02:52 - 20/02/2021
پەیسەر سیناریۆكانی هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی عێراق ئاشكرادەكات
بڕیارە لە پاییزی
ئەمساڵدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراقدا ئەنجامبدرێت، بەڵام بەوپێیەی
هەڵبژاردنەكە پێشوەختە و پەرلەمان خوولی هەڵبژاردنی خۆی بەشێوەیەكی ئاسایی و
یاسایی تەواونەكردووە، دەبێت بەر لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، پەرلەمان
هەڵبوەشێندرێتەوە.
لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكانی چارەگی كۆتایی ساڵی 2019 و سەرەتای ساڵی 2020ی
زۆرێك لە پارێزگاكانی عێراق كە بە خۆپیشاندانەكانی ئۆكۆتبەر ناسران و
پێداگیرییكردنی خۆپیشاندەران لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و پەرلەمان و ئەنجامدانی
هەڵبژاردنی پێشوەخت، كابینەكەی عادل عەبدلمەهدی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق
هەڵوەشێندرایەوە و حكومەتێكی كاتی بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی پێكهێنرا.
لە 6ی 6ـەوە بۆ 10ی 10
وەك بەدەمەوەچوونی داواكاریی شەقامی عێراقی، ئامادەكاریكردن بۆ بەڕێوەبردنی
هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەخت و ئەنجامدانی، بوو بە یەكێك لە سەرەكیترین خاڵەكانی
كارنامەكەی حكومەتی كاتی. بۆ ئەو مەبەستەش، لە سەرەتای دەستبەكاربوونیدا وەك
سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021ی وەك وادەیەك بۆ بەڕێوەبردنی
ئەو هەڵبژاردنە دیاریكرد، بەڵام دوای مشتومڕێكی زۆری لایەنەكان لەلایەك، و
دەركەوتنی دەنگی ناڕەزایی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەوەی كە
ناتوانرێت لەو "ماوە كەمە"ی لەبەردەستیدایە، ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی
هەڵبژاردن بكات لەلایەكی ترەوە، هەڵبژاردنەكە دواخرا و جارێكی تر سەرۆكوەزیران لەڕێگەی
ڕاگەیەندراوێكی فەرمییەوە، وادەیەكی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكە دەستنیشانكرد و
ڕایگەیاند، "ڕۆژی 10ی 10ی 2021 هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامدەدەین."
بەدەر لە كار و
ڕێكارە یاساییەكانی وەك پرسی یاسای دادگای فیدراڵی، ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ
بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، لەوانە ئامادەكردنی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران و
نوێكردنەوە و پاككردنەوەی لە ناوی دەنگدەرانی مردوو، هەروەها دابینكردنی
پێداویستییە دارایی و لۆجستییەكانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، دوو بابەتی تری یاسایی
بوون بە لەمپەری گەورە لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەخت لە
وادەی دیاریكراویدا، ئەوانیش یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان و یاسای بودجەی گشتیی عێراق
بوون.
لە ماوەی
ڕابردوودا، پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەكان دوای مشتومڕێكی زۆر لە پەرلەماندا پەسەندكرا
و بەوەش عێراق بوو بە خاوەنی یاسایەكی نوێی هەڵبژاردنەكان كە جگە لەوەی
پێویستییەكی سەرەكی و سەرەتایی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، یەكێكیش بوو لە
داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی ئۆكتۆبەر، ئێستا ئەو ئەركەی لە ئەستۆی پەرلەماندا
ماوەتەوە كە دەبێت بەر لە هەڵوەشاندنەوەی خۆی ...كە سەرەكیترین مەرجی پێشوەختەی
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە... ڕایبپەڕێنێت، پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی
گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵی 2021ـە، هەنگاوێك، كە دوای مشتومڕ و ململانێیەكی زۆری
لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستان-ـیشەوە، پێدراوەكان وای نیشاندەدەن
كە قۆناغی زۆری تێپەڕاندبێت و زۆری نەمابێت بە پەسەندكردنی، كۆتایی پێبێت.
لێرەوە، پتر لە
سیناریۆیەك بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەمەبەستی ڕێگەخۆشكردن بۆ ئەنجامدانی
هەڵبژاردنی پێشوەخت هاتوونەتەئاراوە، كە لەم ڕاپۆرتەی "پەیسەر"دا
پەردەیان لەسەر هەڵدەماڵدرێت.
سیناریۆكانی
"خۆهەڵوەشاندنەوە"ی پەرلەمان چین؟
د. ڕیاز مەسعودی،
ئەندامی هاوپەیمانیی سائیروون بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر لە پەرلەمانی عێراق،
لەڕێگەی "پەیسەر"ـەوە ئەو سیناریۆیانە ئاشكرادەكات و دەڵێت،
"یەكێك لە كارە لەپێشینەكانی حكومەت، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو،
بەڵام حكومەت و كۆمسیۆن سەركەوتوو نەبوون لەو وادەیەی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكە
دەستنیشانكرابوو كە شەشی حوەزیران بوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی پێشوەخت ئەنجامبدەن
و ئەوەشیان بۆ چەند هۆیەك گەڕاندەوە، سەرەكیترینیان كەمیی كات و ئامادەنەبوونی
تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران بوون."
ئەو پەرلەمانتارە
ڕاشیگەیاند، "ئێستا كە بڕیارە هەڵبژاردنەكە لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا
ئەنجامبدرێت، پێویستە پەرلەمان بە بڕیارێك خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش بەپێی مادەی
64ی دەستوور كە دەبێت لەسەر داوای یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان، یاخود داوای
سەرۆكوەزیران و ڕەزامەندیی سەرۆككۆمار، پەرلەمان دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی خۆی
بدات."
لە درێژەی
گفتوگۆكەی لەگەڵ "پەیسەر"دا، ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە كرد كە چەند
بۆچوون و سیناریۆیەك هەن سەبارەت بە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئاشكرایكرد،
"یەكێك لە سیناریۆكان ئەوەیە كە پەرلەمان لە ڕۆژی 10ی 10ی ئەمساڵدا كە
هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام لە ئێستاوە وادەكە
دیاریبكات و ڕایبگەیەنێت كە لەو وادەیەدا خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، بۆئەوەی گومان لە
پرۆسەكەدا نەهێڵێت و وادەیەكی تر نەبێت كە لەڕێگەیەوە حكومەت و سەرۆككۆمار ئەو
هەنگاوە بنێن و پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە."
"بۆشایی
دەستووری" كەی دێتەئاراوە؟
وتیشی، "سیناریۆیەكی
تر بریتییە لەوەی پەرلەمان بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە 60 ڕۆژ خۆی
هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام لەو دۆخەدا ئەگەر ڕووداوێكی ئەمنی ڕووبدات یاخود
گۆڕانكارییەك بێتەئاراوە و بەهۆیەوە هەڵبژاردن نەكرێت، ئەوا بۆشایی دەستووری
دروستدەبێت، چونكە پەرلەمانێك بوونی نابێت و بەپێی دەستوور تەنها حكومەتی
كاربەڕێكەر دەبێت، بەوەش بۆشاییەكی دەستووری ڕوون سەرهەڵدەدات بەوپێیەی نە
دامەزراوەی یاسادانان و نە دامەزراوەی چاودێریكردن دەمێنێتەوە."
سەبارەت بە
دیاریكردنی وادەیەك بۆ بڕیاری پێشوەختەی پەرلەمان لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی خۆی لە
10ی تشرینی یەكەمدا، مەسعودی ئاشكرایكرد، "سیناریۆیەك هەیە بۆئەوەی لە
نزیكترین كاتدا پەرلەمان كۆببێتەوە و لە ئێستاوە ڕایبگەیەنێت كە لە 10ی 10ی
ئەمساڵدا خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، یەكێكی تر لە سیناریۆكان ئەوەیە پەرلەمان بەر لەو
وادەیە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە یاخود سەرۆكوەزیران و سەرۆككۆمار بڕیار بۆ
هەڵوەشاندنەوەی دەربكەن، هەموو ئەوانەش بۆچوون و سیناریۆی سیاسیی كراوەن و لە
ماوەی داهاتوودا دۆسیەكە یەكلادەبێتەوە."