ڕاپۆرتی عیراق

09:11 - 27/12/2021

هه‌ویری پێكهێنانی حكومه‌ت ئاوی زۆر ده‌كێشێت‌

پەیسەر

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق كۆتایی به‌ مشتومڕه‌كان هێنا له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ی 10ی ئۆكتۆبه‌ر، دوای نزیكه‌ی هه‌شتا رۆژ ئیمزای په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كانی كرد، به‌وه‌ش گڵۆپی سه‌وز بۆ دانوستانی پێكهێنانی حكومه‌ت هه‌ڵكرد.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی مانگی 10ی ئەمساڵی پەرلەمانی پەسەندکرد، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای ئاماژە پێکراو سکاڵاکانی هێزە سیاسیە شیعەکانی ڕەتکردەوە کە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی پەرلەمانی مانگی دەی ئەمساڵیان دەکرد.

 

به‌رپرسێكی ڕاگەیاندن لە دادگای ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەی پەرلەمان پەسەند دەکات.

 

رۆژی ٣٠ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئەنجامە کۆتایییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی راگەیاند.

 

رۆژی چواری ئەم مانگە سەرکردەی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری رایگەیاندبوو، سکاڵایان لە ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان، پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵیی کردووە کە تیایدا داوا دەکەن، ئەنجامە کۆتاییەکان ھەڵبوەشێندرێتەوە.

 

بەپێی ئەنجامە کۆتایییەکان، رەوتی سەدر ٧٣ کورسی، ھاوپەیمانیی تەقەدوم ٣٧ کورسی، دەوڵەتی یاسا ٣٣ کورسی بەدەستھێناوە. ھەروەھا پارتی دیموکراتی کوردستان ٣١ کورسی، ھاوپەیمانیی کوردستانی ١٧ کورسی و ھاوپەیمانیی عەزم ١٤ کورسی بەدەستھێناوە.

 

ھاوپەیمانیی فەتح، ١٧ کورسی و ئیشراقەت کانوون شەش کورسی، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانیی چوار کوسی، ھاوپەیمانیی عەقەدی نیشتمانیی چواری کورسی، ھاوپەیمانیی بزووتنەوەی حەسم بۆ چاکسازیی سێ کورسی، بزووتنەوەی بابلییون چوار کورسی، ھاوپەیمانیی جەماوەرمان ناسنامەمانە سێ کورسی، بەرەی تورکمانی یەک کورسی، نەوەی نوێ نۆ کورسی و بزووتنەوەی ئیمتیداد نۆ کورسی، ھەروەھا ھاوپەیمانیی تەسمیم پێنج کورسی بەدەستھێناوە.

شیکەرەوانی دۆخی سیاسی پێیانوایه‌ ئێران، ئەمەریکا و وڵاتانی کەنداو هەتا دێت زیاتر دەست لە ئایندەی عێڕاق وەردەدەن.

 

شیکەرەوان پێیانوایە ئەو پرسیارەی لە ساڵی 2022 کە دێتە ئاراوە، ئەوەیە ئایا پێکهاتەی سیاسی عێراقی دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی مانگی دەی ئەمساڵ دەتوانێت سەروەری عێراق بەرەوپێش ببات، ئەوەش لە سەروبەندی ئەم ململانێ جیۆ سیاسییەی لە عێراقدا لە ئارادایە.

 

له‌مرۆوه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر سەرۆک کۆمار بانگھێشتی پەرلەمانی تازە بکات بۆ یەکەم دانیشتنی خۆی لەماوەی پازدە ڕۆژ لە پەسەندکردنی ئەنجامەکان لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە، ئەم ماوەیەش لەروی دەستوریەوە ناکرێ درێژ بکرێتەوە، دانیشتنی یەکەمیش ناکرێت وەک جارانی پێشوو بەکراوەیی بھێڵدرێتەوە بەگوێرەی بریارێکی پێشوتری دادگای باڵای فیدراڵی.

 

په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان دوای ئه‌و هه‌موو كێشمه‌ كێشمه‌ زۆره‌، ئه‌وه‌ی لێده‌خوێنرێته‌وه‌ كه‌ پێكهێنانی حكومه‌تی ئاینده‌ش هێنده‌ ئاسان نابێت. ئه‌وه‌ش به‌هۆی دابه‌شبوونی لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ماڵی شیعی به‌سه‌ر دوو ئاڕاسته‌دا.

 

موقته‌دا سه‌در لایه‌نی براوه‌ی هه‌ڵبژاردن، له‌به‌رامبه‌ردا نوری مالیكی و هادی عامری و حه‌یده‌ر عه‌بادی و چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ هه‌ن، له‌دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدرالی سه‌در رایگەیاند، پێویستە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی کە نە رۆژهەڵاتی نە رۆژئاوایی بێت.

 

ئه‌مه‌ چه‌نده‌مین جاره‌ سه‌در داوای پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ عورفی دوای سالی 2003 تائیستا په‌یڕه‌و نه‌كراوه‌، به‌رده‌وام حكومه‌تی ته‌وافوقی له‌نێوان پێكهاته‌كاندا پێكهێنراوه‌.

 

له‌ دوای 2003ه‌وه‌ وه‌ك عورفێكی لێهاتووه‌، سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد، سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ سوننه‌، سه‌رۆك وه‌زیران بۆ شیعه‌، به‌ڵام ئێستا ناكۆكیه‌كه‌ له‌نێو خودی پێكهاته‌كاندایه‌، له‌ كوردستان پارتی و یه‌كێتی هێشتا له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته‌كان رێكنه‌كه‌وتوون.

"به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی "په‌یسه‌ر" له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای مه‌كته‌بی سیاسی پارتیه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوون، پارتی، بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌ نێوان خۆی و یه‌كێتیدا به‌مجۆره‌ وه‌ره‌قه‌یه‌كی ئاماده‌كردووه‌، هه‌ر لایه‌نێك پۆستی سه‌رۆك كۆمار ببات، ئه‌وا پۆستی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و پۆستی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری دارایی یاخود وەزارەتی ده‌ره‌وه‌ بۆ لایه‌نی به‌رامبه‌ر ده‌بێت.

 

هه‌روه‌ها له‌ ناوه‌ڕۆكی وه‌ره‌قه‌ی دانوستانه‌كه‌دا باسله‌وه‌كراوه‌، پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ كورد بێت، به‌ڵام نابێت بۆ پارتی و یه‌كێتی بێت، به‌ڵكو ده‌بێت كه‌سێكی بێلایه‌ن له‌و پۆسته‌دا دابنرێت.

 

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، پێشتر یه‌كێتی چه‌ند جارێك باسیان له‌وه‌كردووه‌، پۆستی سه‌رۆك كۆمار ئیستحقاقی ئه‌وانه‌ و پارێزگاری كه‌ركوكیش له‌ ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌ی پۆسته‌كانی به‌غدایه‌. له‌ نێو سوننه‌كانیشدا ركابه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی و خه‌میس خه‌نچه‌ر وه‌ك دوو ره‌مزی سوننه‌ ده‌ركه‌وتوون، هه‌ردووكیان چاویان له‌ وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌یه‌.