12:50 - 10/01/2021
"ناچینە ژێر خێوەتی سەفوان"
ئەگەر عێراقییەكان بزانن لەژێر خێوەتی سەفواندا سەدام لەسەرچی رێككەوتووە لەگەڵ ئەمریكا، فرمێسكی خوێناوی لە چاویان دێت.
ئەمە ئەو دەربڕینە بوو كە پەیامنێری بی بی سی لە دەستپێكی راپۆرتێكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی رێككەوتنی سوپای عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانان لەبارەی كشانەوە لە كوەیت و شكستی دایكی جەنگەكان بەگوێی جیهانیدا چرپاند.
لەو رۆژەوە خێوەتی سەفوان بەردەوام وەك گوزارشتێك بۆ سازشكردن بەكاردەهێندرێت، بەوپێیەی عێراق هەموو سازشێكی لەبارەی خاك و سنوور و ئابوری و ئایندەی خۆی كرد لەژێر ئەو خێوەتەدا كە لە ناوچەی سەفوانی سنوریی لە پارێزگای بەسرا بۆ دانوستان هەڵدرابوو و نوێنەری عێراق و ئەمریكا بە ئامادەیی نوێنەری روسیا رێككەوتننامەی سەفوانیان تێدا واژۆكرد.
خێوەتی سەفوان چییە؟
سەفوان شارێكی سنوریی عێراق لە پارێزگای بەسرە و هاوسنوری كوەیتە، دوای شكستی سوپای عێراق لە جەنگی دووەمی كەنداودا، ڕۆژی ۳ـ ۳ ـ ۱۹۹۱ ڕێكەوتننامەی سەفوان لە ناو خێوەتێكی گەورەدا لە نێوان هەردولا واژوو كرا، بە هاوكاری لایەنی ڕوسی كە لەو كاتەدا یەڤگین بریماكۆڤ باڵیۆزی روسیا بوو لە بەغداد، هاوكات نوێنەرانی عێراق پێكهاتبوون لە لیوا ڕوكن سوڵتان هاشم ئەحمەد و لیوا سەلاح عبود محمود و جەنراڵی ئەمریكی نۆرمان شۆراسكۆف، كە لەو دانوستانەدا لەژێر خێوەتی سەفوان سەرجەم مەرجەكانی هاوپەیمانان سەپێنران تەنها لەپێناو راگرتنی هێرش بۆسەر سوپای عێراق.
رێككەوتنی سەفوان چی تێدابوو؟
"ئەگەر عێراقییەكان بزانن سەدام ئیمزای لەسەر چی كردووە لە رێككەوتننامەی سەفواندا بە فرمێسكی خوێناوی دەگریان" ئەم دەربرٍِینە دەستپێكی راپۆرتێكی میدیایی كەناڵی بی بی سی بوو لە رووماڵی رێككەوتنەكە و بڵاوكردنەوەیدا بە جیهاندا، مەبەست لەم دەربڕینە ئەوە بوو كە سەدام حسەین تەنها لەپێناو مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا سازشی لەسەر هەموو شتێك كرد و نوێنەرەكانی بۆ هەموو مەرجەكانی هاوپەیمانان تەنها بەڵێیان لەسەربوو.
بەپێی ئەوەی لەبارەی ناوەرۆكی رێككەوتنی سەفوانەوە باس دەكرێت چەند خاڵێكی تێدابووە بە جۆرێك:-
عێراق سازش بكات لە نیوەی بەندەری ئوم قەسر
عێراق سازش بكات لە بەشێكی كێڵگەی نەوتی رومێلە
عێراق سازش بكات لە دورگەی بوبیان
عێراق هیچ لەمپەڕێك بۆ داڕشتنەوەی سنوریی كوەیت دروستنەكان
عێراق پابەندبێت بە قەرەبووكردنەوەی دارایی زیانەكانی كوەیت
عێراق ناوچەی ئارامی نێوان هەردوولا پێشێل نەكات
عێراق مەترسی لەسەر بیرە نەوتییەكانی كوەیت دروستنەكات.
بەڵام لە بەرامبەر هەموو ئەم پابەندی و مەرجانەی سەر عێراق، دەسەڵاتی بەعس تەنها داوای لە هاوپەیمانان كرد هێرشەكانیان بۆسەر سوپاكەی رابگرن، واتا بەبێ هیچ دەستكەوتێك و تەنها بە ژمارەیەكی زۆر سازشەوە رێككەوتنەكە واژۆكرا.
لەو رۆژەوە هەتا ئەمرۆ لە گفتوگۆ و نمونە سیاسییەكاندا هەر كۆبوونەوە و رێككەوتنێك ئاماژەبێت بۆ سازشی زۆر بە رێككەوتننامەكەی ژێر خێوەتی سەفوان دەشوبهێندرێت.
لە دایكی جەنگەكانەوە بۆ ژێر خێوەتی سەفوان
سازشكردنی عێراق لەژێر خێمەكەی سەفواندا لەكاتێكدا بوو كە عێراق لەوپەڕی غروری سیاسی و سەربازی و ئابوریدا بوو، خۆی بە براوەی جەنگی ئێران دەزانی و كوەیتیشی داگیركردبوو كە بە دایكی جەنگەكان ناودەبرا.
لەڕۆژی 17ی كانونی دوەمی ساڵی 1991 سەدام حسێن فەرمانیدا بە سوپاكەی بۆ دەستپێكردنی جەنگی دووەمی كەنداو كە خۆی بە "دایكی جەنگەكان" ناوی دەبرد، بەڵام دوای 40 رۆژێك، سەدام لەژێر هێرش و فشاری سەربازی و سیاسی و ئابوری هێزەكانی هاوپەیماناندا بڕیاریدا بە كشانەوەی سوپاكەی لە كوەیت و داواشیكرد لەدوای خۆیانەوە سەرجەم بیرە نەوتییەكانی ئەو وڵاتە بوستێنن.
دوای ئەوەش رێككەوتننامەی سەفوانی بە چەردەیەك سازشەوە واژۆكرد تەنها لەپێناو مانەوەی لە دەسەڵاتدا، سەرەنجام گەمارۆی ئابوری توندی خرایەسەر و لە رووی ئابوری و سیاسی و سەربازی و دیبلۆماسییەوە كەنارگیركرا تا كاتی پرۆسەی ئازادی عێراق و رووخانی دەسەڵاتەكەی لە ساڵی 2003دا.