ڕاپۆرتی عیراق

09:24 - 23/04/2022

"چوارچێوە" دەخولێتەوە و "رزگارکردنی نیشتمان"یش بە دوای دەرچەیەکەوەیە‌

پەیسەر

فەرهاد عەلائەدین

شەوی 30ـی ئاداری ئەمساڵ، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، گفتوگۆ لەگەڵ فراکسیۆنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەگرێت و "هەلێک بە (سێیەکی پەکخەر) دەدات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ گشت فراکسیۆنەکان بەبێ هەڵاوێردکردنی هیچ یەکێکیان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی بەبێ فراکسیۆنی سەدرییەکان؛ ماوەکە لە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە تاوەکو نۆی مانگی شەوال دەبێت".



لای خۆیەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، دەستپێشخەرییەک دەخاتەڕوو بۆ چارەسەرکردنی کێشمەکێشە سیاسییەکە و دەستی دایە جووڵەیەکی نێوخۆیی و کۆبوونەوە لەگەڵ هەردوو فراکسیۆنی عەزم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵام نەیتوانی هێزی دیکە بە لایخۆیدا کێش بکات، بە تایبەت هاوپەیمانیی سەروەری و پارتی دیموکراتی کوردستان.


زیاتر لە شەش مانگ بە سەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە و هێشتا فراکسیۆنە سیاسییەکان لە بازنەیەکی بۆشدا دەخولێنەوە بێ ئەوەی بتوانن حکومەت پێکبهێنن و هەمووانیش بەبێ هەڵاوێردن لەوە دەچێت پەلەیان بێت بۆ تەواوکردنی پێداویستییە دیموکراسییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن؛ بەمەش پەیمان و بەڵێنی خۆیان بۆ دەنگدەرانیان و دەوڵەت و بەرژەوەندییەکانییان شکاند. بنبەستە سیاسییەکە زیان بە هەمووان دەگەیێنێت، لەپێشەوەش بە بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەت کە رووی لە داڕمانە.


ئاماژەکانی درزتێکەوتنی هاوپەیمانیی "رزگارکردنی نیشتمان"

لێکدانەوەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ ماددەی 70ـی دەستوور کەتوارێکی سیاسیی سەختی بەسەر هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتماندا سەپاند و ئەرکەکەی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەت کردە نیوە لە جێبەجێکردن بێ سازان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکە. ئەم هاوپەیمانییە هەوڵی تەواوی دا، بەڵام سێجار شکستی هێنا لە کۆکردنەوەی 220 پەرلەمانتار بۆ تەواوکردنی ژمارەی یاسایی بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، کە دوایینیان ئەوەی رۆژی 26ـی ئاداری 2022 بوو.


هەندێک چاودێر پێیان وایە راگەیاندنی گۆشەگیری بۆ ماوەی چل رۆژ لە لایەن رێبەری رەوتی سەدر و رێگریکردنی لەوەی دەستەی سیاسیی رەوتەکە دیداری سیاسی و دانوستاندن بکات مانۆڕێکی سیاسییە، هەندێکی دیکەیش پێیان وایە ئەوە هەڵەیەکی تاکتیکی دیکەیە کە دەچێتە پاڵ هەڵەکانی دیکە، چونکە کردنەوەی رێگە بۆ چوارچێوە وایکرد پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەو لایەنانە بەهێز بکات کە بایکۆتی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریان کردبوو، هەروەها دەرگەی کردەوە بۆ ئەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کار لە سەر پێکهاتەکانی هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکە بکات.


هاوپەیمانیی سەروەری یەکەمی ئەوانە بوو کە لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بە ئامانج گیرا و دەستیکرد بە گوشار دروستکردن بۆ سەر ئەو وڵاتە ناوچەییانەی پشتیوانیی هاوپەیمانیی سەروەری دەکەن؛ هەواڵە دزەپێکراوەکان لە کۆریدۆرەکانی وتووێژەکانەوە باس لەوە دەکەن کە ئیمارات بە هاوپەیمانیی سەروەیی گوتووە گفتوگۆ لەگەڵ چوارچێوەدا بکات.


محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدوم هەفتەی رابردوو چەند دیدارێکی درێژ و بەرفراوانی رانەگەیێندراوی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوە هەبووە و یەکێ لە سەرکردەکانی چوارچێوە گوتوویەتی حەلبووسی "بە ئێمەی راگەیاند کە ئەو ئێستا بێلایەنە لەنێوان چوارچێوە و رەوت و لە پڕۆژەی پێکهێنانی حکومەت بەبێ رێککەوتنی رەوت و چوارچێوە بەردەوام نابێت"؛ سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی عەزمیش ئەم ئاراستەیەی دووپاتکردەوە. 


لەم نێوەندەدا شاندێکی ئێران بە سەرۆکایەتیی باڵیۆزی پێشووتری ئێران، حەسەن دانایی فەڕ، رۆژی 12ـی نیسانی 2022، سەردانی هەولێری کرد و چاوی بە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوت، لە سەروویانەوە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتەکە. جێی باسە، ئێران لە 13ـی ئاداری 2022دا هێرشێکی مووشەکی کردە سەر هەولێر و زۆر لە چاودێران هۆکاری هێرشەکەیان بە رێگری لە بەردەوامیی هەولێر لە هەوڵی پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن شانبەشانی رەوتی سەدر گرێدا، هەرچەندە راگەیاندنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە هۆکارەکە هەبوونی بنکەیەکی هەواڵگریی ئیسرائیل بووە کە هەولێر ئەوە بە تەواوی رەتیکردەوە و لیژنە پەرلەمانییەکەی عێراقیش ئاشکرایکرد کە هیچ بەڵگەیەک لە سەر بوونی ئەو جۆرە بنکەیە لە شوێنە بەئامانجگیراوەکەدا نییە. سەرچاوەیەکی ئاگاداریش رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی عێراق لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ تاران پەیامێکی لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێبووە بەوەی پارتی لە پڕۆژەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە بەردەوام نابێت بێ هەبوونی سازانێکی شیعی لە نێوان چوارچێوە و رەوتدا.


"چوارچێوە لە بازنەیەکی بۆشدا دەخولێتەوە"


هاوکات لەگەڵ گۆشەگیریی رێبەری رەوتی سەدردا، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە تویتێکدا رۆژی 30ـی ئاداری رابردوو رایگەیاند: "پەڕاوی دەستپێشخەرییەکمان ئامادە کردووە بۆ چارەسەری دۆخە چەقبەستووەکە، دوای ئەوەی روون بووەوە هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکە دەستپێشخەرییەکی نەبوو بۆ چارەسەرکردنی واقعبینانە کە پڕۆسە سیاسییەکە لە داڕمان بپارێزێت" و بەڵێنیدا دەستبکات بە گفتوگۆ لە ماوەی دوو رۆژدا "بۆ پێگەیاندنی دەستپێشخەرییەکە و رووکردنە هێز و پێکهاتە سیاسییەکانی دیکە"، بەڵام رووبەڕووی راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانیی سەروەری بووەوە بەوەی لەگەڵ هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان دەمێننەوە و لەگەڵ چوارچێوەدا کۆنابنەوە.


دوای تێپەڕبوونی هەفتەیەک بە سەر دەستپێشخەرییەکەی مالکیدا، عەممار حەکیمی سەرۆکی رەوتی حیکمە لە هەشتی نیسانی 2022دا دەستپێشخەرییەکی نۆ خاڵی راگەیاند و گوتی: "لە روانگەی بەرپرسیارێتی ئاکاری و نیشتمانییەوە داوا لە هەموو هێزەکانی نوێنەری گەورەترین پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و هەموو هاوبەشانمان لە نیشتمان دەکەم لەم کەتواری چەقبەستووییە سیاسییەی هەیە بێنە دەرەوە".


دەستپێشخەرییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گوتارەکەی بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە دەوری تەوەری "پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن بە پێی دەستوور لەو هێزانەی کە نوێنەرایەتیی گەورەترین پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەکەن" دەخولێنەوە، ئەمەش بە واتەی ئەوەیە گەورەترین فراکسیۆنی تەواو شیعە دروستبکرێت و ناوی لێ بنرێت گەورەترین فراکسیۆن و ئینجا سەرۆکوەزیران دەستنیشانبکرێت و بەرەو پێکهێنانی حکومەت بچن؛ سەدریش ئەمەی رەتکردووەتەوە و بەو جۆرەش ئەمە خاڵی ناکۆکیی نێوان چوارچێوە و رەوتە.


چوارچێوە هەوڵیدا دەستپێشخەرییەکە بکات و هێزە بچووک و مامناوەندەکان کێش بکات، بەڵام لەگەڵی هاودەنگ نەبوون، ئەوانە نەبن کە پێشتر لەگەڵی رێککەوتبوون، وەک هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕایی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، کۆبوونەوەکانیشی تەنیا لەگەڵ ئەم هێزانە بوون بەبێ ئەوەی بتوانێت هێزی نوێ کێش بکات. لەگەڵ ئەوەیشدا زیاتر پێداگر بوون و متمانەی زۆرتریان هەیە بەوەی هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان ناتوانێت دوای جەژنی رەمەزان 220 پەرلەمانتار کۆ بکاتەوە و هیچ رێگەیەکی جگە لە سازان یان چەقبەستوویی لە بەردەمدا نییە.


"چارەسەری پینەکارانە و گێڕانەوەی نموونە لوبنانییەکە"


چاودێران پێیان وایە هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان چووەتە تونێلێکەوە و تا رێبەری رەوتی سەدر نەگەڕێتەوە گۆڕەپانە سیاسییەکە ناتوانێت لێی بچێتە دەرەوە و دوای گەڕانەوەی ئەویش هیچ چارەسەرێکی راستەقینە نادۆزێتەوە تاکو بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت لە پێکهێنانی حکومەت بەردەوام بێت؛ هۆکارەکەیش ئەوەیە کە گۆڕەپانە سیاسییەکە و هاوبەشەکانی خۆی بەجێهێشت بۆ ئەوەی ببنە ئامانج بۆ پاڵەپەستۆکانی چوارچێوە.


هەندێک پێیان وایە یەکێک لەو بژاردانەی لە بەردەم سەدردان جووڵاندنی خۆپێشاندانی گەورەیە دژی حیزبەکان، بەڵام ئەم بیرۆکەیە دووربینیی تێدا نییە، چونکە دەرچوونی سەدر بەم جۆرە دەبێتە دژایەتیی ئەو دەسەڵاتەی خۆی کۆنترۆڵی دەکات؛ کۆنترۆڵی ئەو بە سەر حکومەتەکەی ئێستا و ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە روونە و ئەمڕۆ رەوتی سەدر بە رادەیەکی زۆر کوێخایەتیی دیمەنە سیاسییەکە و حکومەتی ئێستا و پەرلەمان دەکات و هەر خۆپێشاندانێک لەم دۆخەی ئێستادا پێش هەر کەسێک لێدانە لە رەوتی سەدر. 


دەستەبژێرەکانی کۆمەڵگە، بە تایبەتی گرووپەکانی واتساپ کە ئاواز و دەنگی سیاسی لەخۆ دەگرن، دەستیان داوەتە داڕشتنی بیرۆکە و خستنەڕووی رێگەچارە بۆ چەقبەستووییەکە، لەوانە بەردەوامبوونی حکومەتەکەی ئێستا بە هەندێک دەستکارییەوە لە هەندێک وەزارەت، دەرکردنی چەند وەزیرێکی نەویستراو و دانانی وەزیری نوێ لەڕێگەی دەنگدان لە سەریان لە ئەنجوومەنی نوێنەران؛ یان دەرکردنی وەزیرێک و راسپاردنی بریکارەکەی بۆ ئەوەی جێگەی بگرێتەوە، وەک ئەوەی لە هەردوو وەزارەتی کارەبا و تەندروستیدا روویدا؛ یان دەرکردنی وەزیرەکە و راسپاردنی وەزیرێکی دیکەی ئەم کابینەیەی ئێستا وەک ئەوەی لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی روویدا، بەڵام کێشەکە لێرە لەوێیە کە ئەم حکومەتە بە پێی ماددەی 46ـی دەستوور بە دەستلەکارکێشاوە دەژمێردرێت، بۆیە ناکرێت پەرلەمان وەزیرێک دەربکات کە بە دەستلەکارکێشاوە بژمێردرێت، واتە لێپێچینەوەیە لە وەزیرێکی دەستلەکارکێشاوە و دەرکردنی واقعی و کردەنی نابێت. جگە لەوەیش، دەنگدان لە سەر وەزیرێکی نوێ لە پەرلەمان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاری لە حکومەتێکی دەستلەکارکێشاوە دەبێتە داهێنانێکی دەستووریی نوێ لە مێشکی هەندێکدا بەبێ ئەوەی لەبیریان بێت ئەوە چارەسەر نییە و بگرە پێشێلکارییەکی روون و ئاشکرای دەستوورە و لەبەر هیچ هۆکارێک ناشێت قبووڵ بکرێت. ئاراستەیەکی دیکە هەیە دەڵێت با سەرۆکوەزیرانی ئێستا بە تەنیا لە لایەن سەرۆککۆمارەوە راسپێردرێتەوە لەگەڵ گۆڕینی کابینە وەزارییەکە و دامەزراندنی کابینەیەکی نوێ کە پەرلەمان دەنگی لە سەر بدات، بەڵام ئەم بۆچوونەش دژبەرە لەگەڵ ئەوەی سەرۆککۆماری ئێستا دەسەڵاتی راسپاردنی سەرۆکوەزیرانی نییە، چونکە ئەم راسپاردنە کاری ئەو سەرۆککۆمارەیە کە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە هەڵدەبژێردرێت.


بە هەمان شێوە، بەردەوامبوونی ئەم حکومەتەی ئێستا بە دەسەڵاتی تەواوەوە و پەسندکردنی یاسای بودجە یان لانیکەم پەسندکردنی یاسای پاڵپشتیی ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان کە ئێستا ئەنجوومەنی نوێنەران کاری لە سەر دەکات، چەند رۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لە گوتارەکەیدا لە یادی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر وتی: "ئەنجوومەنی نوێنەران ئێستا کار لە سەر دەرکردنی یاسای پشتیوانیی ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان دەکات کە حکومەت پێشکێشی کردووە، سەرەڕای پەڵپەکان لە سەر شێوازی ناردنی ئەم یاسایە، هێزە سیاسییەکان پاڵپشتیی ناوەڕۆکی بڕگەکانی دەکەن بۆ ئەوەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەت بگەنە چارەسەر. ئەمە بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەی خۆراک و دەرمان و رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی جیهانیی بەرزبوونەوەی نرخەکانە و بۆ ئەوەی شایستەکانی جووتیارانی پێبدرێت و پابەندییەکانی دەوڵەت لە بواری وزەدا جێبەجێبکرێن و تەرخانکردنی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوە و شایستەکانی پێویستی دەوڵەت ئەنجامبدرێن"، بەڵام چاودێرانێک پێیان وایە ئامانجی پەسندکردنی ئەم پڕۆژەیاسایە تەنیا چارەسەرکردنی تەنگژەی ئاسایشی خۆراک نییە، بەڵکو تەرخانکردنە داراییەکان بۆ پرۆژەکان و بە تایبەت دواکەوتووەکان و دانەوەی پابەندییەکانی دەوڵەت، لە کاتێکدا یارمەتیی دەوڵەت لە جێبەجێکردنی پاندییەکانی دەدات، هەندێک کەناڵی گرنگ دەکاتەوە بۆ پارەدارکردنی حیزبەکانی دەسەڵات، ئەمەش بە واتەی درێژەدانە بە چەقبەستووییە سیاسییەکە بۆ چەند مانگێکی دیکە.


بەو پێیەی لوبنان بووەتە مەرجەع بۆ ژمارەیەک سەرکردایەتیی سیاسیی عێراق لە سیستمی نوێیەکەدا و زۆریان پەیوەندیی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان مەزهەبییان لەگەڵی هەیە؛ ئاشکرایە سەرکردایەتییە سیاسییەکان توانای دۆزینەوەی چارەسەری کردەنییان بۆ چەقبەستووییەکە نییە و خەریکن ئەزموونەکەی لوبنان پەیڕەو دەکەن کە بووە مایەی داڕمانی ئابووری و راگەیاندنی مایەپووچی؛ ئەم هێزانە بە کردەنی دەستیان بە پەیڕەوکردنی ئەو ئەزموونە تاڵە کردووە، لەڕێی پێکهێنانی سێیەکی پەکخەر لە پەرلەمان، بەمەیش چەقبەستوویی سیاسی بۆ زۆرترین ماوە درێژەی دەبێت، رەنگە ساڵ و دوو ساڵ بەردەوام ببێت، بەتایبەت ئەگەر یاسای پاڵپشتیی ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان پەسند بکرێت. ئەوەی لێرەدا سەیرە ئەوەیە هێزگەلێکی سیاسی بچن ئەزموونێک دووبارە بکەنەوە کە بە بەرچاوی خۆیانەوە شکستی خواردووە و پشت لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی وڵاتانی جیهان بکەن.


"ئەنجامەکانی تەنگژە سیاسییەکە"


هەڵبژادنە پێشوەختەکان بوونە هۆکارێکی بەهێزی پاشەکشەی کاری سیاسی و حکومی بۆ ماوەی نزیکەی یەک ساڵ. کاری حکومەت سست بوو، چونکە بووە کاربەڕێکەر و دەسەڵاتە کردەنییەکانی سنووردار کران، ئەوەتا نەیتوانی بودجەی دارایی ساڵی 2022 پەسند بکات و بە پێی یاسای کارگێڕیی دارایی ساڵی 2019 خەرجییەکان بەڕێوەدەبات؛ هەروەها زۆربەی بڕیارە بنەڕەتییەکانی بۆ دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ دواخراون. لە هەمان کاتدا، هێزە سیاسییەکان سەرقاڵی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و گوتووبێژی بێ بەرهەمن؛ ئەم گفتوگۆیانە دۆخی چەقبەستوویی سیاسییان لێکەوتەوە و عێراق کەوتە لاوازترین دۆخ و هێزەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەمەیان بە شێوەیەکی بەرچاو قۆستووەتەوە.


بۆ یەکەمجار لە دوای کۆتایی شەڕەکەی دژی عێراق لە 1988ـەوە، ئێران بە ئاشکرا هێرشێکی مووشەکیی کردە سەر ئامانجگەلێکی سڤیل لە قووڵایی عێراق لە ناوەندی پارێزگەی هەولێردا، ئەوەش لە کاتێکدا کە دڵنیا بوو لەوەی هیچ پەرچەکردارێک دژی ئەنجام نادرێت و وەک دەردەکەوێت دڵنیا بوو لە بێدەنگیی هێزە سیاسی و حکومیەکان، هەر واش بوو و سەرکردایەتی و سیاسییەکان بوونە دوو بەش؛ بەشێک پشتیوانیی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی کرد و بەشێک سەرکۆنەیان کرد.


رۆژی 17ـی ئەم مانگە، تورکیاش دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئاسمانی و وشکانی بەرفراوان بە قووڵایی 20 کیلۆمەتر لەنێو خاکی عێراق. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی تورکیا دەستیان بە سەر پشتێنەیەکی سنوورییدا گرتووە کە نزیکەی 300 گوند لەخۆ دەگرێت. ئەنقەرەیش وا دەرکەوت دڵنیایە لەوەی رووبەڕووی هیچ بەرگرییەک یان سەرکۆنەیەک لە لایەن عێراقەوە نابێتەوە، هەر ئەوەیش رووی دا، چونکە تا دوای 24 کاژێر لە دەستپێکردنی هێرشەکە هیچ لایەنێکی فەرمی یان سیاسی هیچ بەیاننامەیەکی لە بارەی هێرشەکەوە نەبوو و زۆربەی حیزبە سیاسییەکانیش بێدەنگیی تەواویان هەڵبژارد. دواتر رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاش لە گوتارێکی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "هیوای سەرکەوتن بۆ سەربازەکانمان دەخوازم لەم ئۆپەراسیۆنەدا کە بە هاوکاریی حکومەتی عێراق ئەنجامی دەدەین"، سوپاسگوزاریی خۆیشی دەربڕی بۆ "پشتیوانیی حکومەتی ناوەند و کارگێڕیی ناوچەکە" وەک ئاماژە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.


چاودێرانێک وای دەبینن هێرشەکانی ئێران و تورکیا باشترین بەڵگەی لاوازیی عێراقن بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان و هەڵوێستی تەماشاکەرانەی سەرکردە سیاسییەکان وەک ئەوەی پەیوەندییان بەوەوە نەبێت کە روو دەدات؛ پێشێلکردنی سەروەریی ئەو وڵاتەی لە سەر سەرکردایەتیکردنەکەی شەڕیانە، بەبێ گوێدان بەو دەستدرێژییانەی تا چەند دەیەیەکی داهاتوو هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی دەکەن.

جێی خۆیەتی بڵێین ناوبانگی عێراق و سەرکردەکانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا مایەی گاڵتەپێکردن و تووڕەییە و لە پێگە گرنگەکاندا راپۆرت دەردەکەون پرسیار لە سوودی یارمەتیدانی عێراق دەکەن، لە کاتێکدا عێراق خۆی یارمەتی خۆی نادات. ئەوەتا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راپۆرتێکی پڕ وردەکاریی لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە عێراق بڵاو کردووەتەوە و پێشکێشی کۆنگرێسی کردووە. لە کاتێکدا هەمزە حەدداد لە پێگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپادا نووسیویەتی: "یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە بە گەورەترین بەخشەری یارمەتیی گەشەپێدان بە عێراق دەژمێردرێن، بەڵام بە هۆی ئەو شەڕەی لە پارزەوینەکەیاندا هەیە ئارەزووی پشتیوانیکردنی دەوڵەتێک کە داهاتەکەی لە مامناوەند بەرزترە کەم دەبێت. پێویستە ئەو وڵاتە ئەوروپاییانەی زیاتر تێکەڵی عێراقن پاڵەپەستۆ بخەنە سەر سەرکردە عێراقییەکان بۆ ئەوەی ڕێکبکەون و بودجەی فیدراڵ پەسند بکەن و سەرمایەگوزاری لە پەرەپێدانی وڵاتەکەیاندا بکەن".
 

دەبێت سەرکردایەتییە سیاسییەکان باش لەوە تێبگەن کە دەستیان داوەتە گەمەکردن بە داهاتووی وڵات و خەڵک، تەنیا خۆیان بەرپرسن لە شکستخواردنیان لە گەیشتن بە چارەسەر و بژاردەی زۆریان لە بەردەمدا نەماوە، ئیدی یان دەبێت بە سازان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە تەواوکردنی پرۆسە دیموکراسییەکە بەردەوام بن، کە ئەمەیان شیکردنەوەکەی دادگەی فیدراڵی عێراق سەپاندوویەتی، یان بگەڕێنەوە بۆ سندووقەکانی دەنگدان یانیش بەرەو پاشاگەردانی بچن. گەڕانیش بە دوای چارەسەری پینەکارانە و نادەستوورییدا ئەنجامەکانی کارەساتاوین و زوو یان درەنگ وڵات بەرەو هەڵدێڕ رادەپێچن.