ڕاپۆرتی عیراق

02:22 - 18/02/2021

​بادانەوەی عێراق بەرەو دونیای عەرەب؛ كۆتایی ئێرانە لە ناوچەكەدا‌

پەیسەر

دوای ئەوەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979ئیمام خومەینی گەیاندە ترۆپكی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، عێراق بووە یەكەم وێستگەی هەناردەكردنی بیروباوەڕەكانی شۆڕش لەناوچەكەدا، هۆكارەكانیشی بریتی بوون لە: هاوسنووری رۆژئاوا، پەیوەندی بازرگانی، هەبوونی مەزارە پیرۆزەكانی شیعە لە نەجەف و كەربەلاو چەند شوێنێكی دی عێراق و هەبوونی ژمارەیەكی زۆری پەیڕەوانی شیعە و سەرەڕای هەموو ئەوانەش ئیمام خومەینی ماوەیەكی زۆر وەك دورخراوەیەكی سیاسی لە عێراق ژیانی بردبووە سەر و چەندین هۆكاری دیكە هۆكاری سەرەكی بوون بۆئەوەی عێراق ببێتە بژاردەی یەكەمی هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران.

هەركە مژدەی سەركەوتنی شۆرش گەشتە عێراق، ئەو گروپ و دەستەو كەسانەی كە لەژێر فشاری توندی عێراق و ڕژێمەكەی سەدام حسین دابوون، بە هێواشی بیركردنەوەو بۆچوون و لایەنگرییان بەرەو ئێران گۆڕا، لەگەڵ بەهێزبوونی ئێران و پەیدابوونی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان هەردوو وڵاتیش ژمارەیەكیان دەستیان كردە ئەنجامدانی كارو چالاكی (كە ئێران ناوی دەناشۆڕشی ئیسلامی لە عێراق و دەسەڵاتدارانی عێراقیش بە ئاشووب و تێكدەر ناوی دەهێنان)، هەندێك لە شرۆڤەكارانیش پێیان وایە ئەو كارو چالاكیانە پێش لە جەنگی هەشت ساڵە بووەو بەڵكو بەیەكێك لە هۆكارەكانی هەڵگیرساندنی جەنگەكەی دەزانن.

جەنگ هەشت ساڵی ڕەبەقی خایاند، سەرە رای زیانی گیانی و مادی زۆر لە هەردوولا و وێرانبوونی سەرخان و ژێرخانی ئابووری و ژیاری هەردوو وڵات، ژمارەیەكی زۆر ئاوارە لە نێوان هەردوو وڵات ڕوویدا، ئەوانەی كە لە دەسەڵاتی وڵاتی خۆیان نیگەران و ناڕازیی بوون رۆشتنە پەنای ئەوی دیی و تا ئێستاش (2021) ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارەكانی هەردوولا –بەهۆكاری جیاواز- نەگەڕاونەتەوە زێد و وڵاتی خۆیان.

حكومەتی هەردوولا ئەو ئاوارانە –مرۆیی و سیاسی-یان وەك نەیاری وڵاتی بەرامبەر بەكارهێناو بگرە چەكداریی كردن و تەنانەت هەندێكیان بەشداریی ڕاستەوخۆی جەنگەیان كرد و لە دژی وڵات و هاوڵاتیانی خۆیان چوونە سەنگەرەكانەوە و خوێنی یەكترییان ڕشت، هەرچۆنێك بێت جەنگ تەواو بوو، بەڵام شوێنەوارەكانی ئەو جەنگە تا ئێستاش ساڕێژ نەبووە.

دوای ئەوەی سەدام حسین و ڕژێمەكەی بە پێچەوانەی شەپۆلەكانی رۆژئاواوە جووڵەكانی دەستپێكردو دیارترینیان هێرشكردنە سە بەرژەوەندییەكانی  رۆژئاوا بوو بە داگیركردنی بیرە نەوتەكانی كوەیت و كاركردن بۆ دەستخستنی چەكی قەدەغەكراو، لە ساڵی 2003 دا كۆتایی بەو ڕژێمە هات، ئیتر ڕێگەكرایەوە بۆ دەستێوەردانەكانی ئێران، جگە لە هۆكارەكانی سەرەوە هۆكاری بۆشایی ئەمنی و پاراستنی سنوورو وابەستەی هێزە جۆراوجۆرەكانی ناو عێراق بۆ ئێران و دژایەتی ئەمەریكاشی هاتە سەر، ئێران هێندە بە خێرایی هاتە ناو عێراقەوە كە پێدەچوو دەمێك بووبێت بەرنامە ڕێژیی بۆكردبێت، هەزاران ئاوارەی سیاسی و سەدان كادری پەروەردەكراویان بە خێرایی خستە ناو دۆخەكەوە تەنانەت كارگەشتە ئەوەی كڕینی موڵك ماڵ و پێدانی بەرپرسیارێتی گرنگ و دەرهێنانی ڕەگەزنامەو چەندین كار ئاسانیان بۆكرا، تا كار گەشتە ئەوەی وتەبێژی پێشووی حكومەتی عێراق بە ئاشكرا لە میدیاكانەوە گوتی (قاسم سولەیمانی) ڕاوێژكاریی فەرمی وەزارەتی بەرگریی عێراقە.

بەرپرسی هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی –سوپای قودس- ی سەر بە سوپای پاسدارانە كە راستەوخۆ فەرمان لە ڕابەرەوە وەردەگرن، سوپا جگە لەوەی لەناو خاكی ئێراندا دەیان سەربازگەو بنكەی فێركارییان هەبوو، لە عێراقیش بە خێرایی سەدان ناوەندی فێركاریی و سەربازیی لە باشوورو ناوەڕاستی وڵاتدا كردەوە، هەزاران كەسی عێراقی لەسەر دەستی ئەفسەرە ئێرانیەكان خولی ڕاهێنای سەربازییان بینی، ئەوەندە لە كارەكانیاندا سەركەوتوو بوون كە هەر لەو ڕێگەیەوە ئێران دەستی گەشتە سوریاو تا ئێستاش لەم دوو وڵاتە و چەندینی تریش بەردەوامی بەكارەكانی دەدات، گۆڕانكارییە سیاسی و سەربازییەكانییش بە جۆرێك هاتنە پێشەوە كەلە بەرژەوەندی ئێران بوو، بەهاری عەرەبی لە 2011 و پەیدابوونی داعش لە 2014 دوو گۆڕانكاریی گەورە بوون لە ناوچەكەدا كە ئێرانیەكان بە ئاشكرا لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا بسوڕێنەوەو بگرە وەك شێوە هاوپەیمانیەكیش لە گەڵ دوژمنی سەرەكییان –ئەمەریكا- جەنگی داعش بكەن و چەندین كۆبوونەوەی لێكتێگەیشتن و سەربازیی لەنێوان بەرپرسە ناوچەییەكانیاندا ئەنجام بدرێت.

بەڵام ئەمە هەموو چیرۆكەكە نییە، یە پێی توێژینەوەكانی دوای 2003 عێراق تووشی دەیان نەهامەتی و قەیرانی گەورە بووە، سەروەریی و یاسایی و سیاسی لەدەستداوە، خاوەنی سنوورەكانی خۆی نیە، فرۆكە بەئاسمانیدا دەسوڕێتەوە نازانن هی كێیە، گروپ و چەكدارە نایاساییەكان لە حكومەت بەهێزتر و دەوڵەمەندترن، ژمارەیەكی زۆر میلشیای چەكدارو و هەزاران سیخوڕ لەناوخۆی عێراق بەرهەم هاتووە، هەموو ئەوانەش بوونە هۆی ئەوە هەزاران كەس بوونە قوربانی .

دەستێوەردانەكانی ئێران ئەوەندە ئاشكراو بەهێز بوون كە هەر لایەنێك یان گروپێكی عێراقی بیویستایە خۆی لەژێر هەژموون و دەسەڵاتی بهێنێتە دەرەوە تووشی سەرئێشەو كێشە دەبوویەوە، بەجۆرێك هیچ بەرپرسێكی عێراقی پلە باڵانەبووە بەجۆرێك لە جۆرەكان لە گەڵ ئێرانیەكان پەیوەندی ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆی نەبووبێت، سەرۆكایەتیەكەشی تاونەتاوێك سەردانی تارانی نەكردبێت. تا وای لێهات كاتێك بەنێو شەقامەكانی بەغداد تێپەڕت دەكرد هەمووی بەدەست چەكدارە عێراقییەكانی سەر بە ئێرانەوە بوون و ژمارەی وێنەی ڕێبەری ئەو وڵاتە هێندە زۆربوون كە بەغداد لە تاران دەچوو.

وەنەبێت عێراقیەكان و هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی و وڵاتانی كەنداوی نەیاری ئێران ئەو دۆخەیان نەبینیبێت یان هەستیان بە مەترسییەكانی ئەو دۆخە نەكردبێت، بەڵكو هەمووان لەدوای هەلێكی وا دەگەڕان كە گونجاوبێت بۆ گۆڕانكاریی و گەڕاندنەوەی عێراق بۆ كۆشی وڵاتانی عەرەبی، بەو پێیەی كە عێراق لە نێو وڵاتانی عەرەبیدا بە (دەرگا) ئەژمار دەكرێت ، لەبەر ئەوەی عێراق گەورەترین  وڵاتی عەرەبیی كە هاوسنووربێت لە گەل ئێران و سەرانسەری سنووری رۆژهەڵاتی عێراق بە وشكانی پەیوەستە بە ئێرانەوە.

بە كوشتنی قاسم  سولەیمانی –بەرپرسی سوپای قودس- و ئەبومەهدی موهەندیس -جێگری فەرماندەیی حەشدی شەعبی- لە ڕۆژی 3/1/2020 لە نێو فرۆكەخانەی بەغداد لە لایەن ئەمەریكاوە، هەنگاوی یەكەمی گۆڕانكارییەكان دەستیان پێكردووە، وەك شارەزایان باسی دەكەن ئیتر كاتی ئەوە هاتووە عێراق لە ژێردەستی ئێران بهێنرێتە دەرەوەو بەرەو جیهانی عەرەبی بگەڕێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین هەنگاوی كردەییان هاویشتووە، یەكێك لەوانە هێنانە پێشەوەی مستەفا كازمی نزیك لە ئەمەریكا و بەرنامە چاكسازییەكانیەتی.

لە ڕووی ئابوریشەوە بۆ ئەوەی بۆشایی ئێران لە عێراقدا دەرنەكەوێت چەندین هەنگاوی گرنگ نراوە، لەوانەش هەناردەكردنی نەوتی بەسرە بەرەو میسرو بەخاكی ئەردەن دا، كردنەوەی سنووری نێوان عەرەبستانی سعودیەو عێراق-عەرعەر- و پێدانی كارەبا بە نرخێكی زۆركەمتر لەوەی كە ئێران دەیدات، لەو پێناوەشدا سعودییە ئامادەگی تەواوی دەربڕیوە بۆ ئەوەی لە هەموو بوارەكاندا هاوكاری عێراق بكات و بۆ ئەو مەبەستەش لە چوار شاری عێراقدا كۆنسوڵخانە بكاتەوە، وەك دەستپێشخەرییەكیش گەورەترین یاریگای وەرزشی بەناوی –مەلیك سەلمان –لەسەر بودجەی خۆی لە بەغداد بكاتەوە، شرۆڤەكاران ئەوانە بە وەرزێكی نوێی عێراق ئەژمار دەكەن بۆ ئەوەی لە ژێر چنگ و هەژموونی ئێران بێتە دەرەوە.

عەرەبستانی سعودیەو ئێران لە سەرەتای هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامیەوە تا ئێستا ناكۆك و ناتەبان، سعودییە سەركردایەتی مەزهەبی سونە دەكات و ئێرانیش سەرۆكایەتی شیعەی جیهانی دەكات، لەوێوە كێشەی ئاینی و مەزهەبی كێشە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوانیانی قووڵتر كردووەتەوە. شرۆڤەكاران باس لەوە دەكەن هەنگاوەكانی عەرەبستانی سعودییە لە عێراق نوێنەرایەتی وڵاتانی دیكەی عەرەبی –ئەوانەی كە كێشەی عێراق بە گرنگ لەبەرچاو دەگرن- لەناوەرۆكیدا ئەو پەیامەی هەڵگرتووە كە وڵاتانی عەرەبی بەدەست ئێرانەوە لە عێراق هەراسان بوون، بۆیە دەبێت بەخێرایی و بە بێ دابران بگەنە فریای عێراق و باشترین كاریش ئەوەیە پێداویستیەكانی عێراق پڕبكەنەوە بۆ ئەوەی چیتر پێویستی بە ئێران نەبێت.

عەرەبستانی سعودییە جگە لە ڕۆڵە ئاینیەكەی، ڕۆڵە ئابوورییەكەی و نزیكی لە ئەمەریكا و رۆژئاواوە پێگەیەكی گرنگی هەیەو دەكرێت وەك سەری وڵاتانی عەرەبی سەیربكرێت، هەنگاوە سیاسیەكانی لەناوچەكەدا شوێنەواری گرنگ بەجێدەهێڵێت. ئەو وڵاتەش خۆی یەكلایی كردووەتەوە كە عێراق بگەڕێنێتەوە نێو باوەشی وڵاتانی عەرەبی و لەژێردەستی ئێران بیهێنێتە دەرەوە.

یەكێكی تر لە خاڵە گرنگەكانی ئەو گۆڕانكارییە بریتیە لەوەی كە سوپای پاسدارانی ئێران خراوەتە لیستی تیرۆرەوەو بۆئەو مەبەستەش دەتوانرێت بكرێتە دەستپێكی گۆڕانكارییەكان و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئەمە پیلانێكی گەورەی رۆژئاوایە بەرامبەر وڵاتەكەیان و لەبەرنامەشیاندا نییە مل بۆ ئەو جۆرە پیلانە دابنەوێنن و بكەونە ژێر كاریگەرییەكانیەوە.

گومانی تێدا نییە كە ڕێگری كردن لە دەستێوەردانەكانی ئێران لە عێراق واتە كۆتایی هێنان بە ڕۆڵی ئێران لەسەرجەم وڵاتانی عەرەبی، لەبەر ئەوەی عێراق گۆڕەپانی پەڕینەوەی ئێرانە بەرەو وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كە دەكەونە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەراست، بەمانایەكی تر كۆتایی هێنانە بە ڕۆڵی سەربازیی ئێران و هەڵوەشانەوەی هیلالی شیعە.