09:56 - 12/12/2020
كۆپلە هۆنراوهیهكی بچووك و كاردانەوەیەكی گەورە
هەر لە سەرەتای هاتنە سەركاری ئەردۆگانەوە چاودێرانی سیاسی و
شرۆڤەكاران باسیان لەوەكرد، ئەو نیازی هەیە ڕۆڵی گەڕانەوەی دەسەڵاتی ئیبمراتۆریەتی
عوسمانی لە ناوچەكەو جیهان ببینێت و خۆشی وەك یەكێك لەسوڵتانە بەهێزەكانی ئەو
ئیمبراتۆریەتە مێژووییە بخاتە ڕوو، بۆ ئەو مەبەستە زۆرینەی شەڕەكانی وڵاتەكەی بردە
دەرەوەی گۆڕەپانەكانی خۆی و هەمان ئەو سیناریۆیانەی دووبارە كردەوە كە هێزەكانی
دیكە دەیكەن و لە مێژووشدا عوسمانیەكان كردوویانە، لە سوریا-رۆژئاوای كوردستان-،
لیبیا، قەرەباغ وهەرێمی كوردستان-عێراق-.
ئەمەریكا شەری بەرژەوەندییەكانی لە دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان
دەكات لە هەر سێ كیشوەری ئاسیا، ئەفەریقا، ئەوروپا، ئێران هیلالی شیعی بەرەو
رۆژئاواو وڵاتانی عەرەبی بەردەوامی پێدەدات و تا سنوورەكانی دەریای سپی ناوەڕاست
ڕۆشتووەو لە یەمەنیش دەستی باڵای هەیە. بەرەو رۆژهەڵاتیش لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی وەك
چین و روسیا پەیوەندی بەهێزی هەیەو لە ڕێگەی مەزهەبی شیعەوە دەستی لەزۆر وڵاتانی
هەڵوەشاوەی یەكێتی سۆڤیەت هەیە، یەكێك لەو ناوچانەش قەرەباغە، كە ماوەیەكە شەڕێكی
گەورە لە نێوان هەردوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمینیادا دروست بوو، دواجار بە
سەركەوتنی ئازەربایجان و خۆڕادەستكردنی ئەرمینیا كۆتایی هات و ئێستاش سوپای ڕوسیا
لەو ناوەدا سەرپەرشتی پرۆسەكە دەكات.
سوپای توركیا ودبلۆماسیەتی ئێران دەستوەردانیان لەو دۆخەدا كردو
دواجار بەبۆنەی سەركەوتنی ئازەربایجانیەكانەوە رەجەب تەیب ئەردۆگان لەوتارێكدا
كۆپلە شیعرێكی ئازەرییەكانی خوێندەوە كە بیری ناسیۆنالیستی ئازەرییەكان دەجوڵێنێت
وئەوەش كاردانەوەی دبلۆماتكارانی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا.
وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامێكی توندی سەرۆك كۆماری توركیا دەداتەوە و
دەڵێت: ھیچ كەس بۆی نیيە باس لە ئازەربایجانی خۆشەویستی ئێمە بكات، ئەمەش وەك
كاردانەوەیەك بە گوتاری رۆژی رابردووی رەجەب تەیب ئەردۆغان لە باكۆ دێت، كە لە
كۆپلە هۆنراوهیهكدا باسی لە جیاكردنەوەی ئازەرییەكانی ھەردوولای رووباری ئاراسی
كردبوو، ئەوەش كاردانەوەی زۆری لە ئێران لێكەوتەوە.
رۆژی پێنجشەممە
10-12-2020 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك
كۆماری توركیا لە رێورەسمی راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر ئەرمینیادا لە باكۆ، كۆپلە هۆنراوهی
ئاراس ئاراس سیمبوڵی ناسیۆنالیستە توندڕەوە ئازەرییەكانە، كە پێیانوایە
ئازەربایجان یەك وڵاتە و ئێران بەشێكی لێ دابڕیوە كە دەكەوێتە هەردوو پارێزگای
(ئازەربایجانی رۆژهەڵات –تەورێز- و ئازەربایجانی رۆژئاوا –ورمێ). زۆرتر پان تورك یان پان
ئازەرییەكان بەكاری دەھێنن.
ئەو كۆپلە هۆنراوهی ئەردۆغان كاردانەوەی توندی محەمەد جەواد زەریف،
وەزیری دەرەوەی ئێرانی بەدوای خۆیدا ھێناو لە هەمان كاتدا .
زەریف لە تویتێكدا گوتی: ئەردۆغان دژی سەربەخۆیی كۆماری ئازەربایجان
قسەی كردووە، ھاوكات بە ئەردۆغان دهڵێت: ھیچ كەس بۆی نییە باس لە ئازەربایجانی
خۆشەویستی ئێمە بكات.
بەهۆی ئەو تویتەی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی
رەجەب تەیب ئەردۆغان،سەرۆککۆماری تورکیا بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی تورکیا محەمەد
فەرازمەند، باڵیۆزی ئێرانی لە ئەنقەرە بانگی وەزارەتی دەرەوە کرد.
ئاژانسی فەرمیی دەوڵەتی تورکیا بڵاویکردەوە کە فەرازمەند ئێوارەی
رۆژی هەینی 2020/12/11 لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نیگەرانییەکانی تورکیای سەبارەت
بە گوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران پێگەیێنراوە. بەتایبەتی کە وەزارەتی دەرەوەی
ئێران دوای تویتەکەش دەریا ئۆرس، باڵیۆزی تورکیای لە تاران بانگکردووە.
دوا شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ناوچە كوێستانییەكانی
كاراباغ 44 رۆژی خایاند، كۆماندۆكان و فرۆكە بێ فرۆكەوانەكانی توركیا رۆڵی
سەرەكییان لە سەركەوتنی ئازەربایجان ھەبوو، ئێستا بە نێوەندگیری رووسیا، ئەرمینیا
دەبێت بەشێك لەو ناوچانەی 30 ساڵ بەسەریاندا زاڵ بوو، رادەست بكاتهوه.
ئەگەرچی
لەمیدیا فەرمییەكاندا ئێران پشتیوانی لە ئازەربایجان دەكرد، بەڵام دواتر دەركەوت
كە تاران لەو سەركەوتنەی باكۆ نیگەرانە، چونكە ئێران سنووری وشكانی لەگەڵ ئەرمینیا
نەماوە و لە جێگیركردنی چەكدارانی نزیك لە توركیا كە ئێران بە تیرۆریست
ناویاندەبات، نیگەرانە.
بە گوتارە جۆش و پڕلەخرۆشاوییهكهی ئەردۆغان لە باكۆوە دەركەوت، كە
نیگەرانییەكانی ئێران بێھۆش نەبوو، چونكە هۆنراوهی ئاراس ئاراس سیمبوڵی
ناسیۆنالیستە توندڕەوە ئازەرییەكانە، كە پێیانوایە ئازەربایجان یەك وڵاتە و ئێران
بەشێكی لێ دابڕیوە.
رێککەوتننامەی تورکەمانچای لە ساڵی 1828 بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی
نێوان ئێران و رووسیا لە سەردەمی فەتحعەلیشای قاجاڕ واژۆکرا. بەپێی رێککەوتنەکە سێ
ویلایەتی قەوقاز (یەریڤان، نەخجەوان و بەشێک لە تاڵش) کەوتەژێر کۆنترۆڵی رووسەکان
و دەسەڵاتی ئێران بەسەر دەریای مازەندەران (خەزەر) سنووردارتر کرا.
بەو رێککەوتنە بەکۆی گشتیی نزیکەی 30 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە لە
خاکی ئێران دابڕێندرا کە ئێستا 20 هەزار کیلۆمەتری لە ئەرمینیایە، 5 هەزار
کیلۆمەتری لە ئازەربایجان و 5 هەزار کیلۆمەتریشی لە خاکی تورکیایە.
لەو سەردەمە رووباری ئەرەس وەک سنووری نێوان رووسیای قەیسەری و ئێران
دانرا و هەموو ناوچەکانی باکووری رووبارەکە لە ئێران دابڕێندرا و بووە خاکی رووسیا.
ئازەرییەکانی ئێران
ئازەرییەکانی ئێران دووەمین نەتەوەن لەو وڵاتە لەدوای نەتەوەی فارس و
لە باکووری رۆژئاوای ئێران لە سنووری تورکیا و ئازەربایجان نیشتەجێن، ژمارەیان
نزیکەی 20 ملیۆن کەس دەبێت و زۆربەیان شیعە مەزهەبن.
شەڕی قەرەباخ
نزیکەی 20%ی خاکی ئازەربایجان بۆ ماوەی نزیکەی سێ دەیە لەژێر
کۆنترۆڵی ئەرمینیا بوو. رۆژی 27ی ئەیلوول شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە
لەسەر ئەو زەوییانە دەستیپێکرد، ئازەربایجان توانیی کۆنترۆڵی بەشێکی بەرچاو لە
خاکی ناگۆرنۆ قەرەباخ و چواردەوری بکات کە لە جەنگی ساڵانی 1991 - 1994
لەدەستیدابوو.
لە ماوەی رابردوودا ئەنقەرە پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ باکو دەربڕی بۆ
رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەرمینیا و رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە سەرکەوتنی
ئازەربایجان لەو شەڕەدا.
ئێران پێشتر بێلایەنی خۆی لە شەڕەکە راگەیاندبوو و پێشوازیی کردبوو
لەو رێککەوتنەی کە ئەرمینیا قبوڵیکردووە ئازەربایجان بەشێکی خاکی قەرەباخ
کۆنترۆڵبکات و بیخاتەژێر دەسەڵاتی خۆی، بەڵام هاوکات نیگەرانە لە گۆڕانکارییەکانی
سنوورەکەی و جێگیربوونی چەکدارانی سوننە مەزهەب لەسەر سنوورەکانی لەدوای ئەو
گۆڕانکارییانە.