02:27 - 26/01/2021
گۆڕینی مامەڵەی میلشیاكانی عێراق و كاردانەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان
ماوەیەكە
تێڕوانینێكی گرنگ هاتووەتە پێشەوە لەبارەی چارەنووسی ئەو هێزو میلشیایانەوە كە
لەناو عێراقدان و كار بۆ ئێران دەكەن، لە ساڵی ڕابوردوودا و دوای ئەوەی دوو
سەركردەی دیار( قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس) كوژران، گۆڕانكاری سەرەكی لەشێوازی
كاری ئەو میلشیایانەدا ڕوویداوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بەغداد تا رادەیەك بەرچاوی
ڕوون ببێتەوەو بزانێت بۆئەمساڵی 2021 چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بكات.
چەند هەفتەیەك
ساڵی نوێ تێپەڕیوە چەندین بۆنەوەو ساڵوەگەڕیی گرنگی تێدا بووە، دوو رۆژ بە لە
سەریی ساڵ و 29كانوونی یەكەم ساڵوەگەڕیی هێرشكردنە سەر گروپێكی 25كەسی حزبوڵای
عێراقی بوو لە لایەن ئەمەریكیەكانەوە، 3 كانوونی دووەم ساڵڕۆژی كوژرانی سولەیمانی
و موهەندیس بوو، سەرەڕای ئەوانەش هەرچەندە بەردەوام هێرش دەكرێتە سەر ئۆتۆمبێلە
عێراقیەكان و بەتایبەتی ئەوانەیان كە پێداویستی سوپای ئەمەریكا دەگوازنەوە، بە ڵام
لە ساڵڕۆژەكاندا –بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەكانەوە- هیچ هێرشێكی مووشەكی نەكرانە سەر
دامەزراوە ئەمەریكیەكان، كۆتا رۆژی هێرش كردنە سەر دامەزراوە ئەمەریكیەكان لە
20كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابوردوودا بوو، كە باڵێۆزخانەی ئەمەریكای لە بەغداد
كردبووە ئامانج.
لەگەڵ
ئەوەشدا لەو ماوەیەدا تێڕوانینی گرنگ لەبارەی ڕێڕەوو ئأڕاستەی كاری میلشیاكانی
سەربەئێران هاتووەتە پێشەوە، لەبەرئەوەی
لەنێوخۆی ئەو گروپانەدا كێشەو ناكۆكی لەسەر ئەوە دروست بووە كە ئایا هێرش بۆسەر
كام لەوانە گرنگە؛ هۆڵەكانی مەساج یان دامەزراوە دبلۆماسیی و سەربازییەكانی
ئەمەریكا؟هەر بۆیە ئێران بە پەلە هاتووەتە ناو بابەتەكەو ناكۆكییەكانی ڕاگرتووە،
بوونی ئەو میلشیایانەی سەر بە ئێران لە عێراقدا بە یەكێك لە كێشەو لەمپەرەكانی
بەردەم ئیدارەكەی بایدن و هاوبەشە
رۆژئاواییەكانی لە عێراقدا دێتە ئەژمار.
ناكۆكییەكانی
نێو –بەرهەڵستكاران- مقاوەمە:
توێژینەوەی
زۆر لە بارەی چالاكی میلشیاكانەوە هەیە، بڵاوكراوەكانیان لە سەر تۆرە
كۆمەڵایەتییەكان زۆرن، لێدوانەكانیان بۆ میدیای گشتی گۆڕانكاریی خێرایان بەسەردا
هاتووە، ئەو گروپانە ناوی خۆیان ناوناوە –مقاوەمە- گروپەكانی بەرهەڵستكاریی،
كاریان دژایەتی كردنی بوون و مانەوەی سەربازیی ئەمەریكییەكانە لە عێراق،
بەردەوامیش لە نێوان خۆیاندا هاوكاریی و لیژنەی هاریكاریی دروست دەكرێت، دەستەی
هاریكاریش لە نوێنەرانی سێ لایەنی سەرەكی مقاوەمە پێكدێت، ئەوانیش: كەتائیبەكانی
حزب الله ی عێراق، عەسائیبی ئەهلی حەق، بزووتنەوەی نوجەبایە، هەر لە دوای ماوەیەكی
زۆر كەم لە كوشتنی قاسم وسولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە رۆژی 3 كانوونی دووەمی
2020 ، ئەم سێ گرووپە توانییان بە شێوەیەكی بەرفراوان دەست بگرن بەسەر گۆڕەپانی
گشتی و ئەلیكترۆنی عێراقداو لە هەمان كاتیشدا وابەستەبن بەو ڕێككەوتنە شل و شۆڵەی
كە لەنێوانیاندا هەیە.
لەگەڵ
ئەوەشدا؛ ئەم گروپانە لەناوخۆیاندا كێشەیان هەیە و بەردەوام لەسەر هێرشەكان ڕەخنەدەگرن،
حزبوڵا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی پاردا هێرشیان كردە سەر هۆڵێكی مەساج لە
بەغداد و چالاكیەكانیش لە لایەن –ربع الله- ەوە ئەنجام دران، هەروەها ڕاگەیاندنی
ئاگربەست لەگەڵ ئەمەریكیەكان كە لە لایەن وتەبێژی حزبولاوە –محەمەد محی-یەوە
ڕاگەیەنرا، لە 10 تشرینی یەكەمی 2020 دا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی گرووپەكە ناكۆكی
تێبكەوێت و ببنە دوو بەشەوە (كتائب حزب الله) و (كتائب حزب الله نجباء)، ئەوە
سەرەڕای ئەوەی كە ڕێنمایی و ئاڕاستەكانی -فەیلەقی قودس- كە پێیی گوتوون ئەو چەند
هەفتەیەی كە ترامپ لەسەرۆكایەتیدا ماوەتەوە ڕابگرن.
بۆ ئەوەی
جێگرەوەیەك بدۆزرێتەوەو كەتائیبی حزب الله دەستیەكیان جیاكردەوە بەناوی –قاصم الجبارین-
بۆ ئەوەی هێرشەكان لەڕێگەی چاندنی بۆمبەوە لەدژی هێزە عێراقیەكان نەوەستێت،
بەتایبەتی ئەوانەیان كە پێدوایستی سوپای ئەمەریكا دەگوازنەوەو كاری ئەوان دەكەن،
بەتایبەتی لە باشووری بەغداد.
لەبەرامبەر
ئەوەشدا، عەسائیبی ئەهلی حەق(كە دوژمنی سەرەكییان ئەمەریكایەو دژی ئاگربەستن
لەگەڵی) كە لە لایەن حزب الله وە ئەنجام درابوو، هەربۆیە لە رۆژی 17/11/2020 هێرشی
مووشەكییان كردە سەر باڵێۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغداد بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە
نیگەرانی خۆیان بسەلمێنن، بەڵام لە ڕاگەیاندنەكان و سۆشیاڵ میدیاوە ڕایانگەیاند كە
گروپێكی نوێ كارەكەیان ئەنجام داوەوناویان – اصحاب الكهف- ە.
هەروەها لەدوای
ئەوەی كەوتنە بەردەم ڕەخنەی توند ، عەسائیبیی ئەهلی حەق بەشێكی زۆرلە ئەندامەكانی
خۆی لەناو –ربع الله- كێشایەوە، لەبەر ئەوەی هێرشیان كردبوویە سەر هۆڵێكی مەساج بە
بیانووی ئەنجامدانی چەند كارێكی دوور لە ڕەوشتی كۆمەڵگە، هەرچەندە عەسائیب پارە
لەو شوێنی مەساج و چەند جێگەی دیكەش كە كاری بەدڕەوشتییان تێدا ئەنجام دەدرێت و
بەپارە كارەكان دەكرێت ، عەسائیب هێرشیان دەكاتە سەر بۆ نموونە شوێنی
لەشفرۆشییەكان، یانەی شەوانەو خواردنەوەكان، دوكانی مەی فرۆشتنو هیی تر.
هەربۆیە
زۆربە خێرایی كاریگەرییەكانی حزب الله بەرەو كەمبوونەوە ڕۆشت و نەیانتوانی درێژە
بدەن بە كەناڵی ئاسمانی –صابرین-و بە جێی بهێڵن بۆعەسائیبی ئەهلی حەق لە كۆتایی
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابوردوودا.
لە
ڕەتدانەوەی ئەو دیمەنە ئاڵۆز و پڕ لە فەوزایەدا هەمووان گەشتنە ئەو بڕوایەی دەبێت
دەستەیەكی هەماهەنگی بۆ بەرهەڵستكارانی عێراقی –مقاومة- دیاری بكرێت، هەربۆیە
ئێران دەستی كرد بە قەناعەتپێكردنی ئەو
سەركردانەی كە لە دەسەڵاتی عێراق نیگەران بوون،دوای ئەوەی یەكێك لە ئەنجامدەرانی
هێرشەكەی سەر باڵێۆزخانەی ئەمەریكا دەستگیركرا، ئیسماعیل قائانی – جێگرەوەی قاسم
سولەیمانی و بەرپرسی ئێستای سوپای قودس- لە رۆژی 21/12/2020 دا هاتە بەغداد و
لەنزیكەوە سەركردەكانی بەسەركردەوە.
پەرەسەندنی ئاراستە جیاوازەکانی نێو میلیشیاکانی عێراق :
لە ڕاستیدا
دوای ئەوەی كە بایدن وەك سەرۆكی نوێی ئەمەریكا دەست بەكاربووە یەكێك لەو دۆسییە
گرنگانەی كاری لەسەر دەكات عێراقە، مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا چەند بەشێكی سەرەكی
دەگرێتەوە لەوانەش:
1-كاركردن بۆ
نادیارکردنی بەرپرسیارێتی میلیشیاکان:
لەسەرەتای
مانگی تشرینی یەكەمی 2019 و هەندێكیش دەڵێن پێش لەو كاتەش، قاسم سولەیمانی چەند
ڕێوشوێنێكی پێشنیاركردبوو بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی میلشیاكان نەهێڵێت لەبەرامبەر
ناوەندە كاربەدەستە جیهانیەكان و حكومەتی عێراقی و ڕای گشتی عێراقیدا، بەو پێیە
دەبێت گروپە تازەكان وەك دەستەو گروپی جیابوەوە لێیان بڕوانرێت و باس بكرێن لە
نموونەی – عصبة الثائرین و قاصم الجبارین و اصحاب الكهف و ربع الله- نابێت
كەتیبەكانی حزب الله یان هەرمیلشیایەكی سەرەكی و دیار بە راستەوخۆیی دەستیان تێدا
هەبێت، بۆ ئەوەی ئەوان خۆیان بۆ دژایەتی كردنی هێزە بیانیە رۆژئاوییەكان یەكلایی
بكەنەوە لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.
2- بەردەوامی
چالاكییەكان و گەشتن بە كەمترین ئاست:
بۆ قەرەبووی
ئەو چرا سەوزەی كە سوپای قودس داویەتی بە میلشیاكانی سەر بەرئێران لە عێراق تا
تەواو بوونی كاتی یاسایی سەرۆكایەتی ترامپ، لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ هێرش نەكرێتە سەر
بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و لە بری ئەوە بە دانانی بۆمب و تەقینەوەی كەناری
شەقامەكان بۆ ئەو ئۆتۆمبیلانەی كە كار بۆ ئەمەریكییەكان دەكەن.
3-هێزی نەرم
و "زلەی ڕەق".
عەلی خامنەئی
لە ڕۆژی 16 كانوونی یەكەمی پێشوودا ڕایگەیاند، ئێران و هاوكارەكان -هێزی نەرم-
بەكاردەهێنن بۆ كۆتایی هێنان بە هێزی داگیركاری ئەمەریكا، تا لەو ڕێگەیەوە لە
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیكەنە دەرەوە.
بە پێی
هەندێك سەرچاوە،ئیسماعیل قائانی سەركردەی سوپای قودس لە سەردانەكەی 21 مانگی
كانوونە یەكەمدا لەگەڵ هەندێك لە سەركردەكانی مقاوەمە باسیان لە پلانی 2021 كردووە،
پێدەچێت لەو پلانەدا بەرنامەیەكی نوێ داڕژرابێت بۆ ئەوەی ئامانجەكان بەشێوەی دیكە
بەدی بهێنرێت لەوانەش دروستكردنی توندوتیژیی ئاشووبگێڕیی، سوتاندن، بەدیوەكەی
تریشدا گرنگیدان بە بەرنامەكانی چاودێریی كۆمەڵایەتی، مانگرتنی سیاسی، هێرشكردن
لەڕێگەی تۆڕەكۆمەڵایەیتەكان، پەرلەمان،داوای یاسایی كە ئەوان ناویان لیناوە –جەنگی
یاسایی- پشت بەستن بە هەڵمەتی هەڵبژاردن.
رۆژی كانوونی
دووەم و لە ساڵڕۆژی كوژرانی سولەیمانی و موهەندیس دا ئەبوحسین حمیداوی كە ناوی
فەرمی خۆی –احمد محسن فرج الحمیداوی-یە و وەك ئەمینداری گشتی حزب الله عەسائیبی
ئەهلی حەقی وەك قۆناغێكی نوێی بەرگریی ناوهێناو ئاماژەی بەوەش كرد كە لە
هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا 10/10/2021 دەبێت ڕۆڵی سەرەكییان هەبێت.
لێکەوتەکانی
سیاسەتی ڕۆژئاوا
دەكرێت بڵێین
بە شێوەی کۆمەڵ ، ئەمەریکا و گروپی ڕاوێژکارانی
سەربازی كە پێكهاتوون لە 13 وڵات لەگەل نەتەوە یەکگرتووەکان ، یەکێتی ئەوروپا ،
ناتۆ و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان ، لە بەهێزترین و ناسراوترین هاوبەشەكانی
عێراقنو ئومێدی باشیان بە گۆڕانكاریی لەو وڵاتەدا هەیە .
لەژێر سایەی
ئیدارەی بایدن دا، رەنگە ئاڕاستەی سیاسەت و سەرکردایەتی ئەمریکا لەسەر عێراق بگۆڕێت
بۆ ڕوانگەیەکی "ستراتیژی ناوچەیی" ، پێچەوانەی بۆچوونی ترامپ بۆ خستنەکاری
"ئەوپەڕی فشار" بۆ سەر ئێران جێبەجێ بكرێت. کەچی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە لە ژێر کۆنترۆڵی
ئەووڵاتەدان بەردەوام زۆرێک لە هەڕەشەکان دروست دەکەن .
تیمی بایدن بەردەوام گرنگی دەدەن بە : ژێرپێخستنی
دێموکراسییە ناڕێکەکان لە لایەن دیکتاتۆرەکانەوە ( وەک دەستێوەردانی هەلبژاردنی ڕووسیا
) ، بە ئامانج گرتنی چالاکانی سیاسی ( وەک کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی
) ، گەورەکردنی گەندەڵی بەربڵاو لە کاتی قەیرانی ئابووری و ، بێگومان پاراستنی خەڵکی
ئەمەریکیەكانیش لە دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان .
لەبەرئەم
هۆیانەو چەندین هۆكاری دی، تا ئێستەش چاوەڕێ دەكرێت كە واشنتۆن هاوكاریی هەوڵە نێو
دەوڵەتییەكان بدات بۆئەوەی سنورێك بۆ مقاوەمەی عێراقی دابنرێت، سروشتی گەورەبوونی
ئەم هەڕەشەیەش پێویستی بە کەرەستەیەکی زۆر باش هەیە کە بریتین لە:
1-بەرپرسیارێتی لەسەر بنەمای بەڵگە:
میلیشیاکانی
سەر بە ئێران کە پشتیوانیان لێ دەکرێت ، هەوڵ دەدەن لە هەموو شتێک کەڵک و سوودیان
لێ وەربگرن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ڕێگەی ڕووکاری نوێی وەک "اصحاب الكهف"
هێرش ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی لایەنگرانی خۆیان نیشان بدەن کە هێشتا "بەرهەڵستی
دەكەن"، بەڵام بە پێی پێویست نکولی دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە تۆڵەی سەربازی، ئاڵەنگاریی
یاسایی، یان زیان گەیاندن بە پەیوەندییە گشتییەکان خۆ بەدوور بگرن بۆ کۆکردنەوەی ئەو بەڵگانەی کە پێویستە
بۆ لێپرسینەوە ی ئەم گروپانە، بۆیە پێویستە لەسەر ئەو حکومەتانەی جەخت لە سەر
بنەماكانی مافەکانی مرۆڤ دەکەنەوە لە ڕۆژئاوا ، تەکنیکی تۆکمەی کۆکردنەوەی زانیاری
بگرنەبەر کە چاودێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەكنۆلۆژییا و شیکاری پسپۆڕانەشی تێکەڵ
بکەن، تا بتوانن بەڵگەكانیان لەسەر كۆبكەنەوە، تا لەو ڕێگەیەوە مامەڵەیان لەگەڵ
بكرێت.
2-وەڵامە ناڕێكخراوەكان:
جووڵەكردن لە
بواری كۆكردنەوەی زانیاری دژی میلیشیاکان - وەک پێدانی بەڵگە لەسەر گەندەڵی و پێشێلکاریەکانی
مافی مرۆڤ - دەتوانێت لانی کەم زیانی درێژخایەنی وەک زیانی ڕێكخراوكەمبكاتەوە . هەروەها
پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش زیاتر
سوود لە " شەڕی یاسایی " ببینرێت .
هەر کە حەشدی
شەعبی وەک دامەزراوێکی فەرمی لە لیستی دامەزراوەی سەربازی عێراقی دانرا، لە ڕووی تەکنیکیەوە
دەوڵەت بەرپرسە لە کردەوە نایاساییەکانی هەموو میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئەمەش ئەگەری
ئەوە زیاتر دەکات کە دەوڵەتانی دەرەوە و قوربانییە تاکەکەسییەکان لە بەردەم
دادگاکانی دەرەوە دا، داوای مەدەنیی تۆمار بکەن، چ لەسەر بنەمای سزاکان لە چوارچێوەی
-یاسای ماگنیتسکی جیهانی- كە حکومەتی ئەمریکا پەسەندی كردووە، بۆ کردەوەکانی دیکە ،
پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام دادوەران و دادگاکانی عێراق بەهێز بکات بۆ ئەوەی
وردە وردە لە سزادانی تاوانباركردن و سزادانی میلیشیادا پێشەنگ بن.
هەڵبژاردنی ئازاد
و خاوێن:
بەشێكی زۆر
لەو ناكۆكییانەی كە لە نێوان عێراق و ئەمەریكا و ئێراندا هەیە، لە ئەنجامی ئەو
هەڵبژاردنە خراپەی 2018ەوە دروست بوو، لەبەر ئەوەی لەوێوە دەستی میلشیاكانی پێگەشت
و تیایدا سەركەوتووبوون، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو دۆخە عێراق بڕیاریدا لە سەرەتای
مانگە حوزەیراندا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بداتەوە، بەڵام دواتر دواخرا بۆ
10/10/2021، هەربۆیە ئەركی كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتییە كە بەباشی چاودێریی ئەو
هەلبژاردنە بكات و هاوكاری تەواوی بەغداد بكات بۆ ئەوەی بتوانێت بە پێی بایۆمەتریی
دەنگبدرێت و دەرەئەنجامەكەی جێگەی ڕەزامەندییان بێت.
ویلایەتە
یەكگرتووەكانیش پێویستە كار بكات بۆ دروستكردنی هاوپەیمانییەك كە ئەگەر ئەو
لایەنانەی بەشداریی هەلبژاردن دەكەن و لەسەریان ساغبوویەوە كە پێشێلكاری مافەكانی
مرۆڤیان كردووە ڕێگرییان لێبكرێت لەوانەش كەتائیبەكانی حزب الله و بزووتنەوەی
نوجەباء و نەهێڵن بەشداریی پرۆسەی سیاسی بكەن.
پێشبڕکێ لەسەر
"ناوچەی خۆڵەمێشی" لەگەڵ دەستلێدانێکی سوکدا:
سەرەڕای ئەوی
بەرەی بەرهەڵستكاریی بەهۆی ئەو فشارەی لەسەریانە پەرت و بڵاو بوونەتەوە و یەك دەنگ
نین، بەڵام ئەمەریكا كەوتووەتە هەڵەوە لەوەی كە بەئاشكرا و بە بێ پەردە كارەكانی
ئەنجام نادات، ئامانجەكانی قەیس خەزعەلی
سەركردەی عەسائیبی ئەهلی حەق و سەركردە دیارەكانی دیكەش كار بۆ بچووك كردنەوەو
سوككردنی فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دەكات، دەبێت ئەمەریكا و
هاوپەیمانەكانی بەشێوەیەك كار بكات كە هەڵسوكەوتە نهێنییەكانی نەبێتە هۆی
بەرزبوونەوەی ڕێژەی ناكۆكییەكان، بۆ ئەوەی یەك دوژمنی هاوبەشی ئاشكرا
بەرهەڵستكاران كۆ نەكاتەوە.
فشارە
چاوەڕوانكراوەكانی ئەمەریكا:
بڕیاربەدەستانی
عێراق بەردەوام ئامۆژگاریی و نیگەرانیەكانی ئەمەریكییەكانیان بەهەند وەر نەگرتووە،
بەڵام هەمیشە چاویان لەوە بووە ئەمەریكیەكان بە نهێنی هاوكارییان بكات تا سنوورێك
بۆ میلشیاكان دابنرێت، بەڵام زۆرینەی كات سەركردە عێراقیەكان سوودیان لەوە
وەرگرتووە كە بیانیەكان وەك هەڕەشە لەسەر بەڕیوەبردنی وڵات بەكاربهێنن بۆ ئەوەی
بتوانن لەڕێگەی ئەوانەی كارەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن و لە هەمان كاتیشدا لای
دەسەڵاتی ئاینییەوە لە عێراق كە مەرجەعی شیعەیە، دەستكەوتێكیان دەست بكەوێت.
تێبینی:
ئەم ڕاپۆرتە
لە (معهد واشنتۆن) بڵاوكراوەتەوە لە لایەن، مایكل نایتس، كە لە 2003 ەوە كار لە
سەر گروپ و میلشیا عێراقیەكان دەكات .