ڕاپۆرتی عیراق

03:04 - 06/02/2021

كێشه‌ى كه‌مئاوى عێراق به‌كوێ ده‌گه‌یه‌نێت؟‌

پەیسەر

گرفته‌كانى سەرچاوەكانی ئاو، له‌ عێراق قوڵتر ده‌بنه‌وه‌ و گلدانەوەی ئاو بۆ پڕكردنى بەنداوی ئەلیسۆ، له‌لایه‌ن توركیاوه‌و هاوكات دروستكردنى بەنداوی ئەتاتورك لەسەر ڕووباری فورات، كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كات، بڕیاریشه‌ شاندێکى عێراق بەمنزیکانە سەردانى ئەنکەرە بکەن، به‌مه‌به‌ستى واژۆكردنى دوایین ڕێککەوتن لەسەر پشکی ئاو لە ڕووباری دیجلە، وتەبێژى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراقیش ده‌ڵێت، توركیا سوورە لەسەر دابینکردنى پشکى عێراق بەشێوەیەکى دادپەوەرانە لە ئاوى ئەو ڕووبارانەى کە بەهاوبەشى دەڕژێنە ناو عێراقەوە.  

كێشەی ئاو لە نێوان عێراق و وڵاته‌ دراوسێكان
توركیا لەساڵی 2006 وە دەستی كرد بەدروستكردنی بەنداوی ئەلیسۆ و لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2018 دەستی كرد بە گلدانەوەی ئاو بۆ پڕكردنی بەنداوەكە، ئەلیسۆ یەكێك لەو 22 بەنداوەی توركیا بەنیازە لەچوارچێوەی پرۆژەی گاپ دروستی بكات و پێشبینی دەكرێت بەهۆیەوە 70%ی ئاوی ڕووباری دیجلە كەم بكات، ئەوەش گرفتێكی گەورەی كەم ئاوی بۆ عێراق و سوریا دروست دەكات، هەوڵەكانی هەردوو حكومەت بۆ رازیكردنی توركیا تائێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە، ئەوە جگە لەوەی توركیا بەنداوی ئەتاتوركی لەسەر ڕووباری فورات دروستكردووە، كە بەیەكێك لەگەورەترین بەنداوەكانی جیهان دادەنرێت.

ئێران لەرۆژهەڵاتی كوردستان و لەنزیك شاری سەردەشت بەنداوی كۆڵەسەی لەسەر زێی بچوك دروستكردووە كە بەهۆیەوە مەترسی لەسەر ئاوی خواردنەوەی ناوچەی پشدەر  و چەند ناوچەیەكی تر دروست بووە ، هەروەها ئێران چەندین بەنداوی لەسەر ئاوی ڕووباری سیروان دروستكردووە لەوانەش بەنداوی ئازادی و بەنداوی جافا و بەنداوی داریان، هەروەها تونێلی زاگرۆسی دروستكردووە بۆ گۆڕینی رێرەوی ئاوی ڕووباری سیروان، ئەوەش مەترسی بۆسەر بەنداوەكانی دەربەندیخان و حەمرین دروست دەكات لەباشوری كوردستان، جگە لەوەی ساڵانە ئاوی ڕووباری ئەڵوەن دەگرێتەوە.

بەهۆی ئەوەی زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی لەڕووی باران بارینەوە دەكەونە ناوچەی ووشك یان نیمچە ووشەكەوە و تێكرای باران تێیاندا كەمترە لە 300 ملیمەتری ساڵانە، هەروەها ژمارەی ڕووباری بەردەوام لەوڵاتانی عەرەبی نزیكەی 50 رووبارە و لەناو ئەو ڕووبارانەدا ڕووباری دیجلە و فوراتیش ئەژماركراون، بەشی زۆری ئاوی وڵاتانی عەرەبی لەدەرەوەی سنوری وڵاتەكانیانەوە دێت، وڵاتانی كەنداوی عەرەبی ئاوی خواردنەوەی شیرینیان نیە و لەرێگەی پاڵاوتنەوە بۆ خواردنەوە ئاویان دەستخستووە بەڵام ئەمە خەرجیەكی زۆری لەسەریان دروستكردووە.

ڕێککەوتنه‌كانى عێراق لەسەر پشکی ئاو لە ڕووباری دیجلە
له‌ ماوه‌كانى ڕابردوودا حكومه‌تى عێراق، چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ى تایبه‌ت به‌م پرسه‌ ئه‌نجامداوه‌، کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ تورکیا لەسەرپشکەکانی عێراقە لە ڕووباری دیجلە.

شاندێکی عێراقی دەچێتە تورکیا بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاوی دیجلە، وتەبێژى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراقیش ده‌ڵێت، توركیا سوورە لەسەر دابینکردنى پشکى عێراق بەشێوەیەکى دادپەوەرانە لە ئاوى ئەو ڕووبارانەى کە بەهاوبەشى دەڕژێنە ناو عێراقەوە. 
 
عەلى ڕازى، وتەبێژى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق ڕایگه‌یاند، دۆسییەى دانوستان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێى بەتایبەتى لەسەر پشکى ئاو لەگەڵ وڵاتانى تورکیا و ئێران و سوریادا یەکێکە لە دۆسییە گرنگەکان و بەرەو پێشچوونى لەگەڵ تورکیادا بەخۆیەوە بینیووە.  

وتیشى، نێردەى تایبەتى سەرۆکى تورکیاش بۆ عێراق جەختى لەسەر ئەوە کردەوە وڵاتەکەى سوورە لەسەر دابینکردنى پشکى عێراق بەشێوەیەکى دادپەوەرانە لە ئاوى ئەو ڕووبارانەى کە بەهاوبەشى دەڕژێنە ناو عێراقەوە.  

یه‌پێى وته‌ى ئه‌و شاره‌زایه‌یى ئاو، دواهەمین کۆبونەوەى نێوان عێراق و تورکیا لەسەر ئەو پرسە لەڕێکەوتى 15 مانگى ڕابردوو بوو، کە هاتنى شاندێکى هونەرى تورکیاى لێکەوتەوە و شاندێکى عێراقیش بەمنزیکانە سەردانى ئەنکەرە دەکەن بەمەبەستى واژۆ کردنى ڕێکەوتنێک لەنێوان هەردوولادا بەتایبەتى بۆ ڕێکخستنى پشکى ئاوى عێراق لەڕووبارى دیجلەدا.

دۆسیەی دانوستانەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر پشک و بەرکەوتەی ئاو چ لەگەڵ تورکیا یان ئێران و سوریا، دۆسیەی گرنگی حکوومەتن، لە ماوەی ڕابردووشدا گەشەسەندنێکی ئەرێنی ڕوون و ئاشکرای لەنێوان عێراق و تورکیادا بە خۆوە بینیوە.

سه‌ردانى ئه‌م دواییه‌ى شاندى عێراق بۆ توركیا، به‌مه‌به‌ستى تەواوکردنی ئیمزاکردنی پرۆتۆکۆلێک لەنێوان هەردوولادا بۆ ڕیکخستنی بەشە ئاوی عێراق لە ڕووباری دیجلە ده‌بێت. 

بەكارهێنانی ئاو لەجیهاندا زۆر زیادیكردووە، ئەویش بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و خراپی بەكارهێنانی، پێشبینی دەكرێت، لەساڵی 2025 دا سێیەكی دانیشتوانی گۆی زەوی بەدەست كەمی ئاوەوە بناڵێنن، هەروەها پیس بوونی ژینگە و بەرزبونەوەی پلەی گەرما، كاریگەریان لەسەر زۆربوونی خواست لەسەر ئاوی پاك زیادكردووە.

پسپۆڕان وا چاوەڕێ دەكەن لە ساڵانی داهاتوودا، كێشەی ئاو لە نێوان وڵاتاندا، سه‌رهه‌ڵبدات چونكه‌ ئاو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی مرۆڤەكان و ژینگەكەیەوە، هه‌یه‌.

پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌وچوارچێوه‌یه‌دا عێراق و هه‌رێمى كوردستان چۆن ڕووبه‌ڕووى ئه‌و قه‌یرانه‌چاوه‌ڕوانكراوه‌ ده‌بنه‌وه‌ و پلانه‌كانى داهاتووچى ده‌بن؟؟