ڕاپۆرتی عیراق

01:02 - 26/12/2020

هێندەی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان حیزب دەیەوێت بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەخت بكات‌

پەیسەر

هەنگاوەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق بەڕێوەدەچن و لە دواین پێشهاتدا یاسای دابینكردنی بودجە بۆ هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە واژۆكرا.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە هەروەك چۆن لەرووی داراییەوە عێراق روبەرووی هەڵاوسان بووەتەوە، بە هەمان شێوە تووشی هەڵاوسانی حیزبیش بووە و بە ئەندازەی كورسییەكانی پەرلەمان و زیاتریش حیزب و قەوارەی سیاسی داوای مۆڵەتیان كردووە بۆ بەشداری پرۆسەكە.

بودجەی هەڵبژاردن
سەرۆك كۆماری عێراق یاسای بودجەی هەڵبژاردنی واژۆكرد كە بڕیارە رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021 پرۆسەكە ئەنجامبدرێت.
لە كاتی واژۆكردنی یاساكەدا سەرۆك كۆمار وتی: پەسەندكردنی یاساكە دەستپێكێكە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاك و بێگەرد و دادپەروەر و كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەتوانێت ئامادەكاری بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان.

هەڵبژاردنی پێشوەخت
رۆژی 3-10-2020 مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بڕیارێكدا رایگەیاند، رۆژی یەكشەممە 6-6-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەدەچێت.
ئەوەش لەكاتێكدا كە لەژێر فشاری خۆپیشاندانەكاندا پێشتر حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی دەستی لەكاركێشایەوە و بەو مەرجەش خۆپیشاندانەكانی بەغداد وپارێزگاكانی ناوەراست و باشوری عێراق كۆتاییان پێهات كە حكومەتێكی نوێ‌ لە عێراق دروستبكرێت و ئەو حكومەتە نوێیە كاربكات بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق.

هەڵاوسانی حیزب
ئەگەرچی هێشتا لەمپەڕەكان لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە وادەی بڕیارلێدراودا كە مانگی حوزەیرانی داهاتووە زۆرن، بەڵام لە عێراق ژمارەیەكی زۆر حیزب داوای خۆتۆماركردنیان كردووە بۆ بەشداری هەڵبژاردن و شارەزایان بواری هەڵبژاردن بە هەڵاوسان و حاڵەتێكی دەگمەن ناوی دەبەن.
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێت: بەرەو ئەوە دەچێت ژمارەی حزبە تۆماركراوەكان هەتا كاتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی داهاتوو بگاتە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق كە ژمارەی كورسییەكان ٣٢٩ كورسییە.
 بە وتەی بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن، ئەگەر ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە (٢٦) ملیۆن و (٥٠٠) هەزار كەس بێت، كەواتە هەر حزبێك نزیكەی (٨٠) هەزار دەنگدەری بەردەكەوێت، ئەمەش لە دنیادا بێوێنەیە و نیشانەی هەڵاوسانی ژمارەی حزبەكانە نەك فرەیی حزبی.

ئەوەی روونە ئێستا بڕیاردراوە رۆژی 6 مانگی 6 ساڵی 2021 هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردنێك كە دوای رووخانی حكومەتی پێشوو بەهۆی نارەزایی و خۆپیشاندان و هاتنەسەركاری كابینەیەكی نوێی حكومەت بڕیاری لێدراوە، بەڵام ئەوەی كە ناروونە ئەوەیە ئایا هەڵبژاردن چۆن نەخشە و هاوكێشە سیاسییەكان دادەڕێژێتەوە، بەتایبەت لە سەردەمێكدا كە ئێستا بە سەردەمی كازمی ناودەبرێت، پیاوێك لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا بەبێ‌ ئەوەی پێشتر هیچ پێگەیەكی سیاسی بەرز یان پشتیوانییەكی گەورەی هەبوبێت ئێستا بەردەوام لەبەردەمی زوومی كامێراكاندا وەك فریادرەسێك دەردەكەوێت.