ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:04 - 12/12/2020

نیگەرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لەبارەی یاسای نوێی دژە کەمینەکان لە پەرلەمانی ئێران‌

پەیسەر

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە دوو مادە لە یاسای سزای ئیسلامی لەبارەی " سوکایەتیکردن بە ئاین و مەزهەبە یاساییەکان و نەتەوەکانی ئێران".

لە بەیاننامەیەکی ئەم ڕێکخراوەدا ئاماژە بەوە دەدات، لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەم یاسایە بەم جۆرەی ئێستا " مافی ئازادی رادەربڕین، ئاین و بیروباوەر لە ئێراندا دەکەوێتە بەر شەپۆلێکی توند."

 رێکخراوی مافی مرۆڤ داوای لە پەرلەمانتارەکانی پەرلەمانی ئەم وڵاتە کردووە، بێ دواکەوتن و بەتەواوی ئەم یاسایە لە بەرنامەی کاری خۆیان لاببەن و خۆیان بە دووربگرن لە هەرجۆرە هەوڵێک بۆ تێپەراندنی بڕیاری لەمجۆرە.

سەلوا غەزوانی، بەڕێوبەری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ گوتی "  یاسادانەرانی ئێرانی لەبری ئەوەی چاکسازی بکەن لە جێبەجێکردنی یاساکانی سزای ئیسلامی و بیگونجێنن لەگەڵ یاسا و پێوەرەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، دەستیانداوەتە هەنگاونان بەرەو هەرچی زیاتر جیاوازیکردن لە نێوان کەمینە ئاینی و بیروباوەڕییەکان و سەرکوتکردنی ئازادی رادەربڕین لە چوارچێوەی یاساکانی وڵاتدا."
بە گوتەی غەزوانی، ئەم پیلانە"  هەڵکردنی چرای سەوزە بۆ بەرپرسانی دادوەری و سەربازیی، تاوەکو ئەو گروپانەی کە پێشتریش ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە بوونەتەوە، سەرکوت بکرێن "
لە بەیاننامەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤدا هاتووە "  کەسانی پەیوەست بە کەمینە ئاینی و بیروباوەڕییەکان، وەک بەهاییەکان کە لەماوەی دەیەهای ڕابردوو ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە و سەرکوتکردن بوونەتەوە، زیاتر توشی مەترسی پێشێلکردنی  مافەکانیان دەبنەوە."

بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەدات، پەسەندکردنی ئەم پرۆژە یاساییە بەمجۆرەی ئێستا "  ترسی ئەوەی هەیە گرووپە کەمینە ئاینی و بیروباوەڕییەکانی وەک بەهاییەکان، یارسانییەکان، دەروێشەکان و بێخوداکانیش بە توندی ڕووبەڕووی سەرکوتکردن و ئازار و ئەشکەنجە ببنەوە."

 ئەم پرۆژە یاسایە، تایبەت بە "سوکایەتیکردن بە ئاین و مەزهەبە یاسایی و نەتەوەکانی ئێران" لە مانگی ئایاری 2020، لە پەرلەمان پەسەنکردا و پاشان نێردرا بۆ ئەنجوومەنی چاکسازی دەستوور "شورای نیگاهبان"

 بە گوێرەی بەیاننامەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، ئەم ئەنجوومەنە لە ئایاری ئەمساڵدا بۆ چاکسازی لە هەندێک لە بڕگەکانی، یاساکەی گەڕاندوە بۆ پەرلەمان و پەرلەمانیش لە مانگی ئەیلولدا چاکسازی تێداکردووە.

بە گوێرەی ئەم یاساییە، سزای توندی "هەر کەسێک  بە مەبەستی دروستکردنی دووبەرەکی یان گرژی لە کۆمەڵگە، سوکایەتی بە نەتەوەکانی ئێران بکات، یان بەهەمان مەبەسەت سوکایەتی راستەوخۆی ئاینی ئیلاهی نوسراو لە یاسای بنەرەتیدا بکات" دەدات.
"ئاینییەکان" و "نەتەوەکان" بە شێوەیەکی گشتی و بێ دیاریکردنی گرووپەکان، وا دەکات ئەو گرووپانە ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە ببنەوە.

لە مادەی دووەمی پرۆژە یاساکەدا، سزای توندی دیاریکردووە بۆ هەر کەسێک  بەشێوەی "کوتلە"، "گرووپ"، "کۆمەڵ" یان هاوشێوەکانیان کارێکی وەک " چالاکی فێرکردن، یان پڕوپاگەندەی لادەری ناراست یان دەستدرێژی بکاتەسەر پیرۆزیەکانی ئیسلام."

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی دەربڕیووە، ئەم سزایانە زیاتر  دژ بە پەیڕە و کارەکانی بیروڕا جیاوازەکانە، وەک پەیڕەوانی بەهایی و عیرفانی زنجیرەیی"حەلقەیی"
پەیڕەوانی ئەم گروپانە، بەگشتی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بە "گروپە سەرلێشێواوەکان" ناودەبرێن و  لەژێرناوی "پڕوپاگەندە دژی سیستم" و " ئەندامییەت لە گرووپی نایاسایی" و "ڕاهینانی زاڵبوونی دەروونی" و ناوی دیکە، بەمەبەستی خراپەکاری لە کۆمەڵگەدا، ڕووبەڕووی سوکایەتی دەبنەوە.