ڕاپۆرتی عیراق

02:27 - 26/12/2020

عەسائیبی ئەهلی حەق، حكومەتێك لە دەرەوەی دەسەڵاتەكانی مستەفا كازمی‌

پەیسەر

عەسائیبی ئەهلی حەق، گروپێكی عێراقین كە لەدوای پەیدابوونی داعش-2014-ەوە ناوبانگیان پەیداكردووەو چاوی میدیاكانیان چووەتە سەر، بەڵام دامەزراندنەكەی بۆ 10 ساڵ پێش لەو بەروارە دەگەڕێتەوە، ئەگەر داعش لایەنە توندڕەوەكەی ئاینزای سونەكانی عێراق و شام بووبێت و دواتر ئەندامانی وڵاتانی دیكەی لەخۆ گرتبێت، ئەوا دەكرێت بگوترێت عەسائیبی ئەهلی حەق لایەنە توندڕەوەكەی شیعەكانی عێراقەو لە ئێستاشدا لەنێو وسوریاشدا بوونیان هەیە، هەردووكیان لەنێو لیستی تیرۆری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادان و چالاكیەكانیشیان لەدژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكایەو بارەگای سەرەكیشیان لەناو پایتەختی عێراقدایە.
دامەزراندن:
دوای تێپەڕبوونی ماوەیەكی كەم بەسەر پرۆسەی ئازادی عێراقدا لە 2003 سوپای مەهدی سەر بە موقتەدا سەدر لە 2004 دا بە فەرمی چالاكییەكانی لە دژی هێزە ئەمەریكییەكان و حكومەتی ئەوسای عێراق ڕاگرت، ئەم كارەی موقتەدا بووە جێگەی دەستخۆشی بەشێكی زۆری لایەنەپەیوەندیدارەكان و لە هەمان كاتیشدا بووە جێگەی نیگەرانی بەشێكی زۆری شەقامی شیعەی عیراقی و بەشێكی زۆریش لە ئێرانیەكان، ئەمە بووە هەلێكی گەورە بۆ هاتنە پێشەوەی هێزێكی نوێ ئەویش بەناوی –عەسائیبی ئەهلی حەق- و قەیس خەزعەلی كەسایەتی دیاری نێو سوپای مەهدی و شەقامی شیعەی عێراقی، لەو كاتە بەدواوە ئیتر گوێ لە بڕیارەكانی موقتەدا نەگیراو قەیس بووە فەرماندەی گشتی عەسائیب، شەڕو كوشتارو تەقینەوەو ڕفاندن و دژایەتی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بوونە سەردێڕی هەموو جووڵەو گوفتار و كردارێكیان.

ئەوكەسایەتییانەی كە هەر لە سەرەتاوە لەنێو عەسائیب دەركەوتن جگە لە قەیس خەزعەلی بریتی بوونلە عەبدولهادی دەڕاجی و ئەكرەم كەعبی بوون، بەڵام هێندەی نەبرد لەبەر بەرژەوەندی شیعەكانی عێراق لەنێوان خەزعەلی و موقتەدا سەدردا نزیكبوونەوە ڕوویدا. بەڵام شتێكی ئەوتۆی لە دۆخەكە نەگۆڕیی و عەسائیب نەك پاشەكشەی نەكرد بەڵكو گەشەی زیاتری كردو لەژێرناوی –ابوالفضل العباس-و بە بیانووی پاراستنی حەرەمی سەیدە زەینەب لە سووریاش لقێكیان كردەوەو چالاكیەكان لە ریفی دیمەشق و چەند ناوچەیەكی دیكە درێژە پێدا.

بەپێی سەرچاوە میدیاییەكان ژمارەی چەكدارەكانی عەسائیب لە ئێستادا زیاترەلە 10هەزار چەكدار، بەپێی ئاماری فەرمی عەسائیب لە ساڵی 2007 تەنها 3هەزار كەس بوون بەڵاملە ئێستادا ژمارەیان بەرەوزیاتر رۆشتووە، لە میدیاكانی نزیك لە عەسائیب بڵاوكراوەتەوە كاری ئەوان دژایەتی كردنی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانیەتی لە عێراق و ناوچەكەدا كە ئەوان ناویان ناوە –داگیركەر-و هەركاتێك ئەو هێزە لە عێراق پاشەكشەی كرد ئەوا ئەوانیش چالاكیەكانیان ڕادەگرن یان دەبنە بەشێك لە دامەزراوە سەربازییە فەرمییەكانی عێراق.

لە ساڵی 2016 ش دا عەسائیبی ئەهلی حەق ڕایانگەیاندووە كە بەشێك لە چەكدارەكانیان لەنێوحەشدی شەعبیدا كارەكانیان دەكەن، لەڕووی سەربازییشەوە فەرمان لەوان وەردەگرن و ئەوەش –وەك خۆیان دەڵێن- بۆ دابینكردنی یەكڕیزیی شەقامی شیعەی عێراق و پاراستنی بیروباوەڕبوون بە جیهاد و پەرتەوازەنەكردنی ئەو هێزانەی لەبەردەم هێزی داگیركەراندا وەستاونەتەوە.

پەرلەمان:

لە هەڵبژاردنەكانی نیسانی 2014 ەوە بەشداریی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان كردووەو تا ئێستاش كە 16 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان هەیە لەژێرناوی -كتلة الصادقون- دا پێكهێناوەو بەردەوامن لە ئەنجامدانی كاری پەرلەمانی بە هاوشانی كارە سەربازییەكانی ئەو گرووپە.

چالاكیەكانی عەسائیب:
بەپێی سەرچاوە عێراقیەكان ژمارەی چالاكییە سەربازییەكانی عەسائیب لە عێراق 6 هەزاری تێپەڕاندووە، دیارترین چالاكییەكانیش بریتین لە هێرشكردنە سەر سەربازگەی الصقر لە ساڵی 2006 ، كوشتنی فەرماندەیەكی سەربازیی ئەمەریكا لە شاری نەجەف، خستنەخوارەوەی كۆپتەری –ویستلاند لینكس-ی بەریتانی لە 6 حوزەیرانی 2006، هێرشكردنە سەر باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق لە رۆژی 3 ئۆكتۆبەری 2007 ، هێرشكردنە سەر ئەنجوومەنی پارێزگای كەربەلا لە 20/1/2007 بە بیانووی ئەوەی سوپای ئەمەریكای تێدا نیشتەجێكراوەو لەو هێرشەشدا سەربازێكی ئەمەریكی كوژراو 4 سەربازی دیكەی ئەمەریكییان ڕفاندو دواتر ئەوانیشیان كوشت. لە ساڵی 2010 عەسائیب توانی پەیمانكاریی مەدەنی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا بڕفێنێت بەناوی –عیسا سالومی- كە هاوڵاتییەكی عێراقیەو ڕەگەزنامەی ئەمەریكی هەیە، دواتر لە مارتی 2010 دا عیسا لەبەرامبەر بەردانی 4 كەسدا ئازادكرا. ڕفاندنی پسپۆڕێكی بواری تەكنۆلۆژیای بەریتانی –بیتر مور-و چوار لە پاسەوانەكانی و دواتر عەسائیب داوای كرد كە سەرجەم گیراوەكانیان ڕادەست بكەنەوە بۆئەوەی ئەو پسپۆڕە ئازاد بكەن، كە یەكێك لە ئازادكراوەكان قەیس خەزعەلی بوو كە لەو ماوەیەدا دەستگیركرابوو، هەروەها 100 كەسی دیكەشیان ئازادكرد كە تیایاندا لەیسی كوڕی قەیس خەزعەلیشی تێدابوو، یەكێكی دیكە لە كارەكانیان گۆڕینی مزگەوتێكی سونییەكانی بەغداد بوو بۆ حوسەینیەیەكی شیعە لە –بغداد جدیدة-و قەدەغەیان كرد كە هیچ موسڵمانێكی سونی بچێتە ئەو مزگەوتەو نوێژی تێدا بكات، ئەمانەو دەیان چالاكی دیكەیان هەبووە.

پشتی پەردە:
بەپێی وتەی -جەنراڵ رای ئۆدێرنۆ- سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمەریكا،  ئێران هاوكاریی سەرەكی عەسائیبی ئەهلی حەقەو لە لایەن ئایەتوڵا كازمی حائیری ئێرانی سەركردەی رۆحی و ئاینییانە. لە رۆژی هەینی 10ئابی 2012 ش وەك نیشاندانی پابەندییان بە وڵاتی ئێرانەوە هەزاران وێنەی عەلی خامنەئی یان لەنێو عێراق و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەڵواسی و هیچ لایەنێكی عێراقی (حكومی) نەیانتوانی ئەو وێنانە لێبكەنەوە تەنانەت لەناو پایتەختی وڵاتیشدا –بەغداد-.

بەپێی ڕاپۆرتێكی كەناڵی –الجزیرة- هاوكاریی كردنی عەسائیبی ئەهلی حەق لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە پەیوەستە بە فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، ڕاهێنان، ئاڕاستەكردن، پارەداكردنیان هەمووی لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دەكرێت و ڕاپۆرتەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە مانگانە نزیكەی 5 ملیۆن دۆلاریان بۆ دابینكردووە.

پێكهاتەكان:
بە پێی سەرچاوە میدیاییەكان عەسائیبی ئەهلی حەق لە چوار كەتیبەی سەربازیی پێكهاتووە كە بریتین لە كەتیبەكانی ئیمام عەلی، كەتیبەكانی ئیمام كازم، كەتیبەكانی ئیمام هادی و كەتیبەكانی ئیمام عەسكەریی.

هەرچەندە تا ئێستا عەسائیب و كەتائیبەكانی نەچوونەتە ڕێزی سوپای فەرمی وڵات، بەڵام لە زۆرینەی چالاكییەكانیاندا بەجلی سەربازیی فەرمییەوە دەردەكەون.
هەر یەك لە كەتائیبەكان كە –لواء-یشیان پێدەگوترێت ناوچەیەكی دیاریكراویان پێ سپێردراوە، لەوانەش:

كەتیبەكانی ئیمام عەلی، كە بەشی ناوەڕاست و باشووری عێراقیان لەژێردەستدا بووە، كە بریتین لە 10 پارێزگای باشوری عێراق، هەریەك لە پارێزگاكانی( بابل، بەسرە، و بەغداد، ‌ذي قار ،‌كەربەلا، المثنى، میسان ، نەجەف، و‌القادسية و‌واسط.)

 كەتیبەكانی ئیمام كازم، كە بەرپرسیارێتی بەشێكی زۆری بەغدادی پایتەختی لە ئەسۆدا بووە بەتایبەتی ،ناوچەی كازمیەی بەغداد و ڕەشیدی شیعەنشین، لە هەمان كاتدا هەردوو بەشی كەره و مەنسووری بەغدادیش كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی سونە نشین بووە.

كەتیبەكانی ئیمام هادی، بەرپرس بوون لە رۆژهەڵاتی بەغداد، بەتایبەتی ناوچەكانی مەدینە سەدر، بەغداد جدیدە و كەڕادە، و هەندێك چالاكی و جموجولی دیاریكراو لە مەنسوور كە بەشی زۆرینەی سونە مەزهەبن.

كەتیبەكانی ئیمام عەسكەریی، بەشێك لەناوەڕاستی عێراق و پارێزگاكانی دیالە، شاری سامەڕا، پارێزگای سەڵاحەدین،  كەركووك و موسڵ.
لە وڵاتی سوریاش دوو كەتیبەیان كارەكانی عەسائیب دەكەن كە بریتین لە ، حەیدەر الكرار، كە لەبەشی رۆژئاوای دیمەشق و حەڵەب كاران لەگەڵ لیوای كەفیل زەینەب كە بەشێوەیەكی گشتی لەنێو سوریادا كارەكانیان ئەندام دەدەن. بەپێی سەرچاوە میدیاییەكان هەندێك لیوای تری بچووكیان هەیە كە بریتین لە لیواكانی 41،42و 43ن.

میدیا:
یەكێك لەو لایەنانەی كە عەسائیب كاری لەسەر دەكات بوونی توڕێكی فراوانی میدیاییە، بەتایبەتی لە سۆشیاڵ میدیادا، بەجۆرێك هیچ چالاكییەكیان نییە ڕەهەندی میدیایی نەبێت، ئەوەی كە ئەم گرووپە لەوانی دیكە جیادەكاتەوە ئەوەیە زۆرینەی كاروچالاكیەكانیان لە سۆشیال میدیادا بڵاودەكەنەوەو زۆرینەی چالاكیەكانیش بە جلی سەربازیی و تەنانەت مەلایەتی و ئاینیشەوە نیشان دەدەن، بەجۆرێك مەلایەكی دیاری نێو عەسائیب دەبینرێت كە هاوەن دەتەقێنێت یان بە تفەنگەوە پێشی چەكدارەكانی دەكەوێت، كە ئەم مۆدێلە لەئێرانی سەرەتای ئینقلابەكەیدا زۆر باو بوو.

كۆتا چالاكی:
شەوی رابردوو 25/26-12-2020 بە دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی دیاری عەسائیبی ئەهلی حەق ئارامی بەغدای تێکچوو، پاش چەند کاتژمێرێکیش دژە تیرۆری بەغدا دەستگیرکراوەکەی ئازاد کردو مستەفا كازمیش شەوتابەیانی لەسەر شەقام و شوێنەهەستیارە سەربازیی و ئەمنیەكان مایەوە.

بەپێی نووسراوێکی ئاژانسی دژە تیرۆری عێراق کە واژۆی مستەفا عەبدولجەبار محەمەد بەڕێوەبەری ئێشکگری بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و دژە تیرۆری لەسەرە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەو شوێنە کشاونەتەوە کە لەو شوێنەدا گردببووونەوە هێزەکەی ئەوان بەرپرسن لە پاراستنی.

ئەفسەرەکە دەڵێت، کشانەوەکەی لایەنگرانی عەسائیب دوای ئەوە بووە حوسام ئەلئەزیرجاوی رادەستی ئاسایشی حەشدی شەعبی کراوە.

دەستگیرکردنی ئەو کەسە دیارەی عەسائیب بەهۆی ئەوە بووە کە تۆمەتبار بووە بەوەی لەپشت هێرشەکانی چەند شەوی رابردووی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بووە لە بەغدا.

دوای دەستگیرکردنی کەسە دیارەکەیان بەشێک لە چەکدارەکانی عەسائیب هەڕەشەی رووبەڕووبوونەوەیان کرد ئەگەر قەیس خەزعەلی سەرکردەیان فەرمانیان پێبکات، ئەمەش وای کرد دژە تیرۆر و هێزە ئەمنییەکان بێنە سەر شەقامەکان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانیش هۆشداری رووبەڕووبوونەوەیانی دا.