11:25 - 02/03/2021
عێراق گۆڕەپانی جەنگە هەرێمیەكان؛ كارو كاردانەوەكانی هێرشەكانی سەر هەولێر
رۆژی پێنج شەمەی
ڕابوردوو بە فەرمانی ڕاستەوخۆی –جۆبایدن- سەرۆكی نوێی ئەمەریكا یەكەم چالاكی
سەربازیی لە نزیك سنووری عێراق و سوریا لە دژی میلشیاكانی سەر بەوڵاتی ئێران
ئەنجام درا، هەر لە هەمان كاتدا ئەمەریكا دبلۆماتكار سەرباز و هاوڵاتیانی خۆی لە
عێراق ئاگاداركردەوە كە هۆشیارانەتر مامەڵە بكەن و خۆیان بۆ هەر ئەگەرێك ئامادە
بكەن.
پاساوی هێرشەكەی
ئەمەریكا وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە مووشەكییە بووە كە كرایە سەر هەولێرو تیایدا بە
پلەی یەكەم فرۆكەخانەی ئەربیلی كردبووە ئامانج ، بە پێی بۆچوونەكانی ئەمەریكا ئەو
گروپە ئەنجامدەری هێرشەكە بوون.
هەرچەندە لەو هێرشەدا
كە كراوەتە سەر هەولێر حكومەتی عێراقیش دەگرێتەوە بەو پێیەی كە هەرێمی كوردستانیش
لە ڕووی دەستوورییەوە سەر بە عێراقەو لە هەمان كاتیشدا فرۆكەخانەش پەیوەندی بە
ناوەندەوە هەیە، بەڵام عێراق دەیەویست لە نێوان ئەمەریكا و ئێراندا بێدەنگی
هەڵبژێرێت، بە پێی وتەی چاودێران لە دوای ئەو هێرشەوە فوئاد حسین –وەزیری دەرەوەی
عێراق- بەسەردانێكی خێرا و یەك رۆژە خۆی گەیاندوەتە تاران تا لە نزیكەوە هەڵوێستی
حكومەتی عێراقی بە بەرپرسانی ئێرانی بگەیەنێت و بەدووریشی نازانن تیشكیش خرابێتە
سەر هەڵوێستی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، بەو پێیەی ناوبراو ئەندامی باڵای
پارتییەو هێرشەكانیش لەسنووری دەسەڵاتی ئەو پارتەدا ئەنجام دراوە، ئاماجیش لەو
سەردانە ڕاگرتنی میلشیاكانی سەر بە ئێران بووە لە عێراق تا فەرمان یان گڵۆپی سەوزی
هێرشكردنیان پێنەدرێت.
هەرچەندە هێرشەكە
لەناو خاكی سوریادا ئەنجام درا، بەڵام پەیام وەڵامدانەوەی هێرشەكەی سەر پایتەختی
هەرێمی كوردستان بوو، وەك چاودێران باسی دەكەن، ئەوە یەكەم فەرمانی هێرشكردن بووە
لە سەردەمی سەرۆكایەتی جۆبایدن دا، بەڵام كۆتایش نابێت، بایدن لەو بایەوە گوتوویەتی:
ئاگاداربن.. لە تۆڵە دەربازتان نابێت. شارەزایان پێیانویە ئەم پەیامە بەشێكی
پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەكی وڵاتی عێراقەوە هەیە كە باڵانسی دەستدرێژی كردنە سەر
وڵاتەكەی ڕاست بكاتەوەو و بۆ هەموو شت لارەمل نەوەستێت و بەڵێ بۆ هەموو
داواكارییەكانی ئێران نەكات.
هەر بۆیە وەزیری
دەرەوەش گوتوویەتی: لەلایەن گەورە بەرپرسانی (سیاسی و ئەمنی) ئێرانیەوە پێمان
گەشتووە كە نەیاری ئەو هێرشە بوون كە كراونەتە سەر بەغدادو هەولێر و لای خۆیانەوە
ڕەتیان كردووەتەوە و سەركۆنەیان كردووە.
فوئاد حسەینی وەزیری
دەرەوەی عێراق دووپاتی كردووەتەوە كە جەنگی دژ بە داعش هێشتا كۆتایی نەهاتووە،
ئەوەش مانای ئەوەیە هەر جەنگێكی لابەلا لەناوچەكەدا بێتە كایەوە لەبەرژەوەندی ئەو
گروپە تیرۆرستیەیە، هەر كارێكیش زیان بە ئەمن و ئاسایشی عێراق بگەیەنێت دیمەنەكە
دەشێوێت و دەبێتە هۆی تەواوكردنی لاپەڕەكانی ئەو گروپە تیرۆرستییە و داواجاریش
ناتوانین ڕووبەڕوویان ببینەوە.
هەرچەندە عێراق
بەردەوام كاری بۆ ئەوە كردووە كە خۆی لە ململانێ هەرێمایەتیەكان بەدوور بگرێت،
بەڵام تا ئێستاش ڕووداوەكان بارودۆخی ئەو وڵاتە ئاڵۆزتر دەكەن و هەرجارەش لایەنی
تر سەرهەڵدێنن و كار بۆ شێواندنی عێراق دادەنێن، هێزەكانی ناتۆش ڕایگەیاندووە كە توانا
سەربازییەكانی خۆی لەعێراقدا هەشت بەرامبەر كردووەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتێكی
پێگەی –العین- سەعد ئالوسی، پسپۆڕی ئاسایشی لە ناوچەكە دەڵێت: بەو پێیەی
هاوپەیمانی ناتۆ هەشت بەرامبەر هێزەكانی
زیاد كردووە، كەواتە عێراق پێدەنێتە نێو هاوكێشەیەكی نوێ و بەشێوەیەك دەبێت كە
جیاوازە لە سەردەمی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
ئالوسی باسی لەوەش كردووە
كە : هاتنە پێشەوەی ناتۆ دەبێتە جێگرەوەی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی ، بەو پێیەی كە
دەیانەوێت چەند كارێكی سەربازیی ئەنجام بدەن لە دژی بەرژەوەندییەكانی ئێران لە عێراق ، ئەگەر ئێرانیش بیەوێت دێژە بە
چالاكیەكانی بدات و بیەوێت هێزە هەرێمیەكانی بجوڵێنێت.
ئەحمەد شەریف، پسپۆڕی
بواری ئەمنی قسەی بۆ –العین – كردووە و گوتوویەتی: پنتاگۆن 60 فڕۆكەوانی ئەمەریكی
ڕاسپاردووە كە لە سنورەكانی نێوان عێراق و كوەیت بسوڕێنەوەو فڕۆكەی (سی ۆرك سی 47 )بەكاربهێنن،
هەروەها گوتوشیەتی پرۆسەكە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا دێتە جێبەجێكردن، ئەوەش
دەبێتە یەكەم چالاكی هێزەكانی ناتۆ لەناوچەكەدا و بێگومان لەدژی میلشیاكانی سەر بە
ئێران دەبێت لە عیراق، ئەوە لە كاتێكدایە ئێرانیش بەردەوامە لە هێرشكردنە سەر
بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق.
ئەگەر ئەم چالاكییانە
بێنە جێبەجێكردن بە دوور دەزانرێت عێراقی تێوە نەگلێت و نەبێتە بەشێك لە
ململانێكان، ئەوە لە كاتێكدا سەرجەم كارەكان لەسەر خاكی ئەو ئەنجام دەدرێن،
لەنێوان هەردوو ولاتی ئەمەریكاو ئێراندا بووەتە گۆڕەپانی جەنگی ، ئەوە لە
كاتێكدایە كە بەغداد ناتوانێت ئاسایشی ناوخۆیی خۆی بپارێزێت و سنوورەكانی كۆنترۆل
بكات و نەهێڵێت هێزە شیعیەكانی سەر بە ئێران لەناو خاكی عێراقدا گەشە نەكەن و
چالاكی سەربازیی لە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا پەرە پێنەدەن.
لەدوای ئەنجامدانی
هێرشەكە گروپە چەكدارەكانی عێراق كە بە –مقاوەمە- خۆیان ناساندووە دوو ڕۆژ داوی
ئەو ڕوداوە ڕایانگەیاند وەڵامی گونجاویان لەكاتی خۆیدا دەبێت لەبەرامبەر ئەو هێرشە
ئاسمانیەی كراوەتە سەریان لە نێوان سنوورەكانی عێراق و سوریا.
بە پێی ڕاپۆرتی
ئەنادۆڵ "الهيئة التنسيقية لفصائل المقاومة العراقية"، بەیاننامەیەكی
دەركردووە تیایدا هاتووە : هێرشی ئەمەریكا بۆ سەربارەگاكانی حەشدی شەعبی لەنێوان
سنوورەكانی عێراق وسوریا، كە ئامانجیان ڕێگریی كردنە لە جموجوڵەكانی داعش لەو
ناوچەیەدا، تاوانێكی گەورەیە و باجەكەشی زۆر قورس دەبێت. لە درێژەی بەیاننامەكەدا
هاتووە: ئەو هێرشە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تێگەشتنی گشتی لایەنە سیاسیەكان، بە
هەموو شێوەیەك ئەو بنەمایانە هەڵدەوشێنێتەوە كە ڕێگر بووە لە پێكدادانی لایەنەكان
و قوڵی ئەو ڕێككەوتنانە كەم دەكاتەوە.وەك چاودێران باسی دەكەن ئەم دەستەواژانە
ھەڕەشەی ئاشكرای –مقاوەمە-یە بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بە كارەكانی دواتریان بدەن و
پەیمان شكێنی بۆ ئاشتی و ئارامی نەبێتە نەنگییەك بەسەریانەوە.
بەیاننامەكە ئاماژەی
بە ئاگربەستێك كردووە كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ڕابوردوو (10/2020) كە
ڕاگەیەنراوە هێرش نەكرێتە سەر هێزە ئەمەریكیەكان ، بۆ ئەوەی كاتێكیان پێ بدرێت تا
لە عێراق بكشێنەوە، بەڵام ئەم هێرشە دەستكراوەی كردوین و ئەو ئاگربەستە
یەكلایەنەمان هەڵوەشاندووەتەوە كە هێرش نەكرێتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە
عێراق.
گروپەكانی –مقاوەمە-
گوتوویانە: ئەو تاوانە قێزەونە بە بێ وەڵامی گونجاو تێناپەڕێت، بەشێوەیەك دەبێت
جارێكی دی بیر لە دووبارە كردنەوەی نەكرێتەوە، تۆڵە بەشێوەیەك دەكەینەوە كە هێزی
داگیركەر –وەك خۆیان دەڵێن- جارێكی تر بیر لەوە نەكاتەوە كە مقاوەمە بەئامانج
بگرێت، ئەوە لە كاتێكدا نە باسی كاتی تێدا كراوەو نە شوێنیش دیاری كراوەو ئەو بابەتەیان
بەكراوەیی هێشتووتەوەو ڕوونكردنەوەی دیكەیان لەبارەوە نەداوە.
لە لایەكی دیكەوە؛
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە دوای هێرشە ئاسمانیەكەوە هێزەكانی خۆی لە مەترسییەكان
ئاگادار كردووەتەوە، پێگەی سپۆتنیك لە ڕاپۆرتێكدا نوسیەیەتی فۆكس نیوزی ئەمەریكی
لە زاری بەرپرسانی ئەمەریكیەوە دەڵێت: ئاگاداریی مەترسی تا چەند رۆژ بەردەوامی
دەبێت، ئەمەریكیەكان بۆ ئەو مەبەستە خشتەیەكیان ئامادەكردووە كە جموجوڵە
سەربازییەكانی ئەمەریكا لە بنكەی ئاسمانی –بەلەد-ی عێراق دەستنیشان دەكات و رۆژانە
لە 6.30 ی ئێوارانەوە دەست پێدەكات تا كاتژمێر 5 بەیانی هەموو رۆژێك، بەو پێیەی
زۆرینەی هێرشەكان لە شەوە تاریكەكاندا ئەنجام دەدرێت.
هەر چۆنێك بێت بەریەك كەوتنی هێزە هەرێمی و
جیهانیەكان لە سەر گۆڕەپانی عێراق، جەنگی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانیش درێژ
دەكاتەوە، درێژە بە دۆخی نائارامی عێراق دەدات و ناتوانرێت سنورەكانی خۆی بپارێزێت
و سەروەرییەكانی پێشێل نەكرێت، دووریش نیە داعش یان هەر هێزێكی تری هاوشێوەی پەیدا
نەبێتەوەو تەڕو وشكیش پێكەوە نەسوتێنێت، ئەمانە ئەو پێشبنییانەن كە لەكاتی هەموو
جەنگێكی درێژخانی بێ خاوەندا دێنە ئاراوە.