە لە دەوروبەری پارێزگاكانی (سلێمانی، قادسیە و میسان)هەن

ئاگایانی دۆخی قوتابخانەكانی پارێزگای بەسرە هوشیارییان داوەتە لایەنی پەیوەندیدار كە دۆخەكە چووەتە حاڵەتی مەترسیدارو تەنانەت قوتابخانەكانی كچانیشی گرتۆتەوە، بەپێی وتەی زاملی بێت قوتابیانی ئامادەیی و زانكۆكان بەئاسانی دەستیان بە مادەی هۆشبەر دەگات.

چاندنی مادەی هۆشبەر:
بەپێی راپۆرتی (العربیە)كە لەزاری زاملی یەوە گوازراوەتەوە چەندین كێڵگەی چاندنی هۆشبه‌ره‌كان لە ناوچەی قەرەتەپەی دیالە و هەندێك كێڵگە لە دەوروبەری پارێزگاكانی (سلێمانی، قادسیە و میسان)هەن، داوای لە لایەنی پەیەندیداری حكومەت و خەڵكی عەشایەر كردووە كە دەستبەكاربن و خێرا بكەن لە راوەستاندنی ئەو دیاردەیە، چونكە زۆر بەخێرایی تەشە نەدەكات و بڵاودەبێتەوە بەتایبەتی لەنێو چینی لاوو تازەپێگەشتوان دا.

 

هەر لەو میانەیەدا سەرچاوە ئەمنیەكانی بەسرە رۆژانە (10 تا 15)كەس دەستگیر دەكەن لەوانەی بازرگانی دەكەن یان بەكاری دەهێنن. هەروەها باسیان لەوە كردووە بۆ راگرتنی تەواوی دیاردەكە پێویستیان بە توانای زیاتر هەیە و هۆشداری ئەوەشیان داوە بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر حاڵەتی تێپەڕاندووەو بووەتە دیاردەو زۆریش بەخێرایی پەرەدەسەنێت.

ئێران و مادەی هۆشبەر:
سەرۆكی دەزگای پۆلیسی پارێزگای بەسرە فەریق روكن (رشید فلیح) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا گوتویەتی (80%)ی مادەی هۆشبەری پارێزگاكە لەلایەن ئێرانەوە دابین دەكرێت، پۆلیس رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی وەرگرتووە كە ئۆپەراسیۆنی فراوان ئەنجام بدەن و سەرجەم سنوورەكەیان  لەگەڵ ئێران كە 94 كیلۆمەترە كێوماڵ بكەن و كۆنترۆڵی هێنانی ئەو مادانە بكەن.

 

فلیح باسی لەوەش كردووە كە هەماهەنگی تەواو هەیە لەنێوان پۆلیسی مەحەلی و پاساوانی سنوور و سەرجەم هێزە ئەمنیەكان بۆ كۆتایی هێنان بەو دۆخە، لای خۆشیەوە داوای لە لایەنی دادوەری كرد كە سزای تاوانباران و تێوەگلاوەكانی مادەی هۆشبەر سەختتر بكەن بەتایبەتی ئەوانەی بازرگانی پێوەدەكەن. پاشان داوای لەدەسەڵاتی دادوەری كرد سزای لەسێدارەدان دەربكەن بۆ بازرگانە گەورەكان كە بوونەتە مایەی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر لەنێو خەڵكی بەسرەدا بەتایبەتی لاوان و تازە پێگەشتووەكان، هەروەها داوای كرد لە بەرپرسانی تەندروستی پارێزگای بەسرە كە نەخۆشخانەیەكی تایبەت بكەنەوە بۆئەو كەسانەی تووش بوون بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێن و دووربخرێنەوە لەبازرگانەكان.