ڕاپۆرتی عیراق

10:35 - 16/03/2021

بەهای دۆلار كەمدەكرێتەوە؟‌

پەیسەر

دوای بەرزكردنەوەی بەهای فرۆشتنی دۆلار لەلایەن حكومەتی عێراق-ەوە، ماوەیەكە باس لەوە دەكرێت جارێكی تر بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلاردا بەرزبكرێتەوە. هۆكاری ئەو دەنگۆیەش، لێدوانی زۆرێك لە لایەنە سیاسییەكان و فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی عێراق بەتایبەت فراكسیۆنە شیعییە گەورەكانە، كە ناوبەناو هەڕەشەی ئەوە دەكەن ئەو پرسە ببەنە پەرلەمان و حكومەت ناچاربكەن بەهای دۆلار كەمبكاتەوە. بە بڕوای بەشێك لە چاودێران، ئەو لێدوانانە زیاتر بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنی پێشوەختەن، چونكە حكومەت و بەتایبەت وەزیری دارایی عێراق، چەندین جار جەختیان لەوە كردووەتەوە كە دۆخی ئابووریی عێراق وای دەخواست پێشتر بڕیارێكی هاوشێوەیان بدابا و بەهای دۆلاریان بەرزبكردبایەتەوە، بۆیە لەم هەلومەرجەدا بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار یەكێكە لە پێویستترین ڕێگەچارەكانی روبەڕوبوونەوەی قەیرانی دارایی و بەو پێیەش جارێكی تر بەهای دۆلار كەمناكەنەوە.

لەم بەدواداچوونەدا، پەیسەر بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارانەدا دەگەڕێت كە تا چەند گۆرانكاریكردن لە بەهای دۆلاردا هەنگاوێكی كردەنییە و ئایا چەند فراكسیۆنێك دەتوانن لەڕێگەی یەرلەمانەوە ئەو كارە ئەنجام بدەن و پەرلەمان دەسەڵاتی گۆڕانكاریكردن لە بەهای دۆلاری هەیە؟

د. ڕیاز مەسعودی، ئەندامی فراكسیۆنی سائیروون لە پەرلەمانی عێراق بۆ پەیسەر دوا و لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا ڕایگەیاند، "دیاریكردنی بەهای فرۆشتنی دۆلار بەرامبەر بە دینار و داڕشتنی بودجە، ئەركی پەرلەمان نین، بەڵكو بەرپرسیارێتیی حكومەتن، لەو كارەشدا وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانان و بازرگانی و بانكی ناوەندی یارمەتیدەری ئەنجومەنی وەزیرانن."

وتیشی، "گەندەڵییەكی زۆر لە فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە هەبوو، دۆلار بە قاچاخ دەبرایە دەرەوەی وڵات چونكە جیاوازیی هەبوو لە نرخەكەی لە دەرەوەدا بەراورد بە بازاڕی ناوخۆ. ئەمانە پێشتر سەرۆكوەزیرانیش باسی كردوون و هەموو ئەو هۆكارانە وایانكرد گۆڕانكاری لە بەهای دۆلاردا بكرێت و نرخەكەی لە بەرامبەر دیناردا بەرزبكرێتەوە. جگە لەوانەش، چەند پاڵنەرێك لەلایەن بانكی نێودەوڵەتییەوە هەبوون بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار."

مەسعودی جەختیكردەوە كە سیاسەتی دارایی و نەختینەیی، بەشێكن لە ئەركەكانی حكومەت و ئاشكرایكرد كە "دەسەڵاتی پەرلەمان لەو ڕووەوە لە سێ بژاردەدا كۆدەبێتەوە، ئەوانیش بریتین لەوەی حكومەت سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئاگاداربكاتەوە لەو گۆرانكارییەی لە نرخی فرۆشتنی دۆلاردا دەیكات بۆ ئەوەی پەرلەمان تێبینییەكانی خۆی لەو بارەیەوە بخاتەروو، یان پەرلەمان داوا لە حكومەت بكات بەهای دینار بەرزبكاتەوە بۆ ئاستی پێشووی و بەوەش نرخی دۆلار وەك جارانی لێبكرێتەوە یاخود كەمتریش لە بارێكدا كە بودجەی تەواوكاری هەبێت، یان پرۆسەكە دوابخرێت بۆ بودجەی ساڵی 2022."

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، "عێراق یەدەگێكی نەختینەیی گەورەی هەیە كە بڕەكەی كەمتر نییە لە 40 ترلیۆن دینار كە لە بازارەكان و ماڵ و گیرفانی هاوڵاتییاندایە، بەڵام سیایەتێكی بانكیی نییە كە توانای لەخۆگرتنی ئەو پارانەی هەبێت و بیانكات بە دەستمایەیەك بۆ حكومەت تا لەڕێگەیانەوە كاروبارەكان هەڵبسووڕێنێت."

لە درێژەی شیكاری و قسەكانیدا بۆ "پەیسەر پرێس" و سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە دووبارە گۆڕانكاریكردن لە بەهای دۆلاردا دەكەن، د. ڕیاز مەسعودی وتی، "ئەوەی دەگوزەرێت و دەكرێت، 'دژبەریی جۆری'یە لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە كە ئامانجی دروستكردنی پشێوی و شێواندنی بازاڕ و بارودۆخەكەیە."