04:55 - 22/02/2021
وەزیری نەوتی عێراق: ڕێككەوتن لەبارەی نەوت و بودجەوە كراوە
ئیحسان عەبدلجەبار، وەزیری نەوتی عێراق،چەندین زانیاریی تایبەت بە دانوستاندنەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوت و داهاتەكان و پشكی هەرێم لە بودجەدا خستەڕوو و ئاشكرایكرد، "ڕێككەوتن لەبارەی نەوت و بودجەوە كراوە". جەختیشیكردەوە كە بەغداد دەیەوێت متمانە لەگەڵ كوردستان-دا دروست بكات و بە هەمان ئەو جۆرە بیر لە گەلی كوردستان دەكاتەوە و لێی دەڕوانێت، كە لە گەلی ناوەڕاست و باشوور دەڕوانێت. هاوكات باس لە گرێبەستی پەنجا ساڵەی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەكات. دەشڵێت، "بەمنزیكانە كێشەكان چارەسەر دەكرێن و هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ ڕێكدەكەون."
لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی "بی بی سی نیوز عەرەبی"ی بەریتانی، وەزیری نەوتی عێراقسەبارەت بە لێكنزیكبوونەوەی بۆچوونەكانی نێوان هەولێر و بەغداد و هەوڵەكانیان بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكاندا گفتوگۆی كرد و ڕایگەیاند، "پێموابێت كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بەرەو چارەسەربوون دەڕۆن، چەند لیژنەیەكی ئاستبەرزی هەرێم بەردەوام سەردانی بەغداد دەكەن و لە گفتوگۆدان لەگەڵ ئەو كەس و لایەنانەی بڕیاری سیاسی و هونەری و ئابوورییان بەدەستە لە بواری بودجەی ساڵی 2021دا."
وتیشی، "بەرەوپێشچوون لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد هاتووەئاراوە، پێشتر زانیارییەكانی هەرێم نیمەچەشاراوە بوون بۆ حكومەتی فیدراڵی، بەڵام ئێستا هەماهەنگی هەیە و زانیارییەكان لەنێوان هەردوولادا ئاڵوگۆڕ دەكرێن، داتاكان لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی كوردستان-ـەوە دراون بە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، وەك وەزارەتی نەوتیش چەندین زانیاریمان بەدەستگەیشتوون."
كوردستان داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ڕادەستی بەغداد دەكات
سەبارەت بە ناوەڕۆكی دانوستاندنەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد لەبارەی ڕادەستكردنی داهاتی هەرێم و جێگیركردنی پشكی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق-دا،ئیحسان عەبدلجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایكرد، "لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق-دا ڕێككەوتن لەبارەی بڕگەیەكەوە كراوە، بەپێی ئەو بڕگەیە، هەرێمی كوردستان ڕۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حكومەتی فیدراڵ دەكاتبەو نرخەی كە كۆمپانیای سۆمۆ دیاری دەكات كە نرخی ڕكابەریی بەرزە."
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە چەند شێوازێكی تری ڕێككەوتن خراونەتەڕوو و وتی، "دۆسیەكە لە چارەسەركردندایە."
لەبارەی گرێبەستی 50 ساڵەی هەرێم و توركیاوە چی دەڵێت؟
سەبارەت بە گرێبەستی 50 ساڵەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە توركیا، وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایكرد و وتی، "بابەتەكە بەو شێوەیە نییە و ئەو زانیارییانەی بەدەست ئێمە گەیشتوون شتێكی تر دەڵێن، هەرێمی كوردستان چەند گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت و گواستنەوە و هەناردەكردنی نەوتدا كردووە، گرێبەستەكان بەرمەبنانی ئەو كەشە سیاسییە بارگرژە كراون كە هەرێم لە قۆناغی ئیمزاكردنی گرێبەستەكاندا پیایدا تێپەڕبووە، بە بڕوای من ئەو گرێبەستانە سەركەوتوو نەبوون، لەو قۆناغەدا چارەسەرێكی داراییانە بوون بۆ هەرێم، بەڵام ئێستا بە سەركەوتوویان نازانین، چونكە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، ناتوانێت داهاتی پێویست بۆ كوردستان دەستەبەر بكات."
وەزیری نەوتی عێراق زانیاریی زیاتری لەبارەی ئەگەری ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدادەوە ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، "پێموایە بەمنزیكانە كێشەكان چارەسەر دەكرێن و هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ ڕێكدەكەون."
پەیوەندیی هەرێم و بەغداد لە داهاتوویەكی نزیكدا باش دەبێت
ئیحسان عەبدلجەبار، وەزیری نەوتی عێراق دڵنیایی دا بەوەی كە "پەیوەندیی هەرێم و بەغداد لە داهاتوویەكی نزیكدا باش دەبێت، ئێمە هەوڵی دروستكردنی پرد و رایەڵەی متمانە دەدەین و دەمانەوێت ئاماژەی ئەرێنی بدەین بەوەی كە بەغداد بە هەمان ئەو جۆرە بیر لە گەلی كوردستان دەكاتەوە و لێی دەڕوانێت، كە لە گەلی ناوەڕاست و باشوور دەڕوانێت، بەڵام دروستكردنی متمانە كاتی پێویستە."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە دۆخی دارایی عێراق و چالاكی و كارەكانی كەرتی نەوت یارمەتیدەرن بۆ ئەو ڕێككەوتنە و بەردەوامبوونی؟ وەزیری نەوتی عێراق وتی، "دابەزینی نرخی نەوت و كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا كاریگەریی زۆریان لەسەر باری دارایی عێراق هەبوو، بەڵام نرخی نەوت بووژاوەتەوە و گرێبەستەكانی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوت و غازی عێراق باشن و هەموو كێڵگە و كۆمپانیاكانی نەوتی عێراق بەوپەڕی ئاستبەرزییەوە كاردەكەن و نەوت بەرهەمدەهێنن و بەوەش دۆخەكە بەرەو باشبوون دەڕوات."
ئاشكراشیكرد كە هەڵمەتێكی فراوانیان دەستپێكردووە بۆ پەرەپێدانی كەرتی نەوت و بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی گازی سروشتی و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین گرێبەستیان لەگەڵ ئەمریكا و فەرەنسادا كردووە و وەبەرهێنان لە كێڵگە گەورەكانی غازی سروشتی لە زیقار و بەسڕە دەستیپێكردووە، تا ساڵی داهاتووش ئەنجامی باشی دەبێت و دەبێتەهۆی زیادبوونی داهاتی عێراق.
داهاتی عێراق چەندە و بەشی چی دەكات؟
جەختیشیكردەوە كە پلانی حكومەت ئەوەیە لەمەودوا گرانترین جۆری نەوت، بە هەرزرانترین نرخ بەرهەمبهێنێتو وتی، "ئەوەی دەمانەوێت بیكەین، ئەوەیە لە ساڵێكدا 10 ملیار دۆلار لە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتدا خەرج بكەین و لە بەرامبەردا 70 ملیار دۆلاری تەواومان لە داهاتی نەوت دەستبكەوێت و ئەو پارەیەش بڕێكی باشە بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات و جێبەجێكردنی چەندین پرۆژەی گەورە و ستراتیژی."
كارەبا لە وزەی خۆر بەرهەمدەهێنین
ئاشكراشیكرد كە "ئامانجی وەزارەتی نەوت، بازرگانی و قازانجویستە و دەمانەوێت زۆرترین پارە و داهاتمان دەستبكەوێت، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەش، لەگەڵ گەورەترین كۆمپانیاكانی جیهاندا مامەڵە و گرێبەست دەكەین، لەوانە كۆمپانیاكانی ئەوروپا و ئەمریكا و تەنانەت چین و میسر بۆ ئەوەی لەڕێگەیانەوە جگە لە فرۆشتنی نەوت، لە بوارەكانی وەبەرهێنانی وزەی جێگرەوە و دابینكردنی وزەی كارەبا و ئاوەدانكردنەوەشدا زۆرترین سوود و كەڵك بەدەستبخەین."
لەو ڕووەوە وەزیری نەوت زانیاریی زیاتری ئاشكراكرد و ڕوونكردنەوەی خستەڕوو و وتی، "عێراق بە پێداگیرییەوە كاردەكات بۆ ئەوەی بەر لە ساڵی 2030، 20%ی وزەكەی لە سەرچاوەی وزەی پاكەوە بەدەستبهێنێت و لەو ڕێگەیەوە 10 گێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنین و بۆ ئەو مەبەستەش لە 10 ناوچەی عێراق-دا وێستگەی وزەی خۆر دروستدەكەین و ئێستا دەستمانكردووە بە دروستكردنی پێنج وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆرەوە.