05:14 - 10/01/2021
خەونی پیرۆز لە سوڵتانەوە بۆ ئەردۆغان؛ لە حیجازەوە بۆ هێڵی بەغداد – ئەنقەرە
١٠٠ ساڵ زیاترە تورکەکان دەیانەوێت روو لە کەنداوی عەرەبی و میزۆپۆتامیا
بکەن، سوڵتان و بەرپرسە تورکەکان بە درێژایی ١٠٠ ساڵی رابردوو ئامادە نەبوون
دەستبەرداری ئەم خەونە ببن. لە ئێستادا کە عێراق رووی لە کەنداوی عەرەبی کردووە لە هەمان کاتدا لەبەردەم خوانی پڕی تورکەکاندایە، خوانێک بۆ وڵاتێکی برسی وەک عێراق نەک هەر گرنگە، دەکرێت فریادڕەسیش بێت، تورکیا بە رێگای ئاسنی بەغدا – ئەنقەرە دەیەوێت بێتەوە
میزۆپۆتامیا بەڵام دەیان رێگری وەک تەوق چوونەتە گەردنی. سوڵتانی عوسمانی و
ئەردۆغانی تورکیا خەونیان چی بووە و چی دەکەن؟
خەونی شکاو
عوسمانییەکان کە بەشێکی دیار و گەورەی خاکی جیهانیان لەژێر دەستدا بوو،
هەمیشە دەیانەویست بە نوێترین و پێشکەوتووترین رێگا ناوچەکانی ئیمپراتۆرییەتەکە
ببەستن بەیەکەوە و هەموو ناوچەکانیش بە تۆڕێکی فراوانەوە بە ئیستانبوڵی ناوەندەوە
ببەستنەوە، بەڵام هەمیشە رووبەڕووی رێگریی زلهێزەکان بووەتەوە.
لە کاتێکدا پێش جەنگی یەکەمی جیهانی، بەریتانیا یەکێک بوو لە هێزە
گەورەکانی ناوچەکە و جیهان، بەڵام عوسمانییەکان لەگەڵ ئەڵمانییەکان رێککەوتن بۆ
راکێشانی رێگای ئاسنی نێوان ئەنادۆڵ و بەغدا. ئەمەش بەریتانییەکانی توڕە کرد و
نەیانهێست ئەم پڕۆژەیە سەربگرێت، چونکە بەریتانیا وەک هێزی گەورەی ناوچەکە بە
مەترسی لەسەر بەرژەوەنی و هەژموونی خۆی دەزانی.
بەم جۆرەش یەکەم خەونی گەورەی عوسمانییەکان بۆ پێکەوەبەستنی میزۆپۆتامیا و
ئەنادۆڵ شکستی هێنا، خەونێک کە تاکو ساڵانی دواتر و ئێستاش لای تورکەکان مایەوە.
خەونە ئاڵۆزەکە
خەونی بەستنەوەی ئەنادۆڵ بە میزۆپۆتامیاوە رووبەڕووی چەندین گرفتی گەورە
بوویەوە. سەرەتا بڕیاربوو هێڵەکە لە ساڵی ١٨٩٣ جێبەجێبکرێت و بە خاکی ئەرمینیادا
تێبپەڕێت، لەوێشەوە بێتە ناو دۆڵی فوڕات لە باکورەوە، بەڵام لەو کاتەدا عوسمانییەکان
رووبەڕووی ناڕەزایەتی زلهێزێکی دیکەش بوونەوە کە روسیای قەیسەری بوو،
ناڕەزایەتییەکەی روسیا چەند هۆکارێکی هەبوو کە گرنگترینیان هۆکارە ئابووری و
ستراتیژییەکان بوو.
دواتر ئاڕاستەی پڕۆژەکە گۆڕا. ئاڕاستە نوێیەکە بەم جۆرە بوو؛ سەرەتای
هێڵەکە لە شاری کۆنیای تورکیاوە دەستیپێدەکرد بەرەو بەغدا، دواتر دەگەیشتە بەسرە و
گەرووی دیجلە، لەوێشەوە دەگەیشتە کەنداوی عەرەبی.
خەونەکە کاتێک لە راستی نزیک بووەوە کە ساڵی ١٨٩٨ قەیسەری ئەڵمانی سەردانی
سوڵتانی عوسمانی کرد و دواتریش ساڵی ١٨٩٩ مۆڵەتی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دا.
ئامانجی ئەڵمانییەکان
ئەڵمانییەکان وەک هێزی رکابەری بەریتانییەکان، بە دوای دروستکردنی هەژموون و
کاریگەریدا بوون لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەم پڕۆژەیان کرد بە هەلێک بۆ دروستکردنی
پێگەیەکی بەهێز لە ناو دەوڵەتی عوسمانیدا.
ئەڵمانییەکان داوای دابینکردنی ئاسایشی پڕۆژەکەیان دەکرد، ئامانجیشیان
هەبوونی بازاڕێکی ئارام بوو بۆ کەلوپەلی وڵاتەکەیان و سەرمایەدارەکانیان. قەیسەر
داوای پەرەدان بە شارە عوسمانییەکانی دەکرد تاکو ناوچەیەکی ئارام و گەشەکردوو بۆ
فراوانخوازییەکانی خۆیان بەدەستبهێنن و لە ناوچەی ئاسیای بچوکدا پێگەی بەهێزی
خۆیان بسەپێنن.
سەرەتای هەژموون
ساڵی ١٩٠٣ سەرەتای هاتنە ناوەوەی قورس و بەهێزی ئەڵمانییەکان بوو بۆ ناو
ئیمپراتۆری عوسمانی. لەم ساڵەدا و بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ فەرمان دەرکرا بۆ پێدانی ماف بە
ئەڵمانییەکان لە چەند بوارێکدا. لەوانەش کاری کانی خەڵوز بە درێژایی ٢٠ کیلۆمەتر
لە هەردوولای هێڵە ئاسنەکەوە. سودوەرگرتن لە وزەی کارۆئاوی و بونیادنانی بەندەر لە
بەغدا، بەسرە و کەنداوی عەرەبی.
نووسەر (Hugh Hughes)
لە کتێبی "Middle East Railway"دا باسی کاری
ئەڵمانییەکان باس لە هێڵی ئاسنی عێراقدا دەکات و دەڵێت، ساڵی ١٩٠٢ دەست بە
دروستکردنی هێڵی ئاسن لە عێراقدا کرا، ئەمەش بەشێک بوو لە پڕۆژەی هێڵی ئاسنی
بەرلین – بەغدا، کە بە یەکێک لە پڕۆژە هەرە گەورە و گرنگەکانی جیهان دادەنرا لەو
سەردەمەدا.
دوای داگیرکاری بەریتانیا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ١٩١٤ هێڵی شەمەندەفەری
نێوان بەسرە – بەغدا جێبەجێکرا. حکومەتیش لە رێگەی فرۆشتنی سەنەدە تورکییەکانەوە
پڕۆژەکەی پارەدار دەکرد.
رێگای ئاسنی حیجاز
ئەم رێگایە خەونێکی گەورەی عووسمانییەکان بوو کە لەنێوان ساڵانی ١٩٠٠ بۆ
١٩٠٨ لەلایەن سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمەوە خرایە بواری جێبەجێکرنەوە. هێڵەکە بە
شامدا تێدەپەڕی و تاکو شاری مەدینە دەچوو.
بیرۆکەی پڕۆژەکە دەگەڕێتەوە بۆ نیەی دووەمی سەدەی ١٩. زیمپێل کە
ئەندازیارێکی ئەمریکی بە بنەڕەت ئەڵمانی بوو، ساڵی ١٨٦٤ بیرۆکەی هێڵی ئاسنی بۆ پێکەوەبەستنی
شام و دەریای سوری خستە بەردەم دەوڵەتی عوسمانی.
سەرەتا بیرۆکەکە رەتکرایەوە، بەڵام دواتر بیری لێکرایەوە و دوای
بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە خرایە بەردەم پسپۆڕانی ئەو کاتەی دەوڵەتی عوسمانی. لە
کۆتاییدا و دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون گەیشتنە ئەو بڕوایەی بەهۆی ناڕەزایی
خەڵکی ئەو هۆزانەی رێگاکەی پێدا تێدەپەڕێت و هەرزانی رێگای ئاوی لەچاو رێگای ئاسن
بۆ گواستنەوەی شمەک، پڕۆژەکە رەتکرایەوە.
بیرۆکەیەکی هاوشێوە
ساڵی ١٨٧٤ بیرۆکەیەکی هاوشێوە لەلایەن چەند ئەفسەرێکی سوپاوە خرایەڕوو. لە
بیرۆکەکەدا هاتبوو؛ هێڵی ئاسنی نێوان مەککە و مەدینە فەرمانڕەوایی عوسمانییەکان لە
حیجاز بەهێزتر دەکات.
ساڵی ١٨٩١ عوسمان نوری کە فەرمانداری حیجاز بوو راپۆرتێکی بۆ ئیستانبوڵ
نارد و باسی لەوە کرد کە بوونی هێڵی شەمەندەفەر لەنێوان مەککە و حیجاز پێویستە.
دوای ماوەیەک لیژنەیەکی سێ کەست دروستکرا بۆ پڕۆژەکەی عوسمان نوری و بە
"گونجاو" دانرا و هێڵی شەمەندەفەری جەددە – مەککە وەک پڕۆەژەیەکی گرنگ
بۆ کەمکردنەوەی ناڕەحەتییەکانی حاجیان لە کاتی چوونە حەج دانرا.
پڕۆژەکەی عیززەت ئەفەندی
گرنگترین و وردترین پڕۆژری هێڵی ئاسن بۆ ناوچەی حیجاز لە ساڵی ١٨٩١ لەلایەن عیززەت ئەفەندی
بەڕێوەبەری ئەوقافی جەددەوە خرایەڕوو کە هێڵەکە لە شامەوە دەستیپێدەکرد تاکو
مەدینە. ئەفەندی لە راپۆرتەکەدا باسی لە گرنگی ئەم هێڵە کردبوو بۆ
رووبەڕووبوونەوەی ئەو ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانانەی لەو ناوچەیەدا روودەدەن و
ئاسانکارییەکی زۆریش بۆ رێگای حاجیان دەکات.
ئەم پڕۆژەیەی عیززەت ئەفەندی سەرنجی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی راکێشا و
راپۆرتەکەی رەوانەی محەمەد شاکیر پاشا فەریقی ئەرکانی جەنگیی نارد. شاکیر پاشا جگە
لە لێکۆڵینەوەی پڕۆژەکە بە خەمڵاندنی پڕۆژەکە بڕی تێچوونەکەشی هەژمار کرد و لەگەڵ نەخشەیەکدا
پڕۆژەی بۆ پادشا ناردەوە.
دەستپێکردنی پڕۆژە گەورەکە
دوای تاوتوێکردنی پڕۆژەکە لەگەڵ دەرڤیش و غازی ئەحمەد موختار پاشا، سوڵتان
عەبدولحەمیدی دووەم لە ٢ی ئایاری ١٩٠٠ فەرمانی دەرکرد بۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنی
پڕۆژەکە و پڕەژەکەش بە فەرمی و لە رێوڕەسمێکدا لە ١ی ئەیلولی ١٩٠٠ دەستیپێکرد.
قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لە شامەوە تاکو مەککە بوو، دواتریش پلان وابوو بگاتە
عەقەبە و جەددە و تەنانەت بگاتە یەمەنیش.
پڕۆژەکە ئامانجی سەربازیی، ئابووری و ئاینیی هەبوو. بڕی تێچوونەکەی چوار
ملیۆن لیرەی ئەو کاتە بوو. ئەم بڕە ١٨٪ی بودجەی ١٩٠١ی دەوڵەت بوو، ئەمەش بڕێکی
هێجگار زۆر بوو بۆ دەوڵەت و کێشەیەکی گەورەی دروستکرد.
دوای کەمبوونەوەی پارەی پڕۆژەکە پارە لە بانکی زیراعاتەوە قەرز کرا و پارەش
لە خەڵک کۆکرایەوە و خەڵک بە خۆبەخش پارەیان بە پڕۆژەکە دەدا، چونکە خەڵک بە پڕۆژەیەکی
مسوڵمانانیان دادەنا.
سەرەڕای هاتنی پارە لەلایەن مسوڵمانانی ناوەوە و دەرەوەی دەووڵەتی
عوسمانیش، هێڵەکە باریک دیزاین کرا، هۆکاری سەرەکیش کەمی پارە بوو بۆ پڕۆژەکە.
دوای کەمتر لە ١٠ سآڵ پڕۆژەکە تەواو
کرا. ساڵی ١٩١٠ نزیکەی ١٦٨ هەزار و ٤٤٨ کەس گەشتیان بەم رێگەیەدا کرد و ساڵی ١٩١٣
ئەم ژمارەیە گەیشتە ٢٣٢ هەزار و ٥٦٣ کەس. پاشماوەی هێڵەکە لە دروستکردنی چەند
هێڵێکدا بەکارهات و ئەمەش تاکو ١٩٧٥ درێژەی کێشا.
خەونە بەجێماوەکان
خەونی عوسمانییەکان بۆ دروستکردنی تۆڕێکی هێڵی ئاسن لەپێناو بەستنەوەی
ناوچەکانی دەوڵەت پێکەوە تاکو ئێستا لە رۆحی نەوەکانیاندا ماوەتەوە. دواین خەونیان
بەستنەوەی تورکیایە بە عێراق لە رێگەی هێڵی ئاسنەوە. هەوڵەکانی ئەم دواییەوەی
تورکیاش لەم چوارچێوەیەدا بەردەوامە.
نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا رایگەیاندووە، سێ مانگ دەبێت دەست بە پڕۆژەی بەغدا
– ئەنقەرە کراوە و تیمی ئەندازیاریی و هونەریش لەژێر سەرپەرشتی کۆمپانیا
تورکییەکاندا دەستیان بە کارەکانی پڕۆژەکە کردووە.
بانگهێشتکردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەلایەن رەجەب تەیب
ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاوە، بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ سیاسەتی
فراوانخوازیی لە عێراقدا و رەنگە ئەم پڕۆژەیەش یەکێک بێت لە بابەتە باسکراوەکانی
ئەم دواییەی شاندەکانی هەردوولا بۆ لای یەکتر.
ئەردۆغان لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیاش ئامادە نییە دەستبەرداری خەونی
سوڵتانەکانی عوسمانی ببێت و بە هەموو هێزی خۆیەوە هەوڵ بۆ زیندووکردنەوەی ئەم خەونانە
و جێبەجێکردنیان دەدات.
خەونی عوسمانییەکان بۆ بەستنەوەی بەغدا – بەرلین و ئیستانبوڵ – مەدینە نەک
کۆتایی نەهاتووە بەڵکو لای تورکەکان خەونی گەورە و پیرۆزە و هەر دەبێت بە مەنزڵیان
بگەیەنن، بەڵام بە شێوە و رێگای نوێ، یەکێک لەو رێگایانەش هێڵی ئاسنی بەغدا –
ئەنقەرەیە.
تەوقی گەردنی خەونەکە
خەونی عوسمانییەکان ١٠٠ پێش ئێستا و بەهۆی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە
ئاسان بووبێت، لە ئێستادا نەک هەر گرانە، بەڵکو لە ئەستەمەوە نزیکە، ئەوەش بەهۆی
دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و خراپی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق.
کێشەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، دەستوەردانەکانی تورکیا لە عێراق و
بۆردومانەکان، رێککەوتنی نەوتیی نێوان هەرێم و تورکیا، چاوی تورکیا لەسەر کەرکوک و
موسڵ و بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، بەشێکن لەو دەیان رێگرییەی وەک تەوق
چوونەتە گەردنی خەونی تورکە نوێییەکان بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان.
تاکو ئێستا تورکە توندڕەوەکان پێیان وایە موسڵ، کەرکوک و تەنانەت هەولێریش
بەشێکن لە تورکیا و رۆژێک هەر دەگەڕێنەوە، ئەمەش بۆ عێراق سوکایەتییەکی گەورەیە بە
پێگە، سەروەریی و مێژووەکەی.
ئامادەیی پەکەکە لەو ناوچانەی کە رەنگە رێگاکەی پێتا تێبپەڕێت، یەکێکە لە
هەڕەشە جدییەکانی بەردەم تورکیا بۆ جێبەجێکردنی ئەم خەونە و زیندوکردنەوەی، چونکە
پەکەکە بە ئاسانی رێگە بە تورکیا نادات پێگەی خۆی لە عێراقدا بەهێز بکات، چونکە
هەر بەهێزێکی ئەنقەرە لە بەغدا هەڕەشەیە بۆ سەر بوونی پەکەکە لە عێراق.
ئامادەیی هێزە گەورەکانی وەک ئەمریکا، روسیا و بەتایبەتیش ئێرانی رکابەری
مێژووی تورکیا و نەوەی سەفەوییەتی دژە عوسمانی هەرگیز رێگا نادەن نەوەی نوێی
عوسمانییەکان میزۆپۆتامیا بکەن بە موڵکی خۆیان.
ئامانجەکانی تورکیا
تورکیا لە دروستکرندی هێڵی ئاسن بۆ بەستنەوەی ئەنقەرە بە بەغدا، چەند
ئامانجێکی جیۆسیاسی، ئابووری و تەنانەت فەرهەنگیشی هەیە. تورکیا دەیوێت روو لە
میزۆپۆتامیا بکات و بە ئەنداۆڵی ببەستێتەوە، بە ستنەوەیەک کە عێراق بکات بە بازاڕی
تورکیا و قەڵای رووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانی.
ئامانجی جیۆسیاسیی
کابینەکەی مستەفا کازمی چەند مانگێکە رووی لە جەمسەری کەنداو و میسر
کردووە، جەمسەرێک کە تورکیا بە رکابەری سەرسەختی خۆی دەزانێت. سەردانەکانی کازمی
بۆ وڵاتانی کەنداو و بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ میسر، ترسیکی گەورەی لای
تورکەکان دروستکردووە، بەتایبەت کە میسرییەکان لە رێگەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە
روویان لە عێراق کردووەتەوە.
میسر، ئیمارات و سعودییە کە بە توندی بوونەتە رێگر و رکابەری سەرسەختی
تورکیا لە ناوچەکەدا، دەیانەوێت بینەوە بۆ میزۆپۆتامیا و دۆستایەتی خۆیان
پەرەپێبدەن، ئەمەش هەڕەشەیەکی جددییە لەسەر پێگەی تورکیا لە ناوچەکەدا و هەرگیز
رێگە بەم دۆخە نەخوازراوە نادات. پڕۆژەی رێگای بەغدا – ئەنقەرەش پەیامی تورکەکانە
بۆ عەرەبەکان کە ئامادە نین دەستبەرداری عێراق و خێرو بەرەکەتەی ببن.
پێشوازی گەرمی ئەردۆغان لە کازمی و خوانە پڕەکەی تورکەکان بۆ کازمی و
شاندەکەی بەشێکی ئەو پەیامە بوو کە ئەنقەرە بە پایتەختەکانی کەنداوی دا تاکو نزیکی
عێراق نەبنەوە.
ئامانجی ئابووری
عێراق بووە بە بازاڕێکی گەورەی ساغکردنەوەی کەلوپەلە تورکییەکان، لە ساڵی
رابردوودا و سەرەڕای قەیرانە ئابوورییە سەختەکان و پەتای کۆرۆنا، داهاتی تورکیا لە
بازاڕی عێراقییەوە گەیشتە ١٧ ملیار دۆلار.
تورکیا کە لەژێر دەیان سزا و فشاری نێودەوڵەتیدایە، ئامادە نییە
دەستبەرداری ئەم بازاڕە دەوڵەمەندە ببێت، هەر بۆیە دوای هاوکارییەکانی کەنداو بۆ
عێراق تورکیا کەوتە خۆی و خێرا بانگهێستی کازمی کرد، بەپێی زانیارییەکانیش
ئەردۆغان چەند ملیار نزیکەی چوار تاکو پێنج ملیار دۆلاری بە کابینەکەی کازمی
بەخشیوە.
ئامانجی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی
وەک چۆن دەوڵەتی عوسمانی دەیەویست هەموو کۆمەڵگاکانی ژێر دەستی بکات بە یەک
کۆمەڵگا و پێکیانەوە ببەستێت، تورکیای ئێستاش کە بەشێک لە عێراق بە خۆی و خەڵەکەشی
بە هی خۆی دەزانێت، دەیەوێت ئەم ناوچانە ببەستێتەوە بە وڵاتەکەیەوە، ئەمەش لە لێدوانی
بەرپرسە باڵاکانی ئەم وڵاتەدا دەردەکەوێت کە بەردەوام باس لە برایەتی تورک و
گەلانی عێراق دەکەن، بەتایبەت کە باسی شارەکانی موسڵ، کەرکوک و هەولێر دەکەن.
تورکیا لە رێگەی دەیان پڕۆژەی خێرخوازی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە هەوڵ
دەدات روو لە عێراق بکات، تاکو ئامادەکاری بۆ پڕۆژەیەکی گەورەی لەم شێوەیە بکات.
پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە، دۆخی سیاسیی و ئابووریی هەرێم
و ئامادەیی پەکەکە بڕیار لەسەر رۆڵی هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژەیەدا دەدەن، ئەگەر
پڕۆەژەکەش بە هەرێمی کوردستاندا تێبپەڕێت (کە تاکو ئێستا بڕیارە بە موسڵدا بڕوات) هەرێمی کوردستان بەپێی پێگەکەی خۆی رۆڵی
دەبێت.