ڕاپۆرتی عیراق

10:36 - 30/03/2021

گەڕاندنەوەی ئەرشیفە دزراوەكان و بەردەوامی كێشەكانی نێوان عێراق و كوەیت‌

پەیسەر

شەڕی کەنداوی دووەم یان شەڕی كوەیت كە گەردەلولی بیابان  Gulf war))یشی پێدەگوترێت .  شەڕێکی گەورەبوو لە نێوان وڵاتی عێراق و وڵاتی کوەیت بە پشتگیریکردنی وڵاتانی ھاوپەیمان

1991 ڕوویدا   و زیاد لە 700.000سەربازی وڵاتانی جیاواز بەڕۆڵی جیا جیا لە دژی ھێزەکانی عێراق جەنگان، کە لە ماوەی 2تا4 ی ئابی ساڵی 1990 وڵاتی کوێتیان داگیرکردبوو بەڵام لەژێر فشاری هێزی هاوپەیمانان لە گەردەلوولی بیاباندا حكومەتی عێراق ناچاربوو بەفەرمی لە رۆژی 26/2/1991 لەو وڵاتە بكشێتەوە، سەرەڕای ئەوەش كوەیت لە ساڵی 2018 دا ئامادەیی خۆی دەربریوە كە بری یەك ملیار دۆلار هاوكاری ئاوەدانكردنەوەی عێراق بكات.

سووپای عێڕاق لە کاتی ھێرشکردنی بۆسەر وڵاتی کووەیت، چوارەم گەورەترین سووپای جیھان بوو کە ژمارەی سووپاکەی نزیکەی ١ میلیۆن سەرباز دەبوو. ڕاستەخۆ دوای کۆتاییھاتنی شەڕی عێڕاق-ئێران  لە رۆژی 8/8/1988 سووپای عێڕاق دوای ماوەیەکی کەم دووبارە کەوتەوە شەڕ و وڵاتی کووەیتیان داگیرکردن. ھۆکاری سەرەکی داگیرکردنی کوێتیش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی سەرچاوەی نەوتی زۆۆر لەو وڵاتە، کە عێڕاق پێشووتریش چاوی لەسەر بوو. تاکاتی دەست بەسەرداگرتنیدا، سەرۆکی پێشووی عێڕاق سەدام حسین لە بەیاننمایەکدا ڕایگەیاند کووێتم وەک یەکێک لە پارێزگا دابڕاوەکانی عێڕاق گەڕاندەوە بۆ باوەشی دایکی.، بەو پێیەی كە عێراق خۆی بە خاوەنی كوەیت دەزانی و لە كۆتاییەكانی نەوەدەكاندا چەند جارێك سەدام حسین بە پارێزگای 19 هەمینی عێراق ناوی هێنابوو، بۆ ئەو مەبەستەش بیانووی جۆراو جۆری دەهێنایەوە، جارێك دەیگوت سنوەری دیاری كراوە 1961 نێوان هەردوو وڵات دروست نیە و جارێكی دیكی دەیگوت نەوتی عێراق دەبەن و جارێكی دیكەش دەیانگوت كێشە بۆ بازاڕی نەوت دروست دەكەن.

لە ئەنجامی ئەو هێرشەی عێراق دا، وڵاتی كوەیت غافڵگیركراو فریای هیچ شتێك نەكەوت ئەوە نەبێت ژمارەیەكی زۆر لە بنەماڵەی میرەكان خۆیان بگەیەننە وڵاتی عەرەبستانی سعودییە، ئیتر وڵاتی کووەیت زیانێکی زۆۆری بەخۆوە بینی . بەسەرەتای دەستبەسەرداگرتنەکەیدا لەلایەن ھێزەکانی عێڕاقەوە دەستکرا بەتاڵانکردنی ماڵی گشتی و تایبەتی دامودەزگای وڵاتەکە و تەنانەت وەك هەندێك لەسەرچاوەكان باسی دەكەن تەنانەت دەستبراوە بۆ موڵك و ماڵی خەڵكیش و وەك دەگوترێت تاڵانی كراوە. بەڵام دواتر وڵاتی عێڕاق ناچارکرا بە قەرەبووکردنەوەی وڵاتی کووەیت بە شێوەیەکی درێژ خایەن و لەبەرامبەر زیانەکانیدا و تا ئێستاش ساڵانە بڕێك لە بودجەكەی وەك قەرەبووی زیانەكان دەدرێتەوە بە كوەیت، لە ماوەی 30 ساڵی ڕابوردوودا لە بودجەی گشتی عێراق 51 ملیار دۆلار دراوەتەوە بە كوەیت و تا ئێستاش قەرزی ئەو جەنگە لە بوودجەی گشتی دەدرێتەوە.

ئەو زیانانەی كە لە وڵاتی كوەیت كەوت بە جۆرێك بوو كە ژێرخان و سەرخانی ئەو وڵاتەی لەبەریەك هەڵوەشاند. نەك هەر لە ڕووی مادیییەوە بەڵكو جگە لەوانەی لە كاتی جەنگەكەدا كوژران ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی و سەربازی هەردوولا بێ سەروشوێنن، بەجۆرێك وەك لە ئاماری خاچی سووری نێو دەوڵەتیدا هاتووە 215 كوەیتی و 85 عێراقی لەنێو ئەو لیستانەدا بوون كە بێ سەروشوێن بوون و گەڕێنراوەنەتەوە، لە مانگی حوزەیرانی 2019 ش دا خاچی سووری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند كە ژمارەیەك ڕوفاتی دیلە كۆیتیەكانیان لە پارێزگای موسەنای عێراقی دۆزیوەتەوە كە ژمارەیەكیان هاوڵاتی ئاسایی بوون. بە پێی ئامارەكانی هەردوو وڵات كەدراوە بە خاچی سووری نێو دەوڵەتی ژمارەی ئەو كوەیتیانەی كە بێ سەروشوێنن 320 كەسن و عێراقیش ڕایگەیاندووە نزیكەی 5 هەزار كەسیان دیارنییە كە هەموویان سەرباز بوون.

ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لەو هێرشەدا زۆرینەی ئەو شتانەی بەدەستەوە هاتن و توانای گواستنەوەیان هەبوو، بە شێوەیەكی پلان بۆ داڕێژراو گوازرانەوە بۆ عێراق، یەكێك لەوانە ئەرشیفێكی زۆری ئەو وڵاتەبوو، كە تا ئێستا بە چەند جارێك ڕادەستی كوەیت كراونەتەوەو لەم هەفتەیەشدا بەشێكی تر لەو ئەرشیفە لە لایەن حكومەتی عێراقییەوە دوای 30 ساڵ لە داگیركردنی گەڕێنراوەتەوە بۆ كوەیت.
بە پێی سەرچاوە میدیاییەكانی هەردوولا ئەمجارەیان بڕی 8 تۆن بووە و تایبەت بووە بە دامەزراوە حكومیەكان ئەو وڵاتەو لە دوای 2019 ەوە ئەم وەجبەیەبە سێیەم وەجبەی گەڕاندنەوەی ئەرشیفی كوەیت دادەنرێت، بە پێی وتەی یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی كوەیت بۆكاروباری ڕێكخراوەكان ناصر الهین ئەوانەی كە لەم وەجبەیەدا گەڕێنراوەنەتەوە ئەرشیفی زانكۆی كوەیت و ئامێر و پێداویستی وەزارەتی ڕاگەیاندن بووە، بەو پێیەی كە لە وتەیەكدا ڕایگەیاندووە ئومێدەوارن ئەرشیفەكەیان بە تەواوی پێبگاتەوە، كەواتە هێشتا ئەرشیفی داگیركراوە ئەو وڵاتە لە عێراق ماوەتەوە، بریكاری وەزیری دەرەوەش بۆ كاروباری یاسایی لەو بارەیەوە گوتوییەتی پێشتر ئێمە زانیاریمان لەو بارەیەوە هەبووەو بە عێراقییەكانمان ڕاگەیاندووە و لەسەر ئەو بنەمایە بۆیان گەڕاندوینەتەوە.

سەرەڕای تێپەربوونی زیاتر لە 30 ساڵ بەسەر جەنگی كەنداوی دووەم و گەردەلوولی بیاباندا هێشتا كێشەی سنووری نێوان عێراق و كوەیت لە سنوورە ئاوییەكاندا ماوەتەوەو لە ساڵی 1993 دا سنووری وشكانییان بە ڕەزامەندەی هەردوولا یەكلایی كردەوە، بەڵام هێشتا چەندین كێشەو گرفت ماوە لەنێوان ئەو دو وڵاتەدا، سەرەڕای ئەوەی خاوەنی یەك نەتەوەو یەك زمانن.بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو زیانانەی كە حكومەتی عێراق بە درێژایی مێژوو لە كوردستانی داوە قەرەبوو نەكراوەتەوە ، هەرچەندە تاوانەكانی ڕژێمی پێشووش بە جینۆساید لەقەڵەم دراون و دادگاش بڕیاری قەرەبووی مادی و مەعنەوی داوە بە خاوەن مافەكان، بەڵام تا ئێستا نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوەو حكومەتی عێراقیش هیچ هەنگاوێكی لەو بارەیەوە نەهاویشتووە.