ڕاپۆرتی عیراق

03:26 - 09/02/2021

سەرۆکی دەستەی دادوەری ئێران بۆ چی لە بەغدادە؟‌

پەیسەر

دوێنێ شەو " 8ی شوباتی 2021"، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی دەستەی دادوەری ئێران، بە سەردانێکی رەسمی و بەیاوەری شاندێک گەیشتە عێراق. پێش سەردانەکەی رەئیسی، ناوەندی راگەیاندنی دەستەی دادوەری ئێران رایگەیاند، ئەم سەردانە لەسەر بانگهێشتی فایەق زەیدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقە و لەسەردانەکەدا زیارەتی حەرەمی ئیمام کازم دەکرێت، هەروەها دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی دیکەی عێراق ئەنجام دەدرێت.

رەئیسی سەردانی حەرەمی  ئیمام موسای کازمی کرد
سەرۆکی دەستەی دادوەری ئێران و شاندی یاوەری، دوێنی شەو سەردانی حەرەمی ئیمام موسای کازمیان کرد.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، شاندەکەی ئێران پاش بەشداریکردن لە مەراسیمێک بۆ یادی قاسم سولەیمانی، سەردانی حەرەمی ئیمام موسایان  کردووە و پاشان لەگەڵ سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعە  و بەرپرسانی مەزاری ئیمام موسای کازم دیداریان کردووە.


زەیدان و رەئیسی کۆبوونەوە
لەیەکەمین کۆبوونەوەیدا، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی دەستەی دادوەری ئێران و فایەق زەیدانی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەتی وەک زیندانییەکانی هەردوولا، زیارەتکاران، مادەی هۆشبەر، هەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵات و دۆسیەی کوشتنی قاسم سولەیمانی و لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان لەو کەیسە کراوە.

ئاژانسی هەواڵی فارس رایگەیاند، مادە هۆشبەرەکان تەوەرێکی گفتوگۆکان بوو، رەئیسی ئاماژەی بەوەداوە " ئێران لە ریزی یەکەمی وڵاتانی رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەرەکانە لە جیهاندا، شەهیدی زۆری لەم رێگایەدا داوە و تێچوویەکی زۆری بۆ تەرخانکردووە."
رەئیسی باسی لەوەش کردووە، ریشەی مادەهۆشبەرەکان و قاچاخچییە سەرەکییەکانی لە ڕۆژئاوان نەک لە ئەفغانستان و پاکستان.

ئاڵوگۆڕی زیندانیکراوان لەنێوان هەردوو لادا باسکرا و رەئیسی گوتی "ئەگەر بتوانین زیندانییەکان بگوازینەوە بۆ ئێران هەم ئەرکی دەسەڵاتی دادی ئێران کەم دەبێتەوە و هەم نیگەرانیی بنەماڵەی زیندانییەکان کەمتر دەبێت."

 لە کۆبوونەوەکەدا،هەڵگرتنی ڤیزاش لەنێوان هەردوو وڵاتدا بە کارێکی ئەرێنی لەقەڵەمدرا.

دۆسیەی کوشتنی قاسمی سولەیمانی و فەرمانی دەستگیرکردنی دۆنالد ترەمپ، یەکێكی دیکەی تەوەرە سەرەکییەکانی دیدارەکەبوو. رەئیسی  دەستخۆشی لەم هەنگاوانەی عێراق کردووە و وتویەتی " ئەگەر ئەمریکییەکان لە عێراقدا لێکۆڵینەوەی یاساییان لەگەڵدا نەکرێت، ئەوا بوێری ئەوەیان دەبێت، تاوانی هاوشێوە لە وڵاتانی دیکەشدا ئەنجام دەدەن."

لەم کۆبوونەوەیەدا، عێراق و ئێران سێ لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە.
ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق "واع" نوسیوویەتی، ئەم سێ لێکتێگەیشتنانە لەبارەی هاوکاری دادوەری، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و زیندانییەکان بووە.

سەرۆکی دەستەی دادوەری بەشداری لە مەراسیمی ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامیدا کرد
رەئیسی لە بەغداد بە بەشداری چەندین کەسایەتی ئاینی و رابەری ناسراوی عێراق و بەئامادەبوونی ئیرەج مەسجدی، باڵوێزی ئێران لە عێراق، بەشداری لە مەراسیمی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا کرد


 ئاژانسی ئیرنا رایگەیاند، لەم مەراسیمەدا، عەلی شوکری نوێنەری سەرۆک کۆمار، نوری مالیکیی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، شێخ خالید  مولا  رابەری کۆمەڵی زانایانی سونە، هومام حەمودی سەرۆکی ئەنجوومەنی بالای ئیسلامی، شێخ مەهدی سەمیدعیی سەرۆکی دارولفەتای سونە، مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و ژمارەیەک لە باڵوێزی وڵاتان بەشداری ئەم مەراسیمەیان کردووە.