ڕاپۆرتی عیراق

09:19 - 24/03/2021

كۆتایی جەنگی عێراق؛ یاسایەكی كۆنگرێس ئەمەریكا دەخاتە مەترسییەوە‌

پەیسەر

گۆڤاری فۆرین بۆلیسی ئەمەریكی وتارێكی هاوبەشی بڵاوكردووەتەوە كە لەلایەن (تیم كین- ئەندامی ئەنجوومەنی پیران و نوێنەری ویلایەتی فێرجینیا) و (باربرا لی –ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و نوێنەری ویلایەتی كالیفۆرنیا( پێكەوە باسیان لە ڕووداوەكانی 19 ی ئازاری ساڵی 2003 یان كردووە، ئەو رۆژەی كە جۆرج دەبلیو بۆشی سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا ڕاستەخۆ لە كۆشكی سپییەوە وتارێكی پێشكەش بە گەلی ئەمەریكا كرد، لە سەرەتای وتارەكەیدا بۆشی كوڕ گوتی: هاووڵاتانی وڵاتەكەم، لە ئێستادا هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا و هێزی هاوپەیمانان یەكەم قۆناغی پرۆسەیەكی سەربازییان دەستپێكردووە بۆ ئەوەی عێراق لە چەك دابماڵن و گەلەكەی ئازاد بكەن و بەگریی لە هەموو جیهان بكەن كە لەبەردەم مەترسییەكی گەورەدایە...

ئەم ڕستانە ڕاگەیاندنی جەنگی عێراق بوو، جەنگێك كە كۆتایی نایەت و لە لایەن ئەمەریكاوە هەڵگیرساوەو هەرجارەی بەشێوەیەك درێژەی پێدەدرێت و تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە.

لەو كاتەدا بۆشی كوڕ ڕابەرایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی بەرەو ئەو بڕوایە دەكرد كە ئەو هێرشە لەدژی ترس و بیمەكانی عێراقەو دەبێت بەخێراییش بەرهەمەكەی بچنێتەوە، بەڵام دوای هەشت ساڵ لە شەڕو كوشتار، كوژرانی هەزاران سەرباز و بەرزبوونەوەی ڕێژەی كوشتنی خەڵكی سڤیل، خەڵكی ئەمەریكا و شەقامی گشتی گەشتنە ئەو بڕوایەی كە ئەو جەنگەی لە دژی عێراق بەرپا كرا هەڵەیەكی مێژوویی بێ پاساوی ئابڕوبەرانە بوو بۆسیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا.

هەرچەندە بە فەرمی ماوەیەكی زۆرە جەنگ كۆتایی هاتووە، بەڵام بە پێی بڕیاری كۆنگرێس كە ڕێگەی داوە هێزی چەكداریی بەكاربهێنرێت لە ساڵی 2002 دا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو بڕیارە بەردەوامی هەیەو تا ئێستاش هەركات بیانەوێت دەتوانن چالاكی بكەنەوە، ئەمڕۆش كە 18هەژدە ساڵ بەسەرئەو بڕیارەدا تێدەپەڕێت دوو نوێنەری دیاری ویلایەتە یەكگرتووەكان داوا دەكەن كە بڕیارەكە هەڵبوەشێتەوە.
هەرچەندە بۆچوون زۆرە لەبارەی ئەو جەنگەوە ، بەڵام ئەو دوو نوسەرە جەختیان كردووەتەوە لەسەر ئەوەی هیچ پاساوێك لە ئارادا نەماوەتەوە كە بڕیارێكی سالی 2002 بەرقەراربێت و جێبەجێ بكرێت ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك :

یەكەم:
ڕێگە دان بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی ساڵی 2002 ئامانجی ئاشكرای خۆی پێكاوە، كە بریتی بووە لە ڕووخانی ڕژێمەكەی سەدام حسین، كە لەماوەیەكی زۆر كەمدا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا توانی گەمارۆی بدات لە ساڵی 2003 و ئەوەش ببێتە هۆی ئەوەی خودی سەدام حسین یش دەستگیربكرێت و دواجار لە ساڵی 2006 شیش دا لە سێدارە بدرێت، سەرەڕای ئەوەش ئۆبابامای سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا بڕیاری كۆتایی هاتنی جەنگەكەی لە مانگی ئۆكۆبەری ساڵی 2011دا بە فەرمی ڕاگەیاندووە.

لەو كاتەوە تا ئێستا عیراق و ئەمەریكا بوونەتە دوو هاوبەشی بەهێزی یەكتریی، هاوكاریی باشی یەكتریی دەكەن لە كاروباری ئەمنیدا، لەبەر ئەوەی عێراق بە فەرمی وڵاتێكی سەربەخۆی خاوەن سەروەریی خۆیەتی، هێزەكانی ئەمەریكا بە بێ ڕەزامەندی و داوای حكومەتی ئەمەریكا ناتوانن بمێننەوە، ئەو دوو نوێنەرە جەختیشیان كردووەتەوە كە ناكرێت پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە هێندە بەهێز بێت و لە هەمان كاتیشدا بە مەترسی لەسەر بوون و كیانی خۆتی بهێنیتە ئەژمار و بڵێیت ئاسایشی جیهان دەخاتە مەترسییەوە.

دووەم:
ئەو یاسایەی كە لە ساڵی 2002 دا ڕیگەی بە بەكارهێنانی هێزداوە بە هیچ شێوەیەك نابێتە هۆی پاراستنی سەلامەتی گیانی ئەمەریكیەكان، لەنێوان كانوونی یەكەمی 2001 تا مانگی ئەیلوولی 2014 سەرۆكی ئەمەریكا –باراك ئۆباما- لە هیچ كۆڕو كۆبوونەوەیەكدا باسی لە بەكارهێنانی هێزی سەربازیی نەكردووە، هەروەها داوای لە كۆنگرێسیش نەكردووە كە باسی چالاكیە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە هەموو جیهاندا بكەن.

پارێزەرانی ئیدارەی ئەمەریكی باس لەوە دەكەن سەرپۆشێكی یاسایی هەیە كە ڕیگەی بەوە داوە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی هێزی سەربازیی لە دژی ڕێكخراوی داعش بەكاربهێنن، ئەو دوو نوێنەرەی ئەمەریكا جەخت دەكەنەوە بریاری بەكارهێنانی هێزی سەربازیی كاریگەری نابێت لەسەر قەڵاچۆكردنی تیرۆر بەبەردەوامی و بۆ كۆتایی هێنانی ئەو مەترسییانەی بەردەوام دروستی دەكەن.

سێیەم:
ئەو دوو نوێنەرە لە نوسینەكەیاندا هۆشداری دەدەن لە بەردەوامی ئەو بڕیارەی كە لە ساڵی 2002 دا دراوەو ڕێگەی داوە بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی عێراق، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی جێبەجێكار دەستكراوە دەكات هەر كات بیەوێت هێز بەكاربهێنێت و نەگەڕێتەوە بۆ كۆنگرێسی ئەمەریكی، لێرەشدا ئەو دوو كەسە گوتووویانە پێویست ناكات خۆمان ماندوو بكەین و بگەڕێینەوە بۆ قوڵاییەكانی مێژوو بۆ ئەوەی ئاستی مەترسیەكەیمان بۆ دەربكەوێت و لەبەردەستماندا نموونەی ئامادە هەیە، كاتێك سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا –دۆناڵد ترامپ- بە بێ ئەوەی بگەڕیتەوە بۆ كۆنگرێس بڕیاری كوشتنی قاسم سولەیمانی –جەنەراڵی سوپای پاسدارانی ئێران-ی دا، بۆ ئەو مەبەستەش پشتی بەو بریارە بەستبوو كە دەسەڵاتی داوەتە سەرۆك لە كاتی پێویستدا هێرشی سەربازیی ئەنجام بدات.

پارێزەرانی كۆشكی سپی دەڵێن: سەرەڕای ئەوەی كە یاساكە لە بنەمادا بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازیی بووە لە دژی ڕژێمی پێشووی عێراق، بەڵام لەبەر ئەوەی كۆتایی یاساكە دیاری كراو نییە، كەواتە بەكارهێنانەكەی كورت نابێتەوە بۆ لەناودانی ئەو دەسەڵاتەی كە بڕیارەكەی لە دژ دەركراوە، بەڵكو ڕیگەی داوە بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی هەموو دەستەو گروپێكی تیرۆرستی و هەر لایەنێكی دی لە عێراق. بەكورتی ئیدارەكەی ترامپ پێی وابوو كە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی نائارامی عێراقی دۆزیوەتەوەو كردوویەتیە پرۆژەیەك بۆئەوەی سوپای ئەمەریكا هێرشی بكاتە سەر، بە شێوەیەكی سادەتر ئەوەیە كە لەدوای 18 ساڵ لە كۆتایی هاتنی ڕژێمێكی دیكتاتۆری جارێكی دی ڕێگە بە دروستبوونی دیكاتۆرێكی دیكە نادرێت.

ئەو دوو نوێنەرە ئیدارەكەی ترامپیان بە –سەخیف- ناوهێناوە لەبەر ئەوەی بوونەتە مەترسی سەرەكی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و عێراق و گەلەكەی ، لەبەر ئەوەی كوشتنی سولەیمانی تەنها ڕیسكێك نەبوو كە ئەمەریكای خستە بەردەم شەڕێكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران و هیچ ڕەزامەندییەكی كۆنگرێسیشی بۆ وەرنەگرت، بەڵكو لە لایەكی دیكەوە بووە هۆی نیگەرانی توندی گەلی عێراق لە كاتێكدا هاوبەشێكی زۆر گەورەو بەهێزی ئەمەریكایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەو هۆیەوە سەرۆكی عێراق و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان نیگەرانی خۆیان دەربڕی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتەش بە زۆرینەی دەنگ بریاری كردنە دەرەوەی سوپای بیانی –بەتایبەتی ئەمەریكی –یان لە عێراق دەركرد.

یاساكە هەر بۆ ترامپ ڕاست نییە:
خواستی فراوانبوونی دەسەڵاتی جەنگ بە بێ گەڕانەوە بۆ گۆنگرێس تایبەت نیە و تەنها دۆناڵد ترامپی سەرۆكی پێشوو ناگرێتەوە، ئەوەتا لەرۆژی 25/2/2021دا بە بێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری كۆنگرێس سوپای ئەمەریكا هێرشی كردە سەر میلشیاكانی سوریا كە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی و سپۆنسەر دەكرێن.

ئەو دوو نوێنەرە هەستیان بە مەترسی گەورەی بەردەوامی ئەو یاسایە كردووە بۆیە داوایان لە هەموو نوێنەرانی دیكەش كردووە كە پشتیوانییان بكەن بۆ ڕاستكردنەوەی یاساكە و بۆ ئەو مەبەستەش تا ئێستا دووجار خراوەتە بەردەستی كۆنگرێس و دەنگی پێوستی نەهێناوەو بەڵام 12ئەندامی دیكەش پشتیوانی پرۆژەكە دەكەن و هەموانیش پێیان وایە بۆ كۆتایی هێنان بەو یاسایە دەبێت هەرجوو حیزبە سەرەكییەكە ڕەزامەندبن لەسەری. هەرچەندە زۆرینەی ئەوانەی كە ئێستاش لە كۆنگرێس دا ماونەتەوە بە ڕێژەی 80% یان هەر ئەوانە بوون كە پرۆژەیاساكەیان پەسەند كردووەو هەردوو نوسەری ئەم بابەتەش دوان بوون لە نەیارەكانی ئەو یاسایە.

یەكەم هەنگاوی چاكسازیی لە سیاسەتی دەرەوەدا:
پاش تێپەربوونی 18 ساڵ بەسەر جەنگی دژ بە عێراق لە لایەن بۆشی كوڕەوە، ئەو دوو نوسەرە بابەتەكەیان بڵاوكردووەتەوەو داوایان كردووە ئەو بابەتە بخرێتەوە بەردەستی كۆنگرێس بۆئەوەی چیتر چالاكیە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەبەرژەوەندی نیشتیمانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بشكێتەوەو چاوێك بەو بڕیارەدا بخشێنرێتەوە كە ماوەیەكی زۆری بەسەردا تێپەڕیوەو ئەگەر لەو كاتەدا لەبەرژەوەندی ئەمەریكا بووبێت لە ئێستادا پێ ناچێت ئەو بەرژەوەندییە دەستەبەربكات.

ئەو دوو نووسەرە پێیان وایە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە هەنگاوێكی زۆر باش و گرنگ دەبێت لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكادا، هەروەها لە پەنای ئەوەشدا باسیان لە هەمواری یاسایەكی تریش كردووەتەوە كە لە ساڵی 2001 دا جەنگی دژە تیرۆری لە دوای 11 سێبتەمبەری ئەو ساڵەوە پێكراوە. چوون ئەو یاسایە كۆن بووەو پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە.

لە كۆتایی نوسینەكەیاندا ئەو دوو نوێنەرەی كۆنگرێس باس لەوە دەكەن دەستكراوەیی سەرۆكی ئەمەریكا بە پێی ئەو یاسایە كارەساتێكی گەورەیە بۆ گەلی ئەمەریكا و دەبێت هەمووان دەركی مەترسییەكانی بكەن ، بۆئەوەی چیتر داهاتووی ناوبانگ و هەژموونی ئەمەریكا نەخرێتە مەترسییەوەو یاری بە چارەنووسی مانەوەی ئەمەریكا لە عێراق نەكرێت و هیچ ئیدارەیەكی سەرۆكایەتیش هەڵەی ستراتیژیی ئەنجام نەدات و بە بێ ڕەزامەندی كۆنگرێس هیچ هەنگاوێكی سەربازیی لەو وڵاتە نەنێت.