ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:47 - 11/01/2019

عێراق بۆته‌ وڵاتی "مافیا"كان‌

پەیسەر

به‌رپرسانی ئه‌مریكا له‌ دواین لێدوانیاندا بۆ ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ ئاشكرایانكردووه‌، به‌هۆی ده‌ستتێوه‌ردانی ئێران و پاڵپشتیكردنی چه‌كدار و گروپی جیاواز جیاواز، عێراق بۆته‌ وڵاتێكی مافیایی.

 
ڕۆژنامه‌ی "واشنیگتۆن پۆست"ی ئه‌مریكی بڵاویكردۆته‌وه‌، به‌رپرسانی ئه‌مریكا ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌ " میلیشیاكان له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی سوننه‌نشین بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، له‌وێش باره‌گای سیاسیان داناوه‌، خاڵی پشكنینیان هه‌یه‌ وسه‌رپه‌رشتی رێگا سه‌ره‌كییه‌كان ده‌كه‌ن، له‌و خاڵه‌ پشكنینانه‌ش باج و سه‌رانه‌ له‌ بارهه‌ڵگره‌كانی نه‌وت و خۆراك و شتومه‌كی ناوماڵ وه‌رده‌گرن."

ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، كه‌ هه‌ندێك له‌ پیاوانی میلیشیا چه‌ندین تاوان هاوشێوه‌ی مافیاكان ئه‌نجامده‌ده‌ن، داوا له‌ كۆمپانیا بچووكه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ پاره‌یان پێ بده‌ن تاوه‌كو بپارێزرێن و شۆفێرانی ئۆتۆمبیلیش ڕاده‌گرن تاوه‌كو پاره‌ نه‌ده‌ن ناهێڵن بڕۆن.

ئه‌و رۆژنامه‌ ئه‌مریكیه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، هه‌ندێك چه‌كداری ئه‌و ناوچانه‌ كاتێك گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، كه‌ چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام (داعش) له‌ ناوچه‌كانیان نه‌ماون و حكومه‌ت رێگه‌ی پێداون بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان."