ڕاپۆرتی عیراق

01:46 - 03/03/2021

وردەكاريی ‌و كاردانەوەی هێرشە موشەكییەكەی عەین ئەسەد‌

پەیسەر

ژمارەیەک مووشەک ئاراستەی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار دەكرێن، فرانس پرێس دەڵێت، ئەو موشەكانە موشەكی جۆری ئاراشی ئێران بون و بەهۆیانەوە ئەفسەرێكی خانەنشینی ئەمریكی بەنۆبەی دڵ گیانی لەدەستداوە، بەریتانیش ئیدانەی دەكات و ئەمریكاش لێكۆڵینەوە دەكات.

وردەكاری ڕووداوەكە
میدیای فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، بە 10 مووشەک بنکەی سەربازی عەین ئەسەد کراوەتە ئامانج، کە هێزەکانی هاوپەیمانی  نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکای تێدایە.

لە لایەکی دیکەوە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەوەی پشڕاستکردەوە کە، 10 مووشەک ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد کراون و لایەنە عێراقییەکان لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.

بەپێی زانیاریەكان 10 بۆ 12 مووشەک لە ناوچەی بەیادر، کە دەکەوێتە نێوان قەزای هیت و ناحیەی بەغدادی لەسەر ئۆتۆمبێڵێکی بارهەڵگرەوە ئاراستەی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد کراون.

تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکان رایگەیاند، کاتژمێر 7:20 خولەکی بەیانی 10 موشەکی جۆری گراد ئاراستەی بنکەی عەین ئەسەد کراوە.

راشیگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی ومادی لێنەکەوتوەتەوە،چونکە موشەکەکان لە دەرەوەی بنکە سەربازیەکە کەوتونەتە خوارەوە.

بەپێی زانیاریەكان، لەم هەفتەیەدا، ئەمە دووەم جارە ھێرشی مووشەکی دەکرێتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و رۆژی سێشەممەی رابردوو، دوو مووشەک ئاراستەی بنکەکە کرابوون.

بنکەی عەین ئەسەد دەکەوێتە ناحیەی بەغدادی رۆژئاوای شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار کە بە گەورەترین بنکەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دادەندرێت.


كاردانەوەی ڕووداوەكە و لێكۆڵینەوەكان
ڕووداوی هێرشكردنەسەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد، کە بە گەورەترین بنکەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دادەندرێت، كاردانەوەی جیاوازی لەسەر ئاستی عێراق و جیهان بەدوای خۆیدا هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتێكی فرانس پرێس ئەو موشەكانەی ئاڕاستەی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد كراون موشەكی جۆری ئاراشی ئێران بون، هاوكات، ئاژانسەكە ئەوەشی ئاشكراكردوە كە بەهۆی دەنگی موشەكەكانەوە ئەفسەرێكی خانەنشینی ئەمریكی بەنۆبەی دڵ گیانی لەدەستداوە.

بەریتانیا وەك یەكەم وڵات ئیدانەی هێرشكردنەسەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی ئەمریكی دەكات لە عێراق و بەپێویستیشی دەزانێت تاوانبارانی ئەو هێرشە بەسزای خۆیان بگەیەندرێن.

لە ئێستادا، لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە و پێدەچێت لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەمریكا وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە.

ئەوە یەکەمجار نییە هێرشی مووشەکی دەکرێتە سەر ئەو بنکە سەربازییە، رۆژی 8ی کانوونی دووەمی 2020 ئێران لە تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران ئێران، چەند مووشەکێکی گرتە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەی سەربازی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و شارۆچکەی هەریر.

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 14 مانگ بەسەر ئەو رووداوە، ئەمریکا وێنەی سەتەلایتی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی ئەمریکییەکان لە عەین ئەسەد بڵاوکردەوە. لە دیمەنەکەدا دەردەکەوێت، چەند مووشەکێک بەر بنکەکە دەکەون.

لە کانوونی دووەمی ساڵی 2020ـەوە و دوای هێرشەکە مووشەکییەکەی ئێران، حکومەتەکانی ئەمریکا و عێراق دەستیان بە دانوستاندن کرد لەبارەی جێگیرکردنی سیستمی دژەمووشەکی ئەمریکی لە عێراق.

بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد
بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد " قادسیەی پێشوو" بە دووەم گەورەترین بنکەی سەربازیی ئاسمانیی دادەنرێت لە هەموو عێراقدا ئەویش دوای بنکەی سەربازیی " بەلەد"
ئێستا بارەگای فیرقەی حەوتی سوپای ئەمریکا لەم بنکەیەدا جێگیرکراون و تەنیا 10   کیلۆمەتر لە ناحیەی بەغدادیی سەر بەقەزای ھیت لە پارێزگای ئەنبارەوە دوورە.
ساڵی 1980 دەست بەدروستکردنی بینا و جبەخانەکانی ئەم سەربازگەیە کراوەو دوای7 ساڵ کارکردن، ساڵی 1987 لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیایەکی یۆگۆسلاڤیەوە کارەکانی تەواوبووە.
ئەم بنکە سەربازییە، جێگای پێنج ھەزار سەربازی تێدا دەبێتەوە، کۆگا و جبەخانەیەکی گەورەی هەیە لەگەڵ شوێنی نیشتنەو فڕینی فڕۆکەی جەنگیی و بارهەڵگری سەربازیی.

هەریەکە لە خزمەتگوزارییەکانی مەلەوانگەی کراوە و داخراو، یاریگای تۆپی پێ و ھۆڵی سینەما و مزگەوت و خوێندنگای سەرەتای و ناوەندیی و کتێبخانە و نەخۆشخانەی تێدایە.
عەین ئەسەد لە پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003 کەوتە دەست سوپای ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی. مانگی ئەیلولی 2011 رادەستی سوپای عێراق کرایەوە.
دوای سەرھەڵدانی رێکخراوی داعش لەناوەڕاستی 2014 ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا 300 سەربازی وەک راھێنەر رەوانەی بنکەی عەین ئەسەد کردەوە.
دوای بڕیاری کشانەوەی سوپای ئەمریکا لەرۆژئاوای کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەری 2019 بەشێک لە سەرباز و کەرەستە جەنگییەکانیان گواستەوە بۆ بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد.

بەرەبەیانی رۆژی 8/1/2020  لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، بە موشەک ئەم بنکە سەربازییە بۆردومان کرا. هەرچەندە ئێران دەڵێ زیاتر لە 80 سەربازی ئەمریکی کوژراون، بەڵام ئەمریکا ئەم زانیارییانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

لە کانوونی دووەمی ساڵی 2020ـەوە و دوای هێرشەکە مووشەکییەکەی ئێران، لە ئاداری 2020سیستەمێکی دژەمووشەکی پاتریۆت بۆ بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار گواسترایەوە و لەوێ جێگیرکرا.

بۆردومانی بنکە سەربازیەکەی ئەمریکا لەئەنبار لەکاتێكدایه‌، هه‌فته‌ی ڕابردوو ئه‌مریكا بۆردومانی ژماره‌یه‌ك بنكه‌ی میلیشیا شیعه‌كانی كرد له‌سنوری سوریاو عێراق‌و ڕاشیگه‌یاند، ئه‌و هێرشه‌یان له‌تۆڵه‌ی ئه‌و په‌لاماره‌ بوو كه‌ له‌هه‌ولێر كرایه‌ سه‌ر هێزه‌كانمان.