ڕاپۆرتی عیراق

12:59 - 27/02/2021

خۆپیشاندانەكانی عێراق؛ پارێزگارێكی ئەمنی و تۆمەتی تیرۆرستی خۆپیشاندەران‌

پەیسەر

ماوەیەكی زۆرە خۆپیشاندانەكانی عێراق درێژەیان هەیەو بەردەوامیش قوربانی لێدەكەوێتەوە، وەك چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان باسی دەكەن حكومەت نیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی نییەو ئەگەر بیویستایە چارەسەری كێشەكانیان بكات، لەبری پارێزگارێكی ئەمنی كەسێكی دادەنا كە ڕێز لەسەروەری یاسا بگرێت و ئەوانەی خۆپیشاندەران دەكوژن سزای دەدان، بەڵام ئەم هەنگاوەی حكومەت قوڕەكە خەستتر دەكاتەوە.

 
دەستەی مافی مرۆڤی عێراق ڕایگەیاندووە كە لە ئەنجامی خۆپیشاندانە ڕۆژانی پێشوودا 8 كەس كوژراون و نزیكەی 300 كەسیش بریندار بەەن كە 147 كەسیان لە هێزە ئەمنی و حكومییەكان بوون.
نەبوونی خزمەتگوزاریی گشتی و بڵاوبوونەوەی بێكاری و نەبوونی دامەزراندن و بە گشتی لە عێراق و بەتایبەتی لە پارێزگای زیقار بووەتە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان، ماوەی هەفتەیەك دەبێت لە شاری ناسرییەی باشوری رۆژهەڵاتی عێراق خۆپیشاندان بە توندی سەری هەڵداوەو داواكاریی سەرەكیشیان خزمەتگوزاریی گشتییە و بۆ ئەو مەبەستەش خۆپیشاندانەكان لەبەردەم بینای پارێزگاكە بووەو دوای ئەوەی كەس وەڵامی داواكارییەكانی نەداوەتەوە هەلیانكوتاوەتەسەر بینای پارێزگاو بەشێكیان ئاگر تێبەرداوە و داوای دەستلەكار كێشانەوەی پارێزگار و سەرجەم بەرپرسانی پارێزگاكەیان دەكەن.

ئەمڕۆش شەممە 27-2-2021، نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، رای گەیاندووە، بڕیارەکانی ئەم دواییەی کازمی لەبارەی زیقارەوە، سەرەتای پرۆژەیەکی گەورەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیقار.

لە بەیاننامەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە مستەفا کازمی داوا لە خەڵکی زیقار و ”عەشیرەتە بەڕێزەکان“ی دەکات هاوکاربن بۆ ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە بۆ ئەوەی بوار بە ئیدارەی نوێی پارێزگاکە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان، بدرێت.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها رای گەیاندووە، کە کازمی هەموو پاڵپشتییەکی پارێزگاری نوێی زیقار و ئەنجوومەنی راوێژکاری، دەکات.
دوای کوژرانی 8 خۆپیشاندەر و برینداربوونی 271 خۆپیشاندەر و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان، کازمی پارێزگاری زیقاری لەسەر کار لادا و عەبدولغەنی ئەسەدی، فەرماندەی دژەتیرۆری عێراقی وەک پارێزگاری نوێی زیقار دیاری کرد و ئەنجوومەنێکی راوێژکاری لە پیاوماقوڵانی زیقار بۆ چاودێریکردنی ئاوەددانکردنەوەی پارێزگاکە، دروست کردووە.

ماوەی چەند ڕۆژێكە خۆپیشاندانی بەرفراوان لە ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار سەریهەڵداوەتەوە و خۆپیشاندەران داواکاری سەرەکییان لادانی پارێزگارو لێکۆڵینەوە کردنە لەگەڵیدا، بەوپییەی دەستی هەیە لە دەستگیرکردن و ڕفاندنی خۆپیشاندەران و چالاکانی مەدەنی لەم چەند هەفتەی ڕابردوودا.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانیش لەوبارەیەوە چەند جارێك قسەی كردووەو دەست لەکارکێشانەوەی نازم حەمید وائیلی پارێزگاری زیقاری پەسەند کردەو و عەبدولغەنی ئەسەدی فەرماندەی دژەتیرۆری عێراقی لە شوێنەکەی داناوە.

لە وتەیەکیشدا کازمی ڕایگەیاندووە، گۆڕێنی پارێزگاری زیقار و کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناسریە، پێشەکییە بۆ کەمپینێکی گەورە لە بنیاتنانەوەی پارێزگاکەدا، تەئکیدی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ڕێوشوێنی پیویست بەرامبەر پارێزگاری لەكار لادرا
و دەگیرێتەبەر.
هەروەها وتی، حکومەت هەموو هاوکارییەک پێشکەش بە پارێزگاری زیقار عەبدولغەنی دەکات.
خۆپیشاندانەكانی زیقار زوو زوو سەرهەڵدەدەن، هەرچەندە جاروبار ڕێگەی توندی ئەمنی و تەندروستیش دەگیرێتەبەر بەڵام ئەوانە نەبوونەتە ڕێگر لەبەردەم داواكاریی خۆپیشاندەراندا.

بە پێی سەرچاوە میدیاییەكانی عێراق لەناوەڕاستی ساڵی ڕابوردوو 2020 ەوە خۆپیشاندانەكانی پارێزگای زیقار بەتوندی سەریان هەڵداوە، خۆپیشاندەران سەرەتا ویستوویانە لە ڕێگەی سكاڵای یاساییەوە داوای یەكلایی كردنەوەی كێشەكانیان بكەن، لەبەر ئەوەی هێزە ئەمنیەكان سنووری یاسای خۆپیشاندان و مافەكانی مرۆڤیان تێپەراندووەو بۆ ئەو مەبەستەش نزیكەی 400 سكاڵای هاوڵاتیان لە دادگاو لاینە بەرپرسەكان شكستی پێهێنراوەو هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی بەدەستەوە نەداوە.بەڵام ئەوەی ئەنجامی هەبووە فەرمانی گرتن بۆ –جەمیل شەمەری- بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنیەكان دەرچووەو بە فەرمانی دادوەر ڕێگەی چوونە دەرەوەی وڵاتی لێقەردەغەكراوە و هەرچی موڵك و ماڵی گوازراوەو نەگوازراوەی هەبووە دەستی بەسەردا گیراوە لەبەر ئەوەی بەرپرس بووە ، لەناوەڕاستی ساڵی ڕابوردوودا كۆمەڵێك ڕێككاری یاسایی و ئیداریی گیرانەبەر بۆئەوەی كۆتایی بە خۆپیشاندەاران بێت، لەوانەش لابردنی بەرپرسی پۆلیسی پارێزگاكە، قەدەغەكردنی هاتووچۆ، قەدەغەكردنی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت، بەڵاه هیچێك لەو بڕیارانە نەیتوانی هێمنی بۆپارێزگاكە بگەڕێنێتەوەو ڕێگریی بكات لەسەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكان، بۆیە ناوبەناو سەریان هەڵداوەتەوەو هیچ یەكێك لەو خۆپیشاندانانەش بەبێ زیانی گیانی و مادی كۆتاییان نەهاتووە.كاتێكیش لە 2019 دا لە زۆرینەی شارەكانی باشوورو ناوەڕاستی عێراق خۆپیشاندان سەریی هەڵدایەوەو دیاردەی هەڵدانی چادر لە گۆڕەپانی شارەكان هاتە كایەوە زیقاریش بە یەكێك لەو پارێزگایانە هاتە ئەژمار كە خۆپیشاندانەكان بەردەوامی هەبووە و سوور بوون لەسەر داواكارییەكانیان و توندوتیژیی هێزە ئەمنیەكان نەك هەر كۆڵی پێنەداون بەڵكو بەردەوام بوون لە كارەكانیان.

یەكێك لەو كارانەی كە دەسەڵاتداران بەردەوام لە دژی خۆپیشاندەران بەكاری دێنن تۆمەتی دەستی دەرەكییەو لە خۆپیشاندانەكانی 2019 و 2020 ئەو تۆمەتە حازرو بەدەستە درایە پاڵ خۆپیشاندەران و گوترا دەستێكی دەرەكی بۆ كۆتایی هێنان بە حكومەتی عادل عەبدولمەهدی ئەو كارانەی كردووەو مەبەستیشیان هێزەكانی ئەمەریكابوو، بۆ ئەوەی لە دژی ئەو سەرۆك وەزیرانی پێشووی نزیك لە ئێران بەكاری بهێنن .

یەكێك لەوهۆكارانەی كە تۆمەتی نەبوونی دەستی دەرەكی بدرێتە پاڵ خۆپیشاندەرانی ئەمساڵ ئەوەیە كە مستەفا كازمی نزیكە لە ئەمەریكی و ئێرانیەكانیش، بەڵام وەك شارەزایانی خۆپیشاندانەكانی عێراق باسی دەكەن ئەوەیە كە عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەدایەو پێدەچێت لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم(10/2021) هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت و ئەو هێزانەی كە بچووكن و مەترسی بەدەست نەهێنانی كورسییان هەیەو پێیان وایە پاشەڕۆژیان لە مەترسیدایە، سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی گەنجەكان دەبن و لە پشتی داواكاریی خزمەتگوزارییەوە ئەو هێزانە ئەجێندای خۆیان جێیەجێ دەكەن، بەتایبەتی ئەوانەیان كە لە دژی هێزە ئەمەریكیەكان و مانەوەیانن لە عێراق.

لەبەر ئەوەی بارودۆخی عێراق و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووریش ڕەوشیان بەرەو خراپتر ڕۆشتووەو پەتای كۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوت و دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجەی 2021 بوونەتە هۆی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكان بە بەردەوامی، شارەزایانی خۆپیشاندانەكان باس لەوەش دەكەن تا پاڵنەر و هۆكارەكان بەردەوامییان هەبێت خۆپیشاندانەكانیش بەردەوام دەبن، بەتایبەتی كە حكومەتی خۆجێیەتی نەیتوانیوە خزمەتی پێیویست لە پێش خۆپیشاندانەكاندا پێشكەش بكات و لەكاتی خۆپیشاندانەكانیشدا مامەڵەی دروست بكات و دوای خۆپیشاندانەكانیش ڕەوشەكە ئاسایی بكاتەوە، ئەوە جگ لەوەی كە حكومەتیش بەردەوام دەستی دەستی بە داوای خۆپیشاندەران كردووەو وەك پێوست داواكارییەكانیانی جێبەجێ نەكردووە، هەربۆیە دۆسیەی خۆپیشاندانەكان بەردەوامەو ئەگەری سەرهەڵدانەوەشیان هەمەیشەییە تا ئەو كاتانەی كە چاكسازیی گشتی ئەنجام دەدرێت و زۆرینەی داواكاریی خۆپیشاندەران دەهێنرێتە دی، وەك ئەو شارەزایانە باسی دەكەن كێشەكە لەوەدایە عێراقیش ڕووبەڕووی كێشەی گەورەی جیهانی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و شكستی ئابووری بووەتەوە تەنانەت بە جۆرێكی لێهاتووە بۆدابینكردنی پێداویستیەكانی پەنا بۆ قەرزببات و دانەوەی ئەو قەرزانەش ماوەیەكی زۆر دەخایەنێت.

یەكێك لەو كێشە گەورانەی كە ڕووبەڕووی هاوڵاتیانی خۆپیشاندەران دەبێتەوە مامەڵەنەكردنی حكومەتە بە شێوەی یاسایی و بۆیەكلایی كردنەوەی كێشەكان لە بری پەنا بۆ دادگایەكی سەربەخۆی یاسا سەروەر ببات، پەنا بۆ هێزی ئەمنی و تەقەكردن و پەلاماردان و شوێنكەوتن دەبات. لەبری ئەوەی تاوانباران و بكوژانی خۆپیشاندەر سزا بدرێن هاوكارییان دەكرێت و حكومەت بەجۆرێك لە جۆرەكان پشتیوانییان لێدەكات و لەم ڕێگەیەشەوە هەم سیستەمی دادوەرییان خستوەتە ژێر پرسیارەوەو هەم دەسەڵات دراوەتە هێزی ئەمنی و لە خۆپیشاندانەكانی 2019 ەوە تا ئێستا زیاتر لە 600 كەس لە خۆپیشاندەران كوژراون و تا ئێستاش بەشێوەیەكی فەرمی ڕانەگەیەنراوە لەسەر خوێنی ئەو كەسانە كەسێك بە سزای یاسایی گەیەنرابێت، لەگەڵ ئەوەشدا كاتێك خۆپیشاندەران بە تێكدەر لە قەڵەم دەدەن و كاتێكیش ڕووبەڕووی دادگایی دەكرێنەوە بە پێی مادەكانی تیرۆر دادگاییان دەكەن و ئەوەش مەترسی گەورە دروست دەكات.

مەترسییەكانیش كاتێك بەرەو سەرەوە دەچت كە بۆ جێگری پارێزگا كەسێكی ئەمنی دانراوەو لە هەمووشی مەترسیدارتر پۆستی پێشینەی ئەو بەرپرسەیە كە لەدەزگای دژە تیرۆری عێراقی كاری كردووە. هەربۆیە شارەزایان پێیان وایە لەبری چارەسەری دۆخی ناهەمواری پارێزگای زیقار دوور نییە كێشەكان قووڵتر ببنەوە و وەك خۆیان دەڵێن قوڕەكە خەست تر دەبێتەوە..